پەیوەندیی هەوكردنی دڵ بە ڤاكسینەكانی فایزەر و مۆدێرنەوە
بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتەكانی ئاژانسی ئەوروپیی تایبەت بە دەرمان و بەرهەمە پزیشكییەكان EMA، ئەگەرچی هەوكردنی دڵ Heart inflammation زیانێكی لابەلای دەگمەنە پاش وەرگرتنی ڤاكسینی فایزەر و مۆدێرنا، بەڵام بەگشتی سوودەكانی ئەم ڤاكسینانە هێندە دەهێنێت كە بێ دوودڵی بەكاربهێنرێن، لە هەمان كاتیشدا، پێویستە كە وەرگرانی ڤاكسین درك بە نیشانەكانی هەوكردنی دڵ بكەن، كە بریتین لە: سینگ ئێشە، هەستكردن بە هەناسەڕاوكێ، لەگەڵ دڵەكوتێ، واتە هەستكردن بە زیادبوونی لێدانەكانی دڵ Palpitation، بۆیە پێویستە لەسەر هە كەسێك كە ئەگەر پاش وەرگرتنی ڤاكسینی فایزەر، یان ڤاكسینی مۆدێرنا هەست بە یەكێك، یان زیاتر لەم نیشانانە بكات، بە زووترین كات سەردانی دكتۆر بكات. هەوكردنی دڵی پەیوەست بە وەرگرتنی ڤاكسین بە دوو شێوە بەدی دەكرێت، هەوكردنی ماسوولكەی دڵ Myocarditis و هەوكردنی پەردەی دوو چینی دەوری دڵ، كە پڕە لە شلە Pericarditis. بە پێی ڕاپۆرتەكانی ئاژانسی ئەوروپیی تایبەت بە دەرمان و بەرهەمە پزیشكییەكان، كە جەخت لەسەر دەگمەنیی ئەم زیانە لابەلایە دەكاتەوە، ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە هەوكردنی دڵ پاش وەرگرتنی ڤاكسینی فایزەر، لە 177 ملیۆن كەسدا گەیشتۆتە تەنیا 286 حاڵەت، هەروەها ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە هەوكردنی دڵ پاش وەرگرتنی ڤاكسینی مۆدێرنا گەیشتۆتە تەنیا 36 حاڵەت.