پاش كوتانی تەواویش هێشتا ئەگەری تووشبوون بە كۆڤید19 لە ئارادایە

پاش كوتانی تەواویش  هێشتا ئەگەری تووشبوون بە كۆڤید19 لە ئارادایە

 

پسپۆڕانی تەندروستی جەختیان كردۆتەوە كە پاش وەرگرتنی هەردوو ژەمی ڤاكسینی كۆڤید، واتە كوتانی تەواو، هێشتا ئەگەری تووشبوون بە كۆڤید19 لە ئارادیە، لەگەڵ دەركەوتنی جۆری گۆڕاوی نوێدا، نیگەرانی هەیە سەربارەت بە كاریگەریی ڤاكسینە جۆراوجۆرە بەردەستەكانی كۆڤید، لەسەر جۆرە گۆڕاوە نوێیەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا. بە گوێرەی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان، جۆرە گۆڕاوە نوێیەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە توانایان داهەیە كە خۆیان لەو ماددە دژەتەنانە بە دوور بگرن، كە لە ئەنجامی وەرگرتنی ڤاكسین دروست بوون، بەمەش لەكاتی تووشبوون بە كۆڤید19دا چوار نیشانەی توند بەدی دەكرێن، بە شێوەی: سەرئێشەی تیژ، زیادبوونی دەردراوی لووت، پژمینی بەردەوام، لەگەڵ كڕانەوەی قوڕگ، هەروەها لەوانەیە كە نیشانەی دیكەش لە تووشبوودا بەدی بكرێن وەك: گرفت لە هەناسەدا، سكچوون، ئازاری گەدە و بەشی خوارەوەی سك، هێڵنج، ماندووبوون و هیلاكیی جەستەیی توند، سەرسووڕان، ئازاری ماسوولكە و پشت ئێشە، هەروەها ونكردنی هەستی بۆن و چێژكردن. كەواتە بۆچی ڤاكسینی كۆڤید وەربگرین لەوكاتەی كە هێشتا ئەگەری تووشبوون لە ئارادایە؟ لەڕاستیدا پێویستە كە ڤاكسین وەربگرین، چونكە لەكاتی تووشبوون بە كۆڤید19، كوتانی تەواو لە توندیی نیشانەكان كەم دەكاتەوە، واتە بە سووكی تووشی دەبین، هاوكات لەگەڵ كەمبوونەوەی ئەگەری ئاڵۆزییەكان.

Top