ئایا ڤاكسینەكانی فایزەر و مۆدێــــرنا بەرانبەر بە جۆرە گۆڕاوەكانی كۆڤید19 كاریگەرن؟
لێكۆڵینەوەكان ئاماژەیان بەوە كردووە كە ڤاكسینەكانی فایزەر(Pfizer) و مۆدێرنا هانی خانەكانی لیمفۆسایتی T دەدەن، بۆ ناسین و پەلاماردانی جۆرە گۆڕاوەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا. لێكۆڵینەوەكان لەوكاتەدا ئەنجام دران كە گۆڕاوی جۆری دێلتا لە هیندستانەوە سەری هەڵدا، پاشان بە پێی راپۆرتەكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، زیاتر لە 96 وڵاتی گرتەوە، جۆری گۆڕاوی دێلتا بەوە ناسراوە كە لە هەموو جۆرە گۆڕاوەكانی دیكەی ڤایرۆسی كۆڤید19 خێراتر بڵاودەبێتەوە. لە لێكۆڵینەوەكانی پەیمانگەی لا جۆللای La Jolla تایبەت بە زانستیی بەرگریی لەش لە كالیفۆرنیادا هاتووە، ڤاكسینەكانی فایزەر بایۆنتێك و مۆدێرنا كە پشت بە تەكنیكی mRNA دەبەستن، كاریگەرییان بەرانبەر بە هەر چوار جۆرە گۆڕاوە ناسراوەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە، واتە جۆرە گۆڕاوەكانی ئەلفا، بێتا، گاما، لەگەڵ جۆری دێلتا، ئاماژە بەمەش كراوە كە وەرگرتنی ژەمێكی بەهێزكاری Booster dose ڤاكسین، یان ژەمی سێیەم، هاندەر دەبێت بۆ سستمی بەرگریی لەش، كە ماددەی دژەتەن بەرانبەر بە جۆرە گۆڕاوەكانی ڤایرسی كۆرۆنا دروست بكات، لە رێگای خانەكانی لیمفۆسایتی جۆری T.