خه‌ونى من ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان دابمه‌زرێ

خه‌ونى من ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان دابمه‌زرێ

دییه‌ عوسمان یاریزانى فوتساڵى یانه‌ى دوكان
خه‌ونى من ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان دابمه‌زرێ
قه‌زاى دوكانى سه‌ر به‌ پارێزگاى سلێمانى خاوه‌نى چه‌ندین تیپى جۆراوجۆره‌ له‌ یارییه‌ وه‌رزشیه‌كان،تیپى فوتساڵى یانه‌كه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و تیپانه‌ى كه‌ له‌ داهاتوو چاویان له‌ ئه‌نجامى گه‌وره‌یه‌ له‌ خولى پله‌ یه‌كه‌كانى كوردستان كه‌ ئه‌مساڵ به‌هیواى ئه‌وه‌ن بگه‌نه‌ خولى نایاب ، به‌ ئامانجى پێشخستنى ئاستى یارى فوتساڵ له‌ سنوورى قه‌زاى دووكان تیپێكى تۆكمه‌ى پڕ له‌ یاریزانى به‌تواناى له‌ یانه‌كه‌ كۆكردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌م وه‌رزه‌ به‌م كچه‌ یاریزانانه‌ بتوانێ ئه‌م وه‌رزش چاوی له‌ كێبڕكێكردنه‌ یانه‌كه‌ش چاوی له‌وه‌یه‌ له‌ خولى فوتساڵى پله‌ یه‌كه‌كانى كوردستان ژماره‌یه‌كى گه‌وره‌ بێت ، دییه‌ عوسمان یه‌كێكه‌ له‌ كچه‌ یاریزانه‌ به‌تواناكانى یانه‌كه‌ و له‌دایكبووى ساڵى 2005ى قه‌زاى دووكانه‌ وه‌رزه‌كانى رابردووش بچووكترین یاریزانى خوله‌كه‌ بووه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ى به‌شدارى كردووه‌ له‌ خوله‌كان ، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان ئاراسته‌ى كرد و ئه‌ویش به‌مجۆره‌ وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى گۆڤارى گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بى
* له‌ ئێستادا ئاستى یارى فوتساڵ چۆن ده‌بینى كه‌ ساڵانه‌ خوڵتان بۆ ده‌كرێته‌وه‌؟
- ئاستى ئه‌م یارییه‌ له‌ ئاستێكى زۆر باشدایه‌، به‌به‌راورد به‌ فوتساڵى عێراق كوردستان پێشكه‌وتنى زیاترى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌.
* ئه‌نجامدانى پاڵه‌وانێتى به‌رده‌وام چه‌ند ده‌بێته‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ به‌ره‌وو پێش بچێت؟
- هۆكارێكى سه‌ره‌كییه‌ بۆ به‌ره‌ووپێشچوونى خوله‌كانى كوردستان، تا خوله‌كان به‌رده‌وام بن یاریزانی زیاتریش دروست ده‌بێ و ئاستى یارییه‌كه‌ به‌ره‌وو پێش ده‌چێت.
* پێت باشه‌ چى بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى یارى فوتساڵ ئاستى به‌رز بێته‌وه‌ له‌ شاره‌كانى كوردستان؟
- سه‌ره‌تا له‌ قوتابخانه‌كانه‌وه‌ گرنگی به‌ یارى فوتساڵى كچان بدرێت، چونكه‌ قوتابخانه‌ پێه‌یه‌كى گرنگى هه‌یه‌ له‌ دروست بوونى یاریزان و یانه‌كانیش ده‌توانن سوودی لێ ببینن.
* گرفتى فوتساڵى یانه‌ى دووكان له‌ چى ڕه‌نگده‌داته‌وه‌؟
-خراپى بارى دارایى و نه‌بوونى هۆڵى مه‌شقى ئه‌وانه‌ هه‌مووى گرفته‌.
* ئه‌مساڵ بچووكترین یاریزان بووى له‌ خولى فوتساڵ چ هه‌ستێكت هه‌بوو؟
- من ئه‌م ساڵ یه‌كه‌م وه‌رز بوو له‌ خولى نایاب به‌شدارى بكه‌م به‌ به‌راورد به‌ كچانى یانه‌كانى تر من بچووكترین یاریزانى خولى نایاب بووم و توانیم ئاستێكى زۆر باش پێشكه‌ش بكه‌م و سێ گۆڵیش تۆماربكه‌م.
*ده‌لێن له‌ یانه‌كانى خولى عێراقی گرێبه‌ستت بۆ هاتبوو؟
-به‌لێ له‌ یانه‌كانى به‌شدار له‌ خولى عێراق بۆم هاتبوو، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ندێك هۆكارى تایبه‌تى خۆم نه‌متوانى به‌شدارى بكه‌م,
*به‌رنامه‌ت چیه‌ بۆ داهاتووى خۆت؟
-هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌ داهاتوودا ببمه‌ باشترینه‌كانى كوردستان و عێراق.
* وه‌كو یاریزانێكى لاو چى ده‌لێ بۆ هێنانى یاریزان و راهێنه‌رى بیانى؟
- له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نیم راهێنه‌ر بێت، به‌ڵام پێویسته‌ یاریزانى ده‌ره‌وه‌ بێت بۆ خوله‌كانى كوردستان.
*داوكارى و پێشنیارت بۆ به‌رپرسانى وه‌رزش له‌ كوردستان؟
-گرینگى زیاتر به‌ وه‌رزشى كچان بدرێت، وه‌ هاوكارى و پشتیوانمان بن له‌ قه‌زاى دوكان، چونكه‌ هۆڵى داخراومان نییه‌ گرفتى گه‌وره‌مان هه‌یه‌.
*به‌هیواى ئه‌وه‌ نیت هه‌ڵبژارده‌ى عێراق داوا بكرێ؟
-هه‌موو هه‌ولێك ده‌ده‌م ببمه‌ یاریزانى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق
* خه‌ونى وه‌رزشیت چیه‌ وه‌كو یاریزان؟
- خه‌ونى من ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان دابمه‌زرێ و به‌ شانازییه‌كى گه‌وره‌ یارى بۆ ئه‌م هه‌ڵبژارده‌یه‌ش بكه‌م.
*به‌ كام یاریزانى جیهانى سه‌رسامیت؟
-لیونێل میسى ئه‌رجه‌نتینى.
* ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئه‌و خزمه‌ته‌ى به‌ وه‌رزشكاران ده‌كات له‌ كوردستان، سوپاسى خانه‌واده‌كه‌م ده‌كه‌م.

 

Top