مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی قوتابیانی بەشەکانی ڕاگەیاندن و زانستە سیاسیەکانی سێزدە زانکۆی ئەلمانیا کرد

مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی قوتابیانی بەشەکانی ڕاگەیاندن و زانستە سیاسیەکانی سێزدە زانکۆی ئەلمانیا کرد

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەمە رێکەوتی ٧ ی ئاداری ٢٠١٢ ، مەسرور بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی هاوبەشی زانکۆکانی ئەلمانیا کرد کە لە ژمارەیەک خۆێندکار و قوتابیی خۆێندنی باڵای بواری یاسا و راگەیاندن و زانستە سیاسیەکانی ١٣ زانکۆی ئەو وڵاتە پێک هاتبوو. ئەم شاندە کە لە ژیر ناوی (گەران بە رۆژهەلاتی ناوەراستدا) سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، مەبەستیان ئاگاداربوون و ئاشنایی بە پروسەی سیاسی و ئاستی گەشەپێدان و ئاوەدانکرنەوە لە هەرێمی کوردستان بووە.
لەم دیدارەدا کە بە ئامادەبوونی بەرێز ساسان عەونی بەرپرسی مەکتەبی ناوەندیی ریکخراوە جەماوەریەکان و سکرتێر و ژمارەیەک لە ئەندامانی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بەرێوەچوو، وێرای بەخێر هێنانی گەرمی شاندەکە، مەسروور بارزانی لە چوارچێوەی سمینارێکی کراوەدا بۆ ئەم قوتابیانە، ئاماژەی بە چەندین بابەتی پەیوەندیدار بە رەوشی هەرێم و عێراق و دەڤەرەکە دا .
لەم چوارچێوەیەدا مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر چۆنیەتی گەشەسەندنی بواری حوکمرانی لە هەرێم کە لە دوای راپەرینەوە بنەمای ئیدارەی هەرێم بە پێی پێوەرە دیموکراسییەکان ئاوا کراوە و وێرای هەموو کۆسپ و گرفتەکانیش ئەم ئەزمونەی کورد وەک نموونەیەک لە تێکرای ناوچەکەدا خۆی نواندووە. هەروەها لە بارەی رەوشی عێراق لە دوای روخانی رژێمی بەعس، تیشک خرایە سەر رۆلی کورد لە ئاواکردنی عێراقی نوێ و ئاماژە بە دەستووری عێراق درا وەک بنەمایەک بۆ بەردەوامیی پێکەوە ژیانی گەلانی عێراق و مەسرور بارزانی پێگیری بە دەستووری بە مەرجی سەقامگیریی عێراق و چارەسەریی گشت کێشەکانی هەرێم و ناوەند زانی. لە بارەی شەپۆلی گۆرانکارییەکانی دەڤەرەکەش لە مایەی یەکسالی رابردوودا، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە کورد پاڵپشتیی دەستەبەربوونی داوا رەواکانی گەلانی ناوچەکە بە شێوازی ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی دەکات و لەو بڕوایەداین کە پەرەسەندنی دیموکراسی لە دەڤەرەکەدا لە بەرژەوەندیی پێشخستنی دۆزی کورددا دەبێت.
دواتر قوتابیان کۆمەلێک پرسیاریان لە بارەی بارودۆخی هەرێم و عێراق و پێشهاتە هەنۆکەییەکانی رۆژهەلاتی ناوەراست خستە ڕوو و لە لایەن مەسرور بارزانیەوە بە تێروتەسەلی وەڵام درانەوە و راوبۆچوونی جیاجیای قوتابیانیش لەمبوارانەدا خرایە بەر گفتوگۆ.
لە کۆتاییشدا قوتابیان خۆشحالیی خۆیان لە بەرامبەر پەرەسەندنەکانی بوارە جیاجیاکانی ناو هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئومێدیان بۆ پێشکەوتنی زیاتری دۆزی کورد لە دەڤەرەکەدا خواست و لە هەمانکاتدا تامەزرۆیی خۆیان بۆ هەبوونی پەیوەندیی بەردەوامی زانستی لە نێوان قوتابیان و ناوەندە زانستییەکانی هەرێم و ئەلمانیا دەربڕی. هەروەها سوپاسگوزاریی خۆیان ئاراستەی مەسرور بارزانی کرد بۆ سازدانی ئەم سمینارە و دانیشتنەکەیان بە سوودمەند زانی بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە سەر رەوشی هەرێم و عێرا ق و دەڤەرەکە.
Top