كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامى بەشداریی كۆبوونەوەكەی سەرۆكی هەرێم دەكەن

كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامى بەشداریی كۆبوونەوەكەی سەرۆكی هەرێم دەكەن
هەریەك لە یەكگرتووى ئیسلامى و كۆمەڵى ئیسلامى ئەمڕۆ سێشەم ئاشكرایان كرد بەشداریی كۆبوونەوەی سبەینێى مەسعوود بارزانى سەرۆكی هەرێمى كوردستان لەگەڵ پەرلەمانتار و بەرپرسانى كورد لە بەغدا دەكەن، بزووتنەوەی گۆڕانیش هێشتا لەوبارەوە بڕیاری نەداوە.

محەمەد فەرەج ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان ڕای گەیاند \"یەكگرتووی ئیسلامی بە رەسمی لەلایەن سەرۆكایەتیی هەرێمەوە داوەت كراوە بۆ ئەو كۆبوونەوەیە، سبەى بارستەى یەكگرتوو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەشداریی كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكی هەرێم دەكا\"".

عەبدولستار مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان بە (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، ئەندامانى كۆمەڵى ئیسلامى لە ئەنجوومەنى نوێنەران بەشداری كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەن.

لەبەرامبەردا هەریەك لە سەردار عەبدوڵا و بایەزید حەسەن ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستى گۆڕان بە (ئاكانیوز)یان ڕاگەیاند، ئەوان ناتوانن لەو رووەوە لێدوان بدەن، تا ئێستەش نازانن بەشداریی كۆبوونەوەكەی سبەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێم دەكەن یان نا.

وەك سەرچاوە ئاگەدارەكان باسیان كردووە، بڕیارە سبەى بارزانى لەگەڵ فراكسیۆنە كوردییەكانى پەرلەمانى عێراق و بەرپرسانى كورد لە حكوومەتى عێراق كۆ ببێتەوە و باس لە بارودۆخى ئەمڕۆى عێراق و رۆڵ و ئەركى كورد بكەن.

لە ناوەڕاستى ساڵى 2010 بارستە براوە كوردییەكانى هەڵبژاردنە پەرەلمانییەكەى عێراق (هاوپەیمانیى كوردستان، گۆڕان، یەكگرتوو و كۆمەڵ) تەبایى بارستە كوردستانییەكانیان پێك هێنا كە 57 كورسی لە پەرلەمانى عێراقدا هەیە، بەڵام دواتر بزووتنەوەى گۆڕان /8 كورسی/ لەو بارستەیە كشایەوە. "
Top