ســــەرۆک بـــارزانـــی: ناکرێت رێگری بکرێت پێکهاتەکان رۆڵی خۆیان ببینن
سەرۆک مەسعود بارزانی رایگەیاند، ناكرێت بە هیچ شێوەیەك رێگری لەوە هەبێت پێكهاتەكان رۆڵی خۆیان لە ژیانی سیاسی و پەرلەمانیدا ببینن.
ئەمڕۆ سێشەممە 14ی ئایاری 2024 سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە میتیا لێسكۆڤار، باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق كرد، كە بە مەبەستی ماڵئاوایی و كۆتاییهاتنی ئەركەكانی سەردانی كردبوو.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆک بارزانی، لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ڤاتیكان سوپاسی رۆڵی سەرۆك بارزانیی كرد لە هەوڵەكانی بۆ بەدیهاتنی سەقامگیری و پاراستنی كولتووری پێكەوەژیان و بەرگریكردن لە مافی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق.
هەروەها پێزانینی بۆ پێشوازی و ئەو ئامادەكارییە کرد، کە بۆ سەردانی قەداسەتی پاپای ڤاتیکان بۆ هەرێمی كوردستان گیرابووەبەر و سەردانەكەشی بە "مێژوویی و گرنگ" ناوبرد.
سەرۆک مەسعود بارزانی لە دیدارەکەدا سەرباری ئاماژەدان بە بایەخی سەردانەكەی قەداسەتی پاپای ڤاتیکان بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق رایگەیاند، "گەلی ئێمە شانازی بە كولتووری پێكەوەژیان دەكات و پێویستە ئەو كولتوورە دەوڵەمەندتر بكرێت."
لەبارەی پێکهاتەکانیشەوە، کە دوای لابردنی کورسییەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان، ژمارەیەک سکاڵایان تۆمار کردووە، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، "كوردستان بە بوونی جیاوازی و رەنگاوڕەنگی جوانە، ناكرێت بە هیچ شێوەیەك رێگری هەبێت لەوەی پێكهاتەكان رۆڵی خۆیان لە ژیانی سیاسی و پەرلەمانیدا ببینن."
پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڤاتیكان تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆی نێوانیان بووە.
باڵیۆزی ڤاتیکانیش ئەوەی گوتووە کە سەرباری ئەوەی گرفت و ئاڵنگاریی لە عێراقدا زۆر هەیە، بەڵام لە زۆر بواریشدا پێشكەوتن هەیە كە مایەی دڵخۆشییە و هەرێمی كوردستان و بە تایبەت شاری هەولێری بە نموونەیەك لە سەقامگیری و پێشكەوتن ناوهێناوە.