موراد قەرەیلان: ناردنەوەی دوو گرووپەكەی ئاشتی لەسەر داوای ئەردۆغان بوو

موراد قەرەیلان: ناردنەوەی دوو گرووپەكەی ئاشتی لەسەر داوای ئەردۆغان بوو
موراد قەرەیلان، سەرۆكی كۆنسەی سەرۆكایەتی كۆما جڤاكێن كوردستان KCK، رایگەیاند كە لەساڵی 2006ەوە بۆماوەی پێنج ساڵ گفتوگۆ و دانوستاندن لەنێوان ئەوان و دەوڵەتی توركیا هەبووە، دوو ساڵی یەكەم بەشێوەی ناڕاستەوخۆ و لە سێ ساڵی دواییشدا بەشێوەیەكی راستەوخۆ. گوتیشی كە ناردنەوەی گرووپەكانی ئاشتی بۆ توركیا لە 19/10/2009 لەسەر داوای ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیا بوو.

قەرەیلان لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) كە بەشی دووەمی لەم ژمارەیەدا بڵاوكراوەتەوە، دانوستاندنەكانی نێوان خۆیان و نوێنەرانی دەوڵەتی توركیا لە ئۆسلۆ كە دواتر تۆمارە دەنگییەكەی ئاشكرابوو، بە \"گفتوگۆی جیدی بۆ چارەسەرێكی هەمیشەیی\"" ناودەبات. گوتیشی كە بە باشی نازانێ ئێستا هەموو ناوەڕۆكەكەیان ئاشكرا بكات.


لەبەشێكی دیكەی هەڤپەیڤینەكەدا ئاماژە بە ناردنەوەی گرووپەكانی ئاشتی دەكات لە قەندیل و كەمپی مەخموورەوە و دەڵێ چوونەوەی ئەو دوو گرووپە لە چوارچێوەی ئەو گفتوگۆیانەدا بوو. گوتیشی كە ئەوە \""تەنانەت پێشنیازی خودی ئەردۆغان بوو، بۆ ئەوەش شاندێكی ناردبووە لای سەرۆكی ئێمە لە ئیمرالی، هەروەها هەمان پەیامیشی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێز مەسعود بارزانی ناردبوو. لەو هەردوو شوێنەشەوە پەیامەكە گەیشتە ئێمە. ئەوكات ئێمەش گفتوگۆیەكمان لەنێوان خۆماندا كرد و بڕیارماندا دوو گرووپ بنێرینەوە\"".


قەرەیلان گوتی كە \""ئەردۆغان بۆ ئەوەی زیاتر دەستی بەهێزببێ ئەو داوایەی كرد. ئێمەش لەنێو هەڤاڵان و گەل، ئەو كەسانەمان هەڵبژاردن كە لە توركیا هیچ سزا و حوكمیان لەسەر نییە. بەم شێوەیە گرووپەكەی گەریلا و گرووپەكەی مەخموور ئامادەكران و نێردران\""."
Top