سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە پارێزگاری هەكاری و شاندێكی یاوەری دەكات

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە پارێزگاری هەكاری و شاندێكی یاوەری دەكات
ئەمرۆ دووشەممە 16/1/2012 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازیكرد لە بەرێز موعەمەر توركەر پارێزگاری هەكاری و شاندێكی یاوەری كە كونسوڵی گشتی توركیا لە هەرێمی كوردستان هاوڕێیەتیانی دەكرد.

لە دیدارێكدا، كە بەرێز نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر ئامادەی بوو، كردنەوەی دوو دەروازە لە نێوان پارێزگای هەكاری و هەر دوو پارێزگای هەولێر و دهۆك تاوتووێكران و لەم رووەوە پارێزگاری هەكاری داوای هاریكاری سەرۆك بارزانی كرد بۆ ئەنجامدانی ئەو دوو دەروازەیە كە لە رێیانەوە پەیوەندییە خزمایەتی و بازرگانیەكانی نێوان هەر سێ ناوچە دەخرێنە نێو چوارچێوەیەكی یاساییەوە .

سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەكرد كە پاش تەواوبوونی رێكارە یاساییەكان هەرێمی كوردستان ئامادەیە هاوكاری و كار ئاسانی لە كردنەوەی هەر دوو دەروازەكە بكات و تەئكیدیشی لەوەكردەوە كە كردنەوەی ئەو دوو دەروازەیە خزمەتی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییە ئابووری و كۆمەڵایەتی و بازرگانییەكانی نێوان هەرێم و عیراق و توركیا دەكات.
Top