گرێبەستە كشتوكاڵییەكانی كەركووك هەڵدەوەشێتەوە

گرێبەستە كشتوكاڵییەكانی كەركووك هەڵدەوەشێتەوە
وەزیری بازرگانیی عێراق رای گەیاند، رۆژی سێشەمی داهاتوو سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە كشتوكاڵییەكانی سنووری پارێزگەی كەركووك دەدا كە پێشتر لەلایەن رێژیمی بەعسەوە دابەش كراوەتە سەر كەسانی تر.

خێروڵا حەسەن، ئەمڕۆ یەكشەم بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، بڕیار وایە رۆژی سێشەمی داهاتوو (17 كانوونی دووەم/یەنایەر) ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی سەرۆك وەزیران بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك كۆ ببێتەوە، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی چەند بڕیارێكی لێژنەی كاروباری باكوری سەردەمی رێژیمی لێخراوی بەعس.

روونی كردەوە، یەكێك لە بەرنامەكانی كۆبوونەوەكە برێتییە لە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی لێژنەی كاروباری باكوری سەردەمی رێژیمی پێشووی بەعس كە پێوەستن بە هەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەك بڕیار تایبەت بە گرێبەستی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركووك كە پێوەندی بە مادەی 140ەوە هەیە.

جێی ئاماژەیە لە سەردەمی فەرمانڕەواییی رێژیمی بەعسی لێخراو چەند بڕیارێكی لەبارەی گرێبەستە كشتوكاڵییەكانی سنووری پارێزگەی كەركووكەوە دەركراوە و بەو بڕیارانە زەوییە كشتوكاڵییەكان لە كورد و توركمان وەرگیراوەتەوە و بەسەر عەرەبدا دابەش كراوە

وەزیری بازرگانی زیاتر گوتی، دوای ئەوەی لە مانگی ئەیلوول/سێپتێمبەری ساڵی رابردوو بەهۆی تانە لێدانی ژمارەیەك وەزیری سەر بە لیستی عێراقییە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە بۆ ئێستە دوا خرا، لە ماوەی چەند رۆژی رابردووشدا لێژنەی باڵای جێبەجێكردنی مادەی 140 راپۆرتێكی تێروتەسەلی لەم بارەیەوە بە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی داوە، چونكە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانەی لێژنەی كاروباری باكور لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە.

ئاماژەی بەوەش دا، هەر لە كۆبوونەوەكەدا باس لە كێشەی زەوی لە نێوان وەزارەتی نەوت و بەرگریی عێراق تاوتوێ دەكرێ بۆ چارەسەركردنیشی رەوانەی پەرلەمانی عێراق دەكرێت\".

\""كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ كورد لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانەی لێژنەی كاروباری باكور كە پێوەندییان بە مادەی 140ەوە هەیە زۆر گرینگە، چونكە پێشتر وەزیرەكانی لیستی عێراقییە دژی هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانە بوون\""حەسەن گوتی.

لە درێژەدا گوتی، لە ماوەی رابردوو وەزیرە عێراقییەكان لە لیستەكانی تر دەنگیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانە نەداوە بە بیانووی ئەوەی وەزیرەكانی سەر بە لیستی عێراقییە ناڕازی بوونە، ئەمجارە بەدەركەوێ ئەو وەزیرانە دۆستی كوردن یان نا\"".

هەروەها گوتی، ترسی ئەوەشم هەیە وەزیرەكانی لیستی عێراقییە تەنیا بۆ دەنگدان بە نەخێر لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا ئامادە بن\"".

دوای گرژییەكانی ئەم دوایییەی نێوان هەردوو لیستی عێراقییە و دەوڵەتی یاسا، عێراقییە ئامادەبوونی پەرلەمانتار و وەزیرەكانی لە دانیشتنەكانی پەرلەمان و حكوومەتدا هەڵپەسارد، مالیكیش وریایی دایە وەزیرەكانی عێراقییە ئەگەر نەگەڕێنەوە سەر كارەكانیان، ئەوا لە پۆستەكانیان لایان دەدا.

پێوەست بەم باسە، محەمەد ئیحسان ئەندامی لێژنەی باڵای جێبەجێكردنی مادەی 140 بۆ (ئاكانیوز) رای گەیاند، لەبارەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی سنووری پارێزگەی كەركووك راپۆرتێكمان بە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داوە، چاوەڕوانین بەپێی ئەو دەسەڵاتەی ئەنجوومەنی وەزیران هەیەتی بڕیار بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی لیژنەی كاروباری باكور بدات، كە كۆمەڵێك كێشەی ماددەی 140 چارەسەر دەكا\""."
Top