حكوومەتی هەرێم بۆ جێبەجێكردنی چەند بڕیار و یاسایەك پەرلەمانی پشتگوێ خستووە

حكوومەتی هەرێم بۆ جێبەجێكردنی چەند بڕیار و یاسایەك پەرلەمانی پشتگوێ خستووە
حكوومەتی هەرێم بۆ جێبەجێكردنی چەند بڕیار و یاسایەك پەرلەمانی پشتگوێ خستووە و لە جێبەجێكردنی هەندێ بڕیاریشدا سنووری یاسایی خۆی بەزاندووە.

سەرۆكی فڕاكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان (كاردۆ محەممەد) ئاشكرای دەكات كە لە دامەزراندنی ساڵی 2010ـدا حكوومەت بە بێ ئەوەی پرس بە پەرلەمان بكات، 26 هەزار و 453 كەسی لە دەرەوەی یاسا دامەزراندووە.

ئەو پەرلەمانتارە كە سەرقاڵی تاوتووكردنی كارنامەی ساڵی 2010ـی حكوومەتی هەرێمە، ئاماژە بەوە دەدات كە پەرلەمان لە ساڵی 2010ـدا تەنیا دامەزراندنی 9 هەزار و 547 كەسی پەسند كرد و ڕێگەی بە حكوومەت نەداوە تا 36 هەزار كەس دابمەزرێنێت. ئەو دەڵێت: “حكوومەت لە یاسا لای داوە و زیاتر لە 26 هەزار كەسی بە نایاسایی دامەزراندووە.”

دەڵێن بیانووی حكوومەت بۆ ئەو كارە، ئەوە بووە كە ویستوویەتی كۆمەڵگ گەنجی بێكار بخاتە سەر كار. (كاردۆ محەممەد)ـیش دۆزینەوەی كاری بۆ خەڵكی پێ باشە، بەڵام دەڵێت: “ئەگەر حكوومەت ئەو مەبەستەیشی هەبووبێت، دەبووایە گەڕاباوە بۆ پەرلەمان و پرسی پێ كردبا و مەبەست و پێوەرەكانی ئەنجامدانی ئەو كارەیشی بە تەواوەتی ڕوون كردبایەوە.”

ئەو پەرلەمانتارە كە خۆی ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانە، ئاماژە بەوە دەدات كە دامەزراندنیش نابێت لەسەر حیسابی زیادكردنی بێكاریی داپۆشراو بێت.

شیاوی گوتنە، بە كەسێك دەگوترێت بێكاری داپۆشراو كە كاری هەبێت، بەڵام كارەكەی بەرهەمێكی ئەوتۆی نەبێت، یانیش داهاتەكەی بەشی بژێوی نەكات.

بە پێی ئەو توێژینەوانەی لەو بوارەدا ئەنجام دراون، 40%ـی كارمەندانی حكوومەتی هەرێم بێكاری داپۆشراون و حكوومەت دەبووایە لە ڕێگەی پلانی ئابوورییەوە دەرفەتی كاركردنی لە كەرتی تایبەت بۆ خەڵك ڕەخساندبا.

“حكوومەت كردی و چوو”
هاوكات جێگری سەرۆكی لیستی كوردستانی (دڵشاد شەهاب) لە كاتی بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی بۆ پەرلەماندا ئاشكرای كرد كە حكوومەت لە خەرجكردنی بودجەدا پرس بە پەرلەمان ناكات و خۆی بڕیار دەدات. ئەو ئاماژەی بە پێدانی 150 هەزار دینار وەك بیمەی بێكاریی بە دەرچووانی زانكۆ دا و گوتی: “باشە حكوومەت بە چ دەستەڵاتێك و لە چ پارەیەك ئەو 150 هەزارەی داوە؟ ئەسڵەن بۆچی پرسی بە پەرلەمان نەكرد؟” ئەو پەرلەمانتارە لە هاوكاریكردنی گەنجان و خەڵكی هەژار ناڕازی نییە، بەڵكوو پێی وایە دەبێت پێوەرێك بۆ ئەو كارە هەبێت و دەرچووی هەژار و دەوڵەمەند لە یەكتری جیا بكرێنەوە.

وەزیری دارایی (باییز تاڵەبانی) كە پێش سەری ساڵی 2012 بانگهێشتی پەرلەمان كرابوو، لە وەڵامی (دڵشاد شەهاب)ـدا گوتی: “ڕاستە پەرلەمان بڕیاری لەو كارە نەداوە، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیران بە نووسراوێكی فەرمی ئاگاداری وەزارەتی داراییان كردووە تاكوو ئەو پارەیە خەرج بكەین.”

پاش ئەو قسەیەی وەزیری دارایی (دڵشاد شەهاب) هەڵدەستێتەوە و دەڵێت: “ئەوە وەڵامی من نییە كە حكوومەت كردی و چوو. منیش ئەوە دەزانم، بەڵام دەپرسم حكوومەت بۆ كردی و لە كوێی هێنا و لە كێی بڕی؟ ئەو دەسەڵاتەی لە كوێوە هێنا تاكوو ئەو پارەیەی پێ خەرج بكات.

ئێمە لە كاتی گفتوگۆكردنی بودجەی 2011ـدا بە هەزار جڕەجڕ پارەی پەككەوتە و خەڵكی كەمداهاتمان لە 75 هەزارەوە كردەوە 150 هەزار دینار. وەزارەتی دارایی دەیگوت پارەمان نییە. ئەدی ئێستا ئەو پارەیەیان لە كوێ هێنا تا بیدەنە دەرچووانی زانكۆ؟”

وەزیری دارایی، نەیشاردەوە كە لەبەر ئەوەی پێشتر لە بودجەدا پارە بۆ ئەو بوارە تەرخان نەكراوە، ئەوان بە تەجاوز ئەو پارەیان خەرج كردووە و لە كۆتایی ساڵدا ئەو پارەیە بە كورتهێنان خۆی دەردەخات.
(باییز تاڵەبانی) ئاشكرایشی كرد كە وەزارەتەكەیان تەنیا ئەمرەكان جێبەجێ دەكات و خۆی ئەمر ناكات. ئەو گوتی: “ئەو ئەمرەمان لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێ كراوە؛ جا ئەگەر ئەوان سەرپێچییان لە دەستەڵاتی خۆیان كردبێت، ئەوە ئێمە بەرپرسیار نین.”

خوێنی حزب لە نێو دەماری حكوومەتدا
هۆكاری ناكۆكیی كارەكانی حكوومەت لەگەڵ بڕیارەكانی پەرلەماندا، بە لای سەرۆكی فڕاكسیۆنی گۆڕان بۆ بوونی دووئیدارەیی دەگەڕێتەوە كە هێشتا یەخەی حكوومەتی هەرێمی بەر نەداوە.

(كاردۆ محەممەد) پێی وایە كاتێك كە دامودەستگەیەك بە دوو ئیدارە بە ڕێوە دەچێت، مانای ئەوەیە حكوومەت بەسەریدا زاڵ نییە و حزب بڕیاری بۆ دەدات.

ئەو لەو بڕوایەدایە كە لاوازیی دەستگە چاودێرییەكانی حكوومەت كە بریتین لە پەرلەمان، دیوانی چاودێریی دارایی و لیژنە و دەستەی دەستپاكی، زەمینەیەكی لەباری بۆ لادانی حكوومەت خۆش كردووە. (كاردۆ محەممەد) دەڵێت: “لەبەر ئەوەی دەستەڵاتی دادوەرییش لە كاتی لادانی حكوومەتدا بە ئەركی خۆی هەڵناستێت، حكوومەت لێپێچینەوەیشی لەگەڵدا ناكرێت.”
Top