سبەی سەرۆك بارزانی لەكەڵ شاندی سیاسی هەرێم و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆدەبێتەوە

سبەی سەرۆك بارزانی لەكەڵ شاندی سیاسی هەرێم و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆدەبێتەوە
فوئاد حوسێن لە لێدوانێكدا رایگەیاند كە بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی یەكشەممەی داهاتوو 16/10/2011 بە مەبەستی تاوتوێكردنی راپۆرتی شاندی سیاسی هەرێم كە بەر لە چەند رۆژێك سەردانی بەغدای كرد بوو، لەگەڵ شاندی ناوبراو و ئەو لایەنە سیاسییانەی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە كە بەر لە رۆیشتنی شاندەكە بۆ بەغدا لەگەڵ بەڕێزیان كۆ ببوونەوە.

لەمبارەیەوە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم ئاشكرای كرد كە لەو كۆبوونەوەیەدا راپۆرتی شاندی سیاسی هەرێمی كوردستان سەبارەت بەو دیدار و گفتوگۆیانەی لەگەڵ بەڕێزان سەرۆككۆماری عێراقی فیدراڵ و سەرۆكوەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و هێز و كەسایەتی و لیستە جیاجیاكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق لە بەغدا ئەنجامی دابوو، دەخرێتە بەر دەستی سەرۆك بارزانی و بەڕێزیان دەرەنجامی سەردانەكە لەگەڵ شاندی ناوبراو و ئەو لایەنە سیاسییانەی هەرێم تاوتوێ دەكات.
Top