پڕۆژە یاسای وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن پەسەند دەکرێت
دانیشتنی ئەمڕۆ بەئامادەبوونی وەزیری گواستنەوەو گەیاندن و رێکخەری پەیوەندییەکانی نێوان پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم بەڕێوەچوو، لەلایەن جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە بەرنامەی کار خوێندرایەوە، کە بەردەوامبوونبوو لەسەر خستنەڕوو و گفتوگۆکردنی پڕۆژە یاسای وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن و پڕۆژە یاسای هەموارکردنی یەکەمی یاسای ژمارە 26ی ساڵی 2007ی یاسای باجی دەرامەت.
ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاریەکانی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار سەرهەنگ فەرەج لە بارەی پەسەند کردنی یاساکەوە وتی: هێنانی یاسای وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن بۆ نێو پەرلەمان خۆی لە خۆیدا کارێکی گرنگ بوو، چونکە ئەو وەزارەتە یاسای خۆی نەبوو و ماوەی دووساڵ بەسەر نەبوونی ئەو یاسایەدا تێپەڕیبوو.
فەرەج دوپاتیکردەوە: وەک بنەما لە گەڵ یاساکە بووین بەڵام وەک ناوەڕۆک هەندێک تێبینیمان لەسەر هەبوو، ئەوەی پەیوەندی بە ڕاوێژکارەکانەوە هەبوو من پێم وابوو دەتوانرا بە شێوەی گرێبەست ئەو ڕاوێژکارانە بهێندرێت و سود لە شارەزایی و توانای کەسەکان وەر بگیرێت.
وتیشی: وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەتوانێت بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بکات لەو گرێبەستانەی کە لە نێوان کۆمپانیاکان و حکومەت دەکرێت، بە تایبەت کۆمپانیاکانی تەلەفۆن، هاوکات ڕێکخستنەوەی هەیکەلی وەزارەت ڕێکدەخات.