لە ناوەڕاستی ئۆكتۆبەردا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی هەرێم بەڕێوە دەچێ

لە ناوەڕاستی ئۆكتۆبەردا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی هەرێم بەڕێوە دەچێ
سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق رای گەیاند، لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی هەرێمی كوردستان بەشێوەی لیستی كراوە دێتە ئەنجامدان.

فەرەج حەیدەری ئەمڕۆ یەكشەم بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، كۆمسیۆن بەشێوەیەكی رەسمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ئاگەدار كردەوە لەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی هەرێم لە وادەی دەستنیشانكراوی خۆیدا لە 10 ئەیلوول/سێپتێمبەری داهاتوو بەڕێوە ناچێ.

\"پێشنیازی 15 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەرمان خستووەتە بەردەم كەریم شەنگالی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەوەكالەت، ئەویش رەزامەندی حكوومەتی هەرێمی پێشان دا بۆ ئەوەی لەو وادەیەی كۆمسیۆنی باڵا دەستنیشانی كردووە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی هەرێم بێتە ئەنجامدان\"" حەیدەری ئەمەی ئاشكرا كرد.

روونی كردەوە، شەوی رابردوو لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەل شەنگالی ئەو پرسەمان تاوتوو كرد بۆ ئەوەی وەك كۆمسیۆن بەشێوەیەكی رەسمی دەست بەئەنجامدانی ئامادەكارییەكان بكەین، شەنگالی پێی راگەیاندم كە رەشنووسی پێشنیازی هەمواركراوی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی هەرێم ئامادە كراوە و لە رۆژانی داهاتوودا بەمەبەستی هەمواركردنی رەوانەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت\"".

لەبارەی دابینكردنی بودجەی پێویست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە، حەیدەری ئاماژەی بەوە دا \""جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم پێی راگەیاندم لە رۆژانی داهاتوودا وەڵامی پێویست لەوبارەیەوە بەكۆمسیۆن دەدرێتەوە، بۆیە ئێمە لە ئێستەدا چاوەڕوانی وەڵامی ئەوان دەكەین\"".

\""هۆكاری دواكەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی هەرێم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەڵبژاردنەكە بەشێوازی لیستی كراوە بەڕێوە دەچێت، هاوكات حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بەشێوەیەكی رەسمی داوایان لە كۆمسیۆن كردووە هەڵبژاردن بەشێوازی لیستی كراوە بێت\"" حەیدەری وای گوت.

لای خۆیەوە هەندرێن محەمەد بەرپرسی نووسینگەی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ (ئاكانیوز) گوتی \""ئەوەی تا ئێستە ئەنجامدراوە وەك ئامادەكاریی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی هەرێم ئەو ئامادەكارییە ئاساییانەن كە پێویستی بەكاتی زۆر و بودجە نییە\""."
Top