پارتی و یەكێتی لێژنەیەكى باڵا بۆ بەدواداچوونی چاكسازی پێك دێنن

پارتی و یەكێتی لێژنەیەكى باڵا بۆ بەدواداچوونی چاكسازی پێك دێنن
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەم ڕای گەیاند، لە دواین كۆبوونەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتیدا بڕیار دراوە لێژنەیەكی باڵا بۆ بەدواداچوونی بەرنامەی چاكسازی پێك بێنن.

جەعفەر ئیبراهیم بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند لە دواین كۆبوونەوەی نێوان هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی لە رۆژى سێشەمى رابردوو، بڕیار درا لێژنەیەكی باڵا بۆ بەدواداچوونى ئەو بەرنامەی چاكسازییەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حكوومەت بڕیاریان لەبارەوە داوە پێك بێ\".

هەروەها گوتى لەسەر ئاستی چاكسازیی حزبیش هەردوولا بڕیاریان دا چاو بە پەیكەرى حزبیدا بخشێنرێتەوە و ڕێوشوێنی مەدەنی بۆ كاری حزبایەتی لە كوردستان دابنرێ.

ئاماژەی بەوەش دا ئەو لێژنەیەى بەمەبەستى ئەنجامدانى چاكسازى لەلایەن سەرۆكایەتیی هەرێمەوە پێك هێنراوە، لای خۆیەوە كۆمەڵێك چاكسازی لەسەر هەموو ئاستەكاندا دەكات.

هاوكات ئەوەیشى گوت ئەو لێژنە حزبییەى هەردوو حزب دەسەڵاتی بڕیاردانی نییە، تەنیا بەدواداچوون بۆ بابەتەكان دەكات تا هەردوو حزبى دەسەڵاتدار بتوانن متمانەى خەڵك بەدەست بێنن و سەركردایەتی لە خەڵك نێزیك بكەنەوە و بزانن خەڵك لەبارەی پڕۆژەكانی چاكسازییەوە چی دەڵێ و چی دەوێ.

دواى ئەوەى لە شوبات/فێبرایەرى رابردوو و دوو مانگى دواتردا زنجیرەیەك خۆپیشاندانى ناڕەزایى چەند ناوچەیەكى هەرێمى كوردستانى گرتەوە، دەسەڵاتى هەرێمى كوردستان دەستى بە بەرنامەیەك بۆ چاكسازیى هەمەلایەنە لە حكوومەتدا كردووە، بۆ ئەو مەبەستە سەرۆكى هەرێمى كوردستان چەند بڕیارێكى بەمەبەستى چاكسازى دەركردووە و لێژنەیەكیش بۆ ئەو مەبەستە دەست بەكار بووە."
Top