خەریەکە مارەکە لەبەغدادەوە بەکوردەوە دەدات

خەریەکە مارەکە لەبەغدادەوە بەکوردەوە دەدات
گەرچی چەند بە مێژودا برۆینەوە عێراق هەرگیز قاڵبێکی سەرکەوتووی دەوڵەت بوون و سیمایەکی دەوڵەتی پێوەدیارنەبوە ،ئەوەشی هێشتویەتیەوە تا ئێستا ئاسەواری ئەو سیستمە نیشتمانی و دەوڵەتیە بوە کەلەسەردەمی پادشایەتی و حوکمڕانی بەریتانیەکان لە عێراق بۆی دارێژرابوو،کە بەجۆرێک لەجۆرەکانی ئاسەوارەکانی لەڕووی دەستورو یاساو حوکمڕانیەوە بەدام و دەزگاکانیەوە مابویەوە. بەنەمانی دەسەڵاتی پادشایەتی و هاتنی دەسەڵاتی حیزبی کەبەحیزبی بەعس دەستی پێکرد لەسەردەمی پێشودا ئیتر وڵات بەرەو دابەش و بوون و جیاکاری و ململانێ و زاڵ بوونی بەرەیەک بەسەر بەرەیەکی تردا و دروست بوونی ڕق و جیاوازی کۆمەڵگە لەنێوان دەسەڵات و بێ دەسەڵات دەستی پێکرد،رژێمی سەدامیش پشتیوانی ئەو جیاکاری و دابەش بوون و یەکتر قبوڵ نەکردن و زاڵ کردن بەشێک یان تاقمێک بەسەر تاقمێکی تردا بوو. بناغەیەکی بتەویی بۆ ململانێ و نەبوونی پێکەوەژیان و یەکتر رەت کردنەوە دانا لەنێوان نەتەوەو مەزهەب و پێک هاتەکانی ناو عێراقدا. لەدوای روخانی دەسەڵاتی ئەو رژێمەش ئیتر هەموو ئامادەکاریەکان بۆ جەنگ وململانێی ناوخۆیی لەنێوان عێراقیەکان بەردەوام بوو ،سەردەم بەسەردەمی تۆڵەکردنەوە دەستی پێکرد ،بەداخەوە ئەو دابەش کاریە حوکمڕانیەش کە هاوپەیمانەکان بۆ عێراقیان هێنایە ئاراوە کە لەسەر بنەمای نەتەوەو مەزهەب کە بەسەر کوردو عەرەب و شێعەو سونە دەسەڵاتیان بڕیەوە ،هۆکاری تر بوو بۆ ئەو دابەشکاریە کە تا ئێستا نەهەڵبژاردن و نە تەوافوق نەیتوانیوە وڵاتێکی ئارام و سەقامگیر بۆ تەنها خولێک فەراهەم بکات. چونکە وڵاتی فرەیی تەنها سیستمی نیشتمانی و بنەماو پێوەری هاوڵاتی بوون دەتوانێت بەڕێوەی بەرێت نەک تەوافوق. تا هاوپەیمانەکان خۆیان لەوڵاتدا بوونیان هەبوو سەرکردە پێشوەکان مابوون بارودۆخەکە باشتربوو ،لەلایەکی تریشەوە سەرهەڵدانی داعش دەرگایەکی تری کردەوە بۆ شپرزبوونی وڵات و سەرهەڵدانی تاقم و گروپ و زیاتر هەل دان بە وڵاتانی ئیقلیم و بەرژەوەندیخواز بە عێراق بۆ دەست تێوەردان ،هەریەکە لەو سەرۆک وەزیرو کاربەدەستە باڵایانەی کە پێشوتر هاتونەتە سەر حوکم دوای ٢٠٠٣ هێندە بیریان لەوەکردوەتەوە هێزی چەکداری و سەروەت و سامان بۆ خۆیان دابین بکەن ،هێندە کاریان بۆ بە نیشتمانی وکردن و دروست کردنی ستستمێکی تۆکمەی حوکمڕانی نەکردوە،لەبەرامبەر ئەمانەشدا لایەنی نەیار و دەستی دەرەکی تاقم و گروپی چەکداری دروست کردوە دەستی خستوەتە نەک تەنها حوکمڕانی بەڵکو سامان و داهاتی ئەم وڵاتە.بۆیە ئەم وڵاتە لە ئێستادا لەباخێکی پایز دەچێت کە هەموو خەیرو بەروبومەکەی لێکراوەتەوەودابەش کراوە ، شەری زەمینەکەشیەتی دابەش بکرێت.لەولاشەوە دابەش بوونی شێعەکان بەسەر ١٢ ئیمامەکەدا هەریەکەیان هێزو شەقام و گروپی چەکداری وپارەو بگرە پشتیوانی دەرەکیشیان هەیە کە دەتوانرێت ئاشکرا هەست بکرێت کەهەریەکەیان کێ دەیجوڵێنی. بەردەوامیش سەرهەڵدانی گروپی تر و هێزی چەکداری و کارەکتەری سیاسی هەڵتۆقیوو هەیە کە دانوستان ئەستەمە لەگەڵیان .بۆیە ئەوەی لە ئێستاو ئایندەی ئەم وڵاتە دەخوێنرێتەوە حوکمڕانی و دەوڵەتداری ماڵئاوایی کردوەو ئەستەمە نەهەڵبژاردن نە هیچ فۆڕمێکی تری ناوخۆیی بتوانێت ئەم وڵاتە ڕێک بخاتەوە ،ئەگەریش نیە هیج وڵاتیکی زلهێز کاتی خۆی لەم وڵآتەدا خەرج بکات بەهەوڵ دان بۆ سەقامگیرکردنەوەوی چونکە ماندووبون و ئەزموونی سەرنەکەوتویان هەیە.کورد لەم هاوکێشەدا نەک تەنها ماندوودەبێت و هیچ بەدەست ناهێنێت بەڵکو بەغداد دەبێتە هۆکاری پەرتەوازەکردنی لەمەزیاتر و وادەبینرێت هەندێک پارت وتاقم و کەسایەتی ململانێکانی کوردستان دەبەنە بەغدادو لەوێ تۆڵە لە رکابەرەکانی ئێرەیان دەکەنەوە پێگە وەردەگرن لەسەر حسابە نەتەوەیەکە ،ئەگەریش زۆرە دوژمنانی کورد لەوێوەوە کار بۆ هەڵوەشانی هەرێم و قوڵکردنەوەی ململانێکانی لایەنە کوردیەکان بکەن و هەریم لەباربەن، زۆرێک لەوانەی کە ئەیانەوێت لەبەغداد پۆست وئیمتیازات و شت بەدەست بێنن بەئاسانی بەکاربهێنرێن دژی کوردو کوردستان وبخرێنە ناو هاوکێشە دابەش بونەکەی ئەوێوە. بۆیە تا کورد توشی پەتای دابەش بوونی هاوشێوەی شێعەو سونەکانی بەغداد نەبوەو لەوێوە کار بۆ پەرتەوازەکردنی زیاتری نەنراوە باشترین بژاردە کشانەوەیەتی و کارکردنەوە بۆ ئاشتەوایەکی نیشتمانی و رێکخستنەوەی ماڵی کوردی و سەقامگیرکردنەوەی هەرێمەکە ،هەرگیز لەمەزیاتری دەست ناکەوێت کورد لەبەغداد تەنها ماندودەکرێت و سەرقاڵ بوونی بەوێوەوە کاروباری هەرێمەکەش فەرامۆس دەکرێت .
Top