بـــا کــۆنـــفـــرانـــســـە نــــاوخــــۆیـــــیـــەکــــانـــی پـــارتــی، نوێبوونەوە و چاكسازی بێت

بـــا کــۆنـــفـــرانـــســـە نــــاوخــــۆیـــــیـــەکــــانـــی پـــارتــی، نوێبوونەوە و چاكسازی بێت

دوای بەستنی کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک، جەنابی سەرۆک بارزانی بڕیاری بەستنی کۆنفرانسە ناوخۆییەکانی پارتی دا.
گۆڕانکاری ریشەیی لە ناو ئۆرگانەکانی حزبدا پێویستییەكی حەتمەییە، لە بنکەوە بیگرە تا دەگاتە مەکتەبی رێکخستن، کە بریار وایە لە 25_6 تا 6_7 بۆ ماوەی 11 رۆژ بەردەوام بێت.
ئەوەی لێرەدا گرنگە و پێویستە بیڵێین کۆنفرانس و هەڵبژاردن مافێکی ئاسایی و یاسایی هەموو ئەندامێكی حزبە، بە مەبەستی دانانی کەسی شیاو بۆ ناو ئۆرگانەکانی حزب، ئەوانەی کە شایستەن، دەکرێت پلەیان بەرز بکرێتەوە بۆ شوێن و پێگەی بەرزتر و ئەوانەی کە چەندین ساڵیشە خزمەت دەکەن و ئیدی توانای کارکردنیان لاواز بووە، پێویستە بەوپەڕی ڕێزەوە پشوو بدەن و خوێنێکی نوێ بە دەمارەکانی حزبدا بکرێتەوە.
هەرچەندە مەرج نییە لە پرسی دیموکراتیدا "بەتایبەت لە وڵاتی ئێمە"، لەسەر بنەما و پێوەر و لێهاتوویی و بڕوانامە، زیرەکیی و ئەزموون، ئەکادیمی و جەماوەریبوون، کادیر هەڵبژێردرێت، كە دەبوو بەلایەنی کەمەوە ئەمانە و چەند شتێکیتر پێوەری خۆپاڵاوتن بن و تاقیکردنەوەی پێشوەختەیان پێ بکرێت لە رووی ئەتەکێتی مامەڵەكردنی سەردەمییانە، زیرەکی، توانا، ئەزموون، کاری رێکخراوەیی و روئیای ئایندە بۆ حزبەکەی.
له لایەکی دیکەیشەوە راستە سەرکەوتن و سەرنەکەوتن لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا کارێکی ئاسایی و نۆرماڵە، ڕاستە هەموو ئەوانەی خۆیان دەپاڵێون سەرناکەون، بەڵام گرنگ باوەڕ بەخۆبوونە، مادام ئەندامی حزب حەز و جورئەتی خۆپاڵاوتنی هەیە. واتا خولیا و ئاواتی بەرزتری هەیە بۆ کارکردن لەنێو ئۆرگانەکانی حزبەكەیدا، كە ئەوەیان نیوەی سەرکەوتنەكەیە.
بەپێی ڕێنوێنییەكانی لیژنەی ئامادەكاری، كۆنفرانسە ناوخۆییەكانی پارتی، سەرەتا لە بنکەوە دەست پێ دەكات و دواتر بۆ ڕێكخراو و ناوچە و ستافی كارگێڕیی لقەكان و پاشان مەکتەبی رێکخستن، ئەوەیش باشترین دەرفەتە بۆ نوێبوونەوەی حزب و دانانی کەسی شیاو و گۆنجاو بۆ نێو ئۆرگانە حزبییەکان، بەڵام لێرەدا زۆر گرنگ و پێویستە دەنگدەر بزانێت کێ هەڵدەبژێریت و کێ شایەنی ئەوەیە خزمەت بکات و کێ دەتوانێت لەنێو جەماوەردا بێت، پێویستە دەنگدەر ویژدانی خۆی ئاسوودە بکات، بزانێت کێ شایەنی ئەوەیە خزمەتی رێبازی پیرۆزی پارتی و بارزانی بکات، نەک لەسەر ئەساسی مەحسوبییەت، خزمایەتی، دۆستایەتی، خێڵ و بنەماڵەیی و بەرژەوەندی، چونکە دەنگدان ئەرکێکی ئەخلاقی و ئاسوودەکردنی ویژدان و بەرپرسیارێتییە.

ئیدی کاتی ئەوە هاتووە، خەڵکانی ئەکادیمی، لێهاتوو، خاوەن دیدگا و هزر و روئیا، دیموکراتی و گوفتارشیرین، خوێنگەرم و سەنگین، بێنە پێشەوە، کادیری پڕاوپڕ لە چەکی سەردەمییانەی مۆدێرن و زمانپاراو و خاوەن زانیاری و مەعریفی و خەڵکی نوێخواز و نوێگەر بێنە گۆڕەپانەكە، بۆ کاری رێکخراوەیی و حزبی، ناكرێ ئەوەیش نادیدە بگرین كە هەندێك کەسایەتی دیار و خەڵکی نوخبە هەن، پێیان شەرمە بچنە هەندێک ئۆرگانی حزبی، چونکە سەنگینیی و بەهای جوان لەو ئۆرگانەدا لاوازە و هەندێک کەس لەو ئۆرگانە حزبییە کار دەکەن، دامەزراوەی حزبیان بێ بەها کردووە، لە لایەکی دیکە ئەو کارە حزبییە تەقلیدییەی جاران پێویستە گۆڕانکاری بەسەردا بێت.
لە هەندێک ناوچە و رێکخراوی سنووری لقەکان كادیری وا هەیە، بەڵێن دەدات ئەگەر ببێتە کارگێڕ ناوچە، بەرپرسی ناوچە، یان کارگێڕی لق، دنیا دەکاتە شامی شەریف، کەچی چەندین ساڵە کادیری حزبە یان لە پلەی کارگێڕ ناوچە و لق دایە، ئەلفوبێیەکی لەسەر حزب نەنووسیوە و لە هیچ بارودۆخێك بە وشەیەكیش داكۆكی لە حزب نەكردووە، کادری وا هەبووە لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی چوار دێری نووسیووە و 33 هەڵەی ڕێزمان و ڕێنووسی هەبووە، ئێستا بە چ پێوەر و توانایەك دەیەوێت دووبارە خۆی كاندید بكاتەوەو جارێكی دیكەیش ئۆرگانە حزبییەكەی لاواز بكاتەوە؟
بۆیە لێرەدا دەنگدەر ڕۆڵێكی گرنگی دەبێت و پێویستە دەنگ بەمجۆرە كادیرە نەدات، كە بووەتە بارێكی قورس بەسەر حزبەوە، هەروەها پێویستە مەکتەبی رێکخستن پێوەر دابنێت بۆ ئەوانەی نانی حزب دەخۆن و خۆیان بە کادیر هەژمار دەکەن، بەڵام تەماشای ئەکاونتی فەیسبووکیان بکەن بزانن چەند وشەی لە بەرژەوەندی حزبەکەیاندا نووسیوە، یاخود لە كوێدا خۆی وەك كادیرێكی پاراتی ناساندووە..!!
ماوەتەوە بڵێین ئێستا هەم كاتی نوێكردنەوەی ئۆرگانەكانی حزبە و هەمیش دەرفەتە بۆ چاكسازییەكی ڕیشەیی و سزادانی ئەوانەی وەك ڤایرۆس بوونەتە مشەخۆر بۆ سەر جەستەی حزب و جگە لە بەرژەوەندییەكانی خۆیان، ئەوەی بەلایانەوە گرنگ نەبووبێت بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی حزب بووە.

Top