بۆ گەیشتن بە ئابوورییەكی فرەچەشن پێویستمان بە نەشتەرگەرییەكی بەئازارە
گرفتی ئابووریی عێراق لەوەدایە بە ڕێژەیەكی زۆر بەرز پشتی بە داهاتی هەناردەكردنی نەوت بەستووە، ئەو نەوتەی كە ماددەیەكی ڕەیعییە بۆ ئابوورییەكەی و ئەمڕۆ هەیە و سبەی نامێنێت، چونكە دواجار بەهای ئەم نەوتە بەستراوەتەوە بە نرحە ناسەقامگیرەكەیەوە، كە پەیوەستە بە ویست و خواستی زلهێزەكانی جیهانەوە نەوەكو خواستی بەرهەمهێنەرانی وڵاتانی جیهانی سێیەم، نرخی بەرمیلێك نەوت لە بازاڕە جیهانییەكاندا هەرگیز بە بەرزی تاسەر نەماوەتەوە، هەموومان ئەوەمان بینی لە سەردەمی تەشەنەكردنی پەتای كۆرۆنادا نرخی بەرمیلێك نەوت دابەزییە سەر (سفر) دۆلار، لە هەموو ئەمانەش مەترسیدارتر نەوت و غاز لە عێراقدا بووەتە هۆكارێكی تەشەنەكردنی تەمبەڵی و گەندەڵی و دروستبوونی میلیشیای چەكداری بە دەسەڵاتی لە سەرووی یاسا و دەوڵەتەوە، ئەمانە وەكو مافیایەكیان لێهاتووە و زیانیان بە دارایی و ئابووری و هەستی نیشتمانپەروەری گەیاندووە، خۆشیان خزاندووەتە هەموو كایە سیاسی و ئابووری و سەربازییەكانەوە و شوێنەوارەكانیان لەسەر چارەنووسی ئەم وڵاتە و ئاشتیی كۆمەڵایەتی دیار و ڕوونە. ئەوەتا دامەزراوە و دەزگای تەشریعی و دادگا لە عێراقدا بە هەرێمی كوردستانیشەوە، بە واتای تەواوی دامەزراوەیی نەماوە، یان زۆر لاواز كراوە، تاوەكو كەسانی دەستڕۆیشتووی ناو حزب و لایەنە سیاسییەكان بە لایەنە سیاسییەكانی ناو ئۆپۆزسیۆنیشەوە، بخاتە ژێر لێپرسینەوە و بەرپرسیارێتییەوە.
ڕەنگە هاووڵاتییەكی ئاسایی ئەو پرسیارەی لا دروست بێت، ئەگەر ئابووریناسان بەم شێوە ڕەشبینییە بڕواننە بارودۆخی ئابووریی عێراق، ئەی ئەوە نییە مووچە و تا ڕاددەیەكیش پڕۆژە و خزمەتگوزاری پێشكەش دەكرێت؟ ئەی ئەوە نییە یەدەگی دراوی بانكی ناوەندی ژمارەیەكی پێوانەیی لە دراوی دۆلار و سەبیكەی زێڕی تۆمار كردووە؟ ئەم قسانە زۆر ڕاست و دروستن بۆ بارودۆخی ئەمڕۆی عێراق لە كاتێكدا بەهای بەرمیلێك نەوت لە سەرووی 84 دۆلارەوەیە و ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار كردووە، دۆلارێكی باش و خێرا و قەبە دەڕژێتە ناو قاپێكی كون و ڕزیوەوە، بۆ خەرجییەكی زەبەلاحی گەورە و قوڕگی نەهەنگە گەورەكانی ئاخنراو بە كار و كردەوەی گەندەڵی و نایاسایی تێر دەكات. شارەزایانی ئابووری دیدگا و بۆچوونی دوورمەودایان هەیە، ئەوان پێش ڕوودانی زریان و گەردەلوولەكە پێشهات و پێشبینییەكانیان دەخەنەڕوو، ئێ خۆ بودجەی عێراق پلان و خەرجییەكانی كورتهێنانی تێدایە، كەچی لەسەر بنەمای نرخی بەرمیلێك نەوت لە سەرووی 70 دۆلارەوە دانراوە، بودجەكە كەموكورتی تێدا نییە، بەڵام ناهاوسەنگی لە نێوان داهات و خەرجییەكانی تێدایە، كەموكورتی حاڵەتێكی كاتییە و ئەوەندە ئاڵۆز و مەترسیدار نییە و ئەگەر ئیرادە و ویست هەبێت بە ئاسانی چارەسەر دەبێت، بەڵام (اختلال) لە ناو پەیكەری بودجەكەدا كێشەیەكی گەورەیە، 70-80%ی بودجەكە بودجەیەكی بەكارخستنە نەك بودجەیەكی وەبەرهێنان، بودجەكە تەنیا 25%ی وەبەرهێنانە، ئێ خەرجكردنی مووچەی زیاتر لە چوار ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆری عێراقی و كوردستانیشی هاتووەتە سەر و لە سەرووی 65 تریلیۆن دینارە، واتا یەك لەسەر سێی بودجەكە، ئەم حاڵەتە لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش كەرتێكی گشتیی زیاد لە قەبارەی خۆی و بە بەرهەمێكی كەمەوە دروست كردووە، خۆ ئەگەر بەهەدەردانی گەندەڵییەكانی نەهەنگە گەورەكانیشی بچێتە سەر، ئەوا نیوەی بودجەكە بێ ئەوەی كاریگەریی لەسەر پەرەپێدانی ئابووری و وەبەرهێنان هەبێت، ڕاستەوخۆ بەهەدەر دەڕوات و نەزیفێكی بەردەوامی لە جەستەی ئابووریی ئەم وڵاتەدا لێ كەوتووەتەوە، بۆیە كارێكی زۆر قورس و پێشبینییەكی زۆر زەحمەت نییە كە گەشبین نەبیت بە ئابووریی وا لاوازی وڵاتێك كە بودجە گشتییەكەی تەنیا لە 2- 2،5% بۆ بودجەی وەبەرهێنان بچێت، خۆ ئەگەر بەهای بەرمیلێك نەوت بێتە خوارووی 70 دۆلار كە ئەمە لە دەستی دەسەڵات و لە كۆنتڕۆڵی عێراقدا نییە، ئەو كات بوومەلەرزە گەورەكەی تێكشكانی سیستمی دارایی وڵات ڕوو دەدات و هەرچی ڕیسەكەمان هەیە دەبێتەوە خوری. ئەم حاڵەتە هاوشێوەی ئەو ساڵانەی كە لە سەردەمی كۆرۆنا ڕووی دا، هیچ بە دوور نییە بە هۆكارێكی دیكە ڕوو نەداتەوە. ئەمە واقیعە تاڵەكەیە و زۆربەشمان دەركی پێ دەكەین، ئەی كەواتە ڕێگەچارەسەرەكە چییە؟
ئەركی كەسە یەكەمەكانی ناو هەردوو حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە لەلایەن كەسایەتییە سیاسییە گەورەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە پاڵپشتی بكرێن، بۆ ئەوەی نەشتەرگەرییەكی بە ئازار بۆ ئابوورییەكەمان ئەنجام بدەن، بوێری و تەحەددای پێویستە تاوەكو ڕێگە لە گەندەڵكاران بگیرێت و چیتر داهاتی وڵات بەفیڕۆ نەدرێت و ئابووری وەرچەرخێنن بەرەو بونیادنانی ئابوورییەكی فرەچەشنی وا، كە بەشداری لە داهاتی گشتیدا هەبێت، بەپێچەوانەوە عێراق لە مەحافیلە نێودەوڵەتییەكان و لە ناو ڕێكخراوە جیهانییەكاندا وەكو وڵاتێكی تاكە سەرچاوەی نەوت و لاواز دەمێنێتەوە و لە ئاستە زۆر نزمەكاندا حیسابی بۆ دەكرێت. بەداخەوە ئەگەر مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق بخوێنینەوە، دەبینین لە دامەزراندنی ئەم دەوڵەتەوە ئەم ویستەی فرەچەشنكردنی ئابووری وەكو دروشمێكی لێ هاتووە، حكومەتە یەك لە دوای یەكەكان ئیدعای بۆ دەكەن و نەك هەر جێبەجێی ناكەن، بەڵكو زۆر شەرمنانە و لاواز لێرەو لەوێ هەنگاوی بۆ دەنێن، یان بە پێچەوانەی ئاراستەكانی فرەچەشنكردنی ئابوورییەوە دەجووڵێنەوە، ئەمە ئیرادەیەكی زۆر بەهێزی دەوێت، تاوەكو بتوانێت بەسەر حزبەكان و نەهەنگە گەورەكاندا سەر بكەوین، ئەمان پێیان وایە تا چەند ئابووریی عێراق بەم شێوەیەی تاكە سەرچاوەی پشتبەستوو بە داهاتی هەناردەكردنی نەوت بمێنێت، ئەوان لە ڕێگەی دزین و ئاودیوكردنی نەوت و دەستبەسەرداگرتنی كێڵگە نەوتییەكان و بازاڕێكی شێواوەوە سوودمەندتر دەمێننەوە، ئەوان هەر یەكەو لە جێگە و ناوچەی خۆیەوە ژووری ئابووریی خۆیان دروست كردووە و ئیستغلالی بارودۆخی عێراق دەكەن.
ئابووریی فرەچەشن و ڕزگاربوون لە پشێوی و بێسەروبەری
ئەمە بارودۆخی عێراق و شوێنەوارەكەی و چارەنووسەكەیەتی، بە پێچەوانەوە لە ئابووریی فرەچەشن و بووژانەوەی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و كەرتە بەرهەمهێنەكانی دیكەدا خێروبێری عێراق بەسەر ژمارەیەكی زۆری عێراقییەكاندا دابەش دەبێت، لەم حاڵەتەشدا پێگەی ئابووری و سیاسی و سەربازیی ئەو مافیایانە لاواز دەبێت. ئەمڕۆ لە عێراق و كوردستان سیاسەت ئابووری بەڕێوە دەبات، ئەمە هەڵەیەكی گەورەیە لە دنیای پێشكەوتوودا جێی نابێتەوە، لەو دنیایەدا ئابووری و بەرژەوەندییە ئابوورییەكان سیاسەتمەداران ئاراستە دەكات و بگرە دەیانخاتە خزمەتی ئابوورییەكەوە. من لێرەدا نموونەیەكتان بۆ باس دەكەم. ماوەیەكە زۆر باسی ڕێگەی گەشەپێدان دەكرێت لە بەندەری گەورەی فاوەوە بۆ توركیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا، پڕۆژەیەكی وا گەورە كە ڕێگەی خێرا و ڕێگەی شەمەندەفەڕیش لەخۆ دەگرێت و بە زۆربەی شارەكانی عێراقدا تێپەڕ دەبێت و ڕۆڵی دەبێت لە دامەزراندنی هەلی كار و بووژانەوەی كەرتەكاندا، كەچی كە دێتە سەر هەرێمی كوردستان بە یەك شاری هەرێمەكەدا تێپەڕ نابێت و لە ناوچەیەكی سەر سنووری تەسكەوە درێژ دەبێتەوە بەرەو توركیا، ئەمە لە پڕۆژەیەك دەچێت كە لەژێر ئیرادەی عێراقییەكاندا نەبێت و خرابێتە ژێر مەبەست و ئەجیندەی دەرەكییەوە، هەرێمی كوردستانیش وەكو بەشێكی دەستووری و یاسایی لە ناو دەسەڵاتی فیدراڵیی عێراقدا هیچ ئیرادە و بڕیارێكمان نەبێت و شەرمنانە كار بۆ خنكاندنی زیاتری ئابوورییەكەمان بكرێت، ئەم پرۆژە سیاسییانەی ڕووپۆشراو بە ئابووری، مێژووی عێراق سەلماندوویەتی كە شكست دەهێنن، هەروەكو چۆن پێشتریش بە كرانەوە بەسەر وڵاتی چین و گرێبەستكردنی دەیان پڕۆژە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا شكستی هێنا و لەسەر ئەرزی واقیع بووە بڵقی سەر ئاو.
من پێم وایە كاتی ئەوە هاتووە كورد بە یەكگرتوویی بچێتەوە بەغدا و لەمەودوا زیاتر گفتوگۆ و كار لەگەڵ میللەتی عێراقدا بكات، بۆ پێكەوە گرێدانی بەرژەوەندیی هاوبەش بوونی سەرۆك وەزیرانێك كە هەر هیچ نەبێت، دەیەوێت بەردێك بخاتە سەر بەردێك هەلێكی زێڕینە. من بە وردی سەرنجی هەنگاوەكانی محەمەد شیاع سوودانی دەدەم، بەوەی دەیەوێت خۆی دەرباز بكات لەو حزب و لایەنە سیاسییە گەندەڵانەی وێڕای ئەوەی لە پشت هاتنە سەر كورسیی حوكمییەوە بوون، بەڵام خێروبێریان بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان و ئابوورییەكەی نییە و بە دەرەجەی ئیمتیاز لەژێر ئەجیندەی دەرەوە دەجووڵێنرێنەوە. بۆیە سوودانی دەیەوێت لەسەر كورسیی حوكم بمێنێتەوە، چونكە سبەی ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، محەمەد شیاع سوودانی لەلایەن گەلەوە دەنگ بەدەست دەهێنێت و قورسایی و پێگەی خۆی دەبێت، بۆیە تاوەكو ئەم وڵاتە نەگاتە قۆناغی بونیادنانی فرەچەشنكردنی ئابووری، ناتوانرێت كۆتایی بە گەندەڵی بهێنرێت و زۆرینەی گەل لە پرۆسەی ئابووریدا بەشدار بێت، ئەمە خواست و ویستی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقە.
ئاراستەكان بەرەو عێراقە و دەبێت تەواوكاریی ئابووری لەگەڵ عێراق دروست بكەین
عێراق تاوەكو بەهای بەرمیلێك نەوتی لە سەرووی 80 دۆلارەوە بێت و ئێمەش نەوتەكەمان نەفرۆشرێت و ئەمەش دۆخی ناوخۆی هەردوو حزبی گەورەی حوكمڕانی بێت و كێشەیەكی وەكو مووچەمان بۆ چارەسەر نەبێت، دەبێت لەگەڵ ئاراستەی گەڕانەوە بەرەو عێراق بین، ڕاستە عێراق لە پێگەی هێزدایە و دەیەوێت هەموو كاروبارەكان بگەڕێنێتەوە ناوەندێكی ئاخنراو بە ڕق و كینەی ڕابردوو، بۆ ئەم مەبەستەش نەرمێتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەنوێنێت بۆ كەمكردنەوەی كێشەكان و خۆلادان لە دروستكردنی كێشەی كورد، كە تا ڕاددەیەك كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ئەمریكا پاڵپشتیی مانەوەی هەرێمێكی سەقامگیر و نیمچە سەربەخۆ دەكات، كە تاكە پێگەی ئارامی هێزەكانێتی لە عێراق و سووریا، لای خۆشمان دەبێت هانی كۆمپانیاكانمان بدەین، لە عێراقیش كار بكەن و بارودۆخی یاسایی خۆیان لە ناو چوارچێوەی ئەو دەوڵەتە فیدڕاڵییەدا ڕێك بحەنەوە، بە هەمان شێوە دەبێت هانی كۆمپانیا گەورەكانی عێراق بدرێت لە هەرێمی كوردستان كار بكەن، ئەوەتا بە سەدان هەزار ئاوارەی عەرەب لە هەرێمی كوردستانن، خۆ تەعریبی كوردستانیان نەكردووە، بەپێچەوانەوە بازاڕەكەیان جووڵاندووە، دەبێت لە ڕووی ماف و ئەركەوە لەگەڵ ناوەند خۆمان یەكلایی بكەینەوە؟ من گەشبینم بەوەی كێشەكانی نەوت و كۆمپانیاكان و مووچە و دەسەڵاتەكان چارەسەر دەكرێت، ئەگەر هاتوو كێشەكان یەكلا بكرێنەوە و وەكو بزماری جوحای لێ نەكرێت، بە جۆرێك وەكو ئەوەی نەیارانی هەرێم و لایەنە سیاسییەكانی لە ژێر كاریگەریی ئەجندەی دەرەكییەوە كار دەكەن و ویستیان هەیە هەموو ئەم كێشانە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكار بهێنن، دەبێت كورد لەگەڵ لایەنە نیشتمانییەكان گفتوگۆ و دانوستاندن بكات و كێشەكان بەرەو چارەسەركردن ببات. ڕەنگە دیپلۆماسییەتی كورد لەگەڵ ئێراندا كارێكی باش بێت، بەڵام ئێران كێشەكان دەخەوێنێت و چارەسەری بنەڕەتییان بۆ نادۆزێتەوە. ئەمەی لە هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبردنی ئابوورییەكەیدا ڕوو دەدات، لە ئاست خواست و ویستی خەڵكدا نییە و ئەو بەڕێوەبردنەی ئابووری لە هەرێمی كوردستان دەكرێت، هۆكارێكی سەرەكیی نەهامەتی و خراپیی ئەم دۆخەیە كە تێی كەوتووین، بۆیە ئەگەر بمانەوێت پێگەی خۆمان لە ناوەندی بەغدای عێراق بەهێز بكەین، دەبێت سەرەتا كێشە ئابوورییەكانمان لە نێوخۆی كوردستاندا چارەسەر بكەین، ئەو كات دانوستانكار و كاراكتەرێكی بەهێزیش دەبین لە ناو چەقی دەسەڵاتی عێراقدا.