نامەیەكی كراوە بۆ ئەندامانی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی كوردستان

نامەیەكی كراوە بۆ ئەندامانی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی كوردستان

 

(*) 

دوای ئەوەی سوێندی یاساییتان خوارد، ئێستا ئێوە بوونەتە نوێنەری ڕاستەقینەی هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان، بەمەش ڕووبەڕووی قۆناغێكی قورس و ئاڵۆزی پڕ لە ئالنگاری و ئەرك دەبنەوە. ئێوە ئێستا تەنیا نوێنەرایەتیی حزبەكانتان ناكەن كە ئێوەی بەربژێر كردووە، بەڵكو بوونەتە موڵكی هەموو گەلی كوردستان، بۆیە پێویستە كە ڕۆڵی بنەڕەتیتان هەبێت لە داڕشتنی ئایندەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی هەرێمدا، لە میانی بەهێزكردنی چاكسازییەكانی دارایی و ئیداری و وەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام و دەستەبەركردنی مافی هاونیشتمانیان لە دەركردنی یاساكاندا كە دواتر دەردەچن، جگە لە دابینكردنی پێداویستیی ڕۆژانەیان لە ڕووی خزمەتگوزاریی تەندروستی و پەروەردە و.. تاد. هاوكات لە میانی كاركردن و لەخۆبوردن بۆ وەدیهێنانی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و كۆمەڵایەتی و ئابووری.

ئەو ئەركانەی كە لە ئەستۆی ئێوەدا دەبن و پێویستە جێبەجێیان بكەن، بریتین لە:

1-  دەركردنی دەستوورێكی گونجاو كە مافەكانی هەموو هاووڵاتیانی كوردستان دەستەبەر بكات، بەپێی هەموو پێوەر و پرەنسیپە دیموكراسییەكان بێت، هەروەها ئایندەی سیاسی و مافە دەستوورییەكانی دەستەبەر بكات.

2-  دەركردنی یاساگەلێك كە كاروباری ئابووری و كۆمەڵایەتی و تەندروستیی هەرێم ڕێك بخەن، لەگەڵ هەندێ هەمواركردنەوەی یاساكانی ئێستا، تاكو لەگەڵ پەرەسەندنی هەرێم و پێداویستییەكانی گەلەكەماندا بگونجێت، بەتایبەتیش لە كەرتی دارایی و خزمەتگوزاریی ڕۆژانە، بە مەبەستی نەهێشتنی ڕۆتین.

3-  كاراكردنی ئەركی پەرلەمان لە چاودێریكردنی ئەدای هەموو دامەزراوە حكوومییەكان بە شەفافییەت، لەوانەش لێپرسینەوە لە وەزیران و بەرپرسانی حكوومی لە حاڵەتی گەندەڵیی دارایی و خراپ بەڕێوەبردن بەبێ هیچ جیاوازییەك.

4-  داواكردن لە حكومەت كە بوودجەی ساڵانەی هەرێم ئامادە بكات و دواتر گفتوگۆی لەسەر بكرێت، تا دواجار ببێتە یاسا، دوای ئەوەش چاودێریی چۆنێتیی جێبەجێكردنی بكرێت بە هەموو شێوازێكی دادپەروەری و شەفافییەتێك، هاوكات بەشداریكردنی حكومەت لە دانانی پلانگەلێك بۆ دانەوەی ئەو قەرزانەی كەڵەكە بوون، لەگەڵ چاككردنی بەڕێوەبردنی داهاتی حكومەت.

5-  بەوپێیەی ئەندامانی پەرلەمان نوێنەری هەموو پێكهاتەكانی كۆمەڵگەن، بۆیە ئەركی ئەوانە كە لە ناو هۆڵی پەرلەماندا پێویستی و داواكاریی هاووڵاتیان بخەنە ڕوو و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەن لە بەجێهێنان و بەدواداچوونیاندا پەلە بكەن.

6-  داكۆكیكردن لە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ لە سایەی ئەو هەلومەرج و بارودۆخەدا بێ جیاوازی، هەروەها كاركردن بۆ دەستەبەركردنی دادپەروەری و بەدواداچوونی كێشەكانی ڕای گشتی و نەهێشتنی گەندەڵیی دارایی بە هەموو جۆرەكانییەوە.

7-  داكۆكیكردن لە مافە دەستوورییەكانی هەرێم و دەربڕینی بیروبۆچوون لەبارەی ناكۆكییەكان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵیدا، هەروەها هاوكاریكردن لەگەڵ پەرلەمانی فیدڕاڵیدا، بە خستنەڕووی كێشەكان زۆر شەفافانە، تاكو حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێم ناچار بكرێن بە تەواوی پابەندی پرەنسیپەكانی دەستووری ساڵی 2005 بن.

8-  بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ڕاوێژكردن لەگەڵ ئەو ڕێكخراوانە پێش ئەوەی یاساكان دەربچن، كە تایبەتن بە قەوارە و ئایندەی سیاسی.

زۆر ئاساییە كە ئەندامانی تازەی پەرلەمان ڕووبەڕووی كۆمەڵێك ئاڵۆزی و ئالنگاریی سیاسی و یاسایی و كۆمەڵایەتی ببنەوە، لەوانە: ململانێی نێوان حزب و ڕێكخراوە سیاسییەكانی كوردستان، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی گرژییە سیاسییەكان و هەوڵەكانی (زۆرینەی پەرلەمانی) كە ئیرادەی خۆی بەسەر كەمینەدا بسەپێنێت، كە دوا جار مافەكانی لە بەشداریكردنی سیاسی و دەركردنی بڕیارگەلی چارەنووسساز بێبەش بكات، جگە لە ململانێ لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵیدا تایبەت بە هەندێ كێشەی سیاسی و دارایی هەڵواسراو، هەروەها ئالنگارییە ئابوورییەكان لە ڕووی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێكاری و ئاڵۆزبوونی كاروباری دارایی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵدا پەیوەست بە پشكی هەرێم لە بوودجەی سیادی و خزمەتگوزاریی فیدڕاڵی، جگە لە كێشەی ئاوارە و پەنابەران. خاڵێكی دیكە بریتییە لە ئالنگارییە كۆمەڵایەتییەكان بەهۆی خراپیی گوزەران و پێنەدانی مووچە لە كاتی خۆیدا و بەرزبوونەوەی ڕێژەی تەڵاق و كۆچ و كێشەكانی ئالوودەبوون و تاوانەكان. دواتر ئالنگارییە ئەمنییەكان بە هۆی گرووپە تیرۆریستییەكان و بۆشایی ئەمنی لە نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان، چونكە بەغدا ڕێگە بە هێزی پێشمەرگە نادات ئەركە ئەمنییەكانی لەو ناوچانە جێبەجێ بكات كە ئاڵۆزییان تێدایە، بەتایبەتیش لە كەركووك و جەلەولا و خانەقین و شنگال.

بۆیە پێویستە بەرنامەیەكی كاتی دابنرێت كە ئەم تێبینی و سەرنجانە لەخۆ بگرێت:

1-  پێكهێنانی میكانیزمگەلێكی كارا بۆ لەناوبردنی هەموو سەرچاوەیەكی گەندەڵیی دارایی و ئیداری لە تەواوی دامەزراوە حكوومی و ناحكوومییەكاندا بێ جیاوازی، هەروەها بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرت تایبەت بەم لایەنە، بە هاوكاریی دەستەی دەستپاكی لە هەرێم و بەغدا بۆ بەهێزكردنی لێپرسینەوە و شەفافییەت.

2-  دانانی بەرنامەیەكی ستراتیژی لەگەڵ حكومەتدا بۆ هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهاتی نەتەوەیی لە هەرێمدا، هەروەها هاندانی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و پیشەسازیی كشتوكاڵی.

3-  چاككردنی سیستمی چاودێریی تەندروستیی حكوومی و ئەدای كەرتی تایبەتی تەندروستی.

4-  چاككردنی سیستمی خوێندن و پەروەردە لە هەردوو كەرتی حكوومی و ئەهلی.

5-  هاندانی وەبەرهێنان لە ژێرخان، ڕێگەوبان و بەنداو و كارەبا و ئاو و پیشەسازیی دەرمان و خۆراك.

6-  داڕشتنی سیاسەت بۆ پاراستنی سامانی سرووشتی و كەمكردنەوەی پیشبوونی ژینگە و پاڵپشتیكردن لە وزەی پاك و بەردەوام.

7-  هەماهەنگیكردن لەگەڵ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكاندا بۆ وەدەستهێنانی یارمەتیی دارایی و تەكنیكی بەمەبەستی پەرەپێدانی شار و گوندەكان و پاڵپشتیكردنی پڕۆژەكانی كەلتوور و كەلەپوور.

8-  بەهێزكردنی پەیوەندی لەگەڵ پەرلەمانەكانی دەوڵەتانی دراوسێ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دەستەبەركردنی سەقامگیری و پەرەپێدانی كۆمەڵگەی كوردستانی و سوودوەرگرتن لە شارەزایی ئەو لایەنانە بۆ چارەسەركردنی قەیرانە دارایی و سیاسییەكان.

9-  بەتینكردنی بەشداریی ئافرەت لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا و پاڵپشتیكردنی بەرنامەكانی ڕاهێنان و شیاندنی گەنجان و ئامادەكردنیان بۆ بازاڕی كار.

10-  چاوخشاندنەوە بە یاسای هەڵبژاردنەكاندا بۆ دەستەبەركردنی نوێنەراتیی دادپەروەرانە بۆ هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان، بە هەموو شێوازێكی دەستپاكی و بێلایەنی و بەهێزكردنی دامەزراوەكانی هەڵبژاردن.

11-  پاڵپشتیكردنی دامەزراوە دیموكراسییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و بەهێزكردنی ئەدای دامەزراوەكانی دادوەری و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان.

12- پاڵپشتیكردنی پڕۆژە كەلتوورییەكان و بەهێزكردنی گرنگیدان بە زمانی كوردی و كەلەپووری خۆماڵی و زیندووكردنەوەی بۆنە نیشتمانییەكان و سازكردنی كۆڕ و سیمینار و چالاكییەكان لە قوتابخانە و زانكۆكان بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان پەرلەمان و كۆمەڵگە.

12- بەتینكردنی پەیوەندی لەگەڵ هۆیەكانی ڕاگەیاندن و دەستەبەركردنی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرت لەسەر دانیشتن و چالاكییەكانی پەرلەمان، هەروەها دانانی سندووقی تایبەت بە سكاڵای هاووڵاتیان لە دامەزراوە حكوومی و ناحكوومییەكاندا.

 

(*)

شرۆڤەكاری سیاسیی سەربەخۆ

 

Top