ڕەوشی سیاسیی نوێ لە ناوچەكەدا پێویستی بە بیركردنەوەی سیاسیی نوێ هەیە

ڕەوشی سیاسیی نوێ لە ناوچەكەدا پێویستی بە بیركردنەوەی سیاسیی نوێ هەیە

سەرەڕای مانەوەی بۆ ماوەیەكی زۆر بە هۆی ناكۆكی ‌و ململانێی هەرێمایەتی‌ و نێودەوڵەتی، لە كۆتاییدا دەسەڵاتی دیكتاتۆری ستەمكاری ئەسەد لە سووریا بە هەمان شێواز‌ و سیناریۆی ڕووخانی حكومەتی ئەفغانستان‌ و وەرگرتنەوەی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە ڕووخا.

ڕژێمی ئەسەد هەر لە سەرەتاكانی بەهاری عەرەبی ‌و، تەنانەت پێشتریش بنەمای بەردەوامبوونی نەمابوو، بەڵام دەستپێكی ژماردنی كاتژمێری فەوتان‌ و كۆتاییهاتنی لە ڕووداوەكانی «لافاوی ئەقسا» لە 7ی ئۆكتۆبەر دەستیپێكرد ‌و، پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل بوو بە بابەتی سەرەكی‌ و ژمارە یەك، بە جۆرێك هەموو دۆسێ ‌و بابەتی دیكە دەبوایە لە خزمەتی پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل بووایە.

پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل هاوكێشە‌ و تەرازووی خودی بەرژەوەندییە هەرێمایەتی‌ و نێودەوڵەتییەكان بە شێوەیەكی چۆنایەتی گۆڕی‌ و ئەوە بوو لە غەززە شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس‌ و لە لوبنان لەگەڵ حزبوڵڵا ‌و، بڕیاری نەهێشتنی میلیشیاكانی سەر بە ئێران لەو ناوچەیەدا، هۆكاری بە خێرایی كۆتاییهاتن بە پرۆژەی هیلالی شیعەی ئێران‌ و دەسەڵاتی ئەسەد لە سووریا بوو.

لە پرۆسەی كۆتاییهاتن بە ئەسەد كۆمەڵێك هێزی دەرەكی لەوانە توركیا‌، ئیسرائیل‌، وڵاتانی كەنداو و ئێران، ئەمریكا و ڕووسیا، جگە لە نەتەوە یەكگرتووەكان، بەشداربوون. بەتایبەتی بە شێوەیەكی فەرمی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی 2245 لە 18ی دیسەمبەری 2015 سەبارەت بە ئاگربەست‌ و چارەسەری سیاسیی ڕەوشی سووریا درابوو.

گومان لەوەدا نییە كە كۆتاییهاتنی دەسەڵاتی دیكتاتۆرێك لە هەر شوێنێكدا بێت، مانای كۆتاییهاتن بە ڕژێمی دیكتاتۆری نییە، بەڵام لە سووریا ڕەوشێكی نوێی هاتووەتە كایەوە، كە ناكۆكی‌ و ململانێی ناوخۆیی قورس‌ و دژوارتر دەخاتە بەردەم چارەنووسی گەلانی سووریا بە گەلی كوردیشەوە لەو دەوڵەتەدا.

دەسەڵاتێكی دیكتاتۆری كە تیرۆری دەوڵەتی دژ بە گەلەكەی ئەنجام دەدا، كۆتاییهات، بەڵام ئۆپۆزسیونێكی چەكدار كار بۆ جێگرەوی دەكات، كە بەشێكی بەرچاوی لە لیستی تیرۆری نێودەوڵەتین ‌و، ناكرێ بە لۆژیكی قایلبوون بەو واقیعە‌ و بەو شوناسەی كە هەڵیگرتووە، بێ سنووردانان ئەستۆپاكیی پێبدرێت‌ و، نموونەی قایلبوون بە تاڵیبان لە ئەفغانستان بە بیانوو بۆ ئەم بابەتە بهێنرێتەوە. هەر بۆیە قۆناغێكی سیاسیی پڕ ململانێ لە بەردەم گەلانی سووریایە بە ئاراستەی كۆتاییهاتن بە لێكەوتەكانی دیكتاتۆری ‌و گرینگیی بوونی قۆناغی عەدالەتی ڕاگوزەر ‌و چاوگێڕانەوە بە ڕێكخستنەوەی پەیكەری قەیراناویی دەوڵەت ‌و دانانی دەستووری نوێ.

بەڵام ئەم ئاراستەیە تەنانەت ئەگەر بێتە كایەوە، لە چوارچێوەی ناكۆكی‌و ململانێدا دەبێت، لە ڕەوشێكدا پاشخانی دەسەڵاتی ئەمری واقیع پاش ڕژێمی ئەسەد بریتییە لە كۆمەڵێك میلیشیا كە تا ئێستا لە لیستی تیرۆری نێودەوڵەتین.

پێشهاتە‌ و گۆڕانكارییە نوێكان بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ كارتێكردنی لەسەر دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان لە ناوچەكەدا هەیە، بۆیە ئەركی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستانە لە هەر چوارپارچەكەدا خوێندنەوەی نوێی بۆ ڕەوشی هەرێمایەتی‌ و نێودەوڵەتی هەبێت، بەتایبەتی لە ڕۆژئاوا، كە پێویستە سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی هێزی كوردستانی لە ڕۆژئاوا دوور لە دەستتێوەردانی لایەنی دەرەكی‌ و كوردستانی دیكە، بپارێزرێت.

هاوكات لەگەڵ ئامادەبوون بۆ بەرەنگاری ‌و پاراستنی دەسەڵات لە ڕۆژئاوا، كاركردن بۆ كاری هاوبەش ‌و یەكڕیزیی سەرجەم هێزە سیاسییەكانی ڕۆژئاوا‌ و دەستپێكردنی لاپەڕەیەكی نوێ لە پەیوەندییەكانی ئەو هێزانە پێویستە، بە جۆرێك وەك یەك پێكهاتەی سیاسی لە گفتوگۆكان سەبارەت بە چارەنووسی سیاسیی دەوڵەتی سووریا‌ و پاراستنی مافەكانی گەلی كورد ‌و نەتەوە‌ و پێكهاتەكانی دیكەی سووریا بەشدار بن.

ئاسۆی دواڕۆژی سیاسی لە ناوچەكەدا بە هێنانەسەركاری حوكمی دیكتاتۆری ئایینی ‌و مەزهەبی‌ و حوكمی شۆڤینی نەتەوەی سەردەست لە باتی حوكمی دیكتاتۆریی سەربازی ‌و خێزانی حوكمڕان، سەقامگیر نابێت.

قۆناغی ئایندە كاركردنە بۆ بنیادنانەوەی دەوڵەت لە ناوچەكەدا كە لە چوارچێوەی گرێبەستێكی سیاسیی نوێدا بێت ‌و، سەرجەم نەتەوە و پێكهاتەكان پەیڕەوی ئیرادەی ئازادانەی خۆیان بكەن ‌و، ڕێگای دەوڵەتی هاووڵاتیبوون لەسەر بنەمای ڕێزكردنی ئیرادەی خەڵك‌ و دابینكردنی ماف ‌و ئازادییەكان ‌و نەهێشتنی دیاردەی پەراوێزخستن دەكرێت، نەك لە ڕێگای سەپاندنی خواست ‌و ئیرادەیەك كە پشت بە عەقڵییەتی نەتەوە ‌و تایفەی زۆربە ‌و هێزی سەربازی ببەستێت.

لەم هەلومەرجەدا كە ڕووداو و پێشهاتەی نوێ لە سەرجەم ناوچەكەدا چاوەڕوان دەكرێت‌ و هەموو ئەگەرەكان لە ئارادایە، خوێندنەوەی ڕووداوە نوێكان بە شێوەیكی واقیعبینانە ئەركێكی هەنووكەیی بزووتنەوەی رزگارێخوازی گەلەكەمانە، كە لە هەر چوار پارچەی كوردستان پێویستی بە یەكڕیزی‌ و یەك گوتاری سیاسی هەیە.

بە پێی زۆربەی خوێندنەوەكان گۆڕانكارییەكان لە چوراچێوەی سووریا كۆتایی نایەت ‌و لەو وڵاتەدا هەموو ئەگەرەكان لە ئارادان ‌و، چاوەڕێی ئەوەش دەكرێت كارتێكردنی ڕەوشی سیاسیی نوێ، یەمەن ‌و عێڕاق ‌و تەنانەت ئێرانیش بگرێتەوە، ئەمەش پێویستی بە كاری هاوبەش‌ و یەكڕیزی ‌و یەك گوتاری سیاسی لە باشووری كوردستان هەیە ‌و، ئەمەش بە متمانەوەرگرتنەوەی خەڵكی كوردستان بەدی دێت.

 هەروەها باشوور پێویستی بە دیالۆگێكی نیشتمانی كوردستانی ڕەخنەگرانە‌ و هەنگاوەكانە بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات ‌و داڕشتنی سیاسەتی گونجاو بۆ بەرژەوەندیی خەڵك‌ و كاراكردنی دامەزراوەكان ‌و كۆتاییهاتن بە دابەشبوونی هێزی پێشمەرگە‌ و دیاردەی زۆنچێتی ‌و پەلەكردن لە كاراكردنی پەرلەمان ‌و دامەزراندنی حكومەتی نوێ لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی نوێی جیاواز لە بەرنامەكانی پێشتر ‌و گرتنەبەری جۆرە میكانیزمێكی نوێ، دوور لە بنەمای تەنیا ڕێكەوتن لەسەر دابەشكردنی پلە ‌و پۆست.

 

 

سكرتێری حزبی شیوعیی كوردستان

 

Top