هەنگاوەکانی سەرۆک و چڕکردنەوەى پیلانەکان
April 25, 2017
وتار و بیروڕا
بەر لە هاتنی داعش و لە ساڵی ٢٠١١ نوری مالکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلەی درووست کرد و هەڕشەی داگیر کردنەوەی کەرکوک و هاتنەوە هەولێر و سلێمانی دهۆکیشی دەکرد، لە کوردستان و لەلایەن مالیک دۆستەکانی کوردستانیشەوە هەڵوێستە نەتەوەییەکانی سەرۆک بارزانی دەدرانە بەر تانە و تەشەری کێشەی شەخسی و بە سەرچاوەی درووست کردنی کێشە و قەیران لەگەڵ بەغدای تازە و بەناو فیدراڵخواز ناودەبران، هەر ئەو مالیک کۆستانە دەیانگوت: کورد دوژمنی هیچ دوژمنێکی نەماوە، ئەوە پارتی و مەسعود بارزانین دوژمنی وەهمی درووست دەکەن.
لە کوردستان و لە لایەن مالیک دۆستەکانەوە پێشنیاری بڕینی مووچەی فەرمانبەران و قوتی خەڵکی کوردستان دەکرا و لە بەغدا دەکرایە بڕیار، هەر لە کوردستان و لە لایەن پێشنیارکارانی مووچە بڕەوە پەرۆشی بۆ گوزەرانی خەڵک دەکرایە باسی رۆژ و بۆ لەبار بردنی دەرفەتەکە پێش سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی خراوە و دەخرێ، بۆ ئەوەی پیلانەکەش کاریگەری و رەەنگدانەوەی زیاتری لەسەر خەڵکی کوردستان هەبێ، ئۆباڵی بڕینی مووچەو قوتی خەڵک دەخەنە ئەستۆی حکومەتی هەرێم و لەناو حکومەتی هەرێمیش، ئۆباڵەکە دەخەنە پاڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی بەغداش وەک بێتاوان و غەدرلێکارو پیشان دەدەن.
لەگەڵ هاتنی داعش و داگیرکردنی موسڵی دووەم گەورە شاری عێراق و زۆرینەی پارێزگا سوننەنشینەکان لە ماوەیەکی دوور لە هەموو شرۆڤە و لێکدانەوەیەکی زانستی سەربازی و نزیک بوونەوەى لە بەغدای پایتەخت، مالیک دۆستەکانی کورد بە رووداوێکی سەربازی ئاساییان وەرگرت، بەڵام کاتێ داعش بەو هێزە مرۆییەی لە پارێزگا سوننەنشین و ئەو چەک و کەرەستە جەنگیە پێشکەوتووەی لە سوپای عێراقی دەست کەوت, پەلاماری شنگالیدا و ئەو کارەساتە مرۆییەی لێکەوتەوە، مالیک دۆستەکان لە رێگای میدیا حزبی و سێبەرەکانیان و کادیر و بانگخواز و هەڵسووراوە شاراوەکانیان لەناو رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و بەناوی چالاکوانی بێلایەن، هەوڵیاندا کارەساتی شنگال و دڕندەیی داعش بکەنە موزایەدەی پەردەپۆش کردنی هاوپەمانی و پیلانگێڕیەکەیان و تەنانەت مێژووی پڕ سەروەری و گیانبازی دەیان ساڵەی بەرگری هێزی پێشمەرگەشیان پێ خستە ژێر پرسیارەوە، لەوانەش سەیرتر پێشمەرگە بە شەو و رۆژێک شنگالی رزگار کرد و کردیە سەرەتای دەروازەی شکستی داعش و هیچ کامێک لە هێزە مالیک دۆستەکانی کوردستان وەک نیمچە سەروەریش باسیان نەکرد، ئەوە لە کاتیکدایە درێژخایەنی رزگار کردنەوەی موسڵ و ناوچە سوننەنشینەکان بە پشتیوانی هەموو هێزی هاوپەیمانان بەبەر چاویانەوە گوزەر دەکات.
ئێستا کە گرتنەوەی موسڵ و نەمانی داعش لە عێراق و گۆڕانکاریە چاوەڕوان کراوەکانی ناوچەکەی لەسەر ئاستی دونیا کردۆتە دوا ئەگەر و پێشهاتی بنبڕکردی کیشە و قەیرانە مەزهەبی و نەتەوەییەکانی ناو عێراق، بۆ پێش گرتن بەو گؤرانکاریانە و گەیشتنی کورد بە مافی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی، هاوپەیمانی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان باشتر و روونتر لە جاران دەردەکەون، هاوکات لەگەڵ دەرکەوتنی هاوپەیمانێتی نێوان دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان, مالیک دۆستەکانیش بۆ ریکخستنی ناوماڵی کورد پەڵپ و بیانووەکانیان زەقتر کردۆتەوە.
ئەوەتا لەگەڵ لاواز بوونی داعش و نزیک بوونەوەی رزگار کردنی موسڵ و دەرکەوتنی نیشانەکانی گۆڕانکاریەکە، دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان بەرەی هاوپەیمانی و پیلانگێڕیەکەیان فراوانتر دەکەن، لە شنگال پەکەکە و لە رۆژئاوای کوردستان (پەیەدە) بۆ پێشگرتن بە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەکەنە دوو کاراکتەری ئەرک پێسپێردارو، لە بەغداش بە ئاشکرا و بەبەر چاوی خوێنی شەهیدانەوە، مالیک دۆستەکان حەشدی شەعبی بە یاسایی دەکەن و دەنگ و ئیرادەی سەربەخۆیی کوردستان بە ناسیۆنالیزمی توندڕەو و شەڕانی و پیلانگێری دژ بە یەکپارچەیی خاکی عێرق ناو دەبەن، لەوانەش سەنجدارتر لە قۆناغێکی هەستیاری وەک ئێستا و بەناوی کارا کردنەوەی پەرلەمان و بە مەبەستی ئاستەنگ درووست کردن بۆ پرسی گشتپرسی، گەڕانەوەی یوسف محەمەد بۆ سەر کورسی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە بردنی کورد بۆ سەر کورسی سەربەخۆیی کوردستان و دەوڵەتی کوردی بە گرنگتر و پێویستتر دەزان، ناشی شارنەوە کە دوای گەڕانەوەی یوسف محەمەدیش زۆر پرسی تری حزبی پێش گشتپرسی و بڕیاری گەل بۆ مافی چارەی خۆنووسین دەخەن، ئەوەش جگە لە جێبەجێ کردنی ئەو فەرمانە پیلانگێڕیەی لە لایەن سەرانی دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان بۆ پەخستنی گشتپرسی و وەستاندنی هەنگاوەکانی سەربەخۆیی و لەبار بردنی ئەو دەرفەتەی بۆ کورد رەخساوە هیچ مانا و لێکدانەوەیەکی تر هەڵناگرێ, بۆیە پێویستە کورد پەروەران و شۆڕشگێڕان و میراتگرانی خوێنی شەهیدان بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ بەریەککەوتنی پیلانگێڕی و هاوپەیمانی نێوان داگیرکارانی کوردستان و مالیک دۆستەکان لە لایەک و ئیرادەی سەبەخۆخوازانی کوردستان و خوازیارانی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بکەن.