ململانێی حزبی ژینگەیەک بۆ گەندەڵکار و خیانەتکاران

ململانێی حزبی ژینگەیەک بۆ گەندەڵکار و خیانەتکاران
ئەو ململانێ حزبیە ناتەندرووستەی ئەمڕۆ پرۆسەی سیاسی باشووری کوردستان گوزەری پێدا دەکات، بازاڕی گەندەڵکار و خیانەتکارانی گەرم کردووە و زۆرێک لە گەندەڵکار و خیانەتکارانی گەیاندوونە ناوەندی بڕیاری سیاسی، تەنانەت ململانێکە گەیشتۆتە ئاستێکی ئەوەندە مەترسیدار کە پرسی سەربەخۆیی بە پیلانگێڕی دژ بە یەکپارچەیی خاکی عێراق و بزووتنەوەى رزگاری نیشتیمانیش بە ناسۆنالیزمی توندڕەو و شاڕانی ناو دەبەن، لەگەڵ داگیرکارانی کوردستان و بکوژانی کورد هاوهەڵوێست دەبن و شەڕی بەری رەنجی خوێنی شەهیدان و خواست و ئامانجە نەتەوەییەکانی گەلەکەی خۆیان دەکەن، ئایا لێدوان و هاوهەڵوێستی ئەوانە خیانەتی نیشتیمانی نین؟ ئایا ئەو ململانێ حزبیە ناتەندرووستە نییە کە بازاڕی خیانەتی نیشتیمانی بە رووی ئەوانەدا کردۆتەوە؟

هەر ئەو ململانێ حزبیە ناتەندرووستەیە وایکردووە گەندەڵکاران بە ئارەزووی خۆیان راوی مەرامە تایبەتیەکانیان بکەن و لەبەر سەنگەر گواستنەوەش نەک هەر سزا نادرێن، بەڵکو سنووریشیان بۆ دانانرێ، لە هەموو ئەوانەش مەترسیدارتر گواستنەوەی ململانێ حزبیەکانە بۆ بەغدای عرووبە، ئەوەش ژینگەیەکی وای خوڵقاندووە کە داگیرکاران خۆیان بخزێننە ناو پرۆسەی سیاسی و لە رێگەی بەکرێ گیراوەکانیان، بتوانن کاریگەری لەسەر بڕیاری سیاسی خەڵکی کوردستان دابنێن و لە زۆر پرسی گرنگ و چارەنووسسازدا، هەڵوێستی بەشێک لە حزب و لایەنە کوردستانیەکان بەلای خۆیاندا بەرن، ئەوە دەنگدان بە حەشدی شەعبی و هەڵوێستی دژ بە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان و هاودەنگی فراکسیۆنی کوردی لەگەڵ فراکسیۆنە عەرەبیەکان دژ بە خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان، دەرهاویشتەی ململانێی ناتەندرووستی هەندێ حزب و لایەنی کوردستانین.
ململانێ حزبیەکان ئەوەندە توند و رقاوی و مەترسیدارن، کە هەڵوێستی شەڕانگێزی داگیرکارانی کوردستان و هەڕەشەکانیان لە ئێستا و داهاتووشمان خاویان ناکاتەوە، بۆیە پێویستە لە قۆناغێکی هەستیاری وەک ئێستادا حزب و لایەنەکانی کوردستان بە هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆیاندا بچنەوە و لەباتی ئەوەی هەوڵی کەوتنی یەکتری بدەن، ململانێکان بخەنە خزمەتی ئامانجە نەتەوەییەکان و سەرخستنی پرۆسەی گەیاندنی کورد بە مافی سەربەخۆیی.
Top