دابەشكردنی دەسەڵاتەكان و كارلێك و هاوسەنگیی نێوان پەرلەمان و حكومەت

دابەشكردنی دەسەڵاتەكان و كارلێك و هاوسەنگیی نێوان پەرلەمان و حكومەت

وابڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان میوانداریی سەرۆك وەزیرانی كوردستان و جێگرەكەی و وەزیری دارایی بكات، بۆ قسەكردن لەسەر تەوەرە گرنگەكانی (بارودۆخی دارایی هەرێمی كوردستان و دابەشكردنی مووچە، دانوستانەكان لەگەڵ حكومەتی عێراقی فیدراڵ، بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لێكەوتەكان و هەنگاوەكانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا).
ئەوەی لەم میواندارییەدا گرنگە، سەرۆك وەزیران و جێگرەكەی و وەزیری دارایی لەسەر هەر دۆسێیەك بەتێرو تەسەلی روانگەی حكومەت بۆ پەرلەمانتاران روون دەكەنەوە و پاشانیش وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران دەدەنەوە، ئەمەش لە پێناوی ئەوەیە كارلێكی و هەماهەنگی و هاوسەنگی لەنێوان پەرلەمان حكومەت بگاتە ئەو ئاستەی كە حكومەت و پەرلەمان پێكەوە، قەیرانەكانی ئێستای هەرێمی كوردستان تێپەڕێنن و چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە.
ئەوەی جێگەی ئومێد و گەشبینییە بۆ ئەم خولەی پەرلەمان و شێوازی كارلێك و هەماهەنگیكردنی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە پەرلەمان یاسایەك دەرناكات، ئەگەر رەهەندی دارایی هەبێت و نەزانێت كە حكومەت دەتوانێت ئەو یاسایە جێبەجێ دەكات، واتە ئەو پڕۆژە یاسایە ناخرێتە ناو كارنامەی پەرلەمان و تەنیا ئەو پڕۆژە یاسایانە دەخرێنە بەرنامەوە كە حكومەت لە توانایدا هەیە جێبەجێیان بكات. لەم چوارچێوەیەدا سەرۆكی حكومەتی كوردستان داوای كردووە كە لە سەر هەموو ئەو دۆسێیە گرنگانەی پەیوەندی بە ژیانی رۆژانەی خەڵك و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بچێتە پەرلەمان و بەرچاوڕوونی بداتە پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی راستگۆیانە و شەفافانە كارئاسانی بۆ پرۆسەی یاسادانان و، دەستەجەمعی نێوان پەرلەمان و حكومەت هەماهەنگ بكات، بۆ ئەوەی بڕیاری پێویست بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بدرێن.


بارودۆخی ئێستای حوكمڕانی لە تەواوی دەوڵەتانی جیهاندا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كاریگەرییە نەرێنەیەكانی لەسەر ئابووریی جیهانی، بە حاڵەتێكی ئاوەرتەیی تێدەپەڕێت و كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئەم ڤایرۆسە كۆی پرۆسەی حوكمڕانی لە جیهاندا بەرەو سستی و جۆرێك لە ئیفلیجبوون بردووە، بەڵام دیسان لەناو ئەم حاڵەتە ئاوەرتەییە جیهانییەدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان حاڵەتێكی ئاوەرتەیی دیكەشی هەیە، ئەویش ئەوەیە كە هەرێمێكی فیدڕاڵییە لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی بەناو فیدڕاڵیدا، بەڵام حكومەت و دەوڵەتی فیدڕاڵی نە دەستوورەكەی خۆی جێبەجێ دەكات، نە لە پرەنسیپەكانی دەوڵەتیشدا بڕوایەكی تەواوی بە دەوڵەتی فیدڕاڵی هەیە، هەتا ئێستاش نەیتوانیوە بۆ راگرتنی چێك و بەڵانس لەنێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمەكان ئەنجومەنی فیدڕاڵی هاوشانی ئەنجومەنی نوێنەران دابمەزرێنێت كە دەستووری عێراق جەختی لەسەر دەكاتەوە.


هەر بۆیە ئەگەر بمانەوێت هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بین (وەك دەسەڵاتی جێبەجێكار) بۆ ئەوەی مامەڵەیەكی تەندروست لەگەڵ كۆی كێشەكانی خەڵك و هەرێمی كوردستان بكات، ئەوا جیا لەوەی دەبێت لە چوارچێوەی ئەو حاڵەتە ئاوەرتەییەی جیهان و عێراق مامەڵەی لەگەڵ بكەین، لە هەمانكاتدا دەبێت ئەوەشمان بیر نەچێت، كە لە هەرێمی كوردستاندا بە هۆی ناسەقامگیری لە پرۆسەی سیاسی ( 1992- 2018)، پرۆسەی حوكمڕانی تووشی چەندین پەتای قورس بووە كە ئەوانیش بریتین لە:
1. گەندەڵیی دارایی و دامەزراوەیی كۆی جومگەكانی دامەزراوەكانی ناو پرۆسەی حوكمڕانی گرتۆتەوە.
2. باڵادەستی بۆ بەرژەوەندیی حزبی و كەسیی و دەستدرێژیكردنە سەر موڵكی حكومەت و بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتیان.
3. نەبوونی هەماهەنگی و كارلێك و هاوسەنگیی تەندروست لە نێوان هەر دوو دامەزراوەی پەرلەمان و حكومەتدا.
4. نەبوونی كارلێك و هەماهەنگی و هاوسەنگی لە نێوان دامەزراوەكانی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت.
5. قۆرخكاری بازرگانی و گومرگ و نەبوونی سیستمێكی بانكیی هاوچەرخ .
6. حكومەتێكی قەبەی ئاخنراو بە فەرمانبەری بندیوار و خانەنشینێكی زۆری پلە باڵای نایاسایی.
7. بوونی دوو هێزی پێشمەرگە (یەكەكانی 70 و 80) بوونی یەكەی ژمێریان لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە.
8. پاشماوەی تێكەڵی چەمكی حزبە بەشدارەكان لەگەڵ چەمكی ئۆپۆزسیۆنێكی رادیكاڵ، ئەمەش بەو مانایەی جیا لەو حزبانەی لەناو پەرلەماندا ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆیان راگەیاندووە، ئەوجا (رادیكاڵ یان نەرم) لە دەرەوەی حكومەتیش رۆڵی ئۆپۆزسیۆنێكی رادیكاڵ بگێڕن و رای گشتی بۆ بەرژەوەندیی حزبیی خۆیان چەواشە بكەن و، تواناكانی حكومەت بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەكان لاواز بكەن.
ئەمانە و چەندین هۆكاری دیكە ئەو حاڵەتە وێنا دەكەن كە ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان مامەڵەی لەگەڵدا دەكات، بۆیە ئەگەر هەموو ئەم حاڵەتانە لەبەر چاو نەگرین و وەك واقیع هەڵوەستەیان لەسەر نەكەین، ئەوا نە پەرلەمان لە حكومەت تێدەگات و نەخەڵكیش لە شێوازی هەماهەنگیی نێوان پەرلەمان و حكومەت تێدەگات، هەر بۆیە داوای مسرور بارزانی بۆ چوونی بۆ پەرلەمان، بۆ خستنەڕووی هەموو ئەو دیاردانەیە بە شێوەیەكی راستگۆ و شەفافانە، بۆ ئەوەی پەرلەمانتاران وەك نوێنەرانی خەڵكی كوردستان بەرچاوڕوونی تەواویان هەبێت.


بەرنامەی كابینەی نۆیەم
پرەنسیپی راستگۆیی و شەفافییەت
بێجگە لەو حاڵەتە نەرێنییە ئاوەرتەییەی كە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ هەموو جیهانی دروست كرد، بەرنامەی كابینەی نۆیەم هەموو ئەو فاكتەرانەی دیاری كردووە كە بوونە كۆسپ لەبەردەم حوكمڕانییەكی باش لە هەرێمی كوردستان و هەروەها میكانیزم و رێگەچارەی گونجاویشی بۆ چارەسەری تەواوی ئەو كێشە و ئاستانگانە دەسنیشان كردوون كە لێرەدا خاڵ بەخاڵ هەڵوەستەیان لەسەر دەكەین:


1. لەناو بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، ئەولەوییەت دراوە بە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە شێوەكی گشتی بە هەموو كێشەكانی نێوانیان، بەتایبەتیش چارەسەری سیاسەتی نەوت و دابینكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراقدا، هەر بۆیە دوای دەستبەكاربوونی كابینەكە، مسرور بارزانی وەك سەرۆك وەزیران سەردانی بەغدای كردو، لە ماوەیەكی زۆر كورتدا رێككەوتنێكی زۆر باشی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی كرد، بەڵام سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانی گۆڕەپانی تەحریر لەبەغدا و تێكچوونی پرۆسەی سیاسی و دەست لە كاركێشانەوەی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی بووە هۆكاری ئەوەی بۆشاییەكی حكوومی لە بەغدا دروست بێت و، رێككەوتنەكەی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی جێبەجێ نەكرێت، بەمەش جارێكی دیكە ئەو بەشە بودجەی لە بەغداوە دەهات بۆ كوردستان بڕایەوە.


2. هەر لەسەر كاركردنی كابینەی نۆیەم لەسەر ئەولەوییەتی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و بەغدا، دیسان جارێكی دیكە دوای پێكهێنانی حكومەتی كازمی، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی جێگری سەرۆك وەزیران دەستیان بە دانوستاندێكی چڕ و پڕكردەوە، هەروەها نامەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بۆ مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی حكومەتی عێراق، بووە هۆكاری ئەوەی جۆرێك لە لێكتێگەیشتن لە نێوان سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عێراق دروست بێت و، مانگانە بڕی 320 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت، بەڵام ئەمجارەشیان بە هۆی ململانێی لایەنە سیاسییە شیعەكان و ئاستەنگ دروستكردن بۆ حكومەتی كازمی، ئەوا بۆ ماوەی 50 رۆژ دەچێت، فەرمانبەرانی هەرێم و عێراق مووچەیان وەرنەگرتووە.
3. لە كابینەی نۆیەمدا زۆر راشكاوانە دەست خراوەتە سەر برینە قووڵەكان، بەشێك لەم برینانە لە چوارچێوەی یاسای چاكسازی كە پەرلەمانی كوردستان پەسەندی كردووە، چارەسەریان بۆ دەستنیشان كراوە، حكومەتیش میكانیزم و رێوشوێنی گونجاوی بۆ ئامادە كردبوو، كە ئەو یاسایە لە ماوەی 90 رۆژدا بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە، بەڵام هاوكات لەگەڵ وەرگرتنی رێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێكردنی ئەم یاسا گرنگە، لەمانگی مارتی ئەمساڵ و بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و سەپاندنی حاڵەتی ناچاریی كەرەنتینە و قەدەغەی هاتوچۆ و دروستبوونی قەیرانێكی دارایی گەورە، پرۆسەی جێبەجێكردنی ئەم یاسایەش دواكەوت.
4. لە بەرنامەی كابینەی نۆیەمدا راشكاوانە دەرك بەو راستییە كراوە، كە لە چوارچێوەی ئاسانكارییەكانی یاسای وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا قۆرخكارییەكی گەورە كراوە و، جیا لەوەی چەندین پڕۆژەی وەهمی بوونیان هەبوو، لە هەمانكاتدا چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژیی پەیوەندیدار بە ژیانی رۆژانەی خەڵك راگیرابوون، بەڵام هەر لەگەڵ دەستپێكی كابینەی نۆیەم هەموو ئەو پڕۆژانە خرانەوە گەڕ و چەندین كۆمپانیا بلاك لیست كران. هەروەها پێشتر كە بواری وەبەرهێنان بە شێوەیەكی سەرەكی كەرتی نیشتەجێبوونی دەگرتەوە، لە بەرنامەی ئەم كابینەیەدا تەرخانكردنی زەوی بۆ كەرتی وەبەرهێنان راگیرا و بواری وەبەرهێنان فراوان كرا، بۆ ناوچەی بازرگانی و پیشەسازی و پتەوكردنی ژێرخانی ئابووریی كوردستان.
5. بەشێكی دیكەی بەرنامەی كابینەی نۆیەم تەواوكردنی ئەو پڕۆژانەی كارەبا بوون كە ئەمیش پەیوەندیدارە بە خزمەتگوزارییەكی گرنگ بۆ هاووڵاتیان و لەم بوارەشدا چەندین وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا تەواو كران و، ئاستی پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتمانی بۆ هاووڵاتیان لەم هاوینەدا گەیشتە نزیكەی 20 كاتژمێر لە رۆژێكدا.



6. لە بواری رێگرتن لە بەهەدەردانی ماڵی گشتی و گەندەڵی لە دەروازە سنوورییەكان، كابینەی نۆیەم سەرلەنوێ بە هەیكەلی دامەزراوەكانی ئەو دەروازانەدا چووەوە و، بە شێوەیەكی سیستماتێكی لە هەوڵی ئەوەدایە رێگا لە بەهەدەردانی ماڵی گشتی بگێرێت، راستە ئەم هەنگاوە تا ئێستا نەگەیشتۆتە ئەو قۆناخەی دیاردەی بە هەدەردان بنبڕ كرابێت، بەڵام هەنگاوی گەورەی بۆ هەڵگیراوە.
7. لە بواری كەمكردنەوەی رۆتین و راییكردنی كاری هاووڵاتیان لە دامودەزگاكانی حكومەت، كابینەی نۆیەم رۆتینی تا راددەیەك كەم كردۆتەوە، كە هەنگاوی بەرەو ستراتیژیەتی یەك پەنجەرە هەڵدەگرت، ئەگەر پەتای كۆرۆنا هەوڵەكانی خاو نەكردایەتەوە، ئەوا ئێستا هەنگاوی گەورە بەرەو ستراتیژیەتی یەك پەنجەرە هەڵگیرابوو.
8. لە بواری گێڕانەوەی متمانە لە نیوان هاووڵاتی و بانكەكان، كابینەی نۆیەم سەرلەنوێ نەخشەی بۆ داڕشتنەوەی سیستمی بانكیی هاوچەرخ داڕشتبوو، ئەم هەنگاوە كە ئێستاش كاری بەردەوامی لەسەر دەكرێت، بە تەواوبوونی جیا لەوەی هاووڵاتیان متمانە بە سیستمی بانكی بۆ دروست دەبێتەوە لە هەمانكاتدا ئەم سیستمە بانكییە هاوچەرخە دەبێتە فاكتەرێكی گرنگ بۆ بەهێزكردنی كەرتی تایبەت و كارلێك و هەماهەنگی و هاوسەنگی لەگەڵ كەرتی گشتیدا.
ئەم خاڵانە و زۆری دیكەش لە چوارچێوەی بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نەخشەی دروستیان بۆ داڕێژدراوە، راستە تەمەنی كابینەكە ساڵێك و چەند مانگیكە، بەڵام بە كردەیی و بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا چەند مانگێگ حكومەت كارەكانی راوەستا، هەروەها قەیرانی داراییش ئاستەنگی گەورەی بۆ هەنگاوەكانی حكومەت دروست كردووە.

بۆچی سەرۆكی حكومەت داوای كرد بچێتە پەرلەمان؟
روئیای مسرور بارزانی بۆ پرۆسەی حوكمڕانیی باش و سەركەوتوو، لەوە سەرچاوەی گرتووە كە پێویستە تۆڕێكی هەماهەنگیی راستەوخۆ لەنێوان خەڵك و حكومەت دروست بێت و، لە پرۆسەی حوكمڕانیشدا بە هەمان شێوە تۆڕێكی هەماهەنگی لەگەڵ پەرلەمان و كۆی پەرلەمانتاران دروست بكرێت، بۆ ئەوەی هەموو پێكەوە ئەركە قورسەكانی حوكمڕانی بخەنە سەرشانیان و هەموو پێكەوەش بەشداری سەركەوتنەكانی كۆی پرۆسەی حوكمڕانی بن.
لەم چوارچێوەیەدا و لە میانەی كۆبوونەوە هەفتانەكانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیراندا، بە درێژایی ئەو ماوەیە كە ئەم كابینەیە دەست بەكار بووە، هەفتانە ناوەرۆكی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەو واقیعەی كە كوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت، بە شێوەیەكی شەفافانە هەڵسەنگێنراوە و سەرەنجامیش ئەنجومەنی وەزیران گەیشتبێتە چ بڕیارێك لەلایەن وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بە خەڵكی كوردستان راگەیەندراوە.
لە ئێستا كە جۆرێك لە كرانەوەی بازاڕ و دووبارە دەستپێكردنەوەی دەوامی دامەزراوەكانی حكومەت دەستی پێ كردۆتەوە، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە زەرووری دەزانێت مامەڵەیەكی شەفاف و راستگۆیانە لەگەڵ هەموو قەیران و پێشهاتەكان بكات و، بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئاستەنگەكان، مامەڵەیەكی هاوبەش و بوێرانە لەگەڵ كۆی كێشەكان بكات و، ئەوەی ئیمكان دەبێت لەم قۆناخەدا لەگەڵ ئەو بارودۆخە مامەڵەی پێ بكەن.
وێڕای ئەوەی سەرۆكی حكومەت ئامادەباشی پیشان داوە، پێشبینییش دەكرێت، لەسەر كۆی قەیرانەكان وردەكاریی تەواو بە پەرلەمانی كوردستان بڵێت و، ئەگەر گومانێك، یان ناڕوونییەك لەسەر پرسێك هەبێت، راشكاوانە ئەو گومان و ناڕوونییانە بسڕێتەوە، هەروەها كە جێگری سەرۆكی حكومەتیش لەم میواندارییەی پەرلەمان ئامادە دەبێت، دیسان جێگری سەرۆكی حكومەتیش وەك سەرۆكی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا، وردەكاریی دۆسێی دانوستانەكان و ئاستەنگەكان و بارودۆخی شێواوی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بۆ پەرلەمانتاران باس دەكات.
لە مێژووی وڵاتانی پەرلەمانی و دیموكراتی، بیرمەندان دەڵێن، كاتێك كێشەكان چارەسەركردنیان دەبێتە مەحاڵ كە هاووڵاتیان ئاگاداری ئەو راستییانە نەبن كە وڵاتی تێدا بەڕێوە دەچێت، بەڵام كاتێك راستییەكان ئاشكرا بوون و، خەڵك زانی ئەو تەحەددییانە چین كە وڵاتی پێدا تێدەپەڕێت، ئەوا دەتوانن هەوڵەكان یەك بخەن و لە ناو بژاردە جیاوازەكاندا بۆ چارەسەرێكی گونجاو و مامناوەندی بگەڕێن و هیچ چارەسەرێكیش لەم چوارچێوەیەدا مەحاڵ نابێت.
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەم بنەمایە، بڕیاری داوە تەواوی راستییەكان و كۆی ئەو هۆكار و تەحەددییانەی ئێستا رووبەڕووی پرۆسەی حوكمڕانی بەگشتی و جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت بوونەتەوە، بۆ پەرلەمانتاران بخاتەڕوو، ئەو هۆكارانەش ئاشكرا بكات، كە لەوانەیە پەرلەمانتاران وەك ستافی حكومەت لێی ئاگادار نەبن.


خاڵی گرنگ وەك پێشتر ئاماژەمان پێ كرد، ئەوەیە كاتێك پەرلەمانتاران كۆی هۆكار و تەحەددییەكان بە شێوەیەكی شەفاف بۆیان دەخرێتەڕوو، پەرلەمانتاران وەك نوێنەرانی خەڵكی كوردستان لەلایەك ببنە هەماهەنگ و كارلێك لەگەڵ واقیعەكە و هاوكاریی حكومەت بكەن، بۆ ئەوەی لەناو بژارە جیاوازەكان، رێگەیەك بدۆزرێتەوە و، مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ كۆی قەیران و كێشەكان بكرێت، لە هەمانكاتدا بۆ ئەوەی لە رێگەی پەرلەمانتارەكانەوە، رایەكی گشتی پاڵپشت بۆ هەوڵەكانی پەرلەمان و حكومەت بێتە ئاراوە، بۆ ئەوەی بە هەوڵی هەموو لایەك، ئەو قەیرانانە تێپەڕێنین.
ئەوەی لێرەدا گرنگە جارێكی دیكە وەك خاڵێكی گەشبین بۆ رۆڵی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی پێ بكەین، ئەوەیە كە ئەو پەیوەندییە تەندروستەی لە نێوان حكومەت و پەرلەمان لەم خولەدا بوونی هەیە، لەوانەیە لە مێژووی پەیوەندییەكانی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكی نموونەیی بێت، بۆیە چاودێری سیاسی بە گەشبینییەوە دەڕوانێتە ئەم میواندارییەی پەرلەمان بۆ سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و بە سەرەتایەكی باشیشی دەبینێت بۆ یەكخستنی هەوڵەكان و دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ كۆی كێشەكان.
Top