هەرێمی كوردستان لەناو بەرداشی ئەم پاشاگەردانییەی عێراقدا

هەرێمی كوردستان لەناو بەرداشی ئەم پاشاگەردانییەی عێراقدا
بەها ئەعرەجی جێگری پێشووی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سیاسەتمەداری دیاری ناو تەیاری سەدر و نزیك لە موقتەدا سەدر، لەسەر پرسی هەڕەشەكانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرامبەر ئەم پرسانە بەتایبەتی ئەگەر ئەمریكا دوای داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا بڕیاری دا بیگوازێتەوە بۆ هەولێر، لە وەڵامدا بە پێشكەشكارەكەی كەناڵی دجلەی راگەیاند: سیاسەتمەدارانی هەرێمی كوردستان پراگماتین و دەزانن چۆن بەرژەوەندیی گەلی خۆیان دەپارێزن، ئەوان ئەزموونیان هەیە و دەزانن چۆن لەگەڵ كێشە ئاڵۆزەكان مامەڵە دەكەن.
ئەم قسانەی ئەعرەجی، هێمایەكن بۆ سەردانەكانی ئەم دواییەی قاسم ئەعرەجی راویژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و فایق زیدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێم و سەرۆك وەزیرانی كوردستاندا.
سەبارەت بە سەردانەكەی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ كوردستان، دیارە ئەم سەردانەی پێش كۆبوونەوەكانی بووە لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق كە ئامانجی لە سەردان و كۆبوونەوەكانی ئەوەیە كە ئەم بەڵایە لەكۆڵ عێراق بكاتەوە، بڕوایەكی گەورەی بە ئەزموونی سەرۆك بارزانی و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان هەیە، هەروەها دەزانێت پشتگیری كوردستانیش لە ئێستادا بۆ هەوڵەكانی حكومەتی عێراق لەسەر ئاستی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش سەنگ و بایەخی زۆری دەبێت.
بەڵام سەردانەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە دوای كۆبوونەكەی لەگەڵ هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی (پەلەمان، حكومەت، كۆمار)ی عێراق بووە، ئەم سێ سەرۆكایەتییە بۆ شێوازی وەڵامدانەوەی هەڕەشەكانی پومپیۆ كۆبوونەوە و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریشیان بانگهێشت كردووە، بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و لە چوارچێوەیەكی یاساییدا رێوشوێنی پێویست بەرامبەر ئەو میلیشیایانە وەربگرن، لە وەڵامدا وەك كەناڵە عێراقییەكان ئاماژەی پێ دەكەن، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری پێی گوتوون، ئەم پرسە پێویستی بە پشتگیریی لایەنە سیاسییەكان و رێككەوتنی پێشوەختەی سیاسی هەیە و، دەبێت لایەنە سیاسییەكان پشتگیریی ئەنجومەنی دادوەری بكەن، بۆ ئەم پشتگیرییەش راستەوخۆ سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، چونكە ئەویش دەزانێت كە پێگەی سەرۆك بارزانی و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراق و بۆ گەیاندنی لایەنە سیاسییەكانی شیعە بەو قەناعەتەی بەرژەوەندیی عێراق لە چیدایە، كلیلی سەرەكیی كردنەوەی ئەم كێشەیە دەبێت و، ئەگەر پشتگیری سەرۆك بارزانی و دامەزراوەكانی كوردستان بەدەست بهێنێت، ئەوا ئەو كارانەشی رووبەڕووی ئەو دەكرێنەوە، ئاسانتر دەبێت، دیارە دوای ئەم سەردانانە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئامادەباشیی هەرێمی پیشان دا كە پشتگیریی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق دەكات، بەڵام لەبەرامبەردا، چەند دەستێك كە دەیانەوێت عێراق بكەنە قوربانیی بەرژەوەندیی وڵاتانی دیكە، بە تێگرتنی چەند مووشەكێك لە هەولێر، وەڵامی پشتگیری و هاوكارییەكانی هەرێمی كوردستانیان دایەوە.
دیارە لە كانوونی دووەمی 2020، پەرلەمانتارەكانی سوننە دوای ئەوەی بینییان فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ ئەوەدا نین، پەرلەمان بڕیار لەسەر كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بدات، ئینجا هۆڵەكەیان بەجێهێشت. ئەو بایكۆتكردنەی كوردستان و سوننە لە بڕیاری پەرلەمان بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، سەنگی بۆ بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق نەهێشتەوە و بڕیارەكەی لە چوارچێوە نیشتمانییەكەی دەرهێنا و وەك بڕیارێكی مەزهەبگەرایی سەیر كرا، راستە بڕیارەكە بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانی شیعە پەسەند كرا، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع نەتوانرا جێبەجێ بكرێت.
هەرێمی كوردستان لە كانوونی دووەمی ئەمساڵ، راشكاوانە سەركردەكانی لایەنە شیعەكانی عێراقی لەو راستییە حاڵی كرد، كە دەوڵەتێكی موزائیكی وەك عێراق بە بڕیاری زۆرینەی مەزهەبێك بەڕێوە ناچێت و، ئەگەر دەتانەوێت ئەم وڵاتە ببێتە ئەو دەوڵەتەی نیشتمانی هەموو پێكهاتەكان بێت، ئەوا دەبێت دەستبەرداری ئەقڵییەتی زۆرینە و كەمینە بن.
لە كێشەی ئەمجارەی هەڕەشەكانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و بەردەوامیی مووشەكبارانكردنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا و نێردە دیپلۆماتییەكان، جارێكی دی هەڵوێستی هەرێمی كوردستان، جیا لە سوننە، هەڵوێستی بەشێكی زۆری لایەنە سەرەكییەكانی شیعەشی گۆڕیوەو، بەشی هەرە زۆریان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، ئەگەر بڕیار وایە عێراق دەوڵەت بێت، ئەوا دەبێت پابەندی پرەنسیپە نێودەوڵەتییەكان بن و رێز لە باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماتییەكان بگرن، ئەگەر بڕیاریشتان داوە عێراق دەوڵەت نەبێت و تەنیا شیعەستان بێت، ئەوا پێكهاتەكانی دیكەی عێراق خۆیان ناخەنە ژێر ئەو بارەوە كە یاسا و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەكان رەتی دەكەنەوە.
بۆ ئێستای هەرێمی كوردستان، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە و، دوای ئەو چەند مووشەكەش كە لە دەشتی نەینەواوە بە هەولێرەوە نران، سەرۆك وەزیرانی كوردستان زۆر راشكاوانە پەیامی خۆی گەیاندە ئەو دەستانەی لە پشت ئەو هێرشەوە بوون، بەڵام لە هەمانكاتدا بۆ هەرێمی كوردستان، ئاسایش و سەقامگیریی عێراقیش گرنگە و باش دەزانین ئەگەر عێراق ناسەقامگیر بێت و بەرەو شەڕ و ئاژاوە بڕوات، ئەوا پریشكێكیشی بەر كوردستان هەر دەكەوێت، بۆیە سەرۆك بارزانی و دامەزراوەكانی كوردستان لە هەوڵی ئەوەدان هێزی لۆژیك بە سەر لۆژیكی هێزدا سەربكەوێت، ئەوەشی هەر عینادی بكات و بیەوێت لۆژیكی هێز باڵادەست بێت، كوردستان نابێتە بەشێك لەو ئاكامەی كە لۆژیكی هێز دەهێنێتە ئاراوە.
Top