كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیدارەی ئەمریكا گەیشتوونەتە خاڵی نەگەڕانەوە

كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیدارەی ئەمریكا گەیشتوونەتە خاڵی نەگەڕانەوە
كۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر باش گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە دەرچوونەوەی ترەمپ بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو، ئەمە مانای ئەوەیە دەبێت ئێران بە هەموو مەرجەكانی ئیدارەی ئەمریكی رازی بێت و، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئیسڕائیل و دەوڵەتانی عەرەبی هاوپەیمانی ئیسڕائیل چۆڵ بكات، ئەمەش راشكاوانە ئەو مانایەی هەیە كە دەبێت ئێران دەست لە دروشمی هەناردەكردنی شۆرش بۆ دەرەوە هەڵبگرێت، ئەم حاڵەتە بۆ ئەو بنەمایانەی شۆڕشی ئیسلامی لەسەر بونیاد نراوە، واتە كۆتاییهاتنی شۆڕشی ئیسلامی، بۆیە لە ماوەی ئەم مانگەی كە بۆ هەڵبژاردنەكانی نۆڤەمبەر ماوە، ئەگەر شكستێكی هاوشێوەی شكستی ڤێتنام بەسەر ترەمپ نەهێنێت، ئەوا هیچ هێزێك نییە شەمەندەفەڕی سەرۆكایەتیی ترەمپ بۆ جاری دووەم بۆ كۆشكی سپی رابگرێت
هەموو لایەك دەزانن كە تێچووی شەڕی عێراق لەلایەن ئەمریكاوە بە سێ ترلیۆن دۆلار مەزندە كراوەو هەر، لەسەر ئەم بنەمایەش ناوی لێ نراوە «شەڕی سێ ترلیۆن دۆلار»، ئەمە بێجگە لەوەی زیاتر لە پێنج هەزار سەربازی ئەمریكی كوژراون و بە دەیان هەزای دیكەش بریندار بوون، بۆیە داگیركردنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و بە بارمتەگرتنی دیپلۆمات و كارمەندەكانیان، دەبێتە شكستێكی هاوشێوەی ڤێتنام بۆ ترەمپ، هەروەك داگیركردنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە تاران لە دوای سەركەوتنی كۆماری ئیسلامی لە 1979 بووە ئەو شكستە گەورەیە بۆ جێمی كارتەر، كە هێشتا ئیمزای رێككەوتنی كامپ دیڤید وشك نەبووبووە. هەربۆیە گرەوی ئێران لەسەر ئەوەیە پێش ئەوەی ئیمزاكانی سەر رێككەوتنی ئیبراهیم وشك ببنەوە، شكستێك بە سەر ترەمپ بهێنێت كە دووبارە كۆشكی سپی نەبینێتەوە.
بەپێی لێدوانی سەركردەی ئەو میلیشیایانەی حەشدی شەعبی كە لە شاشەی تەلەفزیۆنە عێراقییەكانەوە پشتگیری لە (مقاوەمەت بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا) دەكەن، تەلاری باڵیۆزخانەی ئەمریكا، باڵیۆزخانە نییە، بەڵكو شوێنێكە بۆ جاسووسی و دروستكردنی فیتنە لە عێراقدا، لەمەش زیاتر بانگەشەكانیان هاندانە بۆ ئەوەی لە تەواوی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا بدرێت، لە هەر شوێنێكی عێراقدا بێت، ئەمەشیان كردە كردەیی، وەك بینیمان لە كۆتایی هەفتەی رابردوو بە ئامانجی بۆردمانكردنی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا چەند رۆكێتێكی كاتیۆشایان بە هەولێرەوە نا.
لەبەرامبەردا مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا لە وتارەكەی هەفتەی رابردوویدا لە ویلایەتی ڤێرجینا، زۆر راشكاوانە ئاماژەی بەوە كرد كە هەڵبژاردنی ئەمجارە گرنگ و بێ وێنەیە لە مێژووی ئەمریكادا، ململانێكەش لە نێوان هەردوو پارتی (كۆماری و دیموكراتی)دا نییە، بەڵكو ململانێكە لەسەر ئەوەیە (ئایا ئەمریكا هەر بە گەورەیی بمێنێتەوە، یان دووبارە بۆ دواوە بگەڕێتەوە؟) بۆیە بە هیچ شێوەیەك بواری ئەوەی تیا نییە كە بۆ چوار ساڵی دیكە ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا نەبێت.
ئەگەر سەرنج لەم وتانەی پێنس بدەین، دیارە «ترەمپ وتەی زۆر زبرتری هەیە و، هەڕەشەی ئەوە دەكات ئاكامی هەڵبژاردنەكە قبووڵ نەكات»، دەبینین بۆچوونێكی وا لەناو پارتی كۆماریدا دروست بووە، هەتا ئەگەر كار گەیشتە ئەوەی دەستووری ئەمریكی بخرێتە ژێر پێوە، ئەوا ناتوانن دەستبەرداری ئەوە بن، پرۆسەی ئاشتییانەی دەسەڵات ئەمجارەیان جێبەجێ بكەن. ئەمەش كۆتاییهێنان دەبێت بەو ئەمریكایەی وەك (كۆمارێكی ئازاد) شانازییان پێوە دەكرد، نانسی بلوسی گوتەنی «ئێستا نازانرێت ئەمە ئەمریكایە، یان شانشینی عەرەبستانی سعودیە».
لەناو كۆنتێكسدا لە بەینی دوو كەوانەدا، ئەگەر ئیدارەی ئێستای ترەمپ لەسەر مانەوەی خۆیان لە كۆشكی سپی، ئامادە بن كۆمارێكی ئازاد بكەنە عەرەبستانی سعودی، ئەوا دەبێت مەزندەی ئەوە بكەین، ئەگەر كۆماری ئیسلامی بیەوێت كارتی كۆمارییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆكایەتیی ئەمریكا لەناو عێراقەوە بسووتێنێت، ئایا دەبێت ئاست و قەبارەی بەرپەرچدانەوەكان، نەك تەنیا بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵكو دەبێت بۆ حكومەتی ئێستای عێراقیش چۆن بن؟ وەڵامی ئەم پرسیارەش ئەوەیە نابێت لە بەرپەرچدانەوەكەی كانوونی دووەمی 2020 كەمتر بێت.
Top