ھەڵکشانی ئابووری کۆڤید-١٩

ھەڵکشانی ئابووری کۆڤید-١٩
ھەمیشە سنوری نێوان زانستە ئەکادیمییەکان سنورێکی دەستکرد بووە و ئامانج لێی کارئاسانیکردن بووە بۆ شرۆڤەکاری، ئەویش لەبەر ئەوەی ئێمە توانایەکی سنوردارمان ھەیە. بەڵام ھەروەک ئەلبرێت ھیرشمانی ئابووریناس، جارێکیان ووتی ھەندێ کات ھەن کە پێویستە لەسەرمان ئەو سنورانە تێپەڕێنین. شەڕی بەردەوامی دژ بە کۆڤید١٩ و دەرھاویشتە ئابوورییەکانی یەکێکە لەو سەروەختانە.
پەتاکە سێبەری خۆی بەسەر ئابووری جیھاندا درێژ کردۆتەوە. تاوەکو ئێستا، ئەو دوو وڵاتەی خراپترین ئەدای ئابوورییان ھەبووە لە چارەکی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠دا ( نیسان-حوزەیران) بریتین لە پیرو و ھیندستان، کە یەک لە دوای تێکڕای داھاتی نیشتیمانییان بە رێژەی %٣٠.٢ و %٢٣.٩ داکشا، بە بەراورد بە ساڵی رابردو. ھۆکاری ئەم داکشانە پێوانەییەش پەتاکە و ھەروەھا چۆنییەتی مامەڵەکردنی ئێمەیە لەگەڵ پەتاکەدا. بۆ نموونە، لە پیرو لە ھەر ملیۆن کەسێک ٩٣٩ کەس بە ڤایرۆسی کۆرۆنا مردوون. کەمبوونەوەی تێکڕای داھاتی نەتەوەییش پەیوەندی بەم حاڵەتەوە ھەیە.
ھەروەھا چەند وڵاتێکی ئەوروپیش کە ئەم رێژەی مردنەیان تێدا بەرزە، وەک ئیسپانیا ( ٦٤٧) و بەریتانیا (٦١٣) کە دووچاری داکشانێکی قووڵی ئابووری بوونەتەوە. بەڵام ئەم رێژەیە لە ھیندستاندا تەنھا ٦٠ە، کە ھەرچەندە، یەکێکە لە بەرزترین حاڵەتەکان لە ئاسیا و ئەفریقیادا، ئەوا داکشانە ئابوورییەکەی لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا ( کە ھەر لە وڵاتێکی دیکەی جیھان گەورەترە) قابیلی لێکدانەوە و تێگەیشتن نییە- بە تایبەتی کە تا ٥ ساڵ بەر لە ئێستا ئابووری ھیندستان یەکێک بوو لەو سێ یان چوار ئابوورییەی جیھان کە خێراترین گەشەکردنیان ھەبوو. بۆ تێگەیشتن لەم پرسانە، پێویستە کارلێکی نێوان بواری تەندروستی و رەفتاری مرۆیی لەبەرچاو بگرین. ئەوە رەچاو بکە کە کۆڤید-١٩ زیاتر لە شوێنی داخراودا بڵاو دەبێتەوە بە بەراورد بە شوێنی کراوە. کەواتە تۆ سەلامەتتری ئەگەر لە کەسێکی نێو پارکێکدا نزیک بیت نەک لە کەسێکی نێو چێشتخانەدا.
بەڵام ھەر بۆ مشتومڕی زیاتر گریمانەی ئەوە بکە کە ئەگەری دووچاربوونی کەسێکی نزیک لە کەسێکی ھەڵگری ڤایرۆسەکەوە لە %٥٠ بێت ھەم لە پارک و ھەم لە چێشتخانەدا. لەوەش زیاتر گریمانەی ئەوە بکە کە نیوەی دانیشتوان دووچاری ڤایرۆسەکە بوونە. کەواتە، ئەگەر بە شێوەیەکی ھەڕەمەکی نزیک بیت لە کەسێکی نێو پارکێک یان چێشتخانەیەکدا، ئەوا ئەگەری تووشبون بە ڤایرۆسەکە بریتی دەبێت لە %٢٥. ھەرچۆنێک بێت، گریمانەی ئەوە بکە دەسەڵاتێکی متمانەپێکراو رایدەگەیەنێت کە ئەگەری توشبوون بە کۆڤید-١٩ لە چێشتخانەیەکدا زیاتر وەک لە پارکێک. ئەو کاتە ئەو خەڵکانەی خۆپارێزی لە مەترسی دەکەن کەمتر مەیلی رووکردنە چێشتخانەکان دەبێت ( با بڵێین ئەو کەسانەی نایانەوێت بچنە ئەو شوێنانەی کە ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەکە زیاترە لە %٢٥). کەواتە، تەنھا ئەو کەسانەی ئامادەی قبوڵکردنی مەترسین روودەکەنە چێشتخانەکان. بەو پێیە کارێکی مانادارە گریمانەی ئەوە بکەین بەڕێوبەرانی چێشتخانەکان زیاتری ئەگەری ئەوەیان لێدەکرێت توشی نەخۆشییەکە بن، لەبەر ئەوەی روبەڕوی مەترسییەکی زیاتر بوونەتەوە. بۆ سادەکردنەوەی پرسەکە، مەزەندەی ئەوە بکە لە %٧٥ی ئەو کەسانەی ئامادەی قبوڵکردنی مەترسین دووچاری نەخۆشییەکە بوونە، لە کاتێکدا تەنھا لە %٢٥ی ئەو کەسانەی خۆپارێزی لە مەترسی دەکەن توشی نەخۆشییەکە بوونە. ئەوا بە چەشنی پێشوو ھێشتا ئەگەری ئەوەی کەسێکی نەخۆش ڤایرۆسەکە بگوازێتەوە لە %٥٠یە. کەواتە، ئەگەر خەڵکی باوەڕیان وابێت چێشتخانەکان زیاتر مایەی مەترسین ( و تەنھا ئەو کەسانە روویان تێدەکەن کە ئامادەی قبوڵکردنی مەترسین)، ئەوا ئەگەری تووشبون بە ڤایرۆسەکە لە نێو چێشتخانەیەکدا بریتی دەبێت لە %٣٧.٥، لە کاتێکدا ئەگەری تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە نێو پارکدا کەمتر دەبێت لە %٢٥. زانیارییەکانی پەیوەست بە پەتاکان ئەم ئەگەرانە پشتڕاست دەکەنەوە، و زۆرێک لە خەڵکی باوەڕ بەوە دەھێنن کە ئەم ئەگەرانە پەیوەستن بە سروشتی ڤایرۆسەکەوە، نەک ئەوەی تێکڕای ئەم دەرئەنجامە پەیوەندیدار بێت رەفتاری مرۆییەوە. لە روانگەی ئەم مشتومڕەوە، ئەگەر دەسەڵاتەکان رایانبگەیاندایە کە چێشتخانەکان لە پارکەکان سەلامەتترن، ئەوا پارکەکان دەبوونە شوێنێکی مەترسیدار. تەنانەت ئەگەر پارکەکان سەلامەتتر بن لە چێشتخانەکان بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیوەست بە پەتاکانەوە، ئەوا دووچاری مەترسییەکی زیاتر دەبیتەوە لە پارکێکدا بە بەراورد بە چێشتخانەیەک ئەگەر باوەڕێکی بەربڵاو ھەبێت کە پارکەکان مەترسیدارترن لە چێشتخانەکان. لەبەرچاوگرتنی ئەم پێکەوەبەستران و پێکەوەگرێدانە دەبێتەھۆی دروستکردنی مەودایەک بۆ گەڵاڵەبوونی سیاسەتێکی دەستێوەردان بۆ بەرگرتن بە ڤایرۆسەکە بە بێ ئەوەی ئابووری تێکبشکێت. ھەڵەی ھیندستان بریتی بوو لە سەپاندنی رێککارەکانی داخستن، لەبەر ئەوەی دەیان ملیۆن کرێکاری کۆچبەری ناچار کرد لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا بڵاو ببنەوە، ئەویش دوای ئەوەی لە نێو شارەکان کار و کرێیان لەدەست دا. ھەر کاتێک پەیوەندی نێوان زانستی پزیشکی و زانستی ئابووریمان دەستنیشان کرد، ئەوا بیرۆکەی سەرنجڕاکێشی پەیوەست بە گرتنەبەری سیاسەت دێتەئاراوە.
پێویستە وڵاتانی وەک ھیندستان یان پیرو رێساکانی کارکردن بە شێوەیەک دابرێژنەوە کە بوار بە خستنەوەگەڕی ئابووری بدەن، ئەگەر ھەمووشی نەبێت ئەوا بەشێکی، و لە ھەمان کاتدا بەر بە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکەش بگرن. بیرۆکەکە ئەمەیە. لە کاتێکدا کە زیادکردنی تێستەکان پێمان دەڵێت کێ ھەڵگری ڤایرۆسی کۆڤید-١٩یە و کێ دژە تەنی بۆ دروست بووە، ئەوا دەکرێت مووچەیەکی بەرز بەو کەسانە بدەین کە کاری پڕ لە مەترسی بەرەنگاربونەوەی کۆڤید-١٩ ئەنجام دەدەن، لە نێویاندا لە نێو نەخۆشخانەکاندان، ھەروەھا لە بواری بزنسدا کە کەسەکان تێکەڵ دەبن. کاتێک ئەمانە وەک رایەڵێکی نێوان ئەو کەسانە بەکار دەھێنین کە لە پێگەیەکی لاوازدان، ئەوا دەتوانین زنجیرەی بەرھەم و خزمەتگوزارییەکان بەگەڕبخەین لە ھەمان کاتدا رێڕەوی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکەش بوەستێنین. لە سایەی ھەل و مەرجی ئاساییدا، بازاڕەکان ئەم کارە ئەنجام دەدەن: خواست لەسەر ئەو کەسانە زیاتر دەبێت کە دژە تەنیان بۆ دروست بووە، بە ھەمان شێوە مووچە و کرێشیان. بەڵام لە سەروەختی پەتاکاندا بازاڕ بە باشی ھەڵناسوڕێت، لە کاتێکدا کە چەندین ھۆکاری دەرەکی لە ئارادان. بەو پێیە، پێویستە حکومەتەکان سیاسەتی ژیرانە و باشدارێژراو پیادە بکەن، کە دەبنەھۆی ئەوەی بتوانین کۆنترۆڵی ڤایرۆسەکە بکەین بە بێ ئەوەی رەوڕەوەی ئابووری رابگرین.












لە نووسینی/ کاوشیک باسو
Top