سیستمی جیھانی لەسەروەختی ڤایرۆسی کۆرۆنادا

سیستمی جیھانی لەسەروەختی ڤایرۆسی کۆرۆنادا
سیستمی لیبراڵی روبەروی گەورەترین قەیران بۆتەوە لە دوای کۆتایی ھاتنی شەڕی ساردەوە. لە سەرتاسەری جیھاندا لیبراڵیزم لە پاشەکشەدایە. ئەمەریکا لەلایەن سەرۆکێکەوە سەرکردایەتی دەکرێت کە سیاسەتە واقیعیەکەی -کە بریتیە لە سەرەتا و پێش ھەموو شتێک ئەمەریکا- دژبەرە لەگەڵ بیرۆکەی حوکمڕانی بونیادنراو لەسەر رێساکان. ئەوروپا ھەڵکشانی "دیموکراسیە نالیبراڵییەکان"ی بەخۆوە بینیوە. نەک ھەر تەنھا ژمارەی رژێمە خۆسەپێنەکان زیادی کردووە بەڵکو ئەم رژێمانە بەرەو سەرکوتکاری زیاتر چوونە. سیستمی رێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکان روبەروی گوشارێکی گەورە بۆتەوە، و ھیچ کاتێک وەک ئێستا فرەلایەنخوازی نێوبانگێکی خراپی نەبووە.
سیستمی نێودەوڵەتی بونیادنراو لەسەر رێساکان زیاتر و زیاتر لە ناوەرۆکەکەی بەتاڵ بۆتەوە. چیتر ئەوە روون نییە ئایا رێساکان چیین، کێ دایاندەرێژێت، و ئایا چ بناغەیەکی مۆراڵیان ھەیە و کێ پیادەیان دەکات. بەڵام ئەگەر سیستمی لیبراڵی لە قەیراندا بێت، ئەوا ئاماژەیەکی ئەوتۆ لە ئارادا نییە کە سیستمێکی نوێی جیھانی جێی دەگرێتەوە. بەڵکو بۆشاییەکی ستراتیژی، و سیاسی زیاتر بەدی دەکرێت- پشێوییەکی نوێی جیھانی.
کاردانەوەکانی پەیوەست بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەر کاتێکی دیکە زیاتر ئەوەیان پیشاندا، کە نەتەوەکان بە گوێرەی بەرژەوەندییە بەرتەسکەکانیان رەفتار دەکەن، نەک بە پێودانگی نۆرمە نێودەوڵەتییەکان یان بەھا ھاوبەشەکان. کاریگەری جیھانگەرایی لە پێکەوەپەیوەستبوون و پێکەوەگرێدانی کێشەکان، نەک چارەسەرەکاندا، ھەستی پێکرا. و بە چەشنێکی راستەوخۆ پەردە لەسەر سنوورداری دەسەڵاتی ھێزە مەزنەکان، کە سەرەکیترینیان ئەمەریکایە، لادرا. ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە سیمبولی دارووخانی حوکمڕانییە جیھانییەکە.
لە نێو ئەو دۆخی پشێوی و دڵەڕاوکێیەدا، کاردانەوەی رۆژئاوا ئەوەبووە کە ئۆباڵەکە بخاتە ئەستۆی ھەڵکشانی ھێزی چین و گەورەبوونی ھێزی روسیا، کە تۆمەتبار دەکرێن بەوەی بە ئاشکرا نۆرمە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکەن: ھەڕەشە لە دراوسێکانیان دەکەن، و خۆسەپێنی ھەناردە دەکەن و کارکردن لەسەر بنکۆڵکردنی دیموکراسی دەکەن. و لە راستیدا زۆرێک لە کاروکردەوەکانی روسیا و چین مایەی ئەوەن سەرزەنشت بکرێن. بەشێکی لە کاروکردەوەکانی چین لەم رووەوە ئەمانە دەگرێتەوە: زیندانیکردنی بە کۆمەڵی ئیگۆرەکان، ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنور کە دەسترۆیشتویی بە پەکین دەدات، و چالاکییە نایاساییەکانی سوپای رزگاری گەل لە دەریای باشووری چین، ئەوەی پەیوەندی بە روسیاوە ھەبێت، ئەوا دابڕینی ھەرێمی کرێمیا و کردنی بە بەشێک لەو وڵاتە لەلایەن مۆسکۆوە، و رۆڵی لە شەڕی ئاڵۆزی ناوخۆیی سوریا، و دەستێوەردانی روسیا لە ھەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١٦دا.
ھەرچۆنێک بێت، چین و روسیا بەرپرس نیین لەو قەیرانە بەرۆکی سیستمەکەی دوای شەڕی سارددی گرتووە، بەڵکو ئەوان سوودیان لەم قەیرانە وەرگرتووە. ھۆکارە راستەقینەکانی قەیرانە لە نێو خودی رۆژئاوادایە، گرنگترینیان بریتیە لە شکستی رۆژئاوا لە پابەندبوون بەو پرەنسیپانەی کە بناغە و بنچینەی سیستمە پێکدەھێنن. کۆشکی سپی لە سەردەمی ترەمپدا، بە تایبەتی، رێسا و پەیماننامە و بەھا نێودەوڵەتییەکانی بنکۆڵکردووە. نۆرمێکی نوێ سەریھەڵداوە- باوەڕبوون بەوەی ئەمەریکا ھێزێکی باڵایە و کۆتوبەندێکی سیاسی و ئەخلاقی کەمیشی لەسەرە.
دژبەری نێوان پرەنسیپی لیبراڵی و پراکتیزی نالیبراڵی ھێندەی دیکە ئاڵۆز بووە بەھۆی گرتنەبەری سیاسەتە کارەساتبارەکانەوە. شەڕی ئەفغانستان، داگیرکردنی عێراق، دەستێوەردانی ناتۆ لە لیبیا، ھەم شکستی پراکتیکی و ھەم شکستی مۆرالیش بوون. –رۆژئاوا- ئاستێکی بێتوانایی ئەوتۆی پیشاندا کە شایستەی سەرزەنشتکردنە، کە بوونەھۆی ئەوەی روسیا و چین نەک تەنھا ھەست بکەن بەوەی ئەوان لەسەر ھەقن بەڵکو ھەست بکەن لە پێگەیەکی باشتردان. ھیچ کاتێک وەک ئێستا رۆژئاوا توانایەکی ناکارا یان سنورداری نەبووە لە پەیوەندیدا بە داڕشتنەوەی حوکمڕانی جیھانییەوە.
لە ئێستادا، تەنانەت مشتومڕی ئەوە دەکرێت ئایا رۆژئاوایەکی یەکگرتوو لە ئارادایە. پەیوەندی نێوان ھەردو دیوی ئەتلانتیک لەوپەڕی ساردوسڕیدایە لە دوای تەنگژەی کەناڵی سویسەوە لە ساڵی ١٩٥٦، لە کاتێکدا ئەوروپا دابەشبوونێکی زیاتری بەخۆوە بینیوە بە بەراورد بە دەیەکانی رابردو. ئەو پرەنسیپانەی درێژەیان بە رۆژئاوای مۆدێرن داوە- سەروەری یاسا، شەفافیەت، بەرپرسیارێتی، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، زیاتر و زیاتر کەوتونەتە ژێر گومانەوە. و شوناس و ئامانجەکەشیان لە مەترسیدایە.
حکومەتەکانی رۆژئاوا ئەوەیان بە بیر ھێناینەوە کە ئەوان شکستیان ھێناوە لە کاردانەوەیاندا لە بەرامبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا. لە پاڵی ئەمەریکادا، کە خراپترین دەرئەنجام لە جیھاندا لەم وڵاتەدا ھاتۆتەئاراوە، ئەوا چوار وڵاتی ئەوروپیش- بەریتانیا، ئیتاڵیا، فەڕەنسا و ئیسپانیا- بەرزترین رێژەی مردنیان تێدا تۆمارکرا- بەھۆی ڤایرۆسەکەوە-. کە بۆ چەند دەیەیەک دەچێت نەیانتوانیوە لە ئاست تەحەددیە گەورە نەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکاندا بن.
ئەگەر رۆژئاوا بیەوێت بۆ جیھان و بۆ گەلانی خۆشی بسەلمێنێت کە لیبراڵیزم رێگای بەرەوپێشچوونە، ئەوا دەبێت دەرئەنجامێکی باشتر بەدی بھێنێت لە بارەی پرسە بنەڕەتییەکانی پەیوەست بە ئاسایش، پەرەپێدان و خۆشگوزەرانییەوە. ئەمە سەرجەم بوارەکانی دیکەش دەگرێتەوە- لە ئیدارەدانی کەرتی گشتی تەندروستییەوە، بۆ ھەواڵ و زانیاری، بۆ نوێکردنەوەی تەکنەلۆژیای مەدەنی و سەربازی، تا دەگاتە بەرەوپێشبردنی رەوتی خوێندن و توێژینەوە. ھەموو ئەمانە پێویستیان بە پابەندبونێکی سیاسی و دارایی زیاترە بە بەراورد بەوەی تا ئێستا کراوە.
ھەروەھا ئەمە گۆڕانکاری ھزریشی پێویستە، یەکێک لە ئامانجەکان ئەوەیە کە کارێکی باشتر ئەنجام بدەن وەک لەوەی تا ئێستا کردوویانە، ئەمە لەبری ئەوەی تەنھا سکاڵا لەبارەی نادادییەکانی ئەوانی دیکەوە بکەین. ھۆکاری سەرکەوتنی رۆژئاوا لە شەڕی سارددا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سەلماندی لیبراڵ دیموکراسی کاراترە و مرۆڤانەترە بە بەراورد بە ئیدارەدانی مەرکەزیانەی توندی ئابووری، کە لەلایەن یەکێتی سۆڤییەتەوە پیادە دەکرا. لە ئێستاشدا دووبارە پێویست بەم سەلماندنە دەکاتەوە.
ئەگەر لە وێنە گەورەکە بڕوانین، ئەوا دەبێت مرونەتێکی زیاترمان ھەبێت لە بیرکردنەوەماندا لەبارەی سیستمە نێودەوڵەتییەکەوە. لە نێو بابەتەکانی دیکەدا، ئەمە بە مانای ئەوە دێت کە ئەو فۆرمی سەرکردایەتیە جیھانییەی کە ئەمەریکا لەدوای کۆتایی ھاتنی شەڕی ساردەوە مومارەسەی دەکرد، کۆتایی ھات. ئەمەریکا دەتوانێت- و لە راستیدا دەبێت- ئەجێنداکە دابرێژێت، بەڵام دەبێت لە نزیکەوە کار بکات نەک تەنھا لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیدا، بەڵکو لەگەڵ ژمارەیەکی جیاوازی شەریکەکاندا. زۆر دەمێکە کاتی ئەوە ھاتووە سەرکردایەتییەکی جیھانی نوێ دروست بێت کە پتر پشت بە راوێژکردن ببەستێت و کەمتر خۆپەرستانە بێت.
کاتی ئەوە ھاتووە دەست لە وەھمی ریالیستەکان ھەڵبگرین کە پێداگیری دەکەن لەسەر ئەوەی سیاسەتی نێودەوڵەتی پەیوەستە بە ھێزە مەزنەکانەوە. لەبەر ئەوەی ئەم ھێزانە بە دەگمەن لە ئێستا بەتواناتر بوونە. –ھەروەھا- توانایەکی کەمیان پیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو تەحەددیە گەورە و ئاڵۆزانەی روبەرومان بۆتەوە، وەک ئەو پەتایەی ئێستا، گۆڕانی خێرای ژینگە و بەردەوامبوونی ھەژاری لە جیھاندا. لەبری ئەوە لە ئایندەدا حوکمڕانی جیھانی دەبێتەھۆی ئەوەی ھێزە-مامناوەندەکان ( وەک ئوسترالیا) بەشدارییەکی زیاتر بکەن بە بەراورد بە دەوڵەتە بچوکەکان.- ئەو کاتەش- ھاوکاری ھەمەلایەنە گرنگییەکی زیاتری دەبێت نەک کەمترە.
بە دڵنیاییەوە لەم حاڵەتەدا پرۆسەی بڕیاردان ئاڵۆزتر دەبێت. بەڵام، لە بەرامبەردا، و بەھۆی بەرفراوانبوونی مەودای مەترسییەکان و بەھۆی ئەوەی لە جیھاندا بڵاو دەبنەوە ئەوا رەنگە ئەمە ببێتەھۆکارێک بۆ چڕکردنەوەی بیرکردنەوەکانمان و یەکخستنی ھەوڵەکانمان. زیاتر لە ھەر روداوێکی دیکە لە مێژوودا، ئەم پەتایە گرنگی گرتنەبەری رێچکەیەکی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی زەقکردەوە. و ئەوەی پیشاندا کە بەرژەوەندی و کێشەکان سنورە نەتەوەییەکان دەبڕن، ھەر لەبەر ئەوەشە دەبێت وەڵامدانەوەکانیشمان بەو شێوەیە بێت.













لە نووسینی بۆبۆ لۆ
وەرگیڕانی ھێمن غەنی
Top