چۆن ھزری خۆمان لەگەڵ رۆژگاری نادڵنیاییدا رابھێنین

چۆن ھزری خۆمان لەگەڵ رۆژگاری نادڵنیاییدا رابھێنین
ئەمە رۆژگاری پرسیارە بێ وەڵامەکانە. ئایا دووچاری پەتاکە دەبم؟ کەی ڤاکسینەکە بەردەست دەبێت؟ ئایا ئیشەکەم لەدەست نادەم؟ کەی دووبارە ژیان ئاسایی دەبێتەوە؟ رەنگە شارەزایان مەزەندە و خەمڵاندنی خۆیان بکەن بۆ ھەندێ لەم پرسیارانە، بەڵام ھێشتا نادڵنیایی ھەیە و ئەم نادڵنیاییەش بەرەو شێتبوونمان دەبات.
نادڵنیایی مرۆڤەکان بێزار دەکات، و مرۆڤەکانیش نزیکەی ھەر کارێک دەکەن بۆ ئەوەی دووچاری نادڵنیایی نەبنەوە، تەنانەت دەرئەنجامێکی خراپی زانراو ھەڵدەبژێرن و دەرئەنجامێکی نەزانراو کە رەنگە باشیش بێت، رەتدەکەنەوە. لە توێژینەوەیەکی بەریتانیدا بەشداربووان روبەڕوی فشارێکی دەروونی زیاتر بوونەوە کاتێک بە رێژەی لە سەتا ٥٠ نەک لە سەتا سەت ئەگەری ئەوە ھەبوو روبەڕوی شۆکێکی کارەبایی ببنەوە. بەرگەنەگرتنی نادڵنیایی مرۆڤەکان روبەڕوی مەترسییەکی گەورەتری توشبوون بە خەمۆکی و شڵەژانی پەیوەست بە وەسوەسەی ناچاری دەکاتەوە.
ئێمە وا راھاتووین کە ھەمیشە نادڵنیایی خراپە و بە پێچەوانەوە، ھەمیشە دڵنیایی کارێکی باشە. لەگەڵ ئەوەشدا فەلسەفەی کۆن، ھەروەھا بەڵگەی زانستی زیاتر و زیاتر، پێچەوانەی ئەمە دەخەنەڕوو. نابێت نادڵنیایی ھاوسەنگیمان لێ بشوێنێت، دانیاڵ گیلبێرت، مامۆستای دەرونناسی لە زانکۆی ھارڤارد دەڵێت: "لە راستیدا، نادڵنیایی لە فۆرمە راست و دروستەکەیدا و بە ئەندازەی راست و دروست، چێژێکی مەزنە. "
ئێمە چەند چالاکییەکی دیاریکراو ئەنجام دەدەین- وەک تەماشاکردنی ئەو فیلمانەی دڵەڕاوکێ و چاوەڕانیمان لا دروست دەکەن یان خوێندنەوەی ئەو بابەتانەی تەمومژی لە خۆدەگرن- دەقا و دەق لەبەر ئەوەی لە دەرئەنجامەکەی نادڵنیاین.
یان، کاتێک نووسینێکت پێدەگات لەلایەن کەسێکەوە کە بە پەنھانی پێت سەرسامە. گیلبێرت دەڵێت، تەمومژی ئەوەی کێ ئەو نووسینەی ناردووە نادڵنیاییەکی بەرھەم دەھێنێت کە بەلاتەوە چێژبەخشە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە بە راددەیەکی گەورە خۆشەویستیمان بۆ نادڵنیاییەکی چێژبەخش- پێی بڵێ مایەی دڵگەرمی- لەبیر کردووە. گیلبێرت و ھاوەڵەکانی بەو دەرئەنجامە گەیشتن تەنانەت ئەگەر نادڵنیایی لەبارەی رووداوێکی ئەرێنییەوە چێژبەخشین بە خەڵک درێژە پێبدات، ئەوا ئێمە بە شێوەیەکی گشتی قەناعەتمان وایە بەختەوەرتر دەبین ئەگەر بێتوو ھەموو نادڵنیاییەکی کۆتایی پێبھێنرێت.
ئەی چی دەربارەی لایەنی تاریکی نادڵنیایی، ئەو جۆرەی لە ئێستادا زۆرێک لە ئێمە روبەڕوی بووینەتەوە؟ نەک تەنھا ئێش و ئازاری راستەوخۆی نەخۆشی و لەدەستدانی کار کە بەھۆی پەتاکەوە دروست بوونە، بەڵکو سروشتی کراوەکەی. رەنگە سەرنجی ئەوەت دابێت کە ئەم جۆرە نادڵنیاییە- با ناوی بنێین نادڵنیایی زیانبەخش- مەزاجی خراپ خراپتر دەکات. بەڵام، دووبارە ئەمە تەنھا ئەگەرێکە نەک دەرئەنجامێکی کە پێشوەختە بتوانین دەستنیشانی بکەین. چارەنووسی ئێمە ناڵین و گرفتار بوون نییە کاتێک روبەڕوی نادڵنیایی زیانبەخش دەبینەوە. ئێمە بژارەمان لەبەردەستدایە.
بە پێی ئەزمونی خۆم، دوو رێگا ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەوەی پێی ئاشنا نین: لە رێی کەمکردنەوەی بڕی ئەو مەترسییەی لەبەرچاوی دەگرین یان زیادبوونی بەرگەگرتنی نادڵنیایی. زۆربەمان نزیکەی تەنھا و تەنھا تەرکیزمان لەسەر ئەوەی دووەمیانە. زۆرێک لە فەیلەسوفەکان پێیان وایە ئەمە ھەڵەیە.
بەلای کەمەوە لە سەروەختی یۆنانییە کۆنەکانەوە، فەیلەسوفەکان دەستوپەنجەیان لەگەڵ نادڵنیایی و راگوزەریدا نەرم کردووە. ستۆیسیزم (رواقی)، فەلسەفەیەکە کە لە سەدەی سێی پێش زاییندا برەوی ھەبوو لە ئەسینا، و بە تایبەتی گونجاوە بۆ ھاوکاریکردنی خەڵک بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ نادڵنیاییدا. و ئەمەش ھۆکاری راست و دروستی خۆی ھەیە: رواقییەکان لە سەروەختی نادڵنیاییدا ژیان. ئەسینا وەک دەوڵەت-شار زۆرێک لە سەربەخۆیی خۆی لەدەست دابوو و مردنی ئەسکەندەری مەزن پێش چەند ساڵێک بۆشایی دەسەڵات لە ناوچەکەدا جێھێشتبوو. سیستمە کۆنەکە داڕووخا بوو و ھێشتا سیستمێکی نوێ جێی نەگرتبۆوە.
رواقییەکان باوەڕیان وایە زۆرێک لە ژیانی ئێمە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی خۆماندایە، بەڵام ئەوەی لە کۆنترۆڵی ئێمەدایە گرنگترە: بیروبۆچونەکانمان، ویست و خواستەکانمان، سڵکردنەوە و رەتکردنەوەکانمان، باری ھزری و سۆزداریمان. "ئەوە بگۆڕە کە دەتوانیت-بیگۆڕیت- و ئەوە قبوڵ بکە کە ناتوانیت –بیگۆڕیت-" ئەمە باوەڕی رواقی پوخت دەکاتەوە. ئەوان دەڵین ئەم بەھرەیە بەدەست بھێنن و ئیدی دەبنە کەسێک کە "تێکناشکێیت". رواقییەکان دانبەوەدا دەنێن کە ئەمە کارێکی ئاسان نییە، بەڵام کارێکی کردەنییە. قبوڵکردنی ئەو نادڵنیاییەی بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیان- بە تایبەتی ژیان لە سەروەختی پەتادا- باشترە لەوەی شەڕێکی بێ پچڕانی لەگەڵدا بکەیت، ئەمە شەڕێکە چارەنوسمان دۆڕانە تێیدا، ھەروەک رواقییەکان دەڵێن.
لە ئێستادا پەتاکە زاڵبووە بەسەر ھەلومەرجەکانی ژیانی ئێمەدا- ئەو راستییەی ناتوانین خۆمانی لێ لابدەین. بەڵام ھێشتا ھزر و کاردانەوەکانمان ھی خۆمانن.
بۆ پیشاندانی ھێزی ھزر، رواقییەکان ئاماژە بە نمونەی لولەکێک دەکەن کە بە تەپۆلکەیەکدا گلۆر دەبێتەوە. ھێزی کێشکردن دەبێتەھۆی ئەوەی لولەکەکە گلۆر ببێتەوە، بەڵام ئەوە شێوەکەیەتی ئەوە دیاری دەکات کە چەند بە ئاسانی و بە خێرایی گلۆر ببێتەوە. ئێمە ناتوانین کۆنترۆڵی تەپۆلکەکە یان ھێزی کێشکردن بکەین، بەڵام دەتوانین کۆنترۆڵی شێوەی لولەکەکە و باری ھزری خۆمان بکەین.
بۆ نموونە، با بڵێین تۆ خۆت- بە چەشنی زۆرێک لە باوانەکان- لە دۆخێکدا بینیوە کە لە ماڵەوە کار بکەیت و چاودێری منداڵەکەت بکەیت. ئەمانە وەک تەپۆلکەکە وان، کە نەگۆڕن. ئەوەی دەتوانین بیگۆڕیت تێڕوانینی خۆتە.
فەیلەسوفە یابانییەکان ھەنگاوێک زیاتر دڕۆن، و داوای ئەوە دەکەن نەک تەنھا بەرگەی نادڵنیایی بگرن، بەڵکو راسپاردەی ئەوە دەکەن کە قبوڵی بکەین، یاشیدا کێنکۆ کە پیاوێکی ئاینی بودیستی بوو لە سەدەی ١٤ەدا دەڵێت "بەنرخترین شت لە ژیاندا بریتیە لە نادڵنیایی."
ئەم پەتایە لایەنی راگوزەری –ژیانی- زەقکردۆتەوە. و لە کاتێکدا رەنگە ھێشتا زوو بێت داوای ئەوە بکەین ئەم راستییە لە سایەی ئەم بارودۆخە دژوارەدا بنرخێنرێت، بەڵام دەتوانین بەرگەی شتە نەزانراوەکان بگرین. و رەنگە بتوانین ترۆسکای جوانییەکانی نێو نادڵنیاییەکانی ژیان بەدی بکەین.













لە نووسینی ئێریک وینەر
لە گۆڤاری زە ئەتنلانتیکدا بڵاو کراوەتەوە
Top