پێشبینییەکانی ھاوسەنگی لە بازاڕەکانی نەوتدا

پێشبینییەکانی ھاوسەنگی لە بازاڕەکانی نەوتدا
ھەفتەی ڕابردوو پێشبینییەکی زۆری دامەزراوەکانی وزەی جیھانی سەبارەت بە ئەگەری سەقامگیریی بازاڕەکانی نەوت ھاتە ئاراوە، ئەمەش دوای شکسستی پیشەسازی بەھۆی پەتای کۆڤید-١٩، وەزیری وزەی سعودیە شازادە عەبدولعەزیز کوڕی سەلمان پێشەنگی ئەم پێشبینیکردنە بوو، لە وتارێکیدا تایبەت بە لیژنەی ھاوبەشی چاودێریی وەزاریی گرووپی(ئۆپک بلەس) لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە ڤیدیۆ کۆنفراس ھەفتەی ڕابردوو ئەنجامی دا، ڕایگەیاند کە ئەو سێ مانگەی کۆتایی پێشکەوتنێکی بەرچاو لە بنەماکانی بازاڕی نەوتی جھانی ھاتۆتە کایەوە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ئێمە ڕێگای دروستمان گرتۆتە بەر، ھەروەھا گوتی: بەگوێرەی پێشبینییە جیاجیاکانی دامەزراوەکان، لەوانەش ڕێکخراوی ئۆپک و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەو بەپێی مەزندە جیھان دەگاتە نزیکەی ٩٧%ی داخوازیی سەر نەوت لە ئاستەکانی داخوازی پێش بڵاوبوونەوەی پەتاکە لە میانی چارەکی چوارەمی ئەم ساڵ، شازادە عەبدولعەزیز ئاماژەی بە نیشانەی دیکەی ئەرێنی دەکات، وەک بەردەوام دابەزینی تێکڕاییەکانی عەمبارکردن و ئاستی عەمبارکردنی نەوتی خاو چ لە وشکایی یان لەناو کەشتییەکانی گواستنەوە، تا دەگاتە چاکبوونەوەی خێرای داخوازیی سەر بەرھەمەکانی پترۆل وەک بەنزین و دیزل لە ژمارەیەکی زۆری دەوڵەتانی جیھان، لەلای خۆیەوە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ئەگەری ھاوسەنگیی بازاڕەکانی بۆ سەقامگیریی تۆمارکردنی کەیسەکانی کۆڤید- ١٩ گەڕاندەوە لە جیھاندا، کە ڕۆژانە نزیکەی ٢٨٠ ھەزار کەیسە، ئاژانسەکە دەشڵێت وێڕای بە بەراورد بە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتاکە، کە ئێستا ڕووی لە ھەڵکشانە، بەڵام سەقامگیریی ئەو ژمارەیە ھانی زۆر لە دەوڵەتانی جیھانی داوە بگەڕێنەوە ژیانی ئاسایی و کاری ڕۆژانەیان، لەگەڵ گرتنەبەری ڕێکاری خۆپارێزی بە پێی توانا ئەویش بە بەکارھێنانی دەمامک و دوورکەوتنەوەی نێو ئەندامانی کۆمەڵ و ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی.
ئەم ئاژانسە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەرھەمھێنانی نەوت کەمبووەتەوە، بە شێوەیەک کە بەرھەمھێنانی ئەمریکا لە مانگی ئایاری ڕابردوودا نزیکەی ١٠ ملیۆن بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، ئەمەش بەڵگەیە کە بە ٣ ملیۆن بەرمیل ڕۆژانە بە بەراورد بە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ دابەزیوە. ھەروەھا ئیدارەی زانیارییەکانی وزەی سەر بە وەزارەتی وزەی ئەمریکا لە ھەفتەی ڕابردوو ئاماژەی بەوە کردووە کە نەوتی یەدەگی بازرگانیی ئەمریکا بەر لە دوو ھەفتە بۆ ١.٦٣ ملیۆن بەرمیل دابەزیوە بەمەش ٥١٢.٤٥ ملیۆن بەرمیلی تۆمارکراوە، واتا زیادەی کۆگاکراوی ئەمریکا بۆتە ١٥% زیاتر لە تێکڕایی پێنج ساڵی ڕابردوو، زانیارییەکانی کۆمپانیای نەوتی ژاپۆنیش ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو وڵاتە ٧١.٨%ی لە داخوازیی وڵات بۆ نەوت لە ناوەڕاستی مانگی ئاب گەڕاندۆتەوە، ئەمەش بەرزترین تێکڕای داخوازیی ژاپۆنە لەوەتەی ١٦ ھەفتەدا.
زانیارییەکانی فەرمانگەی توێژینەوەی بانکی ستاندەرد چارتەرد دەیسەلمێنن کە بازاڕی جیھانیی نەوت زۆر نزیکە لە ھاوسەنگی نێوان خواست و خستنەڕوو، داخوازی لە مانگی ئاب بۆ یەکەم جار لەوەتەی ١١ مانگدا بە نزیکەی ٣٥٥ ھەزار بەرمیلی ڕۆژانە لەسەرەوەی خستنەڕوو بووە، دیارە لەگەڵ گەڕانەوەی بازاڕەکان بۆ ھاوسەنگی لەو ماوە زووەدا، کە پەتای کۆرۆنا بڵاوبۆتەوە، ئەم پەرەسەندنە بە ڕێکەوت نەبووە، سێ فاکتەر ھەن کە ڕۆڵی بنەڕەتییان گێڕاوە لە ڕووی خێرایی گەیشتن بەو سەقامگیرییەی بازاڕەکان، یەکەم: ڕێککەوتنی ڕێکخراوی ئۆپک لەگەڵ دەوڵەتانی دیکەی ھەناردەکار بۆ دامەزراندنی گرووپی(ئۆپک پلەس)، بەمەش ڕووبەری دەوڵەتانی کەمکەرەوەی بەرھەمھێنان بۆ ٢٤ دەوڵەت فراوان بوو لەجیاتی تەنیا وڵاتانی ئۆپک، دووەم: پابەندبوونی تەواو بە بەڵێنەکانی کەمکردنەوە لەلایەن ئەو دەوڵەتانە، ھەروەھا گفتوگۆکانی سەرۆکی ڕێکخراوی ئۆپک لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی سەرەتا زیاترلە پشکی خۆیان بەرھەم ھێناوە، عێراق و نایجیریا، ھاوکات گەیشتن بە چارەسەری مامناوەند کە ئەو دوو دەوڵەتە بەرھەمیان لە مانگەکانی دادێ کەم بکەنەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیادەی بەرھەمھیان، ئەوەی مایەی سەرنجە ئەوەیە کە ھۆیەکانی ڕاگەیاندن کە چاودێریی دەوڵەتانی ھەناردەکار دەکەن، سەبارەت بە ھەوڵەکانی کەمکردنەوەی بەرھەم گومانیان نەبووە لەو ژمارانەی لە گرووپی( ئۆپک بلەس)ەوە دەردەچن، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی ڕاستگۆیی چاوەڕواننەکراو لە لای ڕێکخراوی ئۆپک و ھاوپەیمانەکانی لە ئۆپک بلەس بێتە دی، سێیەم: ھاریکاریی پتەوی سعودیەو ڕووسیا لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی کەمکردنەوەی بەرھەمی ئۆپک پلاس بۆتە کۆڵەگەیەکی بنەڕەتیی سەرکەوتنی دەوڵەتانی ھەناردەکار.
زانراوە کە ئەو دوو دەوڵەتە لە یانەی گەورە بەرھەمھێنەرانن، بۆیە کاریگەرییان بۆسەر بازاڕەکانی نێودەوڵەتی و ھەناردەکاران گەورەو گرنگە بۆ سەرکەوتنی ڕێککەوتنەکە. وێرای ھەموو ئەو سەرکەوتنەش کە تا ئێستا ھاتۆتەدی، بەڵام تەحەدیی گرنگ لەم چەند مانگەی دادێ دێنەپێش، تەحەدیی یەکەم: ئاستی بڵاوبوونەوەی کۆڤید-١٩ و پێویست بوون جارێکی دیکە بە کەرەنتینی ماڵەوە، ھەروەھا کاریگەریی گەڕانەوە بۆ قوتابخانەو زانکۆکان لە دوو مانگی داھاتوودا، ھاوکات خێرا گەڕانەوەی بیرەکانی نەوتی بەردینی ئەمریکی بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بەرھەم بھێنرێنەوە، ھەروەھا پێویستە پێشبینیی گۆڕانکارییەکان بکرێت لە تێکڕایی نەوت لەبەر چەند ھۆیەکی دیکە، جیۆسیاسی یان ئابووری- پیشەسازی، ئەمەش دەبێتە ھۆی سستیی بەرزبوونەوەی نرخ یان ھەتا پاشەکشێ کردن لە ئاستی ئیستای کە نرخی یەک بەرمیلی نەوتی برنت لەنێوان ٤٠ بۆ ٤٥ دۆلار.



نووسين: وەلید خدوری
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: بەھادین جەلال
سەرچاوە: ڕۆژنامەی شەرقوڵئەوسەت
Top