ھەموو رۆژێ، پەتای کۆڤید-١٩ ژیانی ھەزاران کەس کۆتایی پێدەھێنێت

ھەموو رۆژێ، پەتای کۆڤید-١٩ ژیانی ھەزاران کەس کۆتایی پێدەھێنێت
ھەموو رۆژێ، پەتای کۆڤید-١٩ ژیانی ھەزاران کەس کۆتایی پێدەھێنێت و زیانی چەندین ملیار دۆلاریشی لێدەکەوێتەوە. کاراترین رێگە بۆ کۆتایھێنان بەم تەنگژەیە- رەنگە لە سەرەتای ساڵی داھاتوودا ئەمە بێتەدی- بریتیە لە دۆزینەوەی پێکوتەیەکی سەلامەت و کارا، کە بە بڕێکی گەورە دروست بکرێت و لەسەر ئاستی جیھانیش دابەش بکرێت. بۆ بەرگرتن بە ھەر دواخستنێکی ناپێویست، پێویستە حکومەتەکان ئەم دەرفەتە لە دەست نەدەن بۆ رێگەخۆشکردن لەبەردەم بەرھەمھێنانێکی خێرا و دابەشکردنێکی بەرفراوان و دادپەروەرانە، لە کاتێکدا کە توێژەران سەرقاڵی پەرەپێدانی پێکۆتەیەکی کاران.


لە راستیدا دامەزراوەی جیھانی گەیشتن بە پێکوتەیەکی کارا دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئەم بنەمایە کار دەکات، ئامانجی ئەم دامەزراوەیەش-کە لەلایەن ھاوپەیمانی جیھانی پێکوتەکان و رێکخراوی تەندروستی جیھانی و ھاوپەیمانێتی داھێنانکاری لە پێناوی ئامادەکاری بۆ بەرەنگاربونەوەی پەتاکان، دامەزراوە- ئەوەیە بەلای کەمەوە دوو ملیار پێکوتە لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١دا دابەش بکات.
ئەم بڕە پێکوتەیەش- کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر دەوڵەتە بەشداربووەکاندا دابەش دەکرێت، بە چاوپۆشین لەوەی ئایا توانای پێدانی نرخەکەیان ھەیە یان نا- نزیکەی لە ٢٠% دانیشتوانی دەوڵەتە بەشداربووەکان دەگرێتەوە. بەو پێیە بەسە بۆ پاراستنی ئەو کەسانەی پتر کەوتونەتەبەر مەترسی توشبوون بە ڤایرۆسەکە، و ئەو چین و توێژانەی لە بارێکی لاوازدان و کارمەندانی سەنگەری پێشەوە لە بواری چاودێری تەندروستی لە سەرجەم جیھاندا. بڕی زیاتریش لێ کۆگا دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی ھەر پەتایەکی دیکە کە لە ئایندەدا سەرھەڵبدات و بۆ ئەوەی لە کۆنترۆڵ دەرنەچێت). لە ئێستادا، کار لەسەر پەرەپێدانی زیاتر لە ١٦٠ پێکوتە دەکرێت، لە قۆناغی پێش کلینیک و دوای کلینیکدا. و ئێمە ناتوانین بزانین ئایا کامیان لە تاقیکردنەوەی کلینی سەرکەوتو دەبێت و رێپێدراو دەبێت( کە دەبێت ئەوەش بزانین زۆرێک لە پێکوتەکان لە قۆناغی پەرەپێداندا سەرکەوتنیان بەدەست نەھێناوە). بەڵام دەتوانین زەمانەتی ئەوە بکەین کە ھەر کاتێک پێکوتەکە بەردەست بوو ئەوا بە شێوەیەکی کارا دەتوانین دروستی بکەین و دابەشی بکەین. و بۆ بەدیھێنانی ئەم ئامانجەش، پێویستە لە نزیکترین دەرفەتدا، حکومەتەکان وەبەرھێنان بکەن لە دامەزراوەی گەیشتن بە پێکوتەی کارا لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا. کێشەکە ئەوەیە حکومەتەکان دەیانەوێت گفتوگۆی راستەوخۆ بکەن لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی پێکوتەکان بۆ ئەوەی بڕی پێویستیان لێ داوا بکەن، ئەمە لە بری ئەوەی ھاوکارییان لەگەڵدا بکەن. راستە ئەرکی حکومەتەکان ئەوەیە کە بەر لە ھەر شتێکی دیکە ھاوڵاتییەکانیان بپارێزن، بەڵام ئەم رێچکە ناسیۆنالیستییە مەترسی گەورەی لە ھەناوی خۆیدا ھەڵگرتووە، رەنگە یەکەم مەترسی ئەوە بێت کە حکومەتەکان پاڵپشتی لە پێکوتەیەکی ھەڵە بکەن. چونکە ئەگەر حکومەتەکان توانیان بڕی پێویستی پێکوتە کاراکە بۆ گەلەکانیان دابین بکەن، ئەوا ھەندێ لە ھاوڵاتییەکانیان- بۆ نموونە ئەوانەی سیستمی بەرگری لەشیان لاوازە و ئەوانەی ناتوانن پێکوتەکەیان دەستبکەوێ- دووچاری مەترسی دەبنەوە ئەگەر دەوڵەتانی دیکە نەیانتوانی پێکوتەی پێویست بەدەست بھێنن. ئەمە ئەو پرسە ئەخلاقییە دەوروژێنێت کە دەبێت بە شێوەیەکی بەردەوام دەرمان رزگارکاری ژیان بۆ ھەمووان دەستەبەر بکرێت.
لە سەروەختی بڵاوبونەوەی پەتای ئەنلفۆنزای بەراز لە ساڵی ٢٠٠٩، ژمارەیەکی کەمی وڵاتان بازاڕی پێکوتەکانیان قۆرخکرد، کە بوەھۆی ئەوەی ئەوە زۆرینەی دانیشتوانی جیھان ھیچ پێکوتەیەکیان پێنەدرێت تاوەکو نەخۆشییەکە کۆتایی ھات. لەبەر ئەوە پێویستە لە تەنگژەکەی ئەمجارەدا بە ھەر نرخێک بێت رێگە نەدەین ئەم سیناریۆیە دووبارە ببێتەوە، بە تایبەتی کە رێژەی تووشبوون و مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر زیاترە.


لە رێی ھاوکاریکردن لەگەڵ ئاژانسەکانی تەندروستی جیھانی لە رێی دامەزراوەی جیھانی گەیشتن بە پێکوتەی کارا دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکومەتەکان دەتوانن زەمانەتی ئەوە بکەن کە بە یەکسانی پێکوتەی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان دەستدەکەوێت. ئەوەی پەیوەست بێت بەو وڵاتانەی رێککەوتنی دوو قۆڵیان کردووە لەگەڵ کۆمپانیا دروستکەری پێکوتەکەدا، ئەوا دامەزراوەی جیھانی گەیشتن بە پێکوتەی کارا لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھاوتای سیاسەتی تەئمینکردنە، ئەگەر ھاتوو گرەو لەسەر پێکوتەی ھەڵە کرا. ئەوەی پەیوەندی ھەبێت بەو وڵاتانەی ھێشتا گرێبەستیان نەکردووە- کە زۆرینەی زۆری وڵاتان دەکات- ئەوا ئەم دامەزراوە جیھانییە تاکە رێگایە بۆ زەمانەتکردنی ئەوەی ئەم وڵاتانە بۆ ماوەیەکی زۆر لە چاوەڕوانیدا نامێننەوە. ھەروەھا ئەم دامەزراوەیە زەمانەتی ئەوە دەکات سوود و مەترسییەکان پەرەپێدانی پێکوتەکە لەسەر ئاستێکی بەرفراوان دابەش ببن. لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆری پێکوتە ھەن لە جیھاندا کە ئەگەری ئەوە ھەیە وەک پێویست پەرەیان پێبدرێت، ئەوا حکومەتە بەشداربوەکان ئەگەرێکی باشیان لەبەردەمدایە بۆ دەستڕاگەیشتن بە پێکوتەیەکی سەلامەت و کارا ھەر کاتێک بەرھەمھێنرا- و بۆ ئەوەی ئەمەش بە زووترین کات رووبدات. ئەگەر کۆمپانیاکانی دەرمانسازی سەرجەم مەترسییە داراییەکان لە ئەستۆ بگرن، ئەوا وەبەرھێنان ناکەن لە زیادکردنی بەرھەمدا، تەنھا ئەو کاتە نەبێت کە تاقیکردنەوەی کلینیکی کۆتای پێدێت و رەزامەندی لەسەر بەکارھێنانی پێکوتەکە دەدرێت.
رەنگە ئەمە رێچکەیەکی لۆجیکی بێت لە بواری بازرگانیدا، بەڵام نەک لە لە دۆخێکدا کە پەتایەکی جیھانی بە رەوتێکی خێرا بڵاو دەبێتەوە. دامەزراوەی جیھانی گەیشتن بە پێکوتەیەکی کارا دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رێچکەیەکی تەواو جیاواز دەگرێتەبەر. چونکە سەرەڕای ئەوەی وەبەرھێنانی راستەوخۆ دەکات لە بواری توێژینەوە و پەرەپێدان و دروستکردندا، ئەوا پێشوەختەش ژمارەیەکی زۆری پێکوتەکە دەکرێت کاتێک رێگە بە فرۆشتنی دەدرێت. ئەمە پاڵنەری بەھێز دروست دەکات بۆ کەرتی تایبەت بۆ پاڵپشتیکردن لە پەرەپێدانی خێرای پێکوتەکان. لەوەش زیاتر، ئەم دامەزراوەیە کار لەسەر سەرجەم سەرچاوە حکومییەکان دەکات بۆ زیادکردنی دارایی بۆ ئەو پێکوتانەی ئەنجامی دڵخۆشکەریان ھەبووە تەنانەت پێش کۆتایی ھاتنی تاقیکردنەوە کلینیکییەکان، بەم شێوەیە، کاتێک رەزامەند لەسەر پێکوتەکە دەدرێت ئەوا بڕێکی زۆری لێ ئامادە دەبێت بۆ بەکارھێنان.


لە ڕاستیدا رێکخراوی تەندروستی جیھانی لەگەڵ کۆمەڵێک لە ھاوبەشەکانیدا کار دەکات، لە نێویاندا دەوڵەتە ئەندامەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەن لە پێناو پەرەپێدان و جێبەجێکردنی میکانیزمێک لە پێناوی دابەشکردنی دادپەروەرانەی پێکوتەکە ھەر کاتێک بەردەست بوو. ھەروەھا دامەزراوەی جیھانی بۆ گەیشتن بە پێکوتەیەکی کارا بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنھا پاڵپشتی ئەو پێکوتانە دەکات کە بەرزترین ستانداردی سەلامەتی لە خۆدەگرن. لە رێگەی کارکردن لەگەڵ شارەزاکان لە تێکڕای جیھان بۆ دروستکردنی فۆڵدەری بەرھەمەکە، و ھاوبەشیپێکردنی باشترین مۆدێلی تێستکردن و کارئاسانیکردن بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی کلینیکی لە زۆرێک لە وڵاتاندا، ئەوا ئەم دامەزراوەیە پێوەرێکی نوێ دەگرێتەبەر بۆ پەرەێپدانی پێکوتەکان و رادەستکردنی بە شێوەیەکی خێرای و سەلامەت و کارا.


ئێمە ناتوانین بۆ ماوەیەکی دورودرێژ ئابوورییەکانمان لەسەر ئەم رەوتە بەردەوامی پێبدەین. لەگەڵ داکشانی تێکڕای داھاتی ناوخۆیی- سندوقی نێودەوڵەتی دراو و بانکی نێودەوڵەتی پێشبینی داکشانی لە %٥ دەکەن لە ساڵی ٢٠٢٠دا- ئەوا ھەژاری و برسێتی بە راددەیەکی گەورە ھەڵکشاون. ئەگەر ئەم پەتایە لە رۆژێکدا ١٠ ملیار دۆلار زیان بە ئابووری جیھان بگەیەنێت، ئەوا کورتکردنەوەی تەمەنی ئەم پەتایە ئەگەر بە چەند رۆژێکیش بێت ئەوا دەتوانێت قەرەبوی ئەو تێچوونانە بکاتەوە کە ئەم دامەزراوە جیھانیە لە ئەستۆی دەگرێت. ھاوکاری جیھانی- کە سوود و مەترسییەکان بە شێوەیەکی یەکسانی دابەش ببن- لە ھەر کاتێکی دیکە بە کارێکی پێویست دادەنرێت.









لە نووسینی سێس بێرکلی، ریچارد ھاچێت، سۆمیا سوامیناسان
لە سایتی پرۆجێتک سیندیکەیت بڵاو کراوەتەوە
Top