سیاسەتی پێکوتە دژی پەتای کۆڤید ١٩

سیاسەتی پێکوتە دژی پەتای کۆڤید ١٩
لە ڕاستیدا، ئەو زیانەی لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید ١٩ بە جیھان کەوتووە زۆرە، زیاتر لە نیوملیۆن کەسی کوشت، سەدان ملیۆن کەسیش بێ کار مانەوە، ھاوکات بە تریلۆنان دۆلاریش سامانی بەھەدەر دا، نەخۆشییەکە تا ئێستاش کۆتایی نەھاتووە، لە داھاتووشدا بە سەدان ھەزار کەسی دیکە دەکوژێت. مایەی سەرسوڕمان نییە کە گرنگییەکی زۆر بە پەرەپێدانی پێکوتە دەدرێت، زیاتر لە سەد تاقیکردنەوە لە سەرتاسەری جیھان ئەنجام دەدرێن، دیارە سەرکەوتوو دەبن، ڕەنگە یەکێک لە پێکوتەکان ئەنجامی ھەبێت، دیارە بەھەمھێنانی پێکوتەش چەند ساڵێکی پێویستە.
ھەتا ئەگەر پێکوتەیەک یان زیاتر بەرھەم ھات، کە دڵنیایی ئەوە بدرێت خەڵکێکی کەمتر تووشی ئەو کۆرۆنایە بن، بەڵام بەیەکجاری کێشەی تەندروستی گشتی کۆتایی نایەت، ھەروەک شارەزایەکی بواری تەندروستی دەڵێت کە پێکوتەکان چارەسەری سیحری نین، بگرە تەنیا ئامرازێکن بۆ کۆگای تەندروستی.پێشبینی ناکرێت ھیچ پێکوتەیەک بەرگریی تەواوو ھەمیشەیی بە لەش ببەخشێت، ڕەنگە ملیۆنان کەس نەیانەوێت خۆیان پێ بکوتن، ئاستییەکی تاڵ ھەیە ئەویش ئەوەیە کە نزیکەی ھەشت ملیار مرۆڤ لە پیاوو ئافرەت و منداڵ لەسەر ئەم زەوییە دەژین، بۆیە بۆ دروستکردنی ھەشت ملیار ژەم یان دوو ئەوەندە ئەگەر پێویست بکات و بەسەر ھەموو جیھاندا دابەش بکرێت، چەندین مانگی گەرەکە. ئەم شتانە پەیوەستن بە زانست و پیشەسازی و خزمەتگوزاریی لۆجیستییەوە، دیارە ئەمە زۆر زەحمەتە، بەڵام سیاسەتیش بە ھەمان شێوە ئاڵۆزو سەختە. سەرەتا کێ پارەی ئەو ژەمە دەدات؟ کۆمپانیاکان پێشبینی دەکەن پارەی وەبەرھێنانیان لە توێژینەوەو پەرەپێداندا دەست بکەوێتەوە، وێڕای تێچووی بەرھەمھێنان و دابەشکردن. ئەمەش لە ڕاستیدا دەکاتە دەیان ملیار دۆلار( ڕەنگە لەوەش زیاتر بێت)، ھەتا پێش خستنەڕووی مەسەلەی قازانج. پرسیارێکی دیکە ھەیە پەیوەستە بە چۆنێتیی قەرەبووکردنەوەی ئەو کۆمپانیایانەی پەرە بە پێکوتە دەدەن، ئەگەر داوایان لێ کرابێت مۆڵەتی پاکانەی داھێنان و زانیاریی بدەنە بەرھەمھێنەران لە دەوڵەتانی دیکە.
لەگەڵ ئەوەشدا، کێشە سیاسییە قورسەکە پەیوەستە بە چۆنێتیی گەیشتن بەو پێکوتەیە، کێ دەبێت یەکەم ژەم بەکاری بھێنێت، کێ دیاری دەکات کە شوێنێک لە لیستی سوودمەندان دەگرێت و بە چ زنجیرەیەک؟ چ دەستکەوێک بۆ ئەو وڵاتە دێتەدی کە پەرە بە پێکوتەکە دەدات؟ تا چەند دەوڵەتانی دەوڵەمەند دەوڵەتانی ھەژار دووردەخەنەوە؟ ئایا وڵاتان ڕێگەدەدەن دەستێوەردانی جیۆسیاسی بکرێت و پێکوتەکە لەگەڵ ھاوڕێیان و ھاوپەیمانان دابەش دەکەن، لەکاتێکدا دانیشتوانانی لاواز لە وڵاتانی نەیار دووردەخەنەوە؟
لەسەر ئاستی نیشتمانیدا، پێویستە ھەموو حکومەتەکان بڕواننە چۆنێتیی دابەشکردنی ئەو پێکوتانەی بەرھەمی دێنن یان وەری دەگرن، یەکێک لەو بیرۆکانە ئەوەیە کە ئاراستەی کارمەندانی چاودێریی تەندروستی بکرێت، دواتر پۆلیس و ئاگرکوژێنەرەوەکان و سوپاو مامۆستایان و خەڵکانی دیکە، پێویستە حکومەتەکانیش بڕواننە ئەولەویەتی دابەشکردن و بە کێی دەدەن، بە تایبەتی ئەوانەی زیاتر ڕووبەڕووی مەترسی تووشبوون بە کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبنەوە، وەک بەساڵاچووان ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان ھەیە، ئایا ئەو پێکوتە بۆ ھەندێ کەس یان بۆ ھەمووان بە خۆڕایی دابەش دەکرێت ؟
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، دیارە دۆخەکە ئاڵۆزترە، ئێمە زۆر بە خێرایی پێویستیمان بە زەمانەتی توانای زیادکردنی بەرھەمھێنان ھەیە، ھەروەھا دانانی ڕێساو بنەمای پێویست بۆ دەستەبەرکردنی ئەم پێکوتە، لەگەڵ بەڵێنی پێشکەشکردنی یارمەتیی دارایی پێویست بۆ ڕووماڵکردنی پێداویستییەکانی دەوڵەتانی ھەژار، ھەر یەک لە ھاوپەیمانیی جیھانیی پێکوتەکان ( جافی) و ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی و زۆر لە حکومەتەکان و دەزگای خێرخوازیی بیل و میلیندا گیتس لەسەر پێکھێنانی پاشکۆیەکی جیھانی تایبەتی بە گەیشتنی پێکوتە کاریگەرەکە دژی ڤایرۆسەکە.
بەرھەمھێنەران پێشنیازدەکەن کە بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ھەر پێکوتەیەک بکرێت بەو پێیەی بۆ سوودی گشتیی جیھانییە، ھەروەھا بە یەکسانی بە ھەموو جیھاند دابەش بکرێت، بە چاوپۆشی لە شوێنی داھێنانەکەی یان توانای ئەو وڵاتەی کە دەتوانێت پارەکەی بدات. ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی چوارچێوەیەکی خستۆتە ڕوو تایبەت بە دابەشکردن لە جیھاندا بۆ ئەوەی زەمانەتی دابینکردنی ئەولەویەت بکات بۆ ئەو دانیشتوانانەی زۆر لاوازن ، ھەروەھا بۆ کارمەندانی بواری چاودێریی تەندروستی. بەڵام ئەو ستراتیژییانە ڕەنگە واقیعی نەبن، مەسەلەکە تەنیا ئەو ھەوڵانە نییە کە بۆ پێکھێنانی پاشکۆیەکی گەیشتنی پێکوتەکەیە بۆ ھەموو جیھان دەخرێنە ڕوو، یان بەشداریکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکان و چین، بەڵکو ئەگەر ھەیە پێش ھەموو شتێک گشت حکومەتەکان بکەونە ژێر فشارێکی زۆری چاودێریکردنی ھاووڵاتییەکانیان، نیمچە دڵنیاییەکیش ھەیە کە مەیلی ناسیۆنالیزم کە لە ئەنجامی پەرەپێدانی پێکوتەکە دێتە ئاراوە، بەسەر سیستەمێکی ھەمە لایەنەی بەکارھێنانی پێکوتەکە زاڵ بێت.
مێژووی نوێ ئەم گومانانە بەھێزدەکات، ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ یەکەم جار لە چین سەری ھەڵدا، بەخێراییش بوو بە کێشەیەکی جیھانی، لەگەڵ ئەوەشدا، ھەندێ وڵات لەسەر بنەمای نیشتمانیدا زوو بەخۆکەوتن، ئەمەش بە ھاوکاریی سیستەمەکانی تەندروستیی گشتی و سەرکردە سیاسییەکانی ئەو وڵاتانە، بەڵام لە ھەندێ دەوڵەت بە پێچەوانە بوو. لەسەر ئاستی نیشتمانیدا، بەردەوامبوونی ئەو ڕێچکەیە بۆ پەرەپێدانی پێکوتە بە کارەسات پەسن دەکرێت، چەند وڵاتێکی کەم نەبێت کە توانیویانە پێکوت بەرھەم بھێنن کە ڕەنگە تاقی بکرێنەوە، پێویستە ڕێچکەکە جیھانی بێت، نەک بە تەنیا لەبەر ھۆکاری مۆڕاڵی یان مرۆیی، بەڵکو لەبەر ھۆکاری ئابووری و ستراتیژیش، چونکە بووژانەوەی جیھان پێویستی بە ھەماھەنگیی بەکۆمەڵە.
لە عێراق، کاتێک پێشکەوتنی سەربازی بەسەر پلانەکاندا زاڵ بوو، دوای ئەو جەنگەی ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرۆکایەتیی کرد، ئەنجامەکەی پاشاگەردانی و بێسەروبەری بوو، یان بە (سەرکەوتنێکی کارەساتبار) دادەنرێت، بۆیە ناکرێت لەو حاڵەتەدا چاوەڕوانی ھەمان ئەو ئەنجامانە بکەین، کە سەرکەوتن لە تاقیگەدا پلاندانان تێدەپەڕێنێت، پێویستە حکومەت و کۆمپانیاو ڕێکخراوە ناحکومییەکان بە پەلە کۆببنەوە، چ وەک دەستپێشخەرییەک بۆ پێکھێنانی پاشکۆی گەیشتنی جیھانی بە پێکوتەیەکی کاریگەر دژی ڤایرۆی کۆرۆنا، یان بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان، یان کۆمەڵەی بیست، یاخود لە ھەر شوێنێکی دیکە. ژیانی ملیۆنان کەس و خۆشگوزەرانیی ئابووری کە بە ملیارانە، ھەروەھا سەقامگیریی کۆمەڵایەتی لە ھەموو شوێنێک، ئەمانە ھەموویان ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.

نووسینی: ریچارد .ن. ھائاس
لە عەرەبییەوە: بەھادین جەلال مستەفا
سەرچاوە: سایتی سیندیکەیت پرۆجێکت
Top