ئەو سێ تەنگژەیەی جیھانیان ھەژاندووە

ئەو سێ تەنگژەیەی جیھانیان ھەژاندووە
لە کاتێکدا وڵاتانی جیھان ووردە ووردە سەرقاڵی کردنەوەی ئابوورییەکانیان و کارکردنن بۆ کەمکردنەوە یان تەنانەت ھەڵوەشاندنەوە رێککارە توندەکای لێکدورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی، ئەوا پەتای کۆڤید-١٩ پێیناوەتە قۆناغی دووەمەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر چارەسەرێک یان ڤاکسینێکی کارا و بەردەست بۆ ھەمووان نەدۆزرێتەوە، ئەوا گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی تەنھا خەونێک دەبێت نەک راستییەکی واقیعی. لەوەش خراپتر ئەمە مەترسی ئەوە لێدەکرێت شەپۆلێکی دیکەی تووشبوون بە نەخۆشییەکەی بەدوادا بێت لەسەر ئاستی نەتەوەیی و ئیقلیمی، و رەنگە لەسەر ئاستێکی زۆر بەربڵاوتریش.


راستە بڕیارسازان و دەستەبەرکارانی چاودێری تەندروستی و زانایان و تێکڕای خەڵک زانیاری زۆریان لا دروست بووە لەبارەی ئەزمونی شەپۆلی یەکەمەوە. و ئەگەرچی ھاتنەئارای شەپۆلی دووەمی پەتاکە ئەگەرێکی زۆر گەورەیە، بەڵام جیاواز دەبێت لە شەپۆلی یەکەم. لە بری داخستنی یەکجارەکی کە ببێتەھۆی پەکخستنی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی، ئەوا لە بنەڕەتدا بەرەنگاربونەوەکە بەندە بە رێککاری توند و ئاڕاستەکراوی لێکدورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و بەکارھێنانی دەمامک و کارکردن لە دوورەوە و ڤیدیۆ کۆنفرانس و ھتد. بەڵام رەنگە ھێشتا لە دۆخی زۆر خراپدا- کە ئەمەش دەوەستێتەسەر ئەوەی شەپۆلی دووەم چەندە توندە- پێویست بەوە بکات لەسەر ئاستی نەتەوەیی ئیقلیمی رێککاری داخستن بگیرێتەبەر. ھەروەک ئەوەی تا راددەیەکی گەورە لە سەروەختی شەپۆلی یەکەمدا روویدا، ئەوا شەپۆلی داھاتو بریتی دەبێت لە سێ تەنگژە لە یەککاتدا. لە پاڵ مەترسی لە کۆنترۆڵ دەرچوونی حاڵەتە نوێیەکانی توشبوون و جارێکی دیکە بڵاوبونەوەی لە جیھاندا، پێویستە ئاماژە بە دەرھاویشتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئێستا و روبەڕوبونەوە جیوپۆلەتیکییە ھەڵکشاوەکە بکەین. لە واقیعدا ئابووری جیھان بە راستی بە دەست داکشانێکی قووڵەوە گرفتارە کە ناتوانرێت بە خێرایی و بە ئاسانی بەری پێبگیرێت. ئەمەش، سەرباری پەتاکە، بەسە بۆ ئەوەی کاریگەری ھەبێت لەسەر رکابەری رولەزیادی نێوان چین و ئەمەریکا، بە تایبەتی لە مانگەکانی پێش ھەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ئەمەریکا لە تشرینی دووەمدا. وەک ئەوەی ئەم شڵەژانە تەندروستی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و جیوپۆلەتیکییانە بەس نەبن بۆ دروستکردنی ناسەقامگیری، ئەوا نابێت رۆڵی ترەمپیش نادیدە بگرین. ئەگەر سەرۆک ترەمپ خولێکی دیکەی چوار ساڵی سەرۆکایەتی بگرێتەدەست، ئەوا ئەم پشێوییە جیھانییە بە شێوەیەکی دراماتیکی بەرەوھەڵکشان دەچێت، لە کاتێکدا سەرکەوتنی رکابەرە دیموکراتییەکەی، جۆ بایدن، بەلای کەمەوە ئاستێک لە سەقامگیری دەگەڕێنێتەوە. لە راستیدا ھیچ کاتێک ھێندی ئێستا ھەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکانی ئەمەریکا مەترسی لە خۆنەگرتووە. بە لەبەرچاوگرتنی تەنگژە ھەڵکشاوەکان لە جیھانی ئێستادا، ئەوا زیادەڕەوی نییە بڵێین مرۆڤایەتی لە دوڕییانێکی مێژویی نزیک دەبێتەوە. رەنگە نەتوانین پێش پاییز و زستانی ئەمساڵ ئاست و مەودای داکشانە ئابوورییەکەمان بۆ روون بێتەوە، و ئەگەری ئەوەش ھەیە ئەو کاتە روبەڕوی شۆکێکی دیکە ببینەوە، چونکە جیھان رانەھاتووە لەسەر ئەم داکشانە دراماتیکییانە. بەڵکو لە رووی دەروونییەوە و ھەر بە راستی لەسەر گەشەکردنی بەردەوام راھاتووین. ئایا دەوڵەتە دەوڵەمەندەکانی رۆژئاوا و ئاسیا دەتوانن مامەڵە لەگەڵ چەقبەستێکی قووڵ و بەربڵاو و تەنانەت پوکانەوەدا بکەن؟ تەنانەت ئەگەر خەرجکردنی ملیاران دۆلار بۆ مەبەستی بوژاندنەوە بەس بێت بۆ بەرگرتن بە دارووخانێکی تەواو، ئەوا ھێشتا پرسیاری ئەوە لە ئارادا دەمێنێت ئایا دوای ئەمە چی دەبێت؟


خراپترین حاڵەت ( کە ئەمەش ئەگەرێکی دوور نییە)، ئەوەیە دووبارە ترەمپ ھەڵببژێردرێتەوە و لەسەر ئاستی جیھان شەپۆلێکی دیکەی پەتاکە بڵاو ببێتەوە و ئابوورییەکان بەردەوام لە داڕووخاندا بن و شەڕە نوێیە ساردەکانی رۆژھەڵاتی ئاسیا ببنە شەڕی گەرم. بەڵام تەنانەت ئەگەر گریمانەی خراپترین دۆخیش نەکەین، ئەوا ئەم تەنگژە سێ رەھەندییە رۆژگارێکی نوێ دەھێنێتەئاراوە کە تێیدا پێویست بە دووبارە بنیاتنانەوەی سیستمە سیاسی و ئابوورییە نەتەوەییەکان و دامەزراوە فرەلایەنەکان دەکات. بەڵام لە باشترین حاڵەتیشدا، گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو بژارەیەکی بەردەست نییە. رابڕدو تێپەڕی و ئەوەی ئێستا گرنگە ئایندەیە. و نابێت خۆمان رادەستی خەیاڵپڵاوی بکەین لەبارەی ئەوە ئێستا روودەدات و ئەوەی دەبێت دوای ئەمە رووبدات. ئەو تەنگژانەی پەتاکە دروستی کردوو زۆر قووڵ و دوورمەودان بە راددەیەک کە بە شێوەیەکی حەتمی دەبنەھۆی دووبارەدابەشکردنەوەیەکی ریشەییانەی دەسەڵات و داھات لەسەر ئاستی جیھان. و ئەو کۆمەڵگەیانەی توێشوویان خستووە بۆ ئەم دەرئەنجامە لە رێی سازدان ووزەی پێویست و زانیاری و وەبەرھێنانەوە ئەوا لە ریزی براوەکان دەبن، بەڵام ئەوانەی ناتوانن ئەوە بەدی بکەن کە لە ئاسۆی نزیکدا دەرکەوتووە چارەنوسیان دۆڕان دەبێت. بە ماوەیەکی زۆر پێش پەتاکە، جیھان بە قوناغێکی راگوزەری رۆژگاری دیجیتاڵیدا تێدەپەڕی، لەگەڵ کاریگەرییە دوورمەوداکانی لەسەر بەھای تەکنەلۆژیا و پیشەسازییە تەقلیدییەکان و دابەشکردنی دەسەڵات و داھات لەسەر ئاستی جیھان. سەرەڕای ئەوەش، تەنگژەیەکی دیکەی گەورەتری جیھانی بە روونی لە ئاسۆدا دەرکەوتووە. دەرئەنجامە لە کۆنترۆڵ دەرچووەکانی گۆڕانی ژینگە زۆر قورستر و مەترسیداتر دەبن لە ھەر پەرەسەندنێکی دیکە کە مرۆڤایەتی بینیویەتی، ئەم کێشەیەش بە گەڕان بە دوای ڤاکسیندا چارەسەر نابێت. بەو پێیەی پەتای کۆڤید-١٩ خاڵێکی وەرچەرخانی راستەقینەیە. ئێمە بۆ رۆژگارێکی دوردرێژە پشتمان بە سیستمێکی ئابووری سیاسی بەستووە کە پێکدێت لە دەوڵەتە نەتەوەییە خۆویستە خاوەن سەروەرییەکان، و ئەو پیشەسازییانەی ( لە سایەی سەرمایەداری و ئیشتراکیەتدا) کە سەرچاوەی سنوردارە سروشتییەکان بەکار دەبەن. ئێستا ئەم سیستمە بە رەوتێکی خێرا لە کۆتاییەکەی نزیک دەبێتەوە، ئەمەش وا دەکات ئەنجامدانی گۆڕانکاری جەوھەری پرسێکی حەتمی بێت و نەتوانین لێی ھەڵبێین. ئێستا ئەرکی ئێمە لەوەدا کورت دەبێتەوە کە ئەوەندەی دەتوانین لە شەپۆلی یەکەم و لە تەنگژە سێ رەھەندییەکەوە فێر بین. و کاتێکیش باسەکە پەیوەست دەبێت بە ئەوروپاوە، کە لە رووی ئابووری و جوگرافییەکە زۆر لە کاروانەکە دابڕاوە، ئەوا ئەم ساتەوەختە دەرفەتێکی چاوەڕواننەکراوە بۆ چارەسەرکردنی کەموکورتییە ئاشکراکان. ئەوروپا خاوەنی بەھای سیاسی ( دیموکراسی، و سەروەری یاسا و یەکسانی کۆمەڵایەتی) و شارەزایی تەکنیکی و ھێزی وەبەرھێنانی پێویستە بۆ ئەوەی ھەنگاوی یەکلاکەرەوە ھەڵبگرێت بۆ بەدیھێنانی ئەو بەرژەوەندییانەی پەیوەستن بە پرەنسیپ و ئامانجەکانییەوە، ئەمە سەرەڕای بنەما و ئامانجەکانی تێکڕای مرۆڤایەتی. و لە ئێستادا تاکە پرسیارێک ھەبێت ئەوەیە ئەوروپییەکان چاوەڕوانی چی دەکەن؟





لە نووسینی یوشکا فیشەر
لە سایتی سیندیکەیت پرۆجێکت بڵاوکراوەتەوە
Top