بنیاتنانی جیھانێکی باشتر لە پاش کۆڤید-١٩

بنیاتنانی جیھانێکی باشتر لە پاش کۆڤید-١٩
لە ماوەی چەند مانگێکدا کۆڤید-١٩ بە چەشنێک جیھانی گۆڕیوە کە نەتوانرێت بناسرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی بەدی نەکرا ھاوکاری نێودەوڵەتی بوو بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەم ھەڕەشە ھاوبەشە. نابێت ئەمە جێی سەرسوڕمان بێت، شکستھێنان لە بەرەنگاربونەوەی کارای قەیرانی کۆڤید-١٩ رەنگدانەوەی شڵەژانێکی قووڵی بەھا و ئەولەویاتەکانمانە.
لە ساڵی ١٩٥٢ دەوڵەتمەداری ئەمەریکا ئەدلای ستێڤنسن رایگەیاند دوژمنە گەورەکانی مرۆڤایەتی بریتین لە جەنگ، ھەژاری و تاکڕەوی و ھێرشکردنیان بۆ سەر کەرامەتی مرۆیی کە ئەمە خراپترین دەرئەنجامی ھەر یەکێکیانە، نزیکەی حەوت دەیە دواتر، ئەو دوژمنانە بە چەشنی رابردە بە بەھێزی ماوونەتەوە. جەنگ باڵادەستە و بەردەوامە لە شڵەژاندنی ژیانی مرۆڤەکان. سەرەڕای ئەوەی پێکەوە تاڵاو و نەھامەتیمان چەشتوە، بەڵام ھێشتا پەنابردن بۆ توندوتیژی بۆ چارەسەرکردنی جیاوازییەکانمان وەک رێگاچارەیەک لێی دەڕوانرێت. سێ دەیە دوای کۆتایی ھاتنی شەڕی سارد، ھێشتا چەکە ئەتۆمییەکان- و ئەگەری مەترسیداری لە ناوبردنی ھەمووان- وەک ستونێکی ئاسایشی جیھانی ماوەتەوە. لە ھەمان کاتدا، سنوربەندییەکانی پەیوەست بە بەکارھێنانی ھێزەوە کە لە میساقی نەتەوە یەکگرتوەکاندا چەسپێنراوە، فەرامۆش دەکرێن و تەناتەت سووکسەرنجدەدرێن. یاسای مرۆیی زیاتر و زیاتر وەک پاشماوەی رابردو لێی دەڕوانرێت. دوای پانزە ساڵ لە ھاتنەئارای پرەنسیپی بەرپرسیارێتی پاراستن لە دژی خراپترین شێوازەکانی توندوتیژی و چەوساندنەوە، ئێستا وەک حاڵەتێکی مێژوویی سەیر دەکرێت. دەوڵەتە دەوڵەمەند و بەھێزەکان دادگای تاوانی نێودەوڵەتی پشتگوێ دەخەن. ھەروەھا کاردانەوەی جیھان بەرامبەر قەیرانی پەنابەران بە روونی ئەوەی دەرخست کە ئێمە بەردەوام بەرژەوەندییە جیوستراتیژی و ئابوورییەکان دەکەینە ئەولەویەت نەک ژیانی مرۆڤەکان. ساڵی رابردو، ھاوکارییە فەرمییەکانی بواری پەرەپێدان کەمتر بوون لە خەرجی بەرگری لەسەر ئاستی جیھان. راستە بەرەوپێشچوونی گەورە بەدی ھاتووە لە کەمکردنەوەی ھەژاری لە دەیەکانی رابردودا، بەڵام ھێشتا نزیکەی %١٠ی دانیشتوانی جیھان لەوپەری ھەژاریدا ژیان بەسەر دەبەن، واتە لە خوار ھێڵی ھەژارییەوە کە بە پێی ستانداردی بانکی جیھانی لە ساڵی ٢٠١٥دا ئەم ھێڵە بریتیە لە بەسەربردنی ژیان رۆژانە بە ١.٩٠ دۆلار و ئەم بانکە پێشبینی ئەوە دەکات قەیرانی کۆڤید-١٩ ژمارەی ئەو کەسانە لەم ساڵدا بگاتە ٤٠بۆ ٦٠ ملیۆن کەس. لە ھەمان کاتدا، ھەڵکشانی توندی نایەکسانی زۆرێک لە کۆمەڵگەکان بەرەو شلەژانی مەدەنی دەبات.


ھەروەھا پێدەچێت تاکڕەویش لە ھەڵکشاندا بێت. یەک لەسەر سێی وڵاتان لە ئێستادا رژێمێکی سەرکوتکاری و خۆسەپێن بەڕێوەیان دەبەن، و زۆرێک لە دیموکراسییەکان بوونەتە نێچیری پۆپیۆلیزم. ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیکات بەرامبەر پشێلکاری مافەکانی مرۆڤ- وەک سەرکوتکردنی راگەیاندنی ئازادی و موعارەزەی سیاسی، چەوساندنەوەی کەمینە ئاینی و ئیتنییەکان، دڵڕەقی پۆلیس و کوشتنی بە ئامانجگیراو- تەنھا دەربڕینی نیگەرانییە. لە کاتێکدا جەنگ و ھەژاری و خۆسەپێنی بڵاو دەبنەوە ئەوا زیاتر پێویستمان بە ھاوکاری نێودەوڵەتی دەبێت. لە ئێستادا، گەورەترین ئەو ھەڕەشانەی روبەڕوی جیھان بۆتەوە- وەک گۆڕانی ژینگە، نەخۆشییە گوازراوەکان، تیرۆریزم و مەترسی ھێرشە ئەلیکترۆنییەکان- رێز لە سنورەکان ناگرن. تاکە رێگا بۆ کەمکردنەوەیان بریتیە لە کارکردن پێکەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ناوەندە گرنگەکانی ھاوکاری نێودەوڵەتی وەک نەتەوە یەکگرتوەکان، بەردەوام بنکۆڵکراون لەم ساڵانەی دواییدا، و بەھۆی جەمسەرگیری و چەقبەستویی و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانییەوە دەسەڵاتەکانی لاواز بوونە. باشترین بەڵگەش ئەوەبوو کە چەند مانگێکی خایاند تاوەکو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان کۆبونەوە ئەنجام بدات لە دوای سەرھەڵدانی قەیرانی کۆڤید-١٩ەوە. ھەروەھا مانگ دواتر ھێشتا ئەندامەکانی نەیانتوانی لەسەر کاردانەوەیەکی ھاوبەش ڕێککەوتن بکەن. رەنگە ھەندێ مشتومڕی ئەوە بکەن کە سەرکوتکاری، ململانێی، توندوتیژی، جیاکاری و پەراوێزخستن رواڵەتی حەتمی ژیانی مرۆیین. ئەگەر وابێت، ئەوا ھەوڵەکانی بنیاتنانی جیھانێک لەسەر بناغەی پرەنسیپەکانی پەیوەست بە ئازادی و یەکسانی وەک ئەوە وایە ھەوڵی گۆڕینی سروشتی خۆمان بدەین. بەڵام لە باشترین حاڵەتەدا ئەمە سادەکردنەوەی مەسەلەکانە. چونکە ئەوەتا ئێمە بە تەواوەتی چەند تاوانکارییەکی –وەک بە کۆیلەکردن و ئەشکەنجەدان- رەتدەکەینەوە، کە سەردەمانێک بە مومارەسەیەکی سروشتی و حەتمی ھەژمار دەکران. ھێشتا ئێمە رێگایەکی دورودرێژمان لە پێشە، ھەرچەندە ھەنگاوی گەورە ھەڵگیراون بۆ چارەسەرکردنی جیاکارییەکانی پەیوەست بە لایەنی جێندەر و ئیتنییەوە. پەیامەکە روونە: ھزری ئێمە چەقبەستو نییە. بە پێچەوانەوە، دووبارەھەڵسانگدنەوە بۆ بەھاکان رواڵەتێکی جێگیری پەرەسەندنی مرۆییە. لە ئێستادا پێویستییەکی زۆرمان بەم دووبارەھەڵسگاندنەوەیە ھەیە بۆ ئەوەی چوارچێوەیەکی نوێ بۆ ھاوکاری جیھانی دابرێژین لەسەر بناغەی بنەماکانی پەیوەست بە کەرامەتی مرۆیی، یەکسانی، فرەیی و ھاوکاری. سەرکەوتنی ئەم سیستمە بەندە بەوەی چاوپۆشی نەکرێت لە تاکڕەوی و دیالۆگ جێی ململانێی جیوپۆلەتیکی بگرێتەوە. لەوەش زیاتر، دەبێت دووبارە و بە شێوەیەکی ریشەیی بیر لە چەمکی ئاسایش بکرێتەوە. ھەروەھا دەبێت ھەنگاونان بۆ بنیاتنانی متمانە و چارەسەرکردنی کێشە ھاوبەشەکانی ( وەک ھێرشی ئەلیکترۆنی) جێی پشتبەستن بە چەکی ئەتۆمی و نمایشکردنی ھێزی سەربازی بگرێتەوە.


نابێت ھەوڵدان بۆ رازیکردنی دیکتاتۆرەکان لەم چوارچێوەیەدا جێی ببێتەوە، بە ھەمان شێوە گۆڕینی رژێمەکان و سزادانی یەکلایەنە. بە شێوەیەکی بەرفراوانتر دەبێت چەمکی ئاسایش تەنھا لایەنە بەرجەستەکە نەگرێتەوە، بەڵکو دەبێت جەخت لەسەر دەستەبەرکردنی پێداویستییە بنەڕەتییە مرۆییەکان بکاتەوە وەک خۆراک و تەندروستی و خوێندنی و کار. دەکرێت بیرۆکەکانی وەک دەستەبەرکردنی داھاتی بنەڕەتی لەسەر ئاستی جیھان و سەپاندنی باج بەسەر سەروەت و ساماندا خزمەت بە برەودان بەم ئامانجانە بکەن. لە زۆرێک لە وڵاتە دیموکراسیەکاندا ھاوڵاتییان متمانەیان بە چینە سیاسیەکە نەماوە و پتر بە گومان لە کاریگەری پارە لەسەر سەرکردە و دامەزراوەکانیان. ناڕەزایەتییەکانی ئەمەریکا ئەوە دەخەنەروو تا چەند دەنگی خەڵک لەبەرچاونەگیراوە. پێچەوانەکردنەوەی ئەم رەوتە پێویستی بەوەیە نەک تەنھا سیاسەتی پەیوەست بە پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی بگیرێتەبەر، بەڵکو دەبێت ھەوڵبدرێت ھاوسەنگی لە نێوان دیموکراسیەتی راستەوخۆ و نوێنەرایەتیدا دروست بکرێت. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، پێویستە دەسەڵات و داھات بە دامەزراوەکان بدرێت بۆ ئەوەی بتوانن روبەڕوی تەحەدییەکانی دونیای جیھانگەرایی بدەنەوە. تەنھا لە رێی بەھێزکردنی شەرعیەت و کارایی دامەزراوەکانەوە دەتوانرێت کار لەسەر روبەڕبونەوەی ھێزەکانی پۆپیۆلیزم و رەگەزپەرستی بکرێت کە لەم ساڵانەی دواییدا لە ھەڵکشاندا بوونە. ئەگەر ئەم پەتایە شتێکی روونکردبێتەوە ئەوا بریتیە لەوەی کە ئێمە ھەموومان لە یەک خێزان پێکھاتووین. تەنھا بەلەبەرچاوگرتنی ئەم راستیە- لە رێی بایەخدان بە یەکتری، ھەروەھا بە زەوی کە مایەی ژیانی ئێمەیە-دەتوانین ئومێد بۆ ئایندەیەکی باشتر بخوازین. لەم رووەوە ھاوکاریکردنی یەکتری تەنھا مەسەلەیەکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو ژیان و مانەوەشمانی پێوە بەندە.






لە نووسینی: محمد ئەل بەرادعی
لە سایتی پرۆجێکت سیندیکەیت بڵاوکراوەتەوە
وەرگێرانی: هێمن غەنی
Top