ئەمەریکا لە نێوان ھێزی رەھا و ھێزی بەردەستدا

ئەمەریکا لە نێوان ھێزی رەھا و ھێزی بەردەستدا
شرۆڤەکارانی کاروبارە نێودەوڵەتییەکان بە دەگمەن جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە چۆن دۆخی ناوخۆیی ئەمەریکا رەنگرێژی دەسترۆیشتویی و رۆڵی ئەو وڵاتە لە جیھاندا دەکات، بەڵام لە ئێستادا ئەم رایەڵە لە ھەر کاتێکی دیکە زیاتر پەیوەندیدارە. حاڵی حازر ئەمەریکا لە یەک کاتدا روبەڕوی سێ شلەژان بۆتەوە: پەتای کۆڤید-١٩، شۆکی ئابووری دوای حاڵەتە کتوپڕەکە، ناڕەزاییەتیە سیاسیەکان و لە ھەندێ حاڵەتدا توندوتیژی کە بەھۆی بڵاوبونەوەی ڤیدیۆی کوشتنی جۆرج فلۆیدی ٤٦ ساڵی ئەمەریکی بە رەچەڵەک ئەفریقی لەسەردەستی ئەفسەرانی پۆلیسی مینیاپۆلیس، ھاتنەئاراوە.
گومانھەڵناگرێت سێ قەیرانەکەی ئەم ساتەوەختە کاریگەرییان دەبێت لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا، کە بۆ ماوەی سێ چارەکە سەدە ھێزی باڵادەست بووە لە جیھاندا. لە راستیدا، بۆی ھەبوو پەرەسەندنەکانی ئەم دواییە کاریگەری قووڵ و درێژخایەنییان ھەبووایە لەسەر دەسترۆیشتویی ئەمەریکا. ئەگەر ئەمەریکا نەتوانێت گوڕوتین بە خۆی بدات و دابەشبوونە کۆمەڵایەتی و سیاسیە درێژخایەنەکانی چارەسەر نەکات، ئەوا بۆی ھەیە دیموکراسی لەسەر ئاستی جیھاندا بەرەو لاوازبوون بچێت، و رەنگە دۆست و ھاوپەیمانەکانی ئەمەریکا دووبارە بیر لە بڕیارەکەیان بکەنەوە لە پەیوەندیدا بەوەی ئاسایشی خۆیان رادەستی ئەمەریکا بکەن و ئەگەری ئەوەش ھەیە رکابەرەکانی دەست لە ھەندێ یان تێکڕای سڵکردنەوە تەقلیدییەکانیان ھەڵگرن.
جیھان تەماشا دەکات
لە ئێستادا ناھەموارییەکانی ئەمەریکا بە شێوەیەکی بەربڵاو کەوتنەبەرچاو و بەرگوێ دەرەوەی ئەم وڵاتە. جیھانگەرایی پشتێنەی گوێزەرەوەیە- کە لەم حاڵەتەدا وێنەیەکی روونی دڵڕەقی پۆلیس بە جیھاندا بڵاو دەکاتەوە. ئەگەر یەکێک لە وانەکانی کۆڤید-١٩ ئەوە بێت کە ئەوەی لە ووھان دەستیپێکرد ھەر لە ووھاندا نەمایەوە، ئەوا یەکێک لە وانەکانی کوشتنی جۆرج فلۆید ئەوەیە کە ئەوەی لە مینیاپۆلیس روویدا ھەر لەوێدا نامێنێتەوە. بەراوردکاری نێوانی رەوشی ئێستا و سەروەختی ساڵی ١٩٨٦ی ئەمەریکا زیادەڕەوی لەخۆدەگرێت، لە بەشێکی زۆریدا لەبەر ئەوەی ئەوەی لە ئێستادا دەگوزەرێت جیددیترە، بەڵام یەکێک لە دروشمەکانی ئەو کاتە ھێشتا وەک دروشمێکی پەیوەندیدار ماوەتەوە : "تێکڕای جیھان تەماشا دەکات"
وەک بەڵگەیەک لەسەر ئەو خاڵە، خۆپیشاندانە خۆڕسکەکان لە دژی رەگەزپەرستی و دڵڕەقی پۆلیس لە بەردەم باڵیۆزخانەکانی ئەمەریکا لە ئەوروپا و شوێنەکانی دیکەی سەریانھەڵدا. بەڵام ئەو سیاقەی تێیدا رویدا شایستەی ئەوەی روونکردنەوە و شرۆڤەکاری بۆ بکرێت. بۆ چەندین ساڵە متمانەکردن بە سەرمەشقبوونی ئەمەریکا لە داکشاندایە، ئەویش دەرئەنجامی دابەشبوون و چەقبەستویی سیاسی دورودرێژە لە نێو ئەمەریکادا- توندوتیژی بەربڵاوی پەیوەندیدار بە بەردەستبوونی چەک کە ھیچ کۆمەڵگەیەک ڕێی پێنادات یان پێی ناناسرێتەوە، بەربڵاوی ئالودەبوون بە تلیاک و ئەو حاڵەتانەی مردن کە لێیدەکەوێتەوە، ئیدارەی خراپی دارایی کە سەریکێشا بۆ دژوارییەکی گەورە لەسەر ئاستی جیھانی لە سەروەختی قەیرانی ٢٠٠٨دا، ھەڵکشانی نایەکسانی، رەوشی خراپی ژێرخان کە دیار و بەرچاوە بۆ زۆربەی سەردانکارانی وڵاتەکە و چەندین دۆخی دیکە. لەوەش زیاتر، دەرکەوت کە سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ مایەی مشتومڕ و ناکۆکییە و لە زۆر حاڵەتیشدا ھێندەی ئەوەی لە ناوخۆی وڵاتدا کەسایەتیەکی ناجەماوەری بوو، ھێندەش لە دەرەوە.
کاردانەوەی ئەمەریکا لە بەرامبەر پەتای کۆڤید-١٩ گومانەکانی لەبەرامبەر توانای ئەو وڵاتە تۆخکردەوە. بەلەبەرچاوگرتنی سروشتی نەخۆشخەرەکە و شکستی چین و رێکخراوی تەندروستی جیھانی لەسەرەتادا بۆ بەرپێگرتن و پاراستنی جیھان لێی ئەوا گەیشتنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بۆ خاکی ئەمەریکا روداوێکی حەتمی بوو. بەڵام ئەوەی حەتمی نەبوو ئەوەبوو نەخۆشییەکە ھێندە قوربانی لێبکەوێتەوە. نەبوونی کەلوپەلی خۆپارێزی بۆ ستافی نەخۆشخانەکان و ئەو کەسانەی لە سەرەتادا بەرەنگاری بوونەوە و بێتوانایی لە بەرھەمھێنانی تاقیکردنەوەی وورد و خێرا بۆ ڤایرۆسەکە یان دروستکردنی دژەتەن، پەیامی درەنگوەخست و دواتر ناجێگیر لەبارەی بەستنی دەمامک و لێکدورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی- ھەموو ئەمانە شکستی ئەم وڵاتەن. دەرئەنجامەکەش بریتیە لە ١٠٠,٠٠٠ حاڵەتی مردن، ملیونان ھەڵگری ڤایرۆسەکە، و ئەو ڕەوتەی لە ئەمەریکا دروست بووە و ھیچ کەسێک خوازیاری ئەوە نییە پێیدا بڕوات.
کە لە دەرەوە لێی دەڕوانرێت ئەمەریکا ھێشتا خاوەنی چەندین خەسڵەتی ئەرێنییە: زانکۆی ئاستبەرز، کۆمپانیای داھێنانکار و نەریتی ( کە لە ئێستادا بنکۆڵکراوە) کرانەوە لە ئاست کۆچبەراندا.
پێدەچوو ھەڵبژاردنی باراک ئۆباما لە ساڵی ٢٠٠٨ و ٢٠١٢ ئاماژە بێت بەوەی رەگەزپەرستی بە راددەیەکی گەورە داکشاوە، دەستکەوتەکانی بزوتنەوە مەدەنییەکان و ئافرەتان بونە سەرچاوەی ئیلھام بۆ شوێنەکانی دیکە، و تەنانەت ئەزمونەکانی وڵاتەکە لەگەڵ پرسی دادگاییکردنی سەرۆکدا ئەوەی خستەڕوو کە سیستمێکی ھەیە تێیدا ھیچ کەسێک لە سەروی یاساوە نییە. ھەرچۆنێک بێت، لە ئێستادا وێنای ئەمەریکا -کە بە تەواوی یەکیدەگرتەوە لەگەڵ وەسفکردنەکەی سەرۆک رۆناڵد رێگان "شارە درەوشاوەکەی سەر بەرازییەکە"- زیاتر و زیاتر دوورتر دەردەکەوێتەوە لە چاوی جیھاندا.
لە کاتێکدا کە ئەو وێنەیە بەرەو خامۆش بوون دەچێت، ئەوا توانای ئەمەریکاش لاواز دەبێت بۆ ئەوەی خۆی وەک مۆدێلێکی قابیلی شوێنپھەڵگرتن بخاتەڕوو. بە ھەمان شێوە توانای ئەمەریکاش کەم بۆتەوە بۆ رەخنەگرتن یان گوشارخستنەسەر وڵاتانی دیکە بەھۆی شکستەکانیانەوە. بەڵگەی زۆر ھەیە کە سەرۆکی چین شی جینگ بینگ لە ناوخۆدا لە باری بەرگریدا بوو بەھۆی کاردانەوەی ناسەرکەوتوی چین لە سەرەتادا بۆ بەرەنگاربونەوەی پەتای کۆڤید-١٩. بەڵام ئەدای خراپی ئەمەریکا بووەھۆی ئەوەی شی جینگ بینگ لەو رەخنەیە رزگاری بێت، ئەگەرچی نابێت بەراوردێکی نەخوازراو بکرێت لەم رووەوە. ھەرچەندە واشنتۆن گوتارێکی توندی ھەبوو بەڵام دەرفەتی لەدەستدا بۆ گرتنەبەری ھەڵوێستی توند. لەوەش زیاتر، ئەو قەیرانە سیاسیەی ئێستاش بە ھەمان شێوەی ئاستەنگی دروست کردوە لەبەردەم ئەگەری ئەوەی ئەمەریکا کار بکات لەسەر برەوپێدان و پاراستنی دیموکراسی لە جیھاندا. بۆ رۆژگارێکی دورودرێژ مافەکانی مرۆڤ و پەرەپێدانی دیموکراسی کۆڵەکەیەکی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا بوونە- لە بەشێکدا لەبەر چەند ھۆکارێکی پەیوەندیدار بە بەھاکانەوە، لەبەر ئەوەی ئەمەریکییەکان باوەڕیان وایە ئەم بنەمایانە بەھای ژیان بەھێز دەکەن و لە بەشێکیدا لەبەر چەند ھۆکارێکی کرداری، چونکە زۆرێک لە سیاسەتدارێژەرانی ئەمەریکا باوەڕیان وایە دەوڵەتە دیموکراسییەکان جڵەوگیرانە رەفتار دەکەن نەک تەنھا لەئاست ھاوڵاتییەکانیاندا بەڵکو لە بەرامبەر ئەوانی دیکەشدا و بەم شێوەیە جیھانیش توندوتیژییەکی کەمتر بەخۆوە دەبینی. لە ئێستادا، دیموکراسی لە پاشەکشەدایە لە جیھاندا و بە ھەمان شێوە توانای ئەمەریکاش بۆ بەرگرتن بەو پاشەکشەیە لە داکشاندایە. نموونەی ئەم حاڵەتەش وڵاتی چینە، کە بە ئاماژەکردنی بە رەفتارەکانی ئەمەریکا لە ناوخۆدا بەرەنگاربونەوەی رەخنەکانی واشنتۆن لە ئاست کردەوەکانی لە ئاست ھۆنگ کۆنگدا بۆوە.
ئەوەی لە شەوی دووشەمە، ١ی حوزەیراندا روویدا دەرئەنجامێکی دیاریکراوی ھەبوو لەم رووەوە. روبەڕوبونەوەی خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە لە گۆڕەپانێکی گشتی لەلایەن واشنتۆنەوە لەبەر ئەوە نەبوو کە ھەڕەشە بوو بۆ سەر ئارامی بەڵکو بۆ خزمەتگەیاندن بوو بە ئامانجێکی سیاسی. کۆشکی سپی دۆخە خراپەکەی ئاڵۆزتر کرد لە رێی بڵاکردنەوەی یەکە سەربازییەکانەوە لە واشنتۆن. بەڵام مافی ئازادی رادەربڕین و کۆبونەوە، لە نێویاندا خۆپیشاندانی ئاشتیانە لە رووی دەستورییەوە زامنکراون و جەوھەری دیموکراسیەتی ئەمەریکان. متمانەی گشتی پێویستی بەوەیە سوپا و دامەزراوەکانی سەپاندنی یاسا بەرگی سیاسەتیان بە بەردا نەکرێ. بەڵام لەو شەوەدا وێنای شێواو بە جیھاندا بڵاو بۆوە. ئەو روداوەی کە مەترسییەکی بێ پێشینەی ھەیە لە وڵاتەکەدا و کاریگەری لەسەر چاودێرانی دەرەوە و ھاوڵاتییانی ئەمەریکا ھەیە تەنھا پێنج مانگ دوور لە ھەڵبژاردنەکانەوە کە بە دڵنیاییەوە مایەی شەڕێکی سەخت دەبێت.
ھێزی پاشەکشەکردوو
ئەو ئاژاوەیەی لە ئەمەریکادا ھەیە و بە بەرچاوی جیھانەوە روودەدات پرسیار لەبارەی توانای ئەمەریکاوە دوروژێنێت. لێرەدا کارێکی سوودبەخش دەبێت کە جیاوازی بکەین لە نێوان ھێزی رەھا و ھێزی بەردەستدا. ھێشتا ھێزی رەھای وڵاتەکە، لە سەرووی ھەموییانەوە ھێزی سەربازی و ئابووری، گەورە و بەرچاوە. پرسیارە گەورەکە پەیوەستە بە ھێزە بەردەستەکەوە. ئایا وڵاتێک کە ٤٢ ملیۆن کەس تێیدا بێکارن و تێکڕای داھاتی نیشتیمانییەکەی لە داکشاندا بێت، کارخانەکانی داخرابن و خۆپیشاندانی بەربڵاوی تێدا بێت و ھەندێ جار سەربکێشن بۆ توندوتیژی، و گرفتار بێت بەدەست دابەشبوونی ناوخۆیی قوڵەوە لە پێگەیەکدا دەبێت بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ھەڵسوکەوت بکات؟
وەڵامی ئەم پرسیارە بە ھیچ شێوەیەک روون نییە. ھێزی بەردەست تەنھا پێکنەھاتووە لە ئامرازە سەربازی و ئابوورییەکان بەڵکو بریتیە لە توانا و ئیرادەی بەکارھێنانیان- و ئەم رێککارەش یەکێکە لە ھەر ھەستیارترین پرسەکانی پەیوەست بەو دۆخەی ئەمەریکا خۆی تێدا بینیوەتەوە. دوای تێوەگلانی زیاد لە پێویستی ئەمەریکا لە ئەفغانستان و عێراق ئەوا خواستی چڕکردنەوەی سەرنجەکان لەسەر رەوشی ناوخۆیی و کەمکردنەوەی پابەندبوون بە جیھانەوە لە ھەڵکشاندا بوو. لە ئێستادا وڵاتەکە روبەڕوی شڵەژانێکی سەختی ناوخۆیی بۆتەوە، کە ئەگەری ئەوە ھەیە ببێتە مایە نەھێشتنی ئەو خواستەی مابۆوە بۆ دەستێوەردان لە دەرەوەی سنورەکان، ئیدی پاساوەکەی ھەرچییەک بێت. ھەندێک لەوانەی پێشتر حەسرەتیان ھەڵدەکێشا بۆ ھەنگاوەھەڵەکانی ئەمەریکا لە ماوەی دو دەیەی رابردودا پێشوازی دەکەن لەم رووکردنە ناوخۆییە. بەڵام کەمکردنەوەی زیاد لە پێویستی پابەندبوونەکان لە ئاستی دەرەوە مەترسییەکەی کەمتر نییە لە تێوەگلانی زیاد لە پێویست- چونکە ئەمە بە مانای ئەوە دێت کە ئەمەریکا ناتوانێت پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات. ئەمەریکایەکی لەم چەشنە ناتوانێت خۆی دابڕێت لە جیھانێک کە ڤایرۆس و تیرۆریستان و ھێرشی ئەلیکترۆنی سنورەکان دەبڕن.
ئەو تێڕوانینەی کە ئەمەریکا بێبەشکراوە لە زۆرێک لە ھێزە بەردەستەکەی کاریگەری دەبێت لەسەر پرۆسەی دروستکردنی بڕیار لە وڵاتانی دیکەدا. مەترسییەکە ئەوەیە کە رکابەرەکانی ئەمەریکا ئەو وڵاتە بە لاواز و شپرزە دەبینن و ھەنگاوھەڵدەگرن بۆ ئەوەی سوودی لێوەرگرن. ھەندێک مشتومڕی ئەوە دەکەن کە حاڵی حازر ئەمە روویداوە. چین لەئاست پرسی ھۆنگ کۆنگ، سنورە کێشەلەسەرەکانی لەگەڵ ھیندستان، و تایواندا رەفتار یان گووتاری توندی ھەبووە. روسیا روقایمانە دەستێوەردانی لە ئۆپەراسیۆنەکانی فرۆکە و کەشتییەکانی ئەمەریکادا کردووە. کۆریای باکوور بەردەوامە لەسەر بەرفراوانکردنی جبەخانەی مووشەک و چەکە ئەتۆمییەکانی، و ئێران بە رەوتێکی لەسەرخۆ بەڵام بەردەوام کۆتوبەندەکانی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ دەشکێنێت. بۆ ماوەیەک دەبێت ئەم ھەلپەرستییە بەردەوامە، ئەویش لەبەرچاوگرتنی پاشەکشەی ئەمەریکا لە پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی، شکستی ئیدارەی ئێستا لە دەربڕینی پشتیوانی بۆ ھاوپەیمانەکانی ئەمەریکا، و ئەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن واشنتۆن گفتوگۆ دەکات بۆ کشاندنەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان لە غیابی نەبوونی دۆخێک نزیک لە ئاشتیەوە. ھەر کاتێک رکابەرەکان بزانن رەوشەکە لەبارە بۆ پێشڕەویکردن ئەوا ھاوپەیمانەکانی ھەست بە نیگەرانی دەکەن، کە ھەندێکیان خۆیان داوەتە پاڵی دراوسێ بەھێزەکان و ئەوانی دیکە پرسەکەیان گرتۆتەدەستی خۆیان لە رێی کەڵەکەکردنی یان بەکارھێنانی ھێزی سەربازییەوە، ھەرچۆنێک بێت بەرژەوەندی و سەقامگیری ئەمەریکا زیانی پێدەگات.
کەواتە ئەمە ساتەوەختێکی مەترسیدارە. سێ دەیە دوای کۆتاییھاتنی شەڕی سارد بە شێوەیەک کە ھیچ گەشبینێک نەیدەتوانی ئومێدی بۆ بخوازێت، ئەوا ئێستا دۆخی جیھان بەرەو خراپی دەچێت، کارنامە ئەمنییە تەقلیدییەکان سەریانھەڵداوەتەوە، لە نێویاندا روسیا کە دەیەوێت دۆخی ھەنوکەیی بگۆڕێت، چین کە ھێزێکی ھەڵکشاوە و دەیەوێت جێ پێی خۆی تۆکمە بکات.

و ھێزە مامناوەندەکان کە توانایەکی زیاتریان ھەیە وەک ئێران و کۆریای باکوور، لەوەش زیاتر، ئەم نیگەرانییانە یەکدەگرنەوە لەگەڵ کارنامەی نوێی ئەمنیدا کە تیرۆریستان لە خۆدەگرێت کە توانای بڵاوبونەوەیان ھەیە بە جیھاندا، و گۆڕانی ژینگە و پەتاکان.
ئەمەریکا کە روبەڕوی ئەم کارنامە پرۆکێنەرە بۆتەوە وڵاتێکی لاواز و دابەشبوو و سەرقاڵە. بەڵام خۆ ھەڕەشەکان خۆیان جڵەوی خۆیان ناکەن یان لەناوناچن، ھەروەھا ئەمەریکا ناتوانێت خۆی لە دەرئەنجامە پێچەوانەکان لابدات ئەگەر بێتوو ھیچ کارێک ئەنجام نەدات. رەوتی مێژوو راناوەستێت: جیھان ناتوانێت چاوەڕێ بکات تاوەکو ئەمەریکا کاروبارەکانی خۆی رێکدەخاتەوە. بە پێچەوانەوە، پێویستییەکی بەپەلە ھەیە بۆ ئەوەی ئەمەریکا خۆی رێکبخاتەوە و لە پێناو بەرژەوەندی خۆی و جیھاندا رەگەزپەرستی لە ناوببات و ئابووری ببوژێنێتەوە و دابەشبوونە سیاسیەکەی چارەسەر بکات.






لە نووسینی ریچارد ھاس
لە سایتی فۆرن ئەفێرزدا بڵاوکراوەتەوە
Top