ھێشتا ئەمەریکا و عێراق پێویستیان بە یەکدی ھەیە
May 20, 2020
راپۆرتەکان
ئەوەی پەیوەست بێت بە ئەمەریکاوە، ئەوا چەند ھۆکارێکی گرنگ ھەن بۆ درێژەدان بە شەراکەتێکی نزیک. ئەمە تەواو روون بوو لە ساڵی ٢٠١٤دا، کاتێک سەرۆک ئۆباما-دوای کشاندنەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١١، ناچار بوو دووبارە رەوانەیان بکاتەوە بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش. ئەگەرنا شەپۆلێکی دیکەی پەنابەران رویان لە ئەوروپا و شوێنەکانی دیکە دەکرد، و سەنتەرە سەرەکییەکانی بەرھەمھێنانی نەوت لە نزیک کەنداوی فارس دووچاری ھەڕەشە و مەترسی دەبوونەوە.
داعش و گروپە تیرۆریستییەکانی دیکە وەک سەرچاوەی ھەڕەشە بەردەوامیان ھەیە، ئەگەرچی خاکیان لە عێراقدا بەدەستەوە نییە. ئەوان تاکتیکی نوێ دەگرنەبەر، ئۆپەراسیۆنی بچوک و زەبروەشاندن و ھەڵاتن بەکار دەھێنن کە سوودیان وەرگرتوە لەو بۆشاییە ئەمنییەی کە دروست بووە بەھۆی دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی سەرباز و پۆلیسەکان لە پێناو جێبەجێکردنی رێککارەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا. لە ئێستادا رۆڵی ھێزەکانی ئەمەریکا پتر پەیوەستە بە پشتیوانی سوپا و ھێزی پۆلیسی عێراقەوە لە رووی مەشقپێکردن و ھاوکاری تەکنیکیەوە نەک ئۆپەراسیۆنەکانی پەیوەست بە شەڕەوە.
درێژەدان بە پشتیوانی ئەمەریکا بۆ عێراق پێویستی بەوە ھەیە رێساکانی مامەڵەکردن لە نێوانیاندا روون بێت. پێویستە عێراق کاری زیاتر بکات بۆ پاراستنی بنکەکانی ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانی دیکەی لە وڵاتەکەدا. پێویستە ئەمەریکا بەکارھێنانی تاکلایەنانەی ھێزی سەربازی سنوردار بکات لە دژی ئەو لایەنانەی رەنگە ھێرشە بکەنەسەر ھێزەکانی. دەبێت ھەر کردارێکی تۆڵەسەندنەوە، چەند پاساویشی ھەبێت، بە راوێژکاری و رەزامەندی نێوان ھەردوو حکومەتەکە ئەنجام بدرێت. ھەروەھا حکومەتی عێراقی پێویستی بە ستراتیژیەتێک ھەیە بۆ لاوازکردن و نەھێشتنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران و میلیشیا تایبەتییەکانی دیکە. راستە ئەوان ھاوکار بوون لە تێکشکاندنی داعشدا، بەڵام لە ھەمان کاتدا مایەی ناسەقامگیرین. دەکرێت چەکدارەکانی یان ئەو یەکە بچوکانەی توانای شەڕکردنیان ھەیە ئاوێتەی ھێزە ئەمنییەکان بکرێت. پێویستە ئەوانەی دیکە قەرەبو بکرێنەوە و ھەلی کاریان بۆ بڕەخسێنرێت. توانای بەدەستھێنانی بەرەوپێشچوون لەم رووە ئاماژەیەکی گرنگ دەبێت لەبارەی ئەوەی ئایا سەرۆکی وەزیرانی نوێی عێراق دەتوانێت وڵاتەکە بە چەشنێک سەقامگیر بکاتەوە کە سەرۆک وەزیرەکانی پێش خۆی نەیانتوانی. ئەوەی پەیوەست بێت بە بواری ئابوورییەوە، ئەوا توڕەیی لە ئاست گەندەڵی و نەبوونی دەرفەت خۆپیشاندانی گەورەی بە دوای خۆیدا ھێنا لە ساڵی ٢٠١٩دا کە ھاوشێوەی خۆپیشاندانەکانی دەیەکانی پێشوو نەبوو. ئەمە پێش سەرھەڵدانی کۆڤید-١٩ و دابەزینی نرخی نەوت بوو.
دەربازبوون لەم قەیرانە کاتی دەوێت، ئەمە ئەگەر باسی دەیان ساڵی گەندەڵی و حوکمڕانی خراپ نەکەین لەلایەن نوخبە عێراقییەکانەوە. بەڵام کازمی دەتوانێت کات و پشتیوانی بەدەست بھێنێت، لە رێی قەناعەتپێکردنی پەرلەمانەوە بە تێپەڕاندنی یاسای دابەشکردنی داھاتی نەوت کە بە شێوەیەکی بەردەوام و یەکسان داھات بۆ تەواوی وڵاتەکە دەستەبەر دەکات و داھاتەکەش لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتوانی پارێزگاکان دابەش دەکرێت. ھەروەھا رێژەی بەرزی بێکاری کێشەیەکی گەورەیە، کە ھۆکاری سەرەکییە بۆ زۆرێک لە خۆپیشاندانەکانی عێراق. بە تایبەتکردنی موڵکەکانی دەوڵەت، ئەگەر بە شێوەیەکی گونجاو ئەنجام بدرێت ھاوکار و یارمەتیدەر دەبێت. زاڵبوونی دەوڵەت بەسەر ئابووریدا بەردەوام ئاستەنگ دروست دەکات لە بەردەم گەشەی ئابووری و دروستکردنی دەرفەتی کاردا.
ھەروەھا خۆپیشاندەران داوای ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی دەکەن، کە پێویستە حکومەت لە میانەی ساڵێکدا وادەی بۆ دیاری بکات. پێش ئەنجامدانی دەنگدانەکەش پێویستە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان و سیستمی کۆتای تایەفەگەری بگوڕێت بە کۆمسیۆنێکی ھەڵبژاردن کە بە زۆری پێکھاتبێت لە دادوەرە سەربەخۆکان. دەکرێت ئەمەریکا ھاوکاری تەکنیکی بۆ زۆرێک لەم گۆڕانکارییانە دەستەبەر بکات. بەڵام ھیچ یەکێکیان پێویستیان بە سەرچاوەی گەورە نابێت. دوای چەندین ساڵ لە ناکۆکی، ئەم دو وڵاتە پێویستیان بەیەکدی ھەیە. دەکرێت گۆڕانکاری لە دۆخەکەدا بکرێت و شەراکەتێکی بەرھەمدار دروست بکرێت. با ئومێدی ئەوە بکەین بەغدا و واشنتۆن ئەم ساتەوەختە لەدەست نەدەن.
*
لە نووسینی مایکڵ ئۆھانلۆن و سارا عەللاوی
لە سایتی برۆکینز ئینیستیتوشن بڵاوکراوەتەوە
گوڵان – وەرگێڕانی: ھێمن غنی