حکومەتی نوێی عێراق و ھەرێمی کوردستان

حکومەتی نوێی عێراق و ھەرێمی کوردستان
لە ٩ی ئایار، سەرۆک وەزیران مستەفا کازمی سەرکەوتو بوو لە بەدەستھێنانی متمانەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ١٥ وەزیر لە کۆی ٢٢ وەزیری کابینە نوێیەکەی، بەو شێوەیە وەزیرەکانی بازرگانی، نەوت، داد، رۆشنبیری، کشتوکاڵ، کۆچ و کۆچبەران و وەزیری دەرەوە ماوونەتەوە بۆ گەڕی دووەمی گفتوگۆکان لە نێوان پارتە سیاسیەکانی شیعە و سوننە و کورددا. ھەرچۆنێک بێت، بە پێچەوانەی حکومەتەکانی پێشوەوە، کە پۆستە بەتاڵەکانی کابینەکانیان بۆ چەندین مانگ درێژەی دەکێشا، ئەل کازمی بەڵێن دەدات لە سێیەم ھەفتەی مانگی ئایاردا- پێش پشوی جەژنی رەمەزان- ئەو پۆستە بەتاڵانە پڕ بکاتەوە.
حکومەتەکەی ئەل کازمی روبەڕوی تەحەدی گەورە بۆتەوە، لە نێویاندا دابەزینی نرخی نەوت و دەرئەنجام و دەرھاویشتە خراپە ئابورییەکەی، پەتای کۆڤید-١٩، لێکترازانی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق بەھۆی گەندەڵی بەربڵاو و بوونی میلیشیاکان کە وەلائیان بۆ ئەو دیو سنورەکانە. ئەمە سەرەڕای دۆخی خراپی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بێکاری بەربڵاو و زیادبوونی رێژەی ئەو کەسانەی لە خوار ھێڵی ھەژارییەوە دەژین. سەرباری کێشە گەورەکانی عێراق، ئەوا ئەم کابینە نوێیە دەرفەتی گەورەش لەبەردەمدایە بەھۆی یەکگرتنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی، ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکانەوە لە سەرکەوتنی حکومەتەکەی ئەل کازمیدا- ئەو کۆدەنگییەی کە بە دەگمەن بەدەست دەھات بۆ سەرۆک وەزیرەکانی پێش خۆی. لەوەش زیاتر، رای گشتی عێراق، ئەگەرچی ھێشتا بە گومانە، بەڵام ئاماژەی ئیجابی پیشانداوە بۆ متمانەکردن بە بڕیارەکانی ئەل کازمی.
یەکێک لە ئومێدبەخشترین دەرفەتە رەخساوەکان بۆ سەرۆک وەزیران بریتیە لە پشتیوانی توندوتۆڵی کوردە، کە رەنگە ببێتەھۆی گەیشتن بە رێککەوتنێکی درێژخایەن لە نێوان ھەولێر و بەغدا. ئاماژەی سەرەتایی ھەن کە قۆناغی پەیوەندییە دژوارەکان لە نێوان ھەردو حکومەتەکەدا کۆتاییان پێبھێنرێت، لە نێویاندا قبوڵکردنی کورد بە گۆڕینەوەی وەزیری دارای بۆ وەزیری دەرەوە، سەرەڕای ئەوەی ھێشتا کاندیدی کورد بۆ وەزیری دەرەوە دەستنیشان نەکراوە. لە بەرامبەردا ھێشتا سەرۆک وەزیران سوپاسالاری نوێی دانەناوە و چاوەڕوانی بڕیاری کوردە لەبارەی کاندیدەکەیەوە بۆ ئەو پۆستە.
بۆی ھەیە گرتنەدەستی پۆسی سەرۆک وەزیران لەلایەن ئەل کازمییەوە رۆژگارێکی نوێ بھێنێتەئاراوە لەبەر ئەوەی باوەڕی بەوە ھەیە کە فیدراڵیزم و لامەرکەزییەت سیاسەتێکی کارای حوکمڕانین کە سەروەری و یەکێتی دەوڵەتی عێراق دەستەبەر دەکەن. بۆی ھەیە ئەم تێڕوانینی و تێگەیشتنە بۆ دۆخی ھەرێم و پارێزگاکان خاڵێکی دەستپێکی بەھێز بێت بۆ گفتوگۆکانی داھاتووی نێوان ھەولێر و بەغدا. ئەوەی پەیوەندی بە سەرکردایەتی کوردەوە ھەبێت ئەوا بەم دواییە داواکاری و ھەوڵەکانیان لە سەر یەک پرسی سەرەکی چڕکردەوە: پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی.
ھەرچۆنێک بێت، ھێشتا چەندین کاراکتەری سیاسی عێراقی ھەن کە ئەجێندای پۆپۆلیستیان ھەیە، بە تایبەتی لایەنە توندڕەوەکانی وەک میلیشیاکان، کە دەیانەوێت حکومەت ھەڵوێستی روبەڕوبونەوە بگرێتەبەر. ئەمەش لە بڕیارەکەی سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوەدا روون بوو کە پەیوەست بوو بە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان و لە دوایین ھەفتەی دەسەڵاتەکەیدا ئەم کارەی کرد، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بە شێوەیەکی بەربڵاو بە دۆستی کورد دادەنرێت. ھەرچۆنێک بێت بەم زووانە پەیوەندی مێژویی نێوان سەرۆک وەزیران ئەل کازمی و سەرکردایەتی کورددا دەکەوێتە بەر ئەزمون و تاقیکردنەوەوە کاتێک لە مانگەکانی ئایارا و حوزەیراندا گفتوگۆکان دەست پێدەکەنەوە لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، کە دواتر گفتوگۆکانی پەیوەست بە بودجەی گشتی ٢٠٢٠ی بەدوادا دێت. لەسەر بنەمای دەرئەنجامەکانی ئەو گفتوگۆیانەش، ئەوا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ لە نێوان بەغدا و ھەولێر چوارچێوەیەکی روون گەڵاڵە دەبێت بۆ دانوستاندن لەبارەی کێشە درێژخایەنە ھەڵپەسێردراوەکانی وەک ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان، لە نێویاندا کەرکوک و یاسای نەوت و غاز.








لە نووسینی شەھلا ئەل کلی
لە سایتی میدڵ ئیست ئینستیتوت بڵاو کراوەتەوە
گوڵان – وەرگێڕانی: ھێمن غنی
Top