بۆچی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە چەشنی 11/9 ئاڵوگۆڕ بەسەر كاروبارە نێودەوڵەتییەكاندا ناهێنێت

بۆچی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە چەشنی 11/9 ئاڵوگۆڕ بەسەر كاروبارە نێودەوڵەتییەكاندا ناهێنێت
ئایا پێمان ناوەتە نێو رۆژگارێكی نوێیەوە لە پەیوەندیدا بە كاروبارە نێودەوڵەتییەكانەوە؟ ئایا مانگی ئازاری 2020- بە تایبەتی 11/3 ئەو رۆژەی ئەمەریكا دەستیكرد بە رێكخستنەوەی بونیادە ناوخۆییە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكەی بۆ خوگونجاندن لەگەڵ پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا- دەبێتە ساتەوەختی 11/9ی ئەم ئەسەردەمە؟
لە ماوەی مانگی رابردودا، چەندین ووتار نووسراون كە مشتومڕی ئەوە دەكەن قەیرانی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەموو شتێكی گۆڕیوە و ئەم تاعوونە نوێیە هێڵی جیاكەرەوەیە لە نێوان ئێستایەكی پڕ لە نادڵنیایی و رۆژگاری پێش خۆی كە بریتیە لە سەردەمی دوای 11/9. هەروەك دێرێك چۆڵێت و جەیمس گۆڵجیەر زاراوەی "9/11 بۆ 11/91" یان داتاشی بۆ وەسفكردنی رۆژگاری نێوان روخانی دیواری بەرلین ( كۆتایی شەڕی سارد) و ئەوەی جۆرج ویڵ ناویلێنا كۆتایی هاتنی ئەو پشوەی ئەمەریكا لە مێژوی وەرگرتبوو، ئایا ڤایرۆسی كۆرۆنا هەمان دابڕانی قووڵ دروست دەكات؟ بۆ نموونە، لە ئایندەدا، كاتێك دەستدەكەینەوە بە گەشتە ئاسمانییەكان، ئایا لە فرۆكەخانەكاندا پشكنینەكان كەمتر پەیوەست دەبن بە بوونی سێ ئۆنسە شلەمەنی و جێلەوە و پتر پەیوەست دەبن بەوەی ئایا دەمامكمان بەستووە و سكانەری جەستەش دەگۆڕێت بۆ پێوانەكردنی پلەی گەرمی لەشمان و دۆخی تەندروستیمان نەك ئەوەی ئایا چەكمان شاردۆتەوە؟
لە هەفتەكانی دوایی هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەردا، پرسیارەكە ئەوەبوو شەڕی دژی ئەل قاعیدە و تیرۆریزمی نێودەوڵەتی دەبێتە پرەنسیپی سەرەكی نوێ و رێكخەری سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا. هێرشە كتوپڕەكەی ئوسامە بن لادن و مەیلی بۆ دروستكردنی دوژمن بووەهۆی ئەوەی ئەمەریكا، هاوپەیمانانی ناتۆ و هاوبەشەكانی لە رۆژهەڵاتی ئاسیا، تەنانەت ئێران، روسیا و چین و هیندستان و سعودیەش هاوهەڵوێست بوو لە ئاست هەڕەشە و مەترسی ئەل قاعیدەدا. بەلای كەمەوە بۆ ئەو ساتەوەختە، بن لادن ململانێی نێوان هێزە مەزنەكانی خاوكردەوە.
لە باسكردنی پەیوەست بە پەتاكەوە، بیل گەیتس دەیتوانی لێدوانەكەی سەرۆك جۆرج دەبلیو بوش بەكار بهێنێتەوە و تەنها دەستەواژەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بخاتە جێی ووشەی تیرۆریزم. گەیتس باوەڕی وایە هەڕەشەی ئەم پەتایە سەردەم وڵاتان یەكدەخات لە پێناوی شەڕێكی هاوبەشدا و پێویستە ریشەكێشكردنی ئەم نەخۆشییە ببێتە ئامانجی سەرەكی سیاسەتی دەرەوەی هەر وڵاتێك. ئەگەر لە ماوەی چەند ساڵی كەمی رابردودا، شەڕی دژ بە تیرۆریزم كەمتر تیشكی لەسەر بوبێت و ئەگەر ئەمەریكای دوای 11/9 كەمتر روبەڕوی ئەو مەترسییانە بوبێتەوە كە لە دەوڵەتە لاوازەكانەوە سەرچاوەیان گرتووە و ململانێی نێوان هێزە گەورەكان جێی گرتبنەوە، ئایا ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبێتەهۆی ئەوەی وڵاتان دەستەبەرداری سیاسەتی هێز بن و زیاتر تەركیز لەسەر تەندروستی و ئاسایشی مرۆڤەكان بكەنەوە؟
بە هەڵەدا مەچن، ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەری خۆی هەیە. ئەوەتا پەیوەندی نێوان هاوپەیمانەكانی خستۆتە ژێر تاقیكردنەوەوە و درز و كەلێنی لە جیهانگەراییدا دروست كردووە. و تەحەدی بۆ ئەوە بۆچونەش دروست كردووە كە دەڵێت پێویستە بە راددەیەكی گەورە پشت بە بازاڕێكی جیهانی مەزن ببەستین بۆ دەستەبەركردنی كاڵا و خزمەتگوزارییەكانی پێویست بۆ ئاسایش و خۆشگوزەرانی. بەڵام هێشتا ئێمە بە چەشنی 11/9 دووچاری شۆك نەبووین كە ناچار بە هەڵوەستەكردنمان بكات. ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبۆتەەۆی ئەوەی كۆریای باكور دەست لە كارە ئیستفزاییەكانی لە ناوچەی لە چەكداماڵراو هەڵگرێت یان تاقیكردنەوەی موشەكەكان رابگرێت، هەروەها ئێرانی ناچار نەكردووە دەست لە پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی هەڵبگرێت و نەبۆتەهۆی ئەوەی روسیاش كریمیا چۆڵ بكات. ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبۆتە پرەنسیپی سەرەكی و رێكخەری سیاسەتی دەرەوە بەڵكو تەنها یەكێكە لەو فاكتەرانەی كە پێویست وڵاتان مامەڵەی لەگەڵدا بكەن كاتێك سیاسەتی دەرەكی دادەرژێن. هەروەها وڵاتانیش بە شێوەیەكی یەكسان لە زیانەكانی پەتاكە ناڕوانن. لەبری ئەوە ئەوەی بەدیكراوە تێكەڵێكە لە هاوكاری و روبەڕوبونەوە، ئەویش لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی هەر هێزێك بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆی. چین و روسیا دودڵ نابن لە سوودوەرگرتن لە هەر كەلێنێك كە لە ناكۆكی پەیوەست بە كۆرۆناوە دروستی كردبێت لە پەیوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی، هەروەها ئەمەریكاش دووچاری نائومێدی نابێت ئەگەر تەحەدییەكانی پەیوەست بە خۆگونجاندن لەگەڵ پەتاكەدا بارگرژی جیددی دروست بكات بۆ شی جینگ پینگ یان ڤلادمیر پوتین لە پەیوەندیدا بە حوكمڕانییە ناوخۆییەكەیانەوە. چین كاری لەسەر ئەوە كردووە ئەوروپا هانبدات بۆ خۆبەدورگرتن لە ئەمەریكا، لە كاتێكدا ئەمەریكا ئومێدی ئەوە دەكات دۆخی دوای پەتاكە ببێتەهۆی بەهێزكردنی بانگەشەكانی لێكدورخستنەوەی رۆژئاوا لە چین.
لەبەر ئەوە من بە گومانم لەوەی ئێمە لە سەر لێواری ئاڵوگۆڕێكی گەورەبین لە كاروبارە نێودەوڵەتییەكاندا. ڤایرۆسی گۆرۆنا ئەو رووداوە گەورەیەبوو كە بۆ چەندین ساڵ بوو پێشبینی ئەوەمان كردبوو كە بۆی هەیە لەسەر ئاستی جیهان نەخۆشییەكی بەربڵاوی گوازراوە رووبدات، ئەگەرچی بە دیاریكراوی هۆكار و كاتەكەی نەزانرابوو. ئەگەر ئێمە لە رۆژگارێكی نوێی كاروبارە جیهانییەكاندا بین، و ئەگەر ئێمە چیتر لە جیهانی دوای 11/9دا نەبین، ئەوا ئاڵوگۆڕەكە بە رەوتێكی لەسەرخۆ رودەدات. ئەم پەتایە كۆتایی بە ململانێی نێو سیستمە جیهانییە پڕ لە پشێوییەكە ناهێنێت- بەڵكو تەنها دەبێتە فاكتەرێكی دیكە.







لە نووسینی نیكۆڵاس گڤۆسدێڤ
لە سایتی ناشناڵ ئنترێست بڵاوكراوەتەوە
گوڵان – وەرگێڕانی: هێمن غنی
Top