ھۆکارە ئابوریە شاراوەکانی سایکس-پیکۆ پاش تێپەربوونی ١٠٠ سال

ھۆکارە ئابوریە شاراوەکانی سایکس-پیکۆ پاش تێپەربوونی ١٠٠ سال
بە پێچەوانەی ئەو شیکارانەی ھەن کە گوایە بەریتانیا لە بەر نەگونجانی لە گەل کوردەکان یان لەبەر نەوتی کەرکوک کوردستانی دابەشکردووە، ئەو لێکۆلینەوەیە ھەولدەدات کە خواستی ئابوری ئەو پەیماننامەیە و سیاسەتی ھاوتەریب و ھاوکاتی لە ئێران بۆ نیشتەجێکردنی عەشاییر و ئیسلاحاتی (چاکسازی) ئەرزی شیبکاتەوە.
پەیماننامەی سایکس-پیکۆ نە تەنھا خاکی کوردستانی لە نێوان چوار ولات دابەشکرد بەلکو ھیوا بۆ دروستکردنی مۆدێلێکی حەقیقی لە حکومەت لە سەر ئەساسی میکانیزمی سروشتی ئابوری بەرھەمھێنان/دیمۆکراتیک و وەکو بەدیلێک بۆ حکومەتە دیکتاتوری و ناوەندێتی دەسەلات لە گەل ئابوری دستوری مەنتیقە تووشی نائۆمێدی کرد.
لەو مەقالەیەدا نووسەر ھەولدەدات پێشان بدات کە سایکس-پیکۆ پەیمانێک بوو بۆ مەبەستەکانی ئابوری:پاراستنی بازاری ھندوستان، نەوتی خوزستان، رێگریکردن لە ئەلمانیا و روسیا بۆ گەیشتن بە ماددەی خاوی کوردستان و زاگرۆس، تاک بەرھەم کردنی ئێران و رێگریکردنی کوردستان لە بوونی بە ئابوریەکی بەرھەمھێنی چالاک بوو.

ئەیالەت و ویلایەت
لە سالانی کۆتایی سەفەویەکان، ھەیکەلیەتی سیاسی فەلاتی ئێران لە ئیلات و ویلایات پێکدەھات. مەملەکەتی ئێران خاوەنی حکومەتی مەرکەزی (تەھران)، و چوار ئەیالەتی (ئازەربایجان)، (کەرمان و بەلوچستان)، (فارس) و (خوراسان)، و پێنج ویلایەت بە شێوەی تحت الحمایە (protectorates) بووە کە بە ویلایاتی حاکم نشین باسکراوە، (عەرەبستان- خوزستانی ئێستا)، (گۆرجستان)، (لۆرستان)، (کوردستان) و (بەختیاری- ویلایاتی پێنجی) کە ھەموو ئەو مەمالیکانە (ئەیالات و ویلایات) ی ئێران ناودەنران.
ئەو ویلایاتانە بە پێچەوانەی ئێرانی مەرکەزی و ئەیالات، حکومەتی کۆنفیدراسیۆنی ئیلیان ھەبوو. ھەر ئیلێک خانێکی ھەبوو کە پێی دەوترا ئیلخان/حاکم. ھەر ئیلێک بە شێوەی مێژوویی لە سەر یەک یا دوو جوگرافیای دیاریکراودا ژیانێکی ئابوری خۆسەرانەیان ھەبوو. لەو ئیلە گرنگانەی کە لە ئێران حکومەتیان دروستکرد بریتی بوون لە ئیلەکانی (ئەفشار)، (زەند)، (کەلھور).
ھەیکەلیەتی کۆمەلایەتی زاگرۆس و کوردستان
ئیل یەکەیەکی سیاسی و کۆمەلایەتیە کە لە یەکگرتنی چەند تایفە لە گەل فەرھەنگ، ئاداب و تەقالید، زمان و مێژووی ھاوبەش پێکدێت و ھەبوونی خاک و بەرژەوەندی ھاوبەش، دابەشکردنی یەکسان لە خاک بۆ کشتوکال و بەخێوکردنی مەرومالات، ھەبوونی یەکگرتوویی لە بەرامبەر کۆمەلگا دراوسێیەکان و پاراستن و ھەبوونی ھێز لە نێوان ئەو چەند تایفەیە بۆتە ھۆی دروستبوون و جێگیربونی ئیل.

بنەمالە، تیرە/ھۆز، تایفە/بەرە و عەشیرەت/کومار/ئیل، بە شێوەی زنجیرەیی ھەیکەلیەتی کۆمەلایەتی کوردستانیان دروستکردووە. چەند خانەوادە یان بنەمالە دەبنە یەک تیرە، چەند تیرە دەبنە تایفە و چەند تایفە دەبنە عەشیرەت یان ئیل. ھەر تیرەیەک سنورێکی تایبەتی ھەبوو و ھەر عەشیرەو ئیلێک خاکێکی دیاریکراوی خۆیان ھەبووە، ھەر ئیلێک لە گەل پێکھاتەکانی خاکێکی ھاوبەش و ئابوریەکی ئیشتراکیان ھەبوو. سەرۆکی ھەر یەکەیەکی کۆمەلایەتی بەرپرس بووە لە دابەشکردنی زەوی و ھاوکاری ئابوری لە سنووری خۆی.
ھەموو ئەو پێکھاتە مرۆیی و کۆمەلایەتیانە بە شێوەیەکی خۆرسک لە ئاستی خوارەوە بۆ سەرەوە و بە پەیمان لە نێوانیان دروست بوون و ئەگەر سەرۆکی عەشیرەیەک یان تیرەیەک گونجاو نەبوو، ئالوگۆری دروست دەبوو لە نیوانیان بە چوونی کۆمەلێک بۆ ناو یەکەیەکی کۆمەلایەتی تر. زۆربەی عەشایر پێش ئەوەی کە بە شێوەیەکی زۆرەملێ نیشتەجێ بکرێن دەیانتوانی ئابوریەکی سەربەخۆ و کارا و بەرھەمھێنیان ھەبێت. بە نسبەت کوردستان بە گوێرەی زۆری ژمارەی دانیشتوان و ژمارەی ئیلات و فرە جۆری بەرھەمە ئاژەلیەکان، ئاژەلداری، بە شێوەیەک ویلایەتی کوردستان وەکو ولاتێکی سەربەخۆ، ئابوریەکی پشت بەستوو بە ئاژەلداری خۆبژێن لە گەل ناردنەدەرەوە و گومرگی ھەبووە.
کوردەکان بە ھۆکاری مێژوویی و ھەیکەلیەتی دیکتاتوری ولاتانی جیران لە رووی ئابوریەوە زۆرتر کاری ئاژەلداری و بەخێو کردنی مەرومالاتیان ھەبووە.
ئابوری کوردستان (موکریان، ئەردەلان، کرماشان و بەشێک لە لەکسان) لە سەدەی نۆزدەیەم بەدواوە
ئەگەر ھەر ئابوریەکی دابەش بکەینە سەر چوار بەشی کشتوکال، ئاژەلداری، پیشەسازی و خزمەتگوزاری،کشتوکال و ئاژەلداری دەبێ وەکو ژێرخانێک بن بۆ کەرتی پیشەسازی و کەرتی خزمەتگوزاری بۆ بەرھەم ھێنانی فراوان بەلام ئەمە بەدی نەدەکرا.

لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەیەم زۆربەی بنەمالە و تایفەکانی زاگرۆس پیشەی سەرەکیان ئاژەلداری بوو بە ھۆی نەبونی ئەمنیەتی رێگاکان و فەساد و دیکتاتوریەتی حکومەتەکان، ھەروەھا لە بەر ئاسانی لە گواستنەوەی مال و ھۆکاری بەرھەمھێنان (مەرومالات و حەیوانات). بۆیە کوردەکان لە دێرزەمانەوە وەکو ئاژەلدار مانەوە و پسپۆری تەواویان وەرگرت لەو بوارەدا. لە جیھانی ئێستاشدا ھیچ ولاتێک ھەول نادات کە ھەموو جۆرە بەرھەمێک دروست بکات یاخود پسپۆری لە ھەموو جۆرە بەرھەمێک ھەبێت بەلکو تواناکان و سەرچاوەکان بە شێوەی دابەشکردنی کارە لە سەر ئاستی جیھان.
ئابوری ئێران ھێزی بەرھەمھێنانی خۆی بۆ ھەبوونی کشتوکالێکی فراوان لە باکور و باشور لە بەر بێ ئاوی، ئیمتیازاتی دەرەکی و ستەم لە دەست دا. بەلام زاگرۆس لە گەل ئەو دوو بەشە زۆر جیاواز بوو. زاگرۆس لەبەر ھەبونی بەرزاییەکان و دانیشتوانی بە مێژووی ھەزار سالی، شێواز و ھەیکەلیەتێکی تایبەتی ھەبوو لە رووی کشتوکالیەوە کە تا ئێستاش ھێزەکەی ھەست پێدەکرێت. داتا و زانیاری ئەو نووسراوە پەیوەستە بە زاگرۆسی رۆژھەلات و بەشە کوردنشینەکانی ئورمیە، مھاباد، سەنەندەج و کرماشان (موکریان، ئەردەلان، کرماشان و بەشێک لە لەکسان).
ئابوری زاگرۆسیەکان لە سەر ئەساسی ئاژەلداری و بەخێوکردنی مەرومالات بنیات نرابوو و زاگرۆسیەکان لە بەر کۆچبەری خۆیان لە دەستی حکومەتە زۆردارەکان یاخود زۆرداری مێژوییی رزگارکردبوو. کوردەکان و خەلکی ئیلی تری ئێران بۆ خۆپاراستنیان لە ھێزەکانی دەولەت و خۆ بەدورگرتن لە جێگیربوون لە شوێنێک توانیان لە زۆرداری مێژوویی دووربن. و لە ھەمان کاتدا توانیان بەرێوەبردنێکی باشی کشتوکال و ئاژەلداری خۆیان بکەن. لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم و دەستپێکی سەدەی بیستەم، زاگرۆسی رۆژھەلات گەورەترین کۆگای دانەوێلە و ناوەندی ئالیکی ئاژەلی رۆژھەلاتی ناوەراست بوو. راپۆرتەکانی کونسولگەریەکانی روسیا،بەریتانیا و دواتریش ئەلمانیا ئاماری بەرچاویان لە سەر توانای کشتوکالی و بەتایبەت ئاژەلداری پێشکەش دەکرد.
راوێژکارە ئەلمانیەکان کە لە کوردستان بوون لە سالی ١٨٩٨ باسیان کرد کە میزوپۆتامیا و کوردستان نە تەنیا خاوەنی سەروەتێکی گەورەی ژێرزەوی بەلکو خاوەن سەروەتێکی بەھێزی کشتوکالیە و دەتوانێت ببێت بە یەکێک لە سەرزەمینە سەرەکیەکانی چاندنی پەموو لە جیھاندا. زەوی میزوپۆتامیا پێکدێت لە رێژەیەکی زۆری فۆسفۆر، پۆتاس و نیترۆژێنی پێویستە. باوەریان وایە کە پەمووی میزوپۆتامیا دەتوانێت رکابەرێتی بەرھەمی میسر بکات و ھەروەھا باشتر لە بەرھەمی ئەمریکی لە ھەر ھێکتارێک بەرھەمی زیاتری ھەبێت.

نووسەرێک لە مەجەلەی نەمسایی Vienna Zeit لە ٣١/٠٨/١٩٠١ پێشبێنی ئەوەی کردووە کە بە زوویی کاریگەری ئابوری سیستەمی نوێی ئاودانی بەروبوم کە بە ھۆی رێگای ئاسنی بەغدا دروستبوو، دەیسەلمێنێ کە ئاناتۆلی، باکوری سوریا، کوردستان، بین النھرین، و عێراق ھەمووی بەیەکەوە دەتوانن بە لایەنی کەم بە ئەندازەی روسیا ھەناردەی دانەوێلەیان ھەبێت و بە دلنیاییەوە (بین النھرین)ی باکور دەبێتە یەکێک لە کۆگا گەورەکانی دانەوێلەی جیھان. روسیا ترسی ھەبووە لە دروستبوونی رکابەرێکی جدی بۆ بەرھەمی دانەوێلەی خۆی.
کوردستان ناوەندی بازرگانی و شوێنی تێپەربوونی کالا و کاروانسەرای بین النھرین بوو. لە بەر ئەوەی بازار و چالاکی ئابوریەکەی بە پسپۆری بووە بە شێوەی پیشەسازیەکی دیاریکراو لە گەل چەند بازاری سەرەکی، مھاباد، کرماشان و کەرکوک بوو. دیاربەکریش رۆلێکی گرنگی ھەبووە لە بەیەکەوە گرێدانی ئازەربایجان و کوردستان و رۆژھەلاتی ناوەراست و ئەوروپا. لەوکاتە دیاربەکر نازناوی ئیستانبولی دووەمی ھەبووە و بازرگانانی کوردستان لەبەر بارۆدۆخی باشی بازرگانی، باجیان لە پێش کاتی خۆی دەدا.

بەرھەمی کشتوکالی ئێران تەنھا بەشی بەکارھێنانی ناوخۆ بوو. لە بنەمادا کشتوکال لە سیستەمی زۆرداری دا نەدەتوانرا پێشبکەوێت. لە بەرئەوە تەنھا ھیوا بۆ ئاژەلداری ھەبوو.
دوای پرۆژەی نیشتەجێ کردنی عەشاییر، دەولەتی تەھران خۆی پارێزگارو حاکمی ویلایەتی دیاری دەکرد و قەبولی نەدەکرد کە ویلایەت خۆی بۆ خۆی نوێنەر ھەلبژێرێت. حاکمی ویلایەت ھەلبژێردراو لە لایەن مەرکەزەوە بوو بەلام راستی ئابوری بە دەستی کەسێکی ترەوە بوو. پاش سالی ١٩٥٠، عەشیرەتەکانی وەک کەلھور، جاف، جوانرۆ، تیلکو، سنجابی، چیتر خاوەنی زەویەکانیان نەبوون بە شێوەی ئیشتراکی و دەبوایە خاوەندارێتیەکەی بە گوێرەی یاسا بگەرێتەوە بۆ دائیرەی سەبتی ئەسناد (یاسای سەبتی ئەسناد و ئەملاک لە ماوەی دووسال لە سالی ١٩٢٧/١٣٠٦). ئابوری گەشاوە، گەشەکردوو، جەختکراو لە سەر بازار و پشت بەستوو بە ئاژەلداری و بەخێوکردنی مەرومالات لە زاگرۆسی رۆژھەلات، کە نمونەیەک بوو لە سەرمایەداری بەرھەمھێن و لە راستیدا لە سەر ھەمان رێرەو بوو کە ئابوریە سەرمایەداریەکانی تری دونیا لەسەری دەرۆیشتن کە بە واستەی حکومەتی ناوەندی و بە بەرنامەی بەریتانیا خنکێنرا و لەناو برا.
بەداخەوە لەگەل نیشتەجێکردنی عەشاییر (چەک کردنیان) و ھەندێ گۆرانکاری ئەرزی بە شێوەی پراکتیکی ئابوری چالاک و گەشەکردوو، ھەناردەو سوودی زۆری ئاژەلداری لەناو چوو. ئێرانی ناوەندی لە گەل پرۆژەی نیشتەجێ کردنی عەشاییر و ناچارکردنیان بە دانی باج بە قران (یەکەی پارەی ئەو سەردەمە) لە ناوخۆ و بەریتانیا لە گەل جێ بە جێ کردنی سایکس-پیکۆ لە سەر ئاستی جیھانی بە شێوەی عەمەلی کوردستانی لە رووی سیاسی و ئابوری تەجزیە کرد. بە گوێرەی نوسینەکانی (مددوف) مێژووناسی روسی، لە سالی ١٩٣٤ بە پراکتیک سیستەمی خاوەندارێتی ئیشتیراکی ئەیالات و عەشایری زاگرۆس گەیشتبووە کۆتایی خۆی.

کوتال و تەنباکو
تا پێش سەدەی بیستەم کەرەستەی خاوی ھەناردەکاری ئێران بریتی بوو لە خۆری، پەموو، پێست، ئاوریشم و مەرومالات. لە سالی ١٨٥٠ خۆری و قوماش و ئاوریشم٨٢% بەھای ھەناردەکاری ئێرانی پێکدەھێنا، لە کاتێکدا پەنجا سال دواتر لە سالی ١٩١١ تەنھا ٢٥% ھەناردەی ئێران لە بەشی ئاژەلداری بوو. لەگەل جێ بە جێ کردنی سایکس-پیکۆ ئەو ٢٥% ھێشتان دابەزی.
بۆ ماوەیەکی دورودرێژ تەنباکو و توتنی کوردستان بیست و پێنج لەسەدای توتنی ھەناردەکراوی ئێرانی پێک دەھێنا. لە سەنەندەج و مەریوان سالانە ھەشت ھەزار پوت (٨ تەن) تەنباکو بۆ سلێمانی ھەناردەکراوە. ئێران سالانە ٥٠٠ ھەزار روبل توتنی ھەناردەی روسیا دەکرد. کومپانیای رژی لە ئێران تەواوی بازاری ھەناردەی تەنباکوی لە دەست بوو و ھەروەھا لە عوسمانی تەواوی بازاری دابەشکردنی تەنباکوی کوردستان/عۆسمانی لە سالی ١٨٨٤ بەدەست ھێنا. ئەو کۆمپانیایە بە چاودێری و پاراستن مۆلەتی بەرھەمھێنانی نەدەدا بە کارگە بچوکەکان تاکو بتوانێ بازاری تەواوی ئەوروپا لە دەست خۆی بھێلێتەوە.
لە سالی ١٨٧٠ گەرم بونی بازاری تلیاکی مھاباد وای کردبوو کە تەنانەت عەرەبەکانی بازرگان لە مھاباد ببن بە خاوەنی سەروەتێکی زۆر. لە دەیەی کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم، تلیاک بەتەنیا ٢٦% ھەموو بەھای ھەناردەی ئێرانی تایبەت کردبوو بە خۆی، ئەو تلیاکە لە لایەن بەریتانیەکان دەکردرا و دواتر ھەناردەی ھند (کۆمپانی ھندی رۆژئاوا) و پاشانیش چین دەکرا. واتە جوتیار لە چاندنی تلیاک ھیچ سودێکی نەبوو. ئێستاش سەیر نییە کە ئەفغانستان گەورەترین بەرھەمھێنەر و ئێران گەورەترین بەکاربەری تلیاکە لە جیھاندا.

بۆ ھەر ھەناردەیەک، کوردستان یان پارەی وەرئەگرت یان کالا، بۆیە ھاوردەی کالاش زۆر بووە. لە نێوان سالانی ١٨٠٠ تاکو ١٨٥٠ زۆرترین ھەناردەی بەرھەمی رستن و چنینی بەغدا لە سەدەی نۆزدەیەم بۆ کوردستان بوو (گەلاوێژ). دوازدە ھەزار جیھازی رستن و چنین لە گۆمرگ تەسجیل کراوە کە ھاتووە بۆ کوردستان. لە سەرەتا کوردستان ھەستانێکی بەرچاوی ھەبوو بۆ چونە ناو پیشەسازی دروستکردنی قوماش و کوتال کە ئەو رێژە زۆرەی جیھازی رستن و چنین ھاوردەکراوە، کە لەو کاتەدا لە شاری یەزد تەنھا ٣٠٠ جیھازی بەرگدروین کاری دەکرد. بە تێبنی ئەوەی کە عوسمانی خاکێکی یەکپارچە بوو، ئەلمانیا بە رێگای ئاسنینی بەرلین-بەغداد و گەیشتن بە خۆری، چەرم، پێست و پەموی کوردستان، دەتوانی پیشەسازی رستن و چنینی بەریتانیا تووشی شکست بکات.
بازاری خۆری مەری کوردستان (زاگرۆسی رۆژھەلات و میزۆپۆتامیای باکور) ئامادەی دابینکردنی کەرەستەی خاوی پیشەسازی رستن و چنینی ئەلمانیا بوو بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندی سەرەکی دابینکردنی کەرەستەی پیشەسازی رستن و چنینی ئەو ولاتە.
بەخێوکردنی بەرھەمی گۆشتی ئاژەلی
لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەیەم ھەریەکە لە ئەستەنبول و دیمەشق و ئێران بەرھەمی گۆشتی ئاژەلی خۆیان لە کوردستان و زاگرۆسی رۆژھەلات دابین دەکرد. بە گوێرەی ئاماری (گەلاوێژ، کتابی سێنت پیتێرزبورگ لاپەرەی ٢٤) لە سالی ١٩٥٦، شاری ئەستەنبول یەک ونیو ملیۆن سەر مەری لە کوردستان وەرگرتووە، ئەوە ئاماری ژمارەی وەرگیراوە لە ئەستەنبول بە بێ ئەژمارکردنی ئەو ژمارەیەی کە لە رێگادا لەناو دەچوون. پەیوەندی لە نێوان بەشەکانی کوردستان بە ھۆی ئابوری ھاوبەش دینامیکی و حەیاتی بوو.
دەشتی شارەزور (لە کوردستانی عێراقی ئێستا) لەوەرگای کاتی ئیلی جاف (کرماشان) بوو و پێویستی مەرومالاتی کوردستانی دابین دەکرد. ھندیەکان بۆ کرینی بەنگ (شاھدانە/ حەشیش) دەھاتنە شاری بانە. معتمد الدولە دەلێ لە سالی ١٩٢٤ ئاژەلداری پسپۆری تایبەتی زاگرۆسیان بوو و ئامارەکان خۆیان راستی زیندووبوون و چالاکی ئابوری کوردستان دوپات دەکەنەوە.
لە سالێدا لە مەرزی خانەقین ئامارەکان سێ ھەزارو چوارسەد نەفەر و شەست وچوار ھەزار ئەسپی بارھەلگر لە گەل بار و پەنجا و سێ ھەزار زیارەتکەرو حاجی، بیست و پێنج ھەزار ئەسپ، سەدو بیست سەر حۆشتر و سێ ھەزار تابوت تەسجیل کراوە.
لە وەسفی گەشەی ئابوری کوردستان مۆرگان شوستر لە سالی ١٨٨٩ بەھای بازرگانی و ھەناردەی کرماشانی بەو شێوەیە وەسف دەکات: چوارھەزار لیرەی تورکی خۆری، سی ھەزار لیرە بزن، دوو ھەزار لیرە خۆری و رۆنی دانەوێلە، کشمیر و توتن ھەناردەکراوە. گۆمرگی کرماشان سالانە رەسیدی موجەبی ٢٠٠ تاکو ٥٠٠ ھەزار پۆندی ھەبووە، لە کاتێکدا گومرگەکانی باکورو باشور (بوشەھر و بەندەر عەباس) دەروازەی ھاوردەکردنی لەرادەبەدەری کالای بیانی بوون و ھەمیشە رەسیدی سالبیان ھەبووە.
کوردستان بازارێکی گرنگیش بوو بۆ حکومەتی تزاری (ئێمپراتوری روسیا) لە ١٩٠٦. لە کتابێکدا لە بارەی بارۆدۆخی مھاباد باسکراوە کە سابلاغ یەکێکە لە ناوەندەکانی ھاوەردەکاری روسیا (ھۆکاری پشتگیری دواتری روسەکان لە کۆماری مھاباد دەتوانرێ ئابوری بێت). روسیا پێشنیاری کردبوو کە لە چەند مانگێک لە سالدا لە روبارەکانی ئەو مەنتیقەیە گواستنەوە و راوە ماسی کارا بکرێت و کەشتیوانی بنیاد بنێن. ئەلمانیا و روسیا لە سەر ئەو بازارە و کەرەستەی خاوی رکابەریان ھەبوو. عەلی جان نراقی و شیخ السلام لە مھاباد ھەزار پوت (١٦ تەن) خۆری لە عەشیرەتەکان و ئیلاتی موکریان دەکری و دەیانناردە روسیا.
غەفور مھابادی بازرگانێک بوو کە لە سالێکدا ٢٥ ھەزار روبلی روسی پێستی ھەناردە کردووە. ھەناردەی توتنی مھاباد بۆ شارەکانی تری ئێران ١٦٠٠ تەن، بەرامبەر بە سێسەد ھەزار تۆمەن بووە. ھەناردەی خۆشکبار (بەروبوومە ووشککراوەکان) لە سالی ١٩١٤ بۆ روسیا لە شاری مەراغە ٦٠٠٠ تەن و روون و پەنیر ٧٠ تەن بوو کە بە بەھای ئێستا دەکاتە پانزدە ملیۆن دۆلار بۆ روسیا و حەفت ملیۆن دۆلار بۆ شوێنەکانی تری ئێران. کەریم خان مەنگوری لە لایەن کۆمپانیای مونایسرزی روسی، پێش ئەوەی پەمۆ لێبکرێتەوە ئەو بەرھەمەکەی دەیکری.
مھاباد و کرماشان تارادەیەک گرنگ بوون کە ولاتانی بیانی کۆنسولگەریان ھەبوو تیایدا. لە کرماشان کۆنسولی عۆسمانی و روسیا و بەریتانیا ئۆفیسیان ھەبوو. فەرمانرەوا وەک حاکمی ویلایەتی کرماشان بە ھۆی بازرگانی خاوەنی قورسایی سیاسی بوو.
تاجری بەناوبانگی کرماشان حاجی تەقی ئیروانی کە لە ئەسلدا روسی بوو لە سالی ١٩١٢ بری دوو ھەزار روبل پێستی مەر لە سەنەندەج و ھەمەدان بۆ پێشانگای روسی بردبوو، بازرگانی سابلاغ تارادەیەک بوو کە لە سالەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدە تەنیا بۆ روسیا دووسەد ھەزار تۆمان ھەناردە و بە ھەمان بریش ھاوردەی ھەبووە. ئەو ئامارە جیا بووە لە ئالۆگۆری نێوان ئێران و روسیا.
لە نێوان سالانی ١٨٠٠ تاکو ١٩١٤ رێژەی بازرگانی ئێران لە گومرگەکانی باکور و باشور ھەمیشە سالب بووە. واتە روسیا و بەریتانیا ھەمیشە بۆ ئێران زیاتر ھەناردەیان ھەبووە تا ھاوردە. ئێران لە سێ بەشی گۆمرگی خۆی، باکور، باشور و رۆژھەلات، تەنھا لە گۆمرگی رۆژھەلات رەسیدی موجەبی ھەبووە واتا ھەناردەی زیاتر بووە لە ھاوردە.
گۆمرگەکانی باکور و باشور وەکو حەوشەی پشتەوەی روسیا و بەریتانیا بوون کە کالای دروستکراوی خۆیانی ھەناردەی ئێران دەکرد. تەنھا گۆمرگەکانی رۆژھەلات (مھاباد، سەنەندەج، کرماشان و قەسرشیرین) وەکو گۆمرگێکی ئابوری بە شێوەی سەربەخۆ کالای خۆمالی ھەناردە و کالای پێویستیشیان ھاوردە دەکرد.
بەھای ھەناردەی یەک سالی مھاباد بۆ روسیا یەک ملیۆن و پێنجسەد ھەزار تومان بووە و کرماشان سێ ھێندەی ئەو بووە بە شێوەیەک کە لە سالی ١٩١٣ بەھای تەواوی ھەناردەکاری ئێران ١٥.٩ ملیۆن تۆمان بووە، گومرگەکانی زاگرۆس بەگشتی ٤.٩ ملیۆن تۆمان (کرماشان، سەنەندەج، مھاباد و قەسرشیرین) ٣١% ھەناردەی ئێرانیان ئەنجامداوە. (بە لابردنی ئاوریشم لە ھەناردە کە تووشی ئافەت ببوو، ئەوا ٣٤% ھەموو ھەناردەی ئێران لە کوردستان بووە).
بەھای ھەناردەی چوار گۆمرگی کوردستان ( بە بێ کالای مەعدەنی و نەوتی) ٩٥٠ ھەزار پۆند بووە لە سالی ١٩١٣.
بە حیسابکردنی بەھای ئێستای پۆند/دۆلار، بەرامبەر ١٤٣ ملیۆن دۆلاری سالی ٢٠١٦ ەیە بە بێ ئەژمارکردنی داھاتی مەعدەنەکان، نەوت و گاز و باج کە لە کوردستان بەدەست دەھات.

پێشنەکەوتنی جادە و رێگاوبانەکان
چەندین رێگای سەرەکی بازرگانی لە خاکی کوردستان تێپەردەبوو. رێگای یەکەم لە سیواس-مارش-ماردین-نوسەیبین-ھەولێر-سەردەشت-مھاباد-تەورێز و رێگای دووەم لە حەلەب-مسکینە-فەلوجە-بەغدا-بەعقوبە-خانەقین-کرماشان-ھەمەدان و رێگای سێیەم لە ئەرزەروم بۆ ئامەد و بازرگان-تەورێز-تەھران تێدەپەری. مھاباد و کرماشان دوو ناوەندی سەرەکی بازرگانی بوون و مھاباد لە گەل بورسا، ھەمەدان و موسل بە شێوەی راستەوخۆ بازرگانی ھەبووە.
پاش جەنگی جیھانی لە سالی ١٩٢٠ دوازدە ملیۆن و ھەفت سەد ھەزار تۆمان ھاوردە ھەبووە بۆ کرماشان. سی لەسەدای بازرگانی دەرەکی ئێران لە کرماشان بووە. نەبوونی ئەمنیەت و جادەو رێگاوبانی گونجاو لە نێوان ناوەندەکان و بازارەکان زۆر کێشەی دروستکردبوو.
یەکێک لە ھۆیەکانی پاشکەوتوویی کوردستان موداخەلەی حکومەتی ئێران بە زەرەری کوردستان و بە قازانجی بازرگانانی تری ئێرانی ناوەندی و بەرژەوەندیەکانی بەریتانیا بوو. لە سالی ١٩٢٦ بریاری دروستکردنی رێگای ئاسنینی تەھران-رواندوز یەکلایی دەبێتەوە بەلام لەبەر نفوزی شوێنەکانی تری ئێران رێی لێدەگیرێ و جێ بە جێ ناکرێت (گەلاوێژ). یەکێک لە ھۆکارەکان ئەوە بوو کە لەبەر ئەوەی کوردستان ماددەی خاو و ھەروەھا کالای بەکارھێنانی خۆشی بەرھەم دەھێنا، بە ھەبوونی جادەی ھەرزان (رێگای ئاسنین تێچوونی گواستنەوە کەم دەکاتەوە) کالای کوردستان ھەرزانتر لە کالای شوێنەکانی تری ئێران تەواو دەبوو و ئەو نرخە بێ رکابەرەی کوردستان ئەوانی تووشی ئابوریەکی خراپ دەکرد. گەرچی جادەکانی کوردستان ھیچکات گونجاو نەبوون بۆ گواستنەوەی کالا. بە ئەنقەست پەرەپێنەدانی رێگاکانی کوردستان (ئێستاش ئەو سیاسەتە بەردەوامە)، رێگر بوو لەوەی کە کالای کوردستان بە ھەرزانی بکەوێتە بازارەکانی ئێران. کەواتە ئابوری کوردستان لە گەل میزۆپۆتامیا و عوسمانی زیاتر گرێدراوی یەکتر دەبن (ئێستاش کۆلبەرانی کورد لە سنوری کوردستان کاری کۆلبەری دەکەن).
کەرەستەی خاو و کالای زاگرۆس ھەمیشە لە لایەن تاجرو بازرگانانی ئێرانی ناوەندی بەبازار دەکران. بە ھۆی نەگەیشتن بە دەریاکان یاخۆد ئاوی ئازاد، کوردەکان نەیاندەتوانی بەرھەمەکانی خۆیان بفرۆشن و بازرگانانی ئەرمەنی، یەھود و ئازەری کاری واسیتە یان دەلالیان دەکرد. سەرکۆنسولی روسی راپۆرتی داوە کە لە یەکێک لە گوندەکانی مھاباد دە تەن گەنم خراپ بوو چۆن رێگایەک بۆ بازرگانی و فرۆشی نەبوو و گواستنەوەی بە ئەسپیش لە رووی ئابوریەوە گران رادەوەستا. گوندنشینەکان زیاتر لەوەی کە پێویستیان پێ ھەبوو بەرھەمیان نەدەھێنا. بەرھەم ھێنانی بە کۆ، دەبێتە ھۆی بەرەوپێش چوونی پیشەسازی گۆرین یان کارگە بەلام لە زاگرۆس لە بەر سیاسەتەکانی دژ و نەبوونی رێگاوبان، بووە ھۆی لاواز بوونی کشتوکال و ئاژەلداری لە ناو برد.

رێگای ئاسنینی بەغدا-بەرلین
لە سالی ١٨٧٢ ئەلمانیا بۆ بەرەوپێش بردنی ئابوری و بازرگانی خۆی بۆ میزۆپۆتامیا بە پێی گرێبەستێک خەرجی پێشەکی دروستکردنی رێگای ئاسنینی بەرلین-ئەستەنبول-مالاتیا-کوبانی-بەغدا-بەسرە لە ئەستۆ گرت. سەرەرای ئەوەی کە لە گەل بەریتانیا ھەماھەنگی کرا و ئەوان رەزامەندی سەرەتایی خۆیان دەربری بەلام دواتر زۆر بە توندی دژی وەستانەوە. گوایە یەکێک لە ھۆکارەکانی جەنگی جیھانی یەکەم بریتی بووە لە رێگری کردن لە ئەلمانیا بۆ سنوری ژێردەسەلاتی خۆمالی بازارەکانی بەریتانیا، ھند و نەوتی خوزستان بووە. لە بەلگەکانی سایکس، بەریتانیەکان نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە نزیکی رێگای ئاسنین بە ناوچەی نەوتی بەسرا-ئابادان باسدەکەن. رێگای ئاسنین دروستدەکرێت بەلام پاش ئەوەی کە ئەلمانیا لە رۆژھەلاتی ناوەراست دەردەکرێت، رێرەوی رێگاکەش دەبێتە چەند پارچە.

دەرئەنجام
لە گەل جێ بە جێ کردنی ھاوکاتی دوو پرۆژە ئابوری کوردستان لەناو چوو، یەکێکیان نیشتەجێ کردنی ئیلەکان لە ئێران و ئەوەی تر برینی رێگا بازرگانیەکانی ناو کوردستان بە واستەی سایکس-پیکۆ. بە لەبەرچاوگرتنی ھۆکارەکانی سەرەوە لە کۆتاییدا لە لایەن روسیاو بەریتانیا بریاردەدرێت، کە ئیمپراتۆری عوسمانی و سەرزەمینی میزۆپۆتامیا نەبێتە رکابەری پیشەسازی رستن و چنینی ھند و بەریتانیا. لە لایەکی تر روسیا نیگەرانی خۆی نەھێشت لە چونە ناوەوەی بەرھەمی دانەوێلەی میزۆپۆتامیای باکور و کوردستان بۆ بازارەکان.
ئیستبداد (زۆرداری) ئێران
زۆرداری و ئەخازی (وەرگرتنی پارە بە زەبری ھێز) بەرپرسان و دەولەتمەداران لە ئێران بووە ھۆی کۆنەکردنەوەی سەرمایە بۆ بەرھەمھێنان و بەرەوپێش چوون. کوردەکان و لۆرەکان لە گەل ھەبونی ئابوریەکی بەرھەمھێن و ئاژەلداری و دور لە زۆرداری دەیانتوانی کە لە ھەیکەلیەتی جوگرافیای ئێران یارمەتی ئاژەلداری بدەن. بەداخەوە بیرمەندەکانی ئێرانی بە ھاوکاری رەزاخان پێداگری لە کۆکردنەوەی (ناوەندێتی) دەسەلات لە ئێرانیان ھەبوو و پشتگیری پرۆژەکانی رەزاخانیان دەکرد. قەومی حاکم و دەسەلاتدار بۆ پاراستنی سەرۆکایەتی و بێ بروایی بە یەکسانی لە فەلاتی ئێران ئامادە بوون کە لە گەل بێگانەکان یەک بگرنەوە و ئابوری جۆراوجۆری زاگرۆس و ئێرانیان لەناو برد. لە راستیدا زاگرۆسیەکان و کوردستانیان توانیان بوو کە کێشەی زۆرداری بە وازھێنان لە زەوی و گواستنەوەی سەرمایە (مەرومالات) چارەسەر بکەن. لە گەل نیشتەجێ کردنی زۆرەملێ و بە خوێنرشتنی عەشاییر بە واستەی ئێران و سایکس-پیکۆ و لە لایەن بەریتانیا جوگرافیایەک کە دەتوانرا لە گەل سەربەخۆیی ئابوری، بەربەستێکیش بێت لە بەرامبەر زۆرداری و خۆبەزلزانی، لاواز و پەرتەوازە کرا. لە گەل بەردەوامی زۆرداری خاوەندارێتی لە سەر زەوی، کشتوکال کە پێویستی بە ئەمنیەتی سەرمایە گوزاری ھەیە، ھیچ کاتێک نەیتوانی ئەمن و ئاسایشی ھەبێت لە ئێران.
تاک بەرھەمی کردنی ئابوری ئێران
کشتوکال، ئاژەلداری، پیشەسازی و خزمەتگوزاری، چوار بەشی سەرەکی ئابورین. لە ئێرانی ئەو کات، بەشی کشتوکال و خزمەتگوزاری تا ئەندازەیەک نەبوو کە بتوانێت ھەناردە بکات، و تەنھا ھیوا بۆ ئاژەلداری/بەخێوکردنی مەرومالات و پیشەسازی دروستکردنی (دروێنی قوماش، خۆری، ئاوریشم، ...) بوو. پێشانماندا کە ئابوری کوردستان زۆر جۆراوجۆر و بێ رکابەر بوو و ئابوری ئاژەلداری زاگرۆس دەیتوانی ئابوری ئێران و عێراقی بە ئێستێعماری ئابوری روسیا و بەریتانیا کەم بکاتەوە. ئێران بە کۆنترۆل کردنی سەرچاوەکانی زاگرۆس/کوردستان گەیشتە سیستەمی مەرکەزی.
بەریتانیا
بەریتانیا رێگری کرد لە بەرەوپێشچونی کوردستان وەک دابینکەری کەرەستەی خاو بۆ پیشەسازی ئەلمانیا و روسیا (خۆری، پێست، چەرم، روون، کەتیرا، گۆشت، ...) و بە دروستکردنی کۆمەلێ ولاتی نوێ کە ھەمویان لە سەر بنچینەی ئابوری تاک بەرھەمی بوون، بە شێوەی پراکتیک سەربەخۆیی سیاسی ئێران، کوێت، عێراقی گرتە دەست. بازاری تیجاری ئێران و رۆژھەلاتی ناوەراست بۆ پیشەسازی بەرھەمھێنانی بەریتانیا زۆر گرنگ بوو. بازاری رۆژھەلاتی ناوەراست دەبوایە ھەر بە بازاری بەکاربەر بمایەوە کەواتە جۆراوجۆری و نەرمی سیستەمێکی ئابوری بە تاک بەرھەمی کردنی لەناو دەچێت. ئێران لە راستیدا موستەعمرەی کالا و بەرھەمی بیانی بوو و ئێستاش بە ھەمان شێوەیە.
ئەو گرێبەستە بۆ بەریتانیا ئامانجی ئابوری ھەبوو بۆ پاراستنی بازاری ھندوستان و کۆمپانیای ھندی رۆژئاوا، دەست بەسەرداگرتنی نەوتی خوزستان بۆ دابینکردنی وزەی بەریتانیا و ھێزی دەریایی وەک بازوی سەربازی ئێمپراتوری، رێگریکردنی ئەلمانیا لە رێگای ئاسنینی بەرلین-بەغدا و روسیا لە گەیشتن بە کەرەستەی خاوی کوردستان و زاگرۆس، تاک بەرھەمی کردنی ئێران و راگرتنی کوردستان لە بوونی بە ئابوریەکی بەرھەمھێنی کارا.
کوردستان
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کوردەکان دابین کەری کەرەستەی خاوی پیشەسازی خۆری، پێست، چەرم و دانەوێلە بوون، بەلام سوودی کالای بەکاربردن دەبووە نسیبی بازرگانانی تەورێز و حەلەب و بەسرا. لەوانەیە ئەگەر کوردەکان گەیشتبان بە رێگاکان و ئاوەکانی ئازاد، رێگای ئاسنینی بەرلین-بەغدا نەدەبوو بە ترسێک بۆ بەریتانیا و نەدەبووە ھۆی دابەشکردنی ترسناکی رۆژھەلاتی ناوەراست و وابەئاسانی بەرژەوەندیەکانی خەلکی رۆژھەلاتی ناوەراست لە ھاوکێشە سیاسیەکانی ١٠٠ سالی رابردوو نەدەھاتنە لادان. کوردەکان بە لە دەستدانی کوردستان، کۆنترۆلی ئاو، مەعادن، ئاژەلداری، ئەوا سەروەت و ناسنامەیان لەدەست دا .
پەیمانی سایکس-پیکۆ بە دابەشکردنی بازاری ئالوگۆری و ژیانی پرجۆش و چالاکی کوردستان و برینی پەیوەندیەکانی تیجاری سەرزەمینێکی یەکپارچەی ئابوری، زەربەی کۆتایی لە پەیکەری کوردستان وەشاند.


بەھزاد تاھر سەلیم
دکتۆرا لە ژمێریاری و کارگێری داھێنان
Top