دۆزینەوەی ڤاكسین تەنها هەنگاوی یەكەمە هیچ كەسێك سەلامەت نابێت تاوەكو تەواوی جیهان سەلامەت نەبێت

دۆزینەوەی ڤاكسین تەنها هەنگاوی یەكەمە هیچ كەسێك سەلامەت نابێت تاوەكو تەواوی جیهان سەلامەت نەبێت
لە ئێستا ئەو راستیە تەواو روونە كە ئەگەر ڤاكسینێك نەدۆزرێتەوە ئەوا جیهان ناتوانێت خۆی لەم حاڵەتی داخستنە دەرباز بكات كە بەهۆی ڤایرۆسی نوێی كۆرۆناوە سەپێنراوە. هیچ كاتێك ژمارەیەكی هێندە زۆری ژیان و گوزەران و ئابووری بەند نەبووە بە تاقە دەستێوەردانێكی تەندروستییەوە. بەڵام لە كاتێكدا زانایان پێشبڕكێ دەكەن بۆ پەرەپێدانی ڤاكسینێك، ئەوا دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەیادی نەچێت كە ئامانجی كۆتایی بریتی نییە لە تەنها دۆزینەوەی ڤاكسینێكی سەلامەت، بەڵكو بریتیە لە كۆتایهێنان بە پەتاكە. ئەمەش ئەو كاتە بەدی دێت كە بە ملیاران جورعە بەرهەمبهێنرێن كە بە تێچوونێكی گونجاو و بۆ هەمووان بەردەست بێت، بە تایبەتی وڵاتە كەمدەرامەتەكان.
كارێكی لەم چەشنە پێویستی بە تێڕوانینێكی نوێ هەیە: دەبێت وەك بابەتێكی تەندروستی جیهانی لە ڤاكسینەكان بڕوانرێت. نابێت ئەجێندای ناوخۆیی یان قازانج ببنە پاڵنەری گەورەترین پەرەپێدانی ڤاكسین لە مێژوودا. پێویستە حكومەت و كۆمپانیاكانی دروستكردنی دەرمان و رێكخراوە فرەلایەنەكان پێكەوە كار بكەن بۆ پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و دەستەبەركردنی ڤاكسینەكە. بەرهەمهێنان و دابەشكردنی ملیاران جورعەی ڤاكسینە نوێیەكە لە باشترین رەوشدا كارێكی پڕ لە تەحەدی دەبێت. ئەنجامدانی كارێكی لەم چەشنە لە سەروەختی پەتادا هەوڵێكی بێ پێشینەی جیهانی دەخوازێت.
چارەسەركردنی كەموكوڕییەكان
تەنها ئەو كەموكوڕییانەی ئەم دواییە لەبەرچاو بگرە كە لە سەر ئاستی جیهاندا لە ئارادایە لە پەیوەندیدا بە كەراستەی خۆپارستن و تاقیكردنەوەوە. پێویستە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی هەوڵەكان یەكبخرێن بۆ ئەوەی وەك ئێستا كێشەی ڤاكسین دروست نەبێت و خەڵكێكی زۆر بە بێ وەرگرتنی ڤاكسین نەمێننەوە. بە داخەوە، لە رابردوشدا دابەشكردنی ڤاكسین بە شێوەیەكی یەكسان كێشە بووە. بۆ نموونە، زیادبوونی خواست لەسەر ڤاكسینی ئایدز لە وڵاتە گەشەكردووەكاندا، بووەهۆی ئەوەی كچانی هەرزەكاری وڵاتە تازەگەشەكردووەكان كە لە بارێكی مەترسیدار بوون كەمتر دەستیان بەم ڤاكسینە بگات. لە سەروەختی بڵاوبونەوەی پەتای ئەنفلۆنزای بەراز لە ساڵی 2009، چەند وڵاتێكی كەم پێشوەختە و پێش ئەوەی بەردەست بێت داوای ڤاكسینەكەیان كردبوو، ئەمەش بووەهۆی ئەوەی زۆربەی ڤاكسینەكە بكڕن و بەشێكی كەم بۆ باقی وڵاتان بمێنێتەوە.
بە دڵنیاییەوە دەبێت ئامانجی زانایان پەرەپێدانی زیاد لە ڤاكسینێك بێت. بەڵام تەنانەت بوونی چەند ڤاكسێنێكی كارا زەمانەتی ئەوە ناكات كە نەكەونە دەستی چەند وڵاتێكی كەم، بە تایبەتی كە لە سەرەتادا لە ئاستێكی سنوورداردا بەردەست دەبێت. ئەوە ئەركی هەر حكومەتێكە كە سەرەتا بایەخ بە هاوڵاتییانی خۆی بدات، بەڵام لە سەروەختی پەتاكاندا ئەم ئەركە ئەوە دەخوازێت كە لەهەمان كاتدا لەسەر ئاستی جیهانی بیربكەینەوە و كاربكەین. ئەگەر رێككەوتنەكانی پەیوەست بە دروستكردنی دروستكردنی –دەرمان- و كۆتوبەندەكانی پەیوەست بە هەناردەكردنەوە ببنە بەربەستی بەردەم پەرەپێدانی ڤاكسینەكان و بەو شێوەیە بوار بڕەخسێت بۆ ئەوەی ڤایرۆسەكە لە هەر شوێنێك بڵاو ببێتەوە، ئەوا هیچ شوێنێك سەلامەت نابێت لە تەشەنەكردنی.
یەكێك لە رێگاكانی زامنكردنی دەستەبەركردنی ڤاكسینەكە و دابەشكردنی بە یەكسانی بریتیە لە لابردنی هەندێ لە بەربەستەكانی پەیوەست بە یاساكانی مۆڵكدارێتی فیكری و گواستنەوەی تەكنەلۆژی و هاندانی كارخانەكان و توێژەرانە بۆ ئەوەی بە ئاڕاستەی ئامانجێكی هاوبەش كار بكەن. بەو شێوەیە كاتێك یەكەم ڤاكسینی كارا و سەلامەت دروست دەكرێت، ئەوا دەستبەجێ چەند كارخانەیەك لە یەككاتدا دەست بە دروستكردنی دەكەن. پیشەسازی دەرمانسازی هەندێ ئامادەیی لەم چەشنەی پیشانداوە: ئەنستیتیۆتی سێروم لە هیندستان رایگەیاند كە دەستەبەرداری بانگەشەی موڵكدارێتی فیكری ڤاكسینی كۆڤید-19 دەبێت، كۆمپانیا زەبەلاحەكانی دەرمان وەك گلاگسۆ سمیس كلاین و سانۆفی شەراكەتێكی بێ پێشینەیان پێكهێناوە بۆ خستنەگەڕی سەرچاوەكانیان، و چەند كارخانەیەك رەزامەندییان داوە لەسەر ئەوەی قازانج نەخەنەسەر فرۆشتنی ڤاكسینی كۆڤید-19. ئەمەش نیشانەی خێرە بۆ ئەو هەوڵەی خراوەتەگەڕ لەلایەن سەركردە جیهانییەكان و رێكخراوی تەندروستی جیهانی بۆ خێراتركردنی پرۆسەی پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و دابەشكردنی ڤاكسینی كۆڤید-19 بە شێوەیەكی یەكسان.
زامنكردنی ئەوەی ڤاكسینەكە بە خێرایی دروست بكرێت، هەر كاتێك پەرەیپێدرا، مایەی تەحەدیەكی گەورەیە. زۆرێك لەو ڤاكسینانەی ئەگەری ئەوە هەیە ببنە چارەسەری كۆڤید-19 ئەو لایەنانە پەرەیان پێدراوە كە توانایەكی بەربڵاویان دروستكردنیان نییە. و لەبەر ئەوەی هەندێ لەم لایەنانە بە شێوەیەكی حەتمی شكست دەهێنن لە دۆزینەوەی ڤاكسینێكی كارادا، ئەوا دەبێت چەند میكانیزمێك دابنرێن بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكانی وەبەرهێنان لە بواری پەرەپێدان و دروستكردنی ئەم ڤاكسینەدا. ئەنجامدانی ئەم كارەش بە مانای ئەوە دێت كە ڤاكسینەكان بە خێرایی بەرهەم بهێنرێن و بە ئاستێك كە بۆ هەمووان بۆ دەستەبەركردنی بكرێن بە چاوپۆشین لەوەی لە كوێ دەژین.







لە نووسینی:- نجوزى ئوكونجو ئيويالا
لە سایتی فۆرن ئەفێرز بڵاوكراوەتەوە
گوڵان – وەرگێڕانی لەئینگلیزی:- هێمن غنی
Top