بۆچی ئەم پەتایە جیاوازە . . . (( شلۆمۆ بێن عامی ))

بۆچی ئەم پەتایە جیاوازە          . . .          (( شلۆمۆ بێن عامی ))
بە ماوەیەكی دورودرێژ پێش ئەوەی بێ وەستان خەڵك و كاڵاكان لە جیهاندا هاتوچۆ بكەن، پەتاكان رواڵەتێكی حەتمی شارستانییەتی مرۆیی بوون. و ئەو كارەساتەی خوڵقاندوییانە لایەنی باش و گەشیشی هەیە، نەخۆشییە پەتائاسا و بەربڵاوەكان كە وەك رووداوی باڵایی مێژویی و تەم و مژاوی تەماشاكراون، بە زۆری بیروباوەڕ و رێچكە كۆنەكانیان تێكشكاندووە و بونەتە ساتەوەختی ئاڵوگۆڕێكی گەورە لە هەڵسوڕاندنی كاروبارە مرۆییەكاندا. بەڵام بۆی هەیە پەتای كۆڤید-19 ئەم رێچكەیە بشكێنێت. لە زۆر رووەوە، ئەم پەتایە زۆر لە پەتاكانی پێش خۆی دەچێت. سەرەتا- ئیدی پێشبینیكراو بێت یان چاوەڕواننەكراو- نەخۆشییە پەتائاساكان هەمیشە دەسەڵاتەكانیان غافڵگیر كردووە- و بە زۆری دەسەڵاتەكانیش شكستیان هێناوە لەوەی كاردانەوەیەكی خێرا و یەكلاكەرەوەیان هەبێت. ئەلبێرت كامۆ ئاماژەی بەم تەوژمە كردووە لە رۆمانەكەیدا بە ناوی "تاعون"، و حكومەتیش چینیش بەرجەستەكاری ئەم حاڵەتەیە كاتێك سەرەتا زانیارییەكانی پەردەپۆشكرد لەبارەی ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنا. سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ هەمان كاری كرد كاتێك لە گەورەیی هەڕەشەكەی كەمكردەوە، و مانگی رابردو كۆڤید-19ی بە ئەنفلۆنزای وەرزی بەراورد كرد. هەروەك بەرپرسێك لە رۆمانەكەی كامۆدا دەڵێت تاعونەكە هیچ نییە جگە "لە جۆرێكی تایبەتی تا" نەبێت. نەبوونی دووربینی لای سەركردەكان بە زۆری بۆتەهۆی ئەوەی بەرگرییەكیان بۆ نەمێنێتەوە تەنها لێكدوركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی نەبێت. دانياڵ دێفۆی لە كتێبەكەیدا بە ناوی "رۆژژمێری ساڵی تاعونەكە" باسی بڵاوبونەوەی "تاعونی بوبۆنیك" لە لەندەن لە ساڵی 1665 دەكات، كە حكومەتی شارەكە بۆنە و گردبوونەوەكانی قەدەغەكرد و قوتابخانەكانی داخست و كەرەنتینی سەپاند. نزیكەی دوو هەزار ساڵ پێش سەرهەڵدانی تاعونە گەورەكەی لەندەن، ئەوا لە میانەی ئەو پەتایەی كە نزیكەی یەك لەسەر سێی ئەسیینیەكانی كوشت لە سەروەختی كۆتایی شەڕی پێلۆپۆنێسیە، مێژوونوسی یۆنانی سوسيديديس سەرنجی ئەوەیدا كە ئەگەر خەڵكی نزیكبوونایەتەوە لە نەخۆشەكە ئەوا "گیانیان لە دەست دەدا" لە دەرئەنجامدا "زۆر كەس مردن،" و مەراسیمی پرسەش "پشێوی باڵی بەسەردا كێشا. " و بەهۆی زۆری ژمارەی مردوەكانەوە، ئەوا مردووەكان "بە هەر شێوەیەك كە بكرایە دەنێژران." لە میانەی قەیرانی كۆڤید-19، رێككاری داخستن و رێوشوێنەكانی لێكدوركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی بە هەمان شێوە رێگرییان كردووە لەوەی خەڵكی سەردانی ئەو ئازیزانەیان بكەن كە دەمرن و نەریتی پرسەشی هەڵگێڕایەوە. لە چین، باس لەوە دەكرا كە خێزانەكان هاندەدران بۆ ئەوەی بە خێرایی و بە بێدەنگی كەسە مردووەكانیان بنێژن. وێنەكانی سەتەلایت ئەوە پیشان دەدەن كە لە ئێران گۆڕی بە كۆمەڵ هەڵكەنراون. هەروەها بەرپرسانی شاری نیویۆرك ناشتنی بە كۆمەڵیان ئەنجامدا بۆ ئەو كەسانەی كەسی نزیك یان خێزانێكیان نییە كە بتوانن خەرجی پرسەكە لە ئەستۆ بگرن. هەندێ لە گوڕستانەكانی لەندەن گوڕیان تێدا نەماوە.


خاڵێكی دیكەی هاوتەریب لە نێوان پەتاكەی ئێستا و پەتاكانی پێش خۆی بریتیە لە مەیلی بەكارهێنانی ئازارشكێن وەك ئەزمون و تاقیكردنەوەیەك. لە میانەی ئەو پەتایەی بە ئەنفلونزای ئیسپانی ناسرا و سەدەیەك پێش ئێستا سەریهەڵدا، زاناكان پێیان وابووە هۆكارەكە تەشەنەكردنی بەكتریایە و لەسەر ئەو بنەمایەش دەرمانیان دروست دەكرد. ئێستا ئێمە دەزانین كە ڤایرۆس هۆكاری دروستبوونی ئەنفلۆنزایە و هیچ ڤاكسینێكی بەكتریا ناتوانێت پارێزگاریمان لێبكات لە ئاستیدا. بە دڵنیاییەوە، ئەو توێژەرانەی كار لەسەر كۆڤید-19 دەكەن تێگەیشتنێكی پێشكەوتوتریان هەیە بۆ نەخۆشییەكە. بەڵام لە كاتێكدا چاوەڕوانی ئەوە دەكەیت چارەسەرێك یان ڤاكسینێكمان بۆ راسپاردە بكەن، ئەوا دژە ڤایرۆسەكان- وەك ئەوانەی بۆ رۆژگارێكی دورودرێژ دژی مەلاریا بەكارهاتوون-تاقیكراونەتەوە و دەرئەنجامێكی تێكەڵیشیان هەبووە. بەكارهێنانی یەكێك لە دەرمانەكان، كلۆرۆكوین، نیگەرانی لێكەوتەوە كاتێك ئەو نەخۆشانەی ئەم دەرمانەیان پێدرا نیشانی تێكچوونی دڵیان لێدەركەوت. هەروەها بە بەردەوامی دەرمانی ساختە دێنەئاراوە هەروەك دیفۆی باسیان دەكات كە بانگەشەی ئەوە دەكرا كە بێ كێشەن و تەواو كاران لە رێگریكردن-لە نەخۆشییەكە. لە ئێستادا، چارلاتانس- كە سۆشیال میدیا رەواجی پێدەدات- بە هەمان شێوە بانگەشەی بۆ دەكرا كە ئەمەش كارێكی هەڵە و مەترسیدارە، و بە شێوەیەك مەسەلەكە دەخەنەڕوو وەك ئەوەی هەر دەرمانێكی وەك ئەو كۆكاینەی لە رێی هەڵمژینەوە وەردەگیرێت یان خواردنەوەی گیراوەكانی سپیكردنەوە لە پەتای كۆڤید-19 بمانپارێزن. خودی ترەمپ باسی لە بەكارهێنانی هایدرۆكسیكلۆرۆكوین كرد كە دەبێتەهۆی گۆڕینی گەمەكە، سەرەڕای ئەوەی كە تاقینەكرابۆوە- ئەمەش هانی ژن و مێردێكیدا كە خۆیان چارەسەر بۆ خۆیان بەكار بهێنن. ئەوەبوو پیاوەكە گیانی لەدەستدا و ژنەكەش بە زەحمەتییەكی زۆر رزگاری بوو.

هەروەها ئەو شڵەژانە ئابوورییەی كۆڤید-19 دروستی كردووە پێشینەی زۆری هەیە. تاعونی ئەنتۆنی كە لە سەدەی دووەمدا سەریهەڵدا یەكێك لە هەر دژوارترین تەنگژە ئابورییەكانی مێژوی ئمیپراتۆرییەتی رۆمانی خوڵقاند. تاعونی جستنیان- كە سەرەتا لە ساڵانی 541-542 سەریهەڵدا و بە پچڕ پچڕی بۆ ماوەی دو سەدە بەردەوام بوو- هەمان رەوشی بەسەر ئیمپراتۆریەتی بێزەنتیدا هێنا. پەتاكان نەك تەنها ئابوورییەكان دەهەژێنن، بەڵكو نایەكسانییە كۆمەڵایەتییەكانیش زەقدەكەنەوە، و بێ متمانەییش لە ئاست دۆخەكە هەنوكەییەكەدا قوڵدەكەنەوە. رەنگە نەخۆشی جیاوازی نەكات لە نێوان دەوڵەمەند و هەژاردا، بەڵام هەمیشە رەوشەكە بە چەشنێك دەبێت كە خەڵكە هەژار و پەراوێزخراوەكان لە پێگەیەكی لاوازتردا دەبن. ماكیاڤیلی، كە شایەتحاڵی تاعونەكەی فلۆرەنسا لە ساڵی 1527 بوو پێی وابوو پەتاكە زادەی خراپی حوكمڕانییە. ئەو كەسانەی رەخنە لە چین، ترەمپ، و سەرۆك وەزیرانی بەریتانا، بۆریس جۆنسۆن دەگرن هەمان تێڕوانین دووپات دەكەنەوە. ئەوانی دیكە باوەڕیان وایە پیلانگێڕی لە پشت بڵاوبونەوەی پەتاكەیە. ماركوس ئۆریلیۆس ئۆباڵی تاعونی ئەنتۆی خستەئەستۆی مەسیحییەكان. لە ئەوروپای مەسیحیدا، بەرپرسیارێتی بڵاوبونەوەی مەرگی رەشی سەدەی چواردە خرایەئەستۆی جولەكەكان. بە هەمان شێوە خەیاڵی ئەوە دەكرێت تاوانبارانی پشت قەیرانی كۆڤید-19 ئەمانە لە خۆبگرن، تیشكدانەوەی تەكنەلۆژیای نەوەی 5ەمی ئەنتەرنێت، سوپای ئەمەریكا، سوپای چین و-ئەوەی جێی سەرسوڕمان نییە- جولەكە. راگەیاندنی دەوڵەتی ئێرانی هۆشداریدا بە خەڵكەكەی لە بەكارهێنانی هەر ڤاكسینێك كە لەلایەن زانا ئیسرائیلییەكانەوە پەرەی پێدرابێت. بڵاوكراوەكانی توركیا و فەلەستین كۆڤید-19ەیان وەك چەكێكی بایەلۆژی ئیسرائیلی وەسف كرد. رەگەزپەرستە سپیپێستەكانی نەمسا، سویسرا و ئەمەریكا ئۆباڵەكەیان خستەئەستۆی جۆرج سۆرۆس كە كەسێكی خێرخواز و پارەداری جولەكەیە، كە پێیان وایە دەیەوێت دانیشتوانی سەر زەوی كەم بكاتەوە و دەست بداتە كۆكردنەوەی داهات لە رێی- فرۆشتنی- ڤاكسینەوە. سەرەڕای ئەم لێكچوونانە، ئەگەری ئەوە نییە پەتای كۆڤید-19 ئەو سیستمە سەراوژێر بكات كە لە ئارادایە. تاعونەكانی ئەنتۆنی و جستنیان هانی بڵاوبونەوەی مەسیحیەتیاندا لە سەرتاسەری ئەوروپادا. مەرگی رەش بووەهۆی ئەوەی خەڵكی تێڕوانینێكی مرۆییتریان هەبێت بۆ جیهان- ئەو ئاڵ و گۆڕەی سەریكێشا بۆ رێنسانس. ئەنلفونزای ئیسپانی بووەهۆی سەرهەڵدانی راپەڕینەكان و مانگرتنی گەورەی كرێكاران و خۆپیشاندانی دژ بە ئیمپریالیستی، لە هیندستان، كە بە ملیۆنان كەس مردن، بووەهۆی جۆشدانی جوڵانەوەی سەربەخۆیی. بە پێچەوانەوە، ئەگەری زیاترە پەتاكەی ئێستا ئەو تەوژمانە توندتر بكاتەوە كە لە ئارادان- كە تەوژمی تێكشكێنەرن-: هەڵوەشاندنەوەی جیهانگەرایی، گرتنەبەری رێچكەی تاكلایەنە و سەرمایەداری خۆسەپێنی چاودێریكار. ئەوەبو هەر زوو بانگەشەی كەمكردنەوەی زنجیرەی دابینكردنی كاڵا بە نرخەكان لەسەر ئاستی جیهان- كە پێش قەیرانەكەش پشتیوانكاری هەبوو- توندتر بووەوە. هەوڵەكانی یەكێتی ئەوروپا بۆ داڕشتنی ستراتیژیەتێكی هاوبەش دووبارە پەردەی لەسەر دابەشبوونە كۆنەكانی ئەم یەكێتیە هەڵماڵی. لە ئێستادا ترەمپ بڕیاریداوە بە هەڵپەساردنی ئەو داراییەی تەرخانی كردبوو بۆ رێكخراوی تەندروستی جیهانی. و لە ژێر پەردەی شەڕكردن لە پێناوی ژیاندا دەسەڵاتدارانی دەرەوەی چین و روسیاش ئازادییەكان پێشێل دەكەن و دەستێوەردانی لە ژیانی تایبەتی دەكەن. دو جەنگی جیهانی ئەوەیان پیشانداوە كە سیستمە جیهانییەكە لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزمی خۆپەرستانە بنیاتنراوە كە پێكناكۆكە لەگەڵ ئاشتی و ئاسایشدا. پەتاكە ئەوەی زەقكردەوە كە پێداویستییەكی بە پەلە هەیە بۆ هاوسەنگییەكی نوێ لە نێوان دەوڵەتی نەتەوەیی و دامەزراوە سەروونەتەوەییەكان. ئەگەر ئەمە نەكرێت، ئەوا ئەو وێرانكارییەی بەهۆی كۆڤید-19ەوە هاتۆتەئاراوە بەرەو هەڵكشان دەچێت.






لە نووسینی شلۆمۆ بێن عامی
لە سایتی سیندیكەت پرۆجێكت بڵاوكراوەتەوە
گوڵان- و: هێمن غنی
Top