مایكل نایتس: عێراق لە زورفییەوە بۆ كازمی.. لێكەوتەكانی بۆسەر سیاسەتی ئەمریكا

مایكل نایتس: عێراق لە زورفییەوە بۆ كازمی.. لێكەوتەكانی بۆسەر سیاسەتی ئەمریكا
لەئێستادا چاوەكان زیاتر لەسەر كاندیدی تازە مستەفا كازمییە بۆ پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەتی عێراق، كە بەر لە ماوەیەك لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق راسپێردرا، دوای ئەوەی عەدنان زورفی لە رۆژی 9ی ئەم مانگە سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت عەدنان زورفی كشانەوەی خۆی راگەیاند، ئەو تا رۆژی 9ی مانگی ئایاری داهاتوو ماوەی لەبەردەمدا ماوە بۆ ئەوەی پێكهاتەی حكومەتەكەی متمانەی پەرلەمانی عێراقی پێ بدرێت، كاندیدە نویێەكە(مستەفا كازمی) هەروەك لە وتارێكیدا رایگەیاندبوو كە هەوڵدەدات تەنانەت بەڵێنیشی داوە پشتگیری لە سەرجەم كوتلە سیاسی و پێكهاتە سەرەكییەكانی عێراق بكات بە كوردو سوننەو توركمان و كریستییانەوە، واتا مەبەستی كازمی ئەوەیە هەموویان پشكیان لەو حكومەتە تازەیەدا هەبێت، كازمی پشتی لەوە كردۆتەوە كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە پاڵپشتی دەكرێت، هەرچەندە لای دەزگا ئەمنییەكانی ئێرانەوە جێگەی گومانە، بەڵام وەك كەسایەتییەك لەلای هەمووان بە كەسێكی میانڕەوە لە قەڵەم دەدرێت، لەم ئان و ساتەدا ئەمریكا دوو هەنگاوی لەپێشە لە عێراق كە لەگەڵ ئەم رووداوەدا هاوكاتە، یەكەم: لە 25ی نیساندا دەبێت واشنتۆن بڕیاربدات لێبووردنی تازە لە سزاكانی سەر بەغدا دەربكات تاكو بتوانێت غازی سروشتی و كارەبا لە ئێرانەوە هاوردەبكات، دووەم: ئیدارەی ترەمپ پێشنیازی كردووە لە مانگی حوزەیران گفتوگۆیەكی ستراتیژی لەگەڵ بەغدادا بكات لە سۆنگەی هەوڵێكی مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوە تایبەت بە رێكخستنەوەی پەیوەندییەكان لە چوارچێوەی (رێككەوتنی ستراتیژی)ی ساڵی 2008دا.
ئەو پەیوەندییە ستراتیژییانەی نێوان حكومەتی عێراق و ئیدارەی ئەمریكا دەبوو زۆر لەمێژبوو رێكبخرابانەوە، چونكە هەروەك دەزانین قۆناغی یەكەم لە ساڵی 2003 تا 2011 دەستی پێكرد، لەو كاتەوەی ئەمریكا رژێمی سەدامی رووخاند، دووەم قۆناغیش لە دوای 2014 دەست پێ دەكات دوای هەوڵی شكستپێهێنانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، قۆناغی سێیەمیش خەریكە ئەمڕۆ سەرهەڵدەدات، هەرچەندە بەپێی خوێندنەوەی واقیعییانەی بارودۆخەكە هێشتا داعش لێرەو لەوێ لە چالاكییەكانی هەر بەردەوامە.
واقیعی دۆخەكە پێمان دەڵێت كە ركابەرییەكی سەخت لەنێوان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ئێران هەبوو لە رووی چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسێی رێكخراوی داعش، بە تایبەتیش پاڵپشتی و پشتگیریی بەردەوامی ئێران بۆ میلیشیا شیعییەكانی عێراق كە زیاتر لەنێو حەشدی شەعبیدا خۆی دەنوێنێت، تووڕەیی ئەمریكا زیاتر لەوەدا سەری هەڵدا كە وێڕای مەسەلەی داعش، هەندێك لەو میلیشیایانە زۆربەی بەرژەوەندی و سەربازگەكانی ئەمریكایان دەكردە ئامانج، بۆیە لە بەرامبەردا كاردانەوەكە توندتر بوو، كە ئەنجامەكەی ئەوە بوو ئەمریكا گورزی تۆڵەكردنەوەی وەشاندە ئێران و عێراق بە كوشتنی جەنەرال قاسم سولێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسی سەركردەی حەشدی شەعبی لە مانگی كانونی دووەمی ئەم ساڵ.
دوای ئەوەی كە رێكخراوی داعش لە سووریا دوا بەشی ئەو خاكەی لە دەستدا كە پێشتر داگیری كردبوو، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هیوادەخوازێت قۆناغێكی دیكەی هەماهەنگی دەست پێ بكات، دیارە دوای سەرهەڵدانی پەتای كۆڕۆناو هەڵكشانی هێرشەكانی میلیشیاكان لە عێراق وا بە چاك زانرا ئەمریكاو هاوپەیمانانی دیكە چاو بە ستراتیژییەكانیاندا بخشێننەوە، بۆیە دەبینین هەموو مەشقپێكەرانی غەیری ئەمریكایی لە مانگی رابردوودا لە عێراق كشانەوە، هەرچی ئەمریكایشە زۆربەی هێزەكانی لە بنكەكانی هێڵی پێشەوە كشاندەوە و تێكەڵی چوار تەوەری كردن: (فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداو بنكەی ئاسمانیی ئەسەد لەسەر سنووری سووریا، هەرێمی كوردستان، بنكەی مەشق لە تاجی).
پێدەچێ عێراق لە ساڵی دادێ رووبەڕووی قەیرانێكی سەختی تەندروستی و ئابووری ببێتەوە بە هۆی ڤایرۆسی كۆڕۆنا و چەندین هۆكاری دیكە، كە پێشبینی دەكرێت هەزاران كەس تووشی ڤایرۆسەكە ببن و بشمرن و شیرازەی خێزانەكانیش لەبار بچێت، بۆیە ئەمە خۆی لە خۆیدا دەخوازێت ئەمریكا یارمەتیی زیاتری عێراق بدات، هەرچەندە خۆیشی رەوشی ئابووریی خراپە و جیهانیش سەرتاپا بەم پەتایەوە دەناڵێنێت، ئەوە پێمان دەڵێت كە ئەگەر هەردوولا واتا ئەمریكاو عێراق كۆببنەوەو گفتوگۆی رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی بكەن دەبێتە هۆكارێك بۆ زیاتر بەتینكردنی پەیوەندییەكان و داننان بە بەرژەوەندیی هاوبەش، لە ماوەی رابردووشدا و لەوەتەی عادل عەبدولمەهدی بۆتە سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر هەر یەك لە ویلایەتە یەگرتووەكان و هاوپەیمانانی دیكە هیچ شەریكیێكی چالاك و زیرەكیان لە باڵاترین ناوەندەكانی دەوڵەتی عێراقدا نییە، بۆیە ئەگەر كازمی ببێتە سەرۆك وەزیران، ئەوكاتە بەرپرسانی ئەمریكا دڵنیادەبن و چی دیكە نیگەران نابن لەوەی كە ئەم سەرۆك وەزیرانە نوێیە بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی دەخاتە پێش بەرژەوەندییەكان و بەهیچ شێوەیەك بەرژەوەندییەكانی ئێران بەهەند وەرناگرێت.
بەڵام لە هەموو حاڵێكدا نابێت تەنیا ئەمریكا یارمەتیی عێراق بدات بێ ئەوەی هیچی لێ سوودمەند نەبێت، بۆیە دەبێ لە بەرامبەریشدا عێراق چاو بخشێنێتەوە بەم پەیوەندییانە تاكو لە بەرژەوەندیی هەردوو لادا بێت، چونكە بینیمان كە لە كاتی هێرشە مووشەكییەكان بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا یان سەربازگەو بنكەكانی دیكەدا، عێراق شكستی هێنا لە پاراستنیان یان دۆزینەوەی ئەنجامدەران و سزادانیان، بۆیە دەبێت حكومەتی داهاتووی عێراق سیاسەتی خۆی لەم رووەوە بگۆڕێت و دژی هەموو تاقم و میلیشیایەكی چەكدار بوەستێتەوە كە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەكەنە ئامانج، ئەمە وێڕای رێگەگرتن لە گواستنەوەی دۆلاری ئەمریكا بۆ ئێران یان بۆ گروپە تیرۆریستییەكان كە لە لیستی ئەمریكادا تۆماركراون، لەبەرامبەردا ئەمریكا چەك و مەشقی سەربازی و پاڵپشتیی لۆجستی بۆ عێراق بەپێی مەرج دابین دەكات. لەبەر ئەوە دروشمی(عێراق لەپێش هەموو شتێكەوە) دیالۆگی ستراتیژیی لۆژیك دەبێت بە چاودێریی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، كە تەنیا بەم رێگەیە دەتوانرێت پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان بێنێتەوە سەر رێڕەوی ئاسایی خۆیان، كە عێراق زیاتر پێویستی بەم شێوازە هەیە لە چەند مانگی داهاتوودا، كاتێك كاریگەریی ناوخۆیی تەواوی كۆڕۆنا روونتردەبێتەوە، كە هاوكاتیشە لەگەڵ داڕمانی ژێرخانی ئابووریی عێراق بەهۆی بەرزی ونزمی نرخی نەوت، سەرباری ئەمەش هەڵكشانی جموجۆڵەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش.

* نووسەرو توێژەر لە پەیمانگەی واشنتۆن، پسپۆر لە كاروباری سەربازی و ئەمنیی عێراق و ئێران و دەوڵەتانی كەنداو




ئا/ بەهادین جەلال
Top