پێویستە جیهان هەوڵەكانی چڕتربكاتەوە بۆ بەرەنگاربونەوەی كۆڤید-19 . . . سیتوارت پاتریك

پێویستە جیهان هەوڵەكانی چڕتربكاتەوە بۆ بەرەنگاربونەوەی كۆڤید-19  . . .   سیتوارت پاتریك
لە سایتی كاونسڵ ئۆف فۆرن پۆلیسی بڵاوكراوەتەوە
سێ مانگ دوای ئەوەی چین سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنای بە رێكخراوی تەندروستی جیهانی راگەیاند، هاوكاری نێودەوڵەتی لە ئارادا نەبوو و پێكەوەكاركردن لەسەر ئاستی جیهان لە بارێكدا خراپدا بووە. لەبری هاوكاریكردن بۆ تێكشكاندنی هەڕەشەیەكی هاوبەش، بۆ خۆپاراستنیان، دەوڵەتان هەنگاوی تاكلایەنانەی هەڵگرتووە و دەستیان داوەتە گەمەی ئەوەی كێ تۆمەتبار بكەن بە كەمتەرخەمی لە بڵاوكردنەوەی ئەم پەتایە، كە ئەمەش دەرئەنجامی پێچەوانەی لێكەوتۆتەوە. وا بڕیار بوو ئەم هەفتەیە ئەم هەڵمەتی یەكترتۆمەتباركردنە رابگیرێت، كاتێك گروپی جی 7 و جی 20 كۆبونەوە و نەتەوە یەكگرتوەكانیش دەستپێشخەری گرنگی نێودەوڵەتی راگەیاند. لەبری ئەوە دەركەوت جیهان چەندە گرفتارە بە دەست دابەشبوونەوە و چەندە نائامادەیە بۆ بەرەنگاربونەوەی گەورەترین هەڕەشەی تەندروستی لەسەر ئاستی جیهان لە دوای بڵاوبونەوەی ئەنلفونزاكەی ساڵی 1918ەوە. گەورەترین نائومێدیش سەرۆكی ئەمەریكا- دۆناڵد ترەمپ- خوڵقاندی كە پتر سەرقاڵ بوو بە بەرپەرچدانەوەی پروپاگەندەی چینەوە لەبری ئەوەی مومارەسەی سەركردایەتیەكی جیهانی بكات.

گروپی جی 7 ی درزتێكەوتوو

كاتێك دەوڵەتانی گروپی جی 7 لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هاوكاری ئابووریان ئەنجامدا، ئەوا چەند ترۆسكەیەكی ئومێد هاتنەئاراوە. رۆژی سێشەممەی رابردو وەزیری دارایی و بەڕێوبەرانی بانكی ناوەندی پێشكەوتوترین وڵاتانی دیموكراسی بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە و بەڵینیاندا بە ئەنجامدانی هەر كارێكی پێویست بۆ گەڕاندنەوەی متمانە و هێنانەئارای گەشەی ئابووری و پاراستنی كار و مرونەتی سیستمە داراییەكە. هەروەها بەڵێنیاندا كە سەرجەم سەرچاوە دارایییەكانی بەردەستیان بەكار بهێننن بۆ دڵنیابوون لە ئارادابوونی نەختینە، و لە هەمان كاتدا گرتنەبەری رێككاری تەندروستی بۆ بەرگرتن بە بڵابوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، و پشتیوانیكردنی بانكی جیهانی و سندوقی نێودەوڵەتی دراو بۆ بەرەنگاربونەوەی تەحەددییە ئابوورییەكان و زیانە مرۆییەكانی كۆڤید-19. بەیاننامە هاوبەشەكە بازاڕە داراییەكانی دڵنیاكردەوە و ئەوەی خستەڕوو كە رەنگە لە كۆتاییدا ئیدارەی ترەمپیش هاوبەشی لەگەڵ گروپەكەدا بكات دوای ئەوەی گروپی جی 7ی هەڵپەسارد و سست بوو لە بەگەڕخستنی ئەم گروپە بۆ روبەڕوبونەوەی قەیرانەكە. بە داخەوە، هەر رۆژی دواتر ئەمەریكا ئەم هاوكارییەی لەباربرد، كاتێك وەزیری دەرەوەی وڵاتانی گروپی جی 7 لە رێی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە كۆبونەوەیان ئەنجامدا بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی رەهەندە سیاسی و ئەمنییەكانی ئەم پەتایەوە. هەوڵەكان بۆ دەركردنی بەیاننامەیەكی هاوبەش شكستیان هێنا كاتێك ئەمەریكا بە سەركردایەتی ترەمپ داوای ئەوەی كرد پێویستە لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بە ڤایرۆسەكەی ووهان بكرێت و ئۆباڵی بڵاوبونەوەی لە جیهاندا بخرێتەئەستۆی چین. هاوبەشەكانی ئەمەریكا لە گروپی جی 7 ئەم داواكارییەی ئەمەریكایان رەتكردەوە و پێیان وابوو هێرشێكی ناپێویستە بۆ سەر پەكین و دەبێتەهۆی لادانی سەرنج لەسەر گرتنەبەری هەوڵێكی نێودەوڵەتی، لە ئەنجامدا هەر دەوڵەتێك بەیاننامەی تایبەت بە خۆی دەركرد. وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، مایك پۆمپیۆ پاساوی بۆ هەڵوێستی وڵاتەكەی هێنایەوە و ئاماژەی بەوەدا كە چین بەردەوام لەسەر هەڵمەتە چەواشەكارییەكانی، ئەمە لە كاتێكدا باسی ئەوەی نەكرد بۆچی وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا، رۆژی پێشتر واژوی لەسەر بەیاننامەیەك كرد كە كە تەنها ئاماژە بە كۆڤید-19 و ڤایرۆسی كۆرۆنا كردبوو.

كۆبونەوەی گروپی 20یش لە ئاستی چاوەڕوانیدا نەبوو
رۆژی سێشەممە، گروپی جی 20 سەرۆكی دەوڵەت و حكومەتەكان لە رێی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە لوتكەكەیان لە سعودیە، وەك سەرۆكی گروپەكە لە ساڵی 2020، ئەنجامدا. تاوەكو هەفتەی رابردوش، گروپی جی 20 بێدەنگی هەڵبژاردبوو و چاودێرانی دووچاری سەرسوڕمان كرد كە ئاماژەیان بەوەدا پێویست بوو سەرۆك ترەمپ دەسترۆیشتویی جیهانی وڵاتەكەی بەكار بهێنایە و چەند هەفتەیەك پێشتر گروپەكەی كۆبكردایەتەوە، واتە ئەو كاتەی هێشتا پەتاكە لە قۆناغی سەرەتایی بڵابونەوەدا بوو. ئەگەر ئەمەی بكردایە، ئەوا گروپی جی 20 دەیتوانی دووبارە رۆڵی ئاگركۆژینەرەوە ببینێت كە لە نێو جەرگەی قەیرانە جیهانییە داراییەكەدا بینیتی.

لە مانگی تشرینی دووەكی 2008، سەرۆكی ئەو كاتەی ئەمەریكا، جۆرج بوش سەركردەكانی ئابوورییە گەشەكردو و تازەگەشەكردووەكانی جیهانی بانگهێشتكرد بۆ واشنتۆن. لە سایەی سەركردایەتی سەرۆكی دوای خۆی، باراك ئۆباما، گروپی جی 20 بووە مینبەری سەرەكی جیهانی بۆ ئەنجامدانی هاوكاری ئابووری لەسەر ئاستی جیهانی و گرتنبەری رێككاری یەكلاكەرەوە بۆ رزگاكردنی جیهان لە دووەم گەورەترین پوكانەوەی ئابووری. ئێستاش كە پەتاكە لە تەشەنەكردندایە و ئابووری جیهانیش دووبارە بەرەو لێواری هەڵدێر دەچێت، ئەوا كاتی ئەوەبوو بانگهێشتی بەتالیۆنی ئاگركوژینەوەی گروپی جی 20 بكات.
راگەیاندنكاران لوتكەی رۆژی سێشەممەیان بە تاقیكردنەوەیەك زانی بۆ سەركردایەتی ئەمەریكا و هاوكاری نێودەوڵەتی. ئەگەر وابێت ئەوا ئەمەریكا و هاوبەشەكانی لە گروپی جی 20 بە زەحمەت توانیان تەنها نمرەی دەرچوون بە دەست بهێنن. چونكە بەیاننامە هاوبەشەكەیان بەرفراوان و تەمومژاوی بوو. ئەندامانی گروپی جی 20 بەڵێنیاندا هەرچییەكیان لەدەست بێت بیكەن بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكانی پەتاكە و زمانێكی دڵنیاكەرەوەیان بەكارهێنا لەبارەی پێویستی هاوكاری نێودەوڵەتی بۆ روبەڕوبونەوەی پەتایەكی بێ پێشینە.

ئەو حكومەتانەی كۆبونەوە گوزارشتیان لە خواستی خۆیان كرد بۆ برەودان بە تواناكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی و هەڵسەنگاندن بۆ كەموكورتییەكان بكەن لە پەیوەندیدا بە توانای بەرەنگاربونەوەی پەتاكە لەسەر ئاستی جیهان و خێراكردنی توێژینەوەكان و پەرەپێدانی ڤاكسین و دروستكردنی كەلوپەلی پزیشكی بۆ بەهێزكردنی بیمەی سەلامەتی لەسەر ئاستی جیهانی. جگە لەم پرسە گشتییانە، بەیاننامەكە هیچ پابەندبوونێكی تایبەتی لە خۆنەگرت. سەركردەكان داواكارییەكەی سندوقی نێودەوڵەتی دراویان جێبەجێنەكرد كە داوای كردبوو وڵاتانی گروپی جی 20 سەرچاوەكانیان دوو هێندە بكەن و بیگەیەننە 2 ملیار، هەروەها رەزامەندیان نەدا بەوەی وڵاتە هەژارەكان- كە گرفتار بوونە بەدەست پەتاكەوە- دانەوەی قەرزەكانیان دوا بخەن، كە ئەمە داواكاری بە پەلەی بانكی جیهانی و سندوقی نێودەوڵەتی دراو بوون. بەڵام خاڵی ئەرێنی ئەوەبوو كە خۆی سەرقاڵ نەكرد بەوەی چ نازناوێك لە پەتاكە بنرێت و تەنها وەك قەیرانی كۆڤید-19 ئاماژەی پێكرد. لەگەڵ ئەوەشدا دابەشبوونی نێوان ئەمەریكا و ئاسیا روون و ئاشكرا بوو، كاتێك سەرۆكی چین شی جینگ پینگ ووتەكەی خۆی تەرخان كرد بۆ وەسفكردنی رێككارە بازرگانییەكانی ئەمەریكا وەك ئاستەنگی سەرەكی لەبەردەم گەشەی ئابووری جیهانیدا.

پلانی مرۆیی نەتەوە یەكگرتوەكان
لەبەر ئەوەی وڵاتانی گروپی جی 20 لە سەتا 80ی تێكڕای داهاتی نیشتیمانی لەسەر ئاستی جیهانی پێكدەهێنن، ئەوا وەڵامدانەوە نیوەناچڵەكەی بۆ پەتاكە كاریگەری و دەرئەنجامی خراپی دەبێت لەسەر تێكڕای ئەندامانی دیكەی نەتەوە یەكگرتوەكان- گروپی جی 173-. ئەمە بە شێوەیەكی تایبەت راستە بۆ ئەو وڵاتانەی لە دۆخێكی لەرزۆكدان و گرفتارن بە دەست شەڕ و ناكۆكییەوە و لە هەلومەرجێكی زۆر خراپدا بوون تەنانەت پێش بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
بۆ چارەسەركردنی ئەم تەنگژەیە، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكانی ئەنتۆنیۆ گوتێرێس داوای 2 ملیاری لە دەوڵەتە ئەندامەكان كرد بۆ ئەوەی پلانێكی مرۆیی بخرێتەگەڕ بۆ بەرەنگاربونەوەی كۆڤید-19. ئامانجەكەش ئەوەیە كە وڵاتە لاوازەكان بە تەنها بەجێنەهێڵرێن لە پرسی روبەڕبونەوەی پەتاكەدا. كە ئەمە پێویستییەكە بە پەلەیە. كۆڤید-19 ئابوورییە پێشكەوتووەكانی وەك ئەمەریكا و ئیتاڵیای خستۆتەژێر فشارەوە، هەروەها ئابورییە گەشەكردوەكانی وەك چین و هیندستانیش.
لە كاتێكدا نەخۆشییەكە زیاتر تەشەنە دەكات لەو وڵاتانەی كەمتر گەشەكردوون، ئەوا بۆی هەیە زیانە مرۆییەكان بگەنە ئاستێكی كارەساتبار، بە تایبەتی لە وڵاتە لاواز و گرفتارەكان بە دەست شەڕەوە كە زۆرترین رێژەی هەژارییان تێدایە- كە پزیشك و كارمەندی تەندروستی و قەرەوێڵەی نێو نەخۆشخانە و دەمامك و ئامێری هەناسەدانی دەستكردیان كەمە-، ئەگەر مەترسی ئەوە لە ئارادا بێت شاری نیویۆرك بكەوێتە ژێر فشاری نەخۆشییەكەوە، دەبێت چ ئومێدێك هەبێت بۆ لاگۆس، نەیجیریا، یان دەكا، بەنگلادیش، ئەمە ئەگەر باسی یەك ملیۆن ئاوارەی نوێی نێو كەمپنەكانی باكووری سوریا نەكەین یان ئەوانەی لە یەمەنی پارچەپارچەبوودا بێ ماڵ و حاڵ بوونە، كە لە ئێستادا دوو ملیۆن تۆشبوی بە كۆلێردا تێدا تۆمار كراوە.
ئامانجی پلانەكەی نەتەوە یەكگرتوەكان كە لەلایەن ئۆفیسی رێكخەری كاروبارە مرۆییەكانەوە بەڕێوەدەبردرێت هاوكاریكردنی 51 وڵاتی لاوازە لە ئەفریقیا و ئاسیا و ئەمەریكای لاتین. ئەم پارەیە هاوكاری ئۆپەراسیۆنەكانی نۆ ئاژانستی نەتەوە یەكگرتوەكان و رێكخراوە ناحكومییە هاوبەشەكانیان، كە هەوڵدەدەن كەرەستەی تێستكردن و كەلوپەلی پزیشكی دەستەبەر بكەن و هەڵمەتی هۆشیاركردنەوە ئەنجام بدەن بۆ سنورداركردنی بڵاوبونەوەی نەخۆشییەكە و پاراستنی پەنابەران و ئاوارە ناوخۆییەكان. حاڵی حازر كۆڤید-19 ژیانی لە وڵاتە دەوڵەمەندەكاندا شپرزە كردووە، و بە گوێرەی بەڕێوبەری گشتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی تێدۆر ئادناهۆم و جێگری سكرتێری گشتی بۆ نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ كاروبارە مرۆییەكان مارك لۆكۆك لە ئێستادا ئەم نەخۆشییە لە ناوچەكانی شەڕدا بڵاو دەبێتەوە كە بە ئاسانی ناتوانن ئاوی خاوێن و سابون بەدەست بهێنن و هیچ ئومێدێكیش نییە كە بتوانرێت لە نەخۆشخانە بخەوێنرێن ئەگەر بێتو نەخۆش بكەون.
لاوازی ئەم پلانە ئەوەیە لە ئاستی پێویستدا نییە. دوو ملیار دۆلار دەكاتە دوو دۆلار بۆ هەر كەسێك لەو یەك ملیار خەڵكەی لەو وڵاتانەدا دەژین كە لە دۆخێكی لەرزۆكدان، یان دەكاتە 25 دۆلار بۆ هەر یەكێك لە 70 ملیۆن پەنابەر. هەروەها مەترسی ئەوە هەیە دەوڵەتە ئەندامەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان كە ئەو پارەیەی لە ئێستادا بۆ كاروبارە مرۆییەكانیان تەرخان كردووە بیكەنە بەشێك لەم پلانەی نەتەوە یەكگرتوەكان. بۆ ئەوەی ئەم پلانەی نەتەوە یەكگرتوەكان پتر كاریگەر بێت ئەوا پێویستە هاوكاریی زیاتری بۆ دەستەبەر بكرێت. لە سەرەتای ئەم مانگەدا، بانكی جیهانی بەڵێنیدا بە دەستەبەركردنی 12 ملیار وەك كۆمەك و هاوكاری تەكنیكی بۆ وڵاتە تازەگەشەكردووەكان كە بە دەست ڤایرۆسی كۆرۆناوە دەناڵێنن. كاتی ئەوە هاتووە وڵاتە دەوڵەمەندە كۆمەكبەخشەكان لە نێویاندا ئەمەریكا- كە هەوڵی پەسەندكردنی بودجەیەكی 2.2 ملیار دۆلاری دەدات بۆ ئەوەی لە ناوخۆدا بەكاری بهێنێت- رۆڵێكی چالاكتر ببینن لەسەر ئاستی جیهانی. ئەگەرچی تا ئێستا ئەدای ئەم وڵاتانە لە ئاستی سەركردایەتیە پێشویاندا نەبووە لە ئاست قەیرانەكاندا، بەڵام هێشتا كاتی ئەوە لەبەردەستدایە كە بە شێوەیەكی كارا بەرەنگاری ئەم هەڕەشە هەمەلایەنە ببنەوە.
Top