مستەفا بارزانی ئەو ئیرادەیەی فێری كردین (( قررنا مایلی)) قبوڵ نەكەین

مستەفا بارزانی ئەو ئیرادەیەی فێری كردین (( قررنا مایلی)) قبوڵ نەكەین
هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ هیندستان، سەردانی ماڵە سادەكەی (مەهاتما گاندی) رێبەری هیندستانی كرد و، پێكەوەش لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی هیندستان مەدالیای نیشتمانیی هیندستانیان بە وێنەكەی گاندیدا هەڵواسی. رێكخستنی ئەو رێوڕەسمەش بەو ئاستە بەرزە لەلایەن حكومەتی هیندستانەوە بۆ پێشوازیی سەرۆكی ئەمریكا، ئەو پەیامەی بە جیهان راگەیاند، كە راستە ئێستا گاندیی رابەر بە جەستە لە ناو گەلی هیندستان نەماوە، بەڵام ماڵە سادەكەی گاندی بەنرخترین تەلاری وڵاتێكە كە رووبەرەكەی نیمچە كیشوەرێكە و ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە ملیارێك و 250 ملیۆن كەسە، كە ئەویش هیندستانە، لەمەش زیاتر سەردانی ماڵە سادەكەی گاندی پەیامێكی دیكە بوو بۆ پەیوەندیی بازرگانی و ئابووریی هیندستان لەگەڵ ئەمریكا، بەوەی ئەمریكا لەگەڵ وڵاتێك پەیوەندیی ئابووری و بارزگانیی خۆی فراوان دەكات، كە هێشتاش بە فیكری گاندی مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهان دەكات، راشكاوانەتر لەمەش ئەگەر لەو پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەدا ئەمریكا هەوڵ بدات كە سەروەریی هیندستان پێشێل بكات، یان ئامانجی ئەوە بێت، هیندستان لە رووی ئابووری و بازرگانییەوە بكاتە پاشكۆی خۆی، ئەوا گاندی هێشتا زیندووە و بە هەمان ئەو فیكرەی كە بە ئەنجامدانی كاروانی خوێ (مسیرة الملح) چۆكی بە كۆمپانیا گەورەكانی بەریتانیای مەزن دادا و ناچاری كردن لە هیندستان بكشێنەوە و ددان بە سەربەخۆییەكەیدا بنێن، ئەگەر ئەمریكا ئەوە دووبارە بكاتەوە، ئەوا هیندستان زەرەری گەورە ناكات، بەڵكو زەرەرمەندی گەورە ئەمریكا دەبێت.
هەر هەفتەی رابردوو سەرۆك مسعود بارزانی لە میانەی چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ كەناڵی عەرەبیی زاگرۆس سەبارەت بە رەوشی ئێستای عێراق و ئەو شێوازەی كاندیدی راسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ، مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پێ دەكات، هەمان ئەو شێوازی پەیام و ئەو قسانەی دووبارە كردەوە كە لە شەستەكان و حەفتاكانی سەدەی رابردوو، مستەفا بارزانی ئاراستەی شاندەكانی حكومەتە جیاوازەكانی عێراقی كردبوو، كە داواكاریی سەرەكیی مستەفا بارزانی لە تەواوی حكومەتە یەك لە دوا یەكەكانی عێراق ئەوە بوو كە نابێت لە عێراقدا چەمكی (ئەمانەمان بڕیار داوە - قررنا مایلي) بمێنێت، راشكاوانەتر، نابێت دەسەڵاتدارانی عێراق لە بەغداوە بڕیار بدەن و كوردستانیش ناچار بێت جێبەجێیان بكات، بۆیە ئەم وتە پڕ بەهایەی بارزانیی باوك، پێمان دەڵێت، ئێمە لەگەڵ عێراقێك دانوستاندن و وتووێژ دەكەین، كە خۆمان بەشێك بین لە دروستكردنی بڕیار، نەك بڕیاری ئەوان جێبەجێ بكەین.
هەرچەندە پێش ئەوەی ئەو پرسیارە لە سەرۆك مسعود بارزانی بكرێت، بەوەی ئایا مستەفا بارزانیی رابەر لای ئەو چ مانایەكی هەیە؟ ئەو پێشتر بە هاوشێوەی مستەفا بارزانی پەیامی خۆی ئاراستەی تەواوی هێزە سیاسییەكانی عێراق و كاندیدی راسپێردراویش بۆ حكومەتی داهاتووی عێراق كردبوو، بەڵام لە وەڵامدانەوەشی سەبارەت بەو پرسیارە راشكاوانە گوتی: «مستەفا بارزانی بۆ من بریتییە لە (باوك، سەرۆك، رابەر، مامۆستا، هەر چیم هەیە، لەوەوە فێر بووم»، هەروەها ئاماژەشی بە رووداوێك كرد، كە لەو رووداوەدا مستەفا بارزانی ئامۆژگاری كردووە و پێی گوتووە: «هەر شتێك ئیرادەی خوای لەسەر نەبێت، روو نادات»، ئەم دوو وەڵامە كورتەی مسعود بارزانی پێمان دەڵێت، راستە مستەفا بارزانی-ی رابەر بە جەستە لە ناوماندا نەماوە، بەڵام هێشتا فیكری مستەفا بارزانی ئاراستەمان دەكات و ئیرادەی بینینی رووناكیمان لە ناو ئاسمانی تەمومژاویی رۆژگارە سەختەكاندا پێ دەبەخشێت و، ئیرادەی ئێمەش هەمان ئیرادەی ئەو رابەرەیە كە تا ئەو ئاستە ئیرادەی بەهێز بووە كە ئامۆژگاری قوتابیەكەی خۆی (مسعود بارزانی) پێ كردووە و پێی گووتووە كە هەرشتێك ئیرادەی خوای لەسەر نەبێت، روونادات، ئەمەش مانای ئەوەیە ئیرادەتان بە خۆتان و بە گەلەكەتان و بە پشتیوانیی خودا بەهێز بێت و سەركەوتنیش هەر بۆ هەق و گەلی كوردستانی ماف خوراوە.
كەواتە قوتابییەكەی مستەفا بارزانی لە ناو گێژاوی پاشاگەردانیی پڕۆسەی سیاسیی ئێستای عێراقدا، چی پێ گوتین و چی فێركردین، بێگومان هەموو ئەوانەی گوێبیستی ئەو دیمانەیەی مسعود بارزانی-ی رابەر بوون، لەو راستییە تێگەیشتین، كە ئەم رابەرەش پێی گوتین: «ئەوانەی دەیانەوێت دۆستایەتی، یان دوژمنایەتی لەگەڵ كوردستان بكەن، دەبێت ئەوە بزانن لەگەڵ فیكر و ئیرادەی مستەفا بارزانی قسە دەكەن، ئەگەر دەیانەوێت هاوبەش بین لە عێراقدا، دەبێت (قررنا مایلی) نەمێنێت و گەلی كوردستان هاوبەشی دروستكردنی بڕیاری سیاسی بێت لە عێراقدا، ئەگەر دەیانەوێت دژایەتیمان بكەن، ئەوا هێشتا ئەو فیكرەی مستەفا بارزانی زیندووە، كە بە پشتیوانی خوا و پشتیوانی گەلی كوردستان ملكەچی هیچ گوشارێك نابین و دژی ئەو زوڵمە رادەوەستینەوە كە دەرهەق گەلەكەمان دەكرێتەوە.
ئەمڕۆ كە یادەوەریی ساڵیادی دەكەینەوە، بارزانی مستەفا تەنیا وەك جەستە لە ناوماندا نەماوە، بەڵام مسعود بارزانی جارێكی دیكە لە میانەی پەیامە راشكاوەكەی بۆ سەرجەم كاراكتەرەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق، سەلماندیەوە، كە كوردستان هەر كوردستانەكەی مستەفا بارزانی-یەو، هەر فیكر و ئیرادەی ئەویش ئێستا كوردستان ئاراستە دەكات.
Top