بەشداریی هەرێمی كوردستان و دیدارە گرنگەكانی سەرۆكی حكومەت

بەشداریی هەرێمی كوردستان و دیدارە گرنگەكانی سەرۆكی حكومەت
هلموت كۆڵ راوێژكاری ئەڵمانیا لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، دوای سەركەوتنی لە دووبارە یەكگرتنەوەی هەر دوو ئەڵمانیای (رۆژهەڵات و رۆژئاوا) نازناوی بسماركی سەدەی ییستەمیان پێ بەخشی، بەڵام هەر ئەم هلمۆت كۆڵە لەسەر كتێبەكەی لی كوان یو (چیرۆكی سەركەوتنی 30 ساڵی سەنگافورا) نووسیویەتی: ئەزموونی لی كوان یو، لە بونیادنانەوەی دەوڵەتی سەنگافورادا، فێری هونەرێكی دیكەی دەوڵەتداری و حوكمڕانیی كردین، كە ئێمە پێشتر لە رۆژئاوا نەمانزانیوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەزموونی سەركەوتووی دەوڵەتداری و حوكمڕانی، پەیوەندی بە دەوڵەتی گەورە و بچووكەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە ئەزموونی سەركەوتووی گەورەوە هەیە.
لە یەكەم رۆژی كردنەوەی كۆنفڕانسی میونشن-ی ئەمساڵدا، یەكەم دیداری مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دان برۆلیی وەزیری وزەی ئەمریكا، هەمان قسەكەی هلمەت كۆڵمان سەبارەت بە لی كوان یو، لە زاری برۆلی-یەوە بەرامبەر مسرور بارزانی گوێ لێ بوو، كاتێك گوتی: ئێوە موعجیزەتان دروست كردووە لە شێوازی دەوڵەتداری و حوكمڕانیدا و ئێستا كوردستان هێندەی لیبیا نەوت هەناردەی دەرەوە دەكات.»
ئەم قسەیەی وەزیری وزەی ئەمریكا، قسەیەكی سەرپێیی نییە، بەڵكو ئاماژەیە بۆ كۆی ئەو كێشانەی كە لە ناو راپۆرتەكەی كۆنفڕانسی ئەمساڵی میونشن، سەبارەت بە حەوزی دەریای ناوەڕاست و دەوڵەتانی باكووری ئەفریقیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاماژەیان پێ كراوە، بەڵام كوردستان لەناو ئەم جوگرافیا فاشیلەدا بە عێراقیشەوە، ئەزموونێكی سەركەتووی لەسەر ئاستەكانی (سیاسی، ئابووری، وزە، تەبایی و پێكەوە ژیان و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و.. هتد) پێشكەش كردووە، ئەمەش لە جێگەی خۆیدا بۆ ئەم ناوچە فاشیلە، وای كردووە، ئەزموونی كوردستان وەك موعجیزەیەك سەیر بكرێت، كە ئەمەش وەك سەرەتایەك بۆ سەرنجڕاكێشانی هەرێمی كوردستان لەو كۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەدا دەخوێندریتەوە.
دیارە مسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە ماوەی سێ رۆژی (56)ـەمین كۆنفڕانسی ئەمساڵی میونشن، چەندین دیداری گرنگی لەگەڵ سەرۆك وەزیران و وەزیرانی بەرگری و دەرەوە و وزەی وڵاتانی جیاوازی جیهان ئەنجام داوە كە بەشێكیان بریتی بوون لە:
دان برۆلی وەزیری وزەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
مارك ئیسپەر وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
كرامپ ئەنێگرێت كارنبارۆ وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا.
شێخ سەباح حەمەد ئەلسەباح سەرۆك وەزیرانی دەوڵەتی كوەیت.
بۆیكۆ بۆریسۆڤ سەرۆك وەزیرانی دەوڵەتی بولگاریا.
شاندی پەرلەمانی ئەڵمانیا كە پێكهاتبوون لە (نیل شمید و كارستن شنایدەر و فیختز فەیگنترۆی)
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا.
ئەحمەد ئەبوغەیس ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی.
مارك رووتە سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا.
فالح فەیاز راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق.
ئەیمەن سەفەدی وەزیری دەرەوەی ئوردن.
شاندێكی گەورەی كۆنگرێسی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی سیناتۆر لیندسی گراهام.
نەجاح شەمەری وەزیری بەرگریی عێراق.
جان ئیڤ لۆردیان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا.
هاریت سینگ سەججان وەزیری بەرگریی كەندا.
ئەم بایەخدانەی وڵاتان بە شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مسرور بارزانی، بایەخدانێكی هەمەلایەنەیە، جیا لە ئەزموون و قارەمانیەتی پێشمەرگە لە تێكشكاندنی تیرۆریستان، لە هەمانكاتدا ئێستا هەرێمی كوردستان لە رووی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنییەوە، بۆتە ئەو شوێنە سەرنجڕاكێشەی كە مانەوەی ئەم هەرێمە لە ناو ئەم ناوچە شكستخواردووەدا وەك دەستكەوتێكی گەورە بۆ ئاشتی و ئاسایشی هەرێمی و جیهان سەیر بكرێت، لەلایەكی دیكەشەوە هەرێمی كوردستان بۆتە پێگەیەكی گرنگ بۆ رێگرتن لە سەرهەڵدانەوەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش و ناوچەیەكی گرنگ بۆ وەبەرهێنانی كۆمپانیا بیانییەكان، لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە، چۆن لە سەرەتای سەرهەڵدان و دامەزراندنی خەلافەتی داعش، كۆنفڕانسی میونش لە ساڵی 2015 پێشنیاری ئەوەی كرد كە مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان بۆ یەكەمجار وەك رابەرێكی پێشمەرگە بانگهێشتی میونشن بكرێت، بۆ ئەوەی ئەزموونی بوێری و لێهاتوویی پێشمەرگە ببێتە بناخەی ئەو سوپا جیهانییەی داهاتوو لە بەرپەرچدانەوەی تیرۆریستانی داعش و هاوشێوەی داعشدا، لە ئێستاشدا كە تەنگژەكانی جیهان بەگشتی و رۆژئاوا بەتایبەتی، تەنگژەی دیاردەی فرەكولتوورییە لە رۆژئاوا و كێشەیەكی گەورەی بۆ دروست كردوون و خەریكە هەموو بنەماكانی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتیی رۆژئاوا لەبەریەك هەڵدەوەشێنێت، بەڵام بە پێچەوانە لە هەرێمی كوردستان و لەسایەی ئەو پرۆسە سیاسییەی سەرۆك مسعود بارزانی رێبەرایەتی دەكات، دیاردەی تەبایی و پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان كەلتور و نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان بۆتە خاڵێكی بەهێز بۆ هەرێمی كوردستان، ئەمەشیان ئەو خاڵە گرنگەیە كە دەكرێت وەك نموونەیەكی زیندوو لاسایی كوردستان بكرێتەوە و، ئەو تەوژمە پۆپۆلیستییە راست و چەپەی رۆژئاوا بەری پێ بگیرێت، كە ئێستا وەك هەرەشە بۆ سەر رۆژئاوا لە قەڵەمی دەدەن.
Top