كاری پێكەوەیی و هاوسەنگیی نێوان دەسەڵاتەكان كاری لە پێشینەی سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستانە

كاری پێكەوەیی و هاوسەنگیی نێوان دەسەڵاتەكان كاری لە پێشینەی سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستانە
نێچیرڤان بارزانی لەتەواوی ماوەی ژیانی سیاسیی خۆیدا ئامانجی كاری پێكەوەیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بووە، لەماوەی ئەو ساڵانەشی كە سەرۆك وەزیرانی چوار كابینە بووە، دیسان ئامانجی ئەوەبوو كە تەواوی لەلایەنە سیاسیەكان پێكەوە شانبدەنە بەر پرۆسەی حوكمڕانی لەكوردستان و پێكەوە هاوسەنگی نێوان ئەو سێ دامەزراوەیە رابگرن كە بریتین لە(پەرلەمان و حكومەت و دەسەڵاتی دادوەری).
لە ئەزموونی حوكمڕانیی نێچیرڤان بارزانی-دا وەك سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئەوەی بەشێ هەرە زۆری هەوڵەكانی بۆ ئەوە بووە گیانی پێكەوە كاركردن بپارێزێت و قووڵتری بكاتەوە، بەڵام بارودۆخی سیاسی و بوونی ناسەقامگیری سیاسی نەیەێشت تاسەر ئەم ئامانجەی بۆ بێتەدی، لەسەر ئاستی دروستكردنی هەما هەنگی و هاوسەنگیش لەنێوان هەرسێ دەسەڵاتی (پەرلەمان و حكومەت و دادوەری)ش، بارودۆخە سیاسییەكە وایكرد كە نەتوانرێت لە چوارچێوەی بەرنامەیەكدا ئەو هەما هەنگی و هاوسەنگییە لەنێوان دەسەڵاتە جیاوازەكان دروست بكرێت. بەڵام شێوازی حوكمڕانی و بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان لەماوەی كۆتایی 2017 تا هەڵبژاردنەكانی ئەیلوولی 2018، وەرچەرخانێكی ئەوتۆی لە پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا دروستكرد، كە دەتوانین بڵێین: هەم سەرەتای سەقامگیری لە ناو پرۆسەی سیاسی كوردستاندا دەركەوتووە،، هەمیش بە هۆی ئەزموون و شێوازی دیپلۆماتیی نێچیرڤان بارزانی بناخەیەك بۆ كاری پێكەوەیی لەنێوان (پارتی و یەكێتی و گۆڕان) وەك سێ لایەنی بەشدار لە حكومەتدا دروست بوو، كە گەشبینی ئەوە دروست دەكات لە چوارچێوەی بەرنامەیەكی هاوبەشدا ئەو هەما هەنگی و هاوسەنگییە لە نێوان هەر سێ دامەزراوەی (پەرلەمان و حكومەت و دادوەری) دروست بێت.
نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمدا لەگەڵ ئەوەی كەسی یەكەمە لە لوتكەی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستاندا، بەڵام بوونی مسرور بارزانی بە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەرك و سەرقاڵییەكی زۆری كێشەكانی حكومەتی لەكۆڵ دەكاتەوە، هەروەك چۆن ئەو كە خۆی سەرۆك وەزیران بوو، بەشێكی زۆری كێشەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی لە كۆڵ سەرۆك بارزانی كردبووەوە، هەرو هەا لەلایەكی دیكەوە لەبەر ئەوەی ئێستا سەرۆك بارزانی لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا سەنگ و پێگەی بەو ئاستەیە كە ناحەزەكانی بەخیلی پێ دەبەن، ئەوا لە پرسی ئیدارەدانی سەختترین كێشەدا كە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدایە، نێچیرڤان بارزانی رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر سەخت نابێتەوە و لۆژیكی سەرۆك بارزانی ئەم كارەی بۆ ئاسان كردووە، ئەم دوو فاكتەرە گرنگە، بوارێكی فراوان و گەورە لەبەردەم سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە كە هەڵوەستەی جددی لەسەر ئەو دوو پرسە گرنگە بكات كە بریتین لە كاری پێكەوەیی و هاوسەنگیی نێوان دامەزراوەكانی دەسەڵات لە كوردستاندا.
سەبارەت بە خاڵی یەكەمیان كە كاری پێكەوەیی و دروستكردنی تەبایییە لەناو هێزە بەشدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، پێش دەست بەكاربوونی وەك سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان، ئەو ئامانجە وەك ئامانجی یەكەم لە ئاراستەی سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی بۆ هەرێمی كوردستان دەركەوتووە، بەتایبەتی كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان داوای كرد، جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان زیاد بكرێت، بێگومان نێچیرڤان بارزانی نەك هەر ئەم داوایەی یەكێتی رەتنەكردەوە، بەڵكو بەوەش رازی بوو كە لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیشدا بنووسرێت، ئەوجا ئەوانەی ئەزموونیان لەگەڵ شێوازی حوكمڕانیی نێچیرڤان بارزانی هەیە، پێشبینی ئەوە دەكەن ئەگەر پێكەاتە نەتەوەیی و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان و ئەو حزبە سیاسییانەی كە بەشدارییان لە حكومەتدا كردووە، نەبنە یاریدەدەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەوا لیژنەیەكی راوێژكاریی ئەوتۆ دادەمەزرێنێت كە هەموو پێكەاتە نەتەوەیی و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان و حزبە سیاسییەكان كۆبكاتەوە، بۆ ئەوەی هەست بكەن كە لە شێوازی بەڕێوەبردنی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستاندا بەشدارن.
لەماوەی رابردوو و لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان، لەسەر ئاستی سیاسەتمەدار و ئەكادیمی و رۆشنبیران، پێشبینی و مەزندەی زۆر بۆ شێوازی سەرۆكایەتیكردنی كراوە و بۆچوونی جیاوازی لەسەر گوتراوە، بەڵام خاڵی هاوبەشی نێوان تێكڕای بۆچوونە جیاوازەكان ئەوەیە كە كەسایەتیی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو پۆستە هەستیار و گرنگە گونجاوە و ئومێدی سەركەوتنی لێدەكرێت، بەڵام لەناو ئەو بۆچوونە جیاوازانەشدا و هەر یەكەیان بەجۆرێك ئەو پرسیارە بەراوردكارییە دەورووژێنن: ئایا نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت بە هاوشێوەی سەرۆك بارزانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بكات؟ یان پرسیارەكە بە شێوەیەكی دیكە دەكرێت، ئایا قۆناخی سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی لە قۆناخی سەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی جیاواز دەبێت؟ بۆ ئەوەی وەڵامێكی پوخت و دروست بۆ ئەم پرسیارانە وەربگرینەوە، باشترە بگەڕێینەوە بۆ ئەو وتەیەی سەرۆك بارزانی لە كۆنگرەی 13ی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بە بۆنەی دەستنیشانكردنی نێچیرڤان بارزانی وەك جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشكەشی ئەندامانی كۆنگرە و تەواوی خەڵكی كوردستانی كرد و شایستەیی نێچیرڤانی بۆ ئەو پۆستەی بە تەواوەتی شیكردەوە، لەمەش زیاتر نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بەشێوازی كاركردنی لەناو حكومەت و حزب گوتوویەتی: ئێمە هەموومان لەبەر رۆشنایی و لەناو ئەو بازنەیەدا كاردەكەین كە جەنابی سەرۆك بارزانی بۆمان دیاری دەكات، بەڵام لەوانەیە هەر یەكەمان بەشێوازی خۆی رێنمایی و راسپاردەكانی سەرۆك بارزانی جێبەجێ بكات.
لەم راستەوە ئەگەر بگەڕێینەوەو لە میانەی هەر دوو تێڕوانینی سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی-یەوە وەڵامی ئەو پرسیارە بەراوردكارییانە بدەینەوە كە بەشێك لە سیاسەتمەدار و ئەكادیمی و رۆشنبیران سەبارەت بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەیورووژێنن، دەكرێت بڵێین: بەڵێ، شێوازی سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی لە شێوازی سەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی جیا دەبێت، ئەم جیاوازیەش ئەو جیاوازییەیە كە سەرۆك بارزانی خۆی مەبەستێتی و دەزانێت نێچیرڤان بارزانی دروستی دەكات، بە دیوێكی دیكەدا، سەرۆك بارزانی كاتێك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، ئەو بەرنامەیەی جێبەجێ دەكرد كە خۆی بیری لێ دەكردەوە و بۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دایدەڕشت، بەڵام لەم قۆناخەدا دیسان نێچیرڤان بارزانی لەسەر هەمان ئەو بەرنامەیە سەرۆكایەتی دەكات كە سەرۆك بارزانی نەخشەی بۆ كێشاوە، بەڵام لەشێوازی جێبەجێكردنیدا جیاوازی دەبێت.
لایەنێكی دیكە كە دیسان لەو پرسیارە بەراوردكارییانەوە سەرچاوە دەگرێت كە لەسەر ئەم پرسە دەیورووژێنن، ئەوەیە: ئایا ئەوەی لە سەرۆك بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی و ناوخۆ و عێراق و دەوروبەر قبووڵ دەكرا، بە هەمان شێوە لە نێچیرڤان بارزانی قبووڵ دەكرێت؟ دیارە وەڵامی ماوەی ئەو دووساڵە دەیداتەوە كە سەرۆك بارزانی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بەجێەێشتووەو، دۆست و دوژمنیش ئەو شاەیدییە دەدەن كە شكۆ و پێگەی ئێستای سەرۆك بارزانی تەنیا وەك (مسعود بارزانی) زۆر لەو كاتەدا بەرزتر و كاریگەرترە كە لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا بوو، هەربۆیە ئێستا كە نێچیرڤان بارزانی لەژێر چەتر و متمانەی سەرۆك بارزانی، پۆستی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت، پشتگیری ئەو چیایەی لە پشتە كە شكۆ و پێگەی سەرۆك بارزانی-یە.
ئەم خوێندنەوە شیكارییە، تەنیا خوێندنەوەیەكی گەشبینانە نییە بۆ ماوەی سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا، بەڵكو خوێندنەوەیەكی واقیعییانەیە بۆ لۆژیك و متمانەی سەرۆك بارزانی و ئاستی تێگەیشتن و پابەندبوونی نێچیرڤان بارزانی بە راسپاردە و رێنماییەكانی سەرۆك بارزانی، ئەمەش سەرەتایەكی گەشبینییە كە نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ئاستێك سەركەوتوو دەبێت كە پشتیوان بەخوا كوردستان دەباتە قۆناخێكی نوێ.
Top