شۆڕشی گوڵان درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول و دەستپێكی ئەزموونێكی نوێ

شۆڕشی گوڵان  درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول و  دەستپێكی ئەزموونێكی نوێ
بەهیچ شۆڕشێك ناگوترێ شۆڕش
ئەگەر ئامانجی ئەو شۆڕشە ئازادی نەبێت

ماركیزی دی كوندروسیە
بیرمەندی فەرەنسی و كاراكتەرێكی كارا لە شۆڕشی فەرەنسادا

شۆڕشی گوڵان كە لە 26ی ئایاری ساڵی 1976 ، بە سەرپەرشتیی مستەفا بارزانی و رۆڵی كارای ئیدریس بارزانی و مسعود بارزانی ، دووبارە چەخماخەی شۆڕشی رزگاریخوازی كوردستانی بە هەموو جیهان راگەیاندەوە ، جیا لەوەی دریژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو، لە هەمانكاتیشدا دەسپێكێكی دیكە بوو بۆ دەربڕینی قۆناخێكی نوێ. ئەمەش بەو مانایەی ئەم شۆڕشە لەلایەك ، وەك بەرپەرچدانەوەیەك بۆ ئەو پیلانە نیودەوڵەتییەی لەدژی شۆڕشی ئەیلوول جێبەجێ كراوە و نسكۆی بەسەر شۆڕشەكەدا هێنا، هەروەها تەحەدایەك بوو بۆ رژێمی سەدام حوسێن كە پیلانە شومەكەی ئەلجەزائیر بە جۆرێك رایدەگەیاند : ( ئەگەر دارخوورما لەسەر چیاكانی كوردستان بڕوێت .. جارێكی دیكە پێشمەرگە وشۆڕش دروست نابنەوە)، درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول بوو، لەلایەكی دیكەش بە لەبەر چاوگرتنی واقیعی كوردستانی دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول و دووبارە كۆكردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەكان پێكەوە و رەخساندنی زەمینەیەك بۆ ئەوەی كوردستان ببێتە گۆڕەپانی راستەقینەی خەبات و كۆكردنەوەی تەواوی حزب و لایەنە كوردستانی و عێراقییەكان، دەسپێكی راگەیاندنی ئەزموونێكی نوێی شۆڕشی رزگاریخوازی كوردستان بوو.
هەلومەرجی دووبارە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان، هەلومەرجی دوای ساڵێك لە نسكۆی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو، لەم هەلومەرجەدا جیا لەوەی نائومێدییەكی رەش باڵی بەسەر ناخی هەموو تاكێكی كوردستاندا كێشابوو، لە هەمانكاتیشدا رژێمی بەعس و سەدام ، بەتەنیا كوردستانیان داگیرنەكردەوە ، بەڵكو كوردستانیان كردە سەربازگایەكی گەورە و لە تێكڕای ناوچە جیاوازەكانی كوردستان سەربازگای گەورەی دامەزراند و لەسەر ترۆپكی هەر چیاو گردۆڵكەیەیش رەبایەی سەربازی لێدانا ، بەڵام وێڕای ئەو نائومێدییە گەورەی باڵی بەسەردا كێشابووین و ، ئەو دەستە ئاسنینەی بەعس كە كوردستانی دیل كردبوو، ئەمجارەشیان پارتی دیموكراتی كوردستان لەناو جەرگەی نائومێدیدا بە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان، ئومێدو هیوای بۆ گەلی كوردستان گێڕایەوە.

پارتی دیموكراتی كوردستان كە رێبەرایەتیی شۆڕشی گوڵانی دەكرد، هەر لەسەرەتاوە شێوازی خەباتی بەرەیی كردە نەخشەڕێگەی خۆی و پەیامی ئەوەی راگەیاند كە جیاوازیی نێوان بیربۆچوونە سیاسییە جیاوازەكان نابنە رێگر بۆ خەباتی هاوبەش لە پێناوی ئازادی و بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستاندا، ئەم ئەزموونە تازەیەی خەباتی بەرەیی هاوبەش كە ئیدریس بارزانی رۆڵێكی كارای لەنێو تەواو لایەنە كوردستانی و عێراقیدا گێڕا، بووە هۆكاری ئەوەی لەسەر ئاستی كوردستان ( بەرەی نیشتمانی ديموكراتي –جود-) دابمەزرێت و ، لەسەر ئاستی خەباتی هاوبەشی لایەنە كوردستانییەكان و عێراقیەكانیش، ( بەرەی نیشتمانی و نەتەوەیی و دیموكراتی – جوقد) دامەزرا، ئەم دوو بەرەیەی خەباتی هاوبەشی كوردستانی و عێراقی ، بووە هۆكاری ئەوەی زەمینیەك بێتە ئاراوە كە شۆڕش بە ئەزموونێكی نوێێەوە پێ بنێتە قۆناخێكی تازەوە.

لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی ساڵانی دوای هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان تا ناوەڕاستی هەشتاكانی سەدەی رابردوو، چەند رووداوێكی ناخۆشی شەڕی خۆكوژی وكوردكوژی بەرۆكی بە شۆڕشی گوڵان گرت، بەڵام لۆژیكی سەرۆك مسعود بارزانی و دووربینیی ئیدریس بارزانی بۆ ئاییندەی شۆڕشی كوردستان و لەدەستنەدانی دەرفەتە مێژووییەكان، وایانكرد كە شەڕی شومی ناوخۆ سەرتاسەری كوردستان نەگرێتەوە و لە ماوەیەكی كورتدا كۆتاییان پێهێنا، لەمەش زیاتر زەمینەی ئەوەیان خۆشكرد كە كێشە و ناكۆكیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی كۆتاییان پێ بێت و ئاشتەوایی لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەكاندا بێتە ئاراوە، لەم هەوڵەشدا كە ئیدریس بارزانی رۆڵێكی كارای بۆ ئەو زەمینەسازییە دا، توانرا لە كۆتاییەكانی ساڵی 1986 بە ئاشتبوونەوەی پارتی و یەكێتی، ئاشتەوایی تەواو لەناو ماڵی كوردستاندا دروستبكەن، ئەم هەنگاوەش وەرچەرخانێكی لە بیركردنەوەی سەكردایەتیی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستاندا دروستكرد كە بیر لە دروستكردنی بەرەیەكی تازە بكرێتەوە بە ناوی ( بەرەی كوردستانی). ئەوجا لەگەڵ ئەوەی لەسەرەتای ساڵی 1987 ئیدریسی هەمیشەلەیاد شەهید بوو ، بەڵام لەبەر ئەوەی ئامانجەكانی ئیدریس بارزانی بۆ رێكخستنەوە و ئاشتەوایی نێوماڵی كوردستان ، تەنیا رێگە بوو بۆ تێپەڕاندنی رۆژە سەختانەی كە پێشبینی دەكران رووبەڕووی كوردستان ببنەوە، سەرۆك بارزانی لەسەر هەمان نەخشەی ئەندازیارەكەی بەرەی كوردستانی هەوڵەكانی درێژە پێدا ، هەتا لە هاوینی 1987 توانی لەگەڵ سەركردایەتیی حزبە كوردستانییەكانی دیكە بەفەرمی بەرەی كوردستانی راگەیاند و، ئیدریس بارزانیش وەك ئەندازیاری ئاشتەوایی و دامەزراندنی بەرەی كوردستانی ناوی لە مێژوو تۆمار كرا.
ئەوجا لەگەڵ ئەوەی بەرەی كوردستانی لە سەردەمانی پێش ئەنفال و كۆتاییهاتنی جەنگی عێراق – ئێران راگەیەنرا، بەڵام ئەم بەرەیە بووە هەوێنی یەكڕیزیی تێكرای خەڵكی كوردستان بەو خەڵكانەشی لەبەر ناچاری چەكیان بۆ رژێمی بەعس هەڵگرتبوو، كە سەرەنجام راپەڕینە مەزنەكەی بەهاری 1991ی بەدوادا هات و ، وێرای ئەو هەموو كارەساتەی لەو ساڵانەدا بەسەر كوردستاندا هات، بەڵام ئەو یەكڕیزی و ئاشتەواییەی خەڵكی كوردستان بووە فاكتەری ئەوەی لە ساڵی 1992 هەڵبژاردن ئەنجامدراو پاشان پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزرا.
ئەو پەند و وانەیەی لە ئەزموونە تازەكەی شۆڕشی گوڵان لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان خۆی تۆمار كردووە، ئەوەیە كە جیاوازیی بیروبۆچوونی سیاسی و بوونی فرەیی حزبی رێگر نییە لەبەردەم بەدەیهێنانی ئامانجی نیشتمان و نەتەوەكەمان ، بەمەرجی هەموو جیاوازییەكانمان لەیەك بازنەدا كە ئەویش بەرژەوەندیی باڵای كوردستانە، هەموو خاڵە هاوبەشەكانی خۆیان پێكەوە كۆبكەنەوە.
Top