دكتۆر سەرۆ دزەیی سەرۆكی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان/ لقی هەولێر: ئەگەر مانگانە تەنیا 10 ملیۆن دۆلاریان بە بەڵێندەران بدایە، سێ هەزار پرۆژە رانەدەوەستا و 250 هەزار هەلی كاریش لەدەست نەدەچوو

دكتۆر سەرۆ دزەیی سەرۆكی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان/ لقی هەولێر:  ئەگەر مانگانە تەنیا 10 ملیۆن دۆلاریان بە بەڵێندەران بدایە، سێ هەزار پرۆژە رانەدەوەستا و 250 هەزار هەلی كاریش لەدەست نەدەچوو
• وەكو نوێنەری بەڵێندەرانی كوردستان چۆن دەڕوانیتە دۆخی بازاڕو ئابووری لە هەرێمی كوردستاندا؟ ئایا دەكرێت بوترێت هەرێم لە دۆخی قەیرانی دارایی و ئابووری دەربازی بووە؟
- بۆ قسەكردن لەسەر دۆخی ئابووریی كوردستان پێویستە بگەڕێینەوە بۆ هۆكارەكانی قەیرانەكە، چونكە كزی و راوەستانی بازاڕ لە كوردستان هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو قەیرانە داراییە قورسەی كە بەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی گرت و لە سەرەتای مانگی 1 و 2ی ساڵی 2014 رووی لە هەرێمی كوردستان كرد، ئەویش بەهۆی چەند هۆكارێكەوە :
1. بڕینی بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقی ئەو كاتەوە.
2. شەڕی نەخوازراوی تیرۆرستانی داعش بەسەر هەرێمی كوردستاندا.
3. دابەزینی بەهای نەوت لەبازاڕە جیهانییەكاندا بۆ نزیكەی 30 دۆلار بۆ هەربەرمیلێك.
4. هاتنی یەك ملیۆن و 800 هەزارە ئاوارەی عێراق و سووریا و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ ناو هەرێم.
ئەم هۆكارانە پێكەوە باری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان زۆر قورس كرد، بە راددەیەك كە نەتوانرا تەواوی مووچەی مووچەخۆران دابین بكرێت و بە ناچاری پەنا بۆ پێدانی مووچە بەشێوەی پاشەكەوت بردرا، ئەمە وێڕای راوەستانی زۆربەی هەرە زۆری پرۆژە و كارەكانی حكومەت. ئێمە وەكو بەڵێندەرانی كوردستان بەدواداچوونی زۆرمان كرد بۆ ئەوەی حكومەت هەر هیچ نەبێت هەندێك پارە بە رێنمایی بە بەڵێندەران بدات، تاوەكو ئەو پرۆژانەی كە لەژێر ئەنجامداندا بوون رانەوەستن، بەداخەوە بە بیانووی نەبوونی ئەو بڕە پارەیە زیانێكی گەورە بە ژێرخانی ئابووری كوردستان كەوتوو قەیرانەكە سەختتر بووەوە، ئەگەر مانگانە تەنیا 10 ملیۆن دۆلاریان بە بەڵێندەران بدایە،ـ سێ هەزار پرۆژە رانەدەوەستا و 250 هەزار هەلی كاریش لەدەست نەدەچوو، ئەمە وێڕای راوەستانی بازاڕی بازرگانان و سەدان پیشەوەر و كاسبكار و خاوەن دوكانی كەرەستەی بیناسازی، تەنانەت زۆر لە بەڵێندەران كەلوپەل و كەرەستەكانیان فرۆشت و بازاڕەكانی كوردستانیان بەجێهێشت، ئەو چەكە بێ رەسیدەی بانكیش كە درا بەبەڵێندەران و بەڵێننامەیان بە ئێمە پڕكردەوە تاوەكو دۆخی دارایی كوردستان باش نەبێت، پارەكان نادرێتەوە دۆخەكەی لەسەر بەڵێندەران قورستر كرد. هەرچۆنێك بێت ئێستا لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمان وردە وردە قەیرانەكە تێپەڕ دەبێت، بەتایبەتی سەردانەكەی سەرۆك بازرانی بۆ عێراق و ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و عێراق و كۆتاییهاتنی ئەو پەیوەندییە چەقبەستووەی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبوو، بوونی عادل عەبدولمەهدی وەكو سەرۆك وەزیرانێكی میانڕەو و نزیك لەسەركردایەتی كورد بووە هۆی باشبوونی دۆخی ئابووری و دارایی عێراق و كوردستان.
* باسی بەڵێندەرانت كرد كە زیاتر لە سێ هەزار پرۆژەیان راوەستاوە و زیانێكی گەورەیان بەركەوتووە، ئایا پێدانەوەی بەشێك لە قەرزی بەڵێندەران بەشێوەی وەجبە چ كاریگەرییەكی لەسەر دووبارە بەگەڕخستنەوەی كارەكانیان و جوڵانەوەی بازاڕ هەبووە؟
- حكومەت نزیكەی یەك ملیار دۆلار قەرزداری بەڵێندەرانە، دوای هەوڵێكی زۆر توانرا بە دوو وەجبە هەرجارەی 100 ملیۆن دۆلار بدرێتەوە بە بەڵێندەران، بەڵێنیشمان لە حكومەت وەرگرتووە هەركاتێك باری دارایی باشتر بێت، ئەوا 100 ملیۆن دۆلار زیاتر، یان كەمتر بە ئێمە بداتەوە، بە پێدانەوەی ئەو یەك ملیار دۆلارەش پارەیەكی باش دەڕژێتە ناو بازاڕەكانی هەرێمەوەو پرۆژەكان دەست بە جێبەجێكردنەوەیان دەكرێت و هەلی كار دروست دەبێت و بازاڕ جووڵەی تێدا دروست دەبێتەوە، ئەو 200 ملیۆن دۆلارەی دراوە بە بەڵێندەران بەشێك لە قەرزەكانیان پێ داوەتەوە، هیچ بەڵێندەرێك حەزناكات پرۆژكەی رابوەستێت، چونكە راوەستانی پرۆژە بۆ بەڵێندەران كاولكارییە و زیانێكی گەورەی بەردەكەوێت، وەكو یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستانیش داوا لە بەڵێندەران دەكەین دەست بەكارەكانیان بكەنەوە و حكومەتی هەرێمیش بودجەیەك بۆ پرۆژەكان دابنێت، ئومێدەوارم هەنگاوەكانی حكومەت بەجۆرێك بێت ئەو متمانەیە بگەڕێنێتەوە، لەكاتی دروستبوونی قەیرانەكە حكومەت دەیتوانی دەستكاری پارەی بەڵێندەران و بزنسكاران لەبانكەكان نەكات، ئەو هەنگاوە هەڵەیە وایكرد بێزنسكار و وەبەرهێنەرو هەموو چین و توێژەكان متمانەیان بە بانك نەمێنێت و پارەكانیان بكشێننەوە و قەیرانەكە لەسەر حكومەت سەختتر بێت، بەداخەوە وەزارەتی دارایی كوردستان دەبووایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانە كە بەرنامەی زانستیی هەبووایە، نەك بە سیستەمێكی ژمێریاریی نەگونجاو كار بكات و بەرپرسانێكی كەم ئەزموون كە بە پشتگیری و راسپاردەی كۆمپانیایەكی لوبنانی بەناوی چاكسازیی ئابووری هێناویانە زیانی گەورەیان بە ئابووریی كوردستان گەیاند، بارێكی قورسیان خستەسەر بەڵێندەرانی كوردستان.
* سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی پرۆژەكان ئێوە وەكو یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان داواكاریتان لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان چییە؟
- هەموو پرۆژەیەك بۆ ژێرخانی هەرێمی كوردستان گرنگە، بەڵام ئەو پرۆژانەی مۆركێكی خزمەتگوزارییان هەیە، یان پرۆژەكانی دروستكردنی قوتابخانە و نوێژەنكردنەوە و دروستكردنی نەخۆشخانەكان گرنگییەكی رادەبەردەریان هەیە و پەیوەندیان بە ژیان و گوزەرانی خەڵكەوە هەیە، بۆیە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان ریزبەندی بۆ ئەو پرۆژانە دابنێت و پارەیان بۆ تەرخان بكات، هەر بۆیە هەموو خەڵكی كوردستان و بەڵێندەرانیش بە گرنگییەوە دەڕواننە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئومێد دەخوازن حكومەتێكی بەهێز بێت، داواكارین كەسانی تەكنۆكرات و پڕۆڤیشناڵ و شیاو لە وەزارەتەكان دابنێن، دانانی كەسانی شیاوو دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بۆ بوژانەوەو پەرەپێدانی كوردستان گرنگە، دەربازبوون لەقەیرانی دارایی و بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری پێویستی بە لێهاتوویی و كارامەیی ئەو كەسانەیە.
* باسی راوەستانی 3000 پرۆژەت لەهەرێمی كوردستان كرد، ئایا ئێوە وەكو یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان راوپێشنیارتان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و بۆ بەگەڕخستنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی پرۆژەكان چییە؟
- لەكاتی قەیرانەكەدا كاركردن لە سێ هەزار پرۆژە راوەستا، بەڵام ئێمە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان هەماهەنگ بووین و نەمانهێشت ئەو پرۆژانەی پەیوەندیی راستەوخۆیان بەژیان و گوزەرانی خەڵكەوە هەیە رابوەستێت، وەكو پرۆژەكانی ئاوی خواردنەوە و پاككردنەوە و خاوێنكردنی ئاوی خواردنەوە و دابینكردنی دەرمان و نۆژەنكردنەوەی بنكە تەندروستییەكان و دابینكردنی خۆراك بۆ زیندانیان و چەندین پرۆژەو كاری دیكە، ئێستاكە بەو دوو وەجبە پارەیەی كە دراوە بەبەڵێندەران تا ڕادەیەك توانراوە ئومێد و متمانەیەكیان بۆ بگەڕێتەوە، ئەو پرۆژانەی بەداهاتی وەزارەتەكان، یان بەقەرز دەكرێت، وەكو پرۆژەی دروستكردنی شەقامی 120 و 150 مەتری لە هەولێر، ئێمە پێشنیارمان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە دەبێت سەرەتا ئەو پرۆژانەی راوەستاون دەست بەكاركردن تێیدا بكرێتەوە ئەو كات بەرنامە و پلانمان بۆ پرۆژەی تازە هەبێت.
Top