ئەحمەد رێكانی سەرۆكی وەبەرهێنەرانی كوردستان: داواكاری و پێشنیارەكانی وەبەرهێنەران لە ژینگەیەكی نائارام و حكومەتێكی كاربەڕێكەر جێبەجێ ناكرێت

ئەحمەد رێكانی سەرۆكی وەبەرهێنەرانی كوردستان: داواكاری و پێشنیارەكانی وەبەرهێنەران لە ژینگەیەكی نائارام و حكومەتێكی كاربەڕێكەر جێبەجێ ناكرێت
* وەكو سەرۆكی وەبەرهێنەرانی كوردستان چۆن دەڕوانیتە دۆخی ئابووریی كوردستان؟ ئایا وەبەرهێنەرانی كوردستان دووبارە روویان لە جێبەجێكردنی پرۆژەكانیان كردووەتەوە؟
- دوای سەردانەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ بەغداو كۆبوونەوەو چاوپێكەوتنەكانی لەگەڵ سەركردە و بەرپرس و كوتلەكانی عێراق، دۆخێكی نوێ لەنێوان هەرێم و كوردستان دروست بوو، زمانی دیالۆگ و تێگەیشتن جێگای زمانی توندو گرژی گرتەوە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و عێراقیش چووە دۆخێكی سەقامگیر و ئارامەوە، بەمەش دۆخێكی ئارام و متمانە و ئومێد لەلای خەڵكی و بازرگان و بەڵێندەر و بێزنسكاران دروست بوو، هەڵبەتە ئێمەی وەبەرهێنەرانیش ئومێدێكی زۆرمان لا دروست بووە بەتایبەتی دوای دەركەوتنی دەرئەنجامەكانی ئەو سەردانە كە خۆی لە پەسەندكردنی پشكی بودجەی كوردستان و هاتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هێزەكانی پێشمەرگە دەبینییەوە، ئەمەش دەرئەنجامی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بوو كە وایكرد حكومەتی عێراق رەزامەندی دەرببڕێت لەسەر پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هێزەكانی پێشمەرگە، جێگیركردنی ئەم بڕگە یاساییەش لەناو ماددە یاساییەكانی بودجەدا دڵنیاییەكی زیاتری بە دۆخەكە بەخشی و سەقامگیریی سیاسی لێكەوتەوە، ئەو سەقامگیرییەش كاریگەریی ئەرێنی لەسەر جووڵەی بازاڕو وەبەرهێنەرانی كوردستان دروست كردووە، ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ پێدانەوەی دوو وەجبە لە قەرزەكانی بەڵێندەران لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، ئەم هۆكارانە و كۆمەڵێك هۆكاری دیكە هەموویان وایكردووە بازاڕ بەگشتی و بازاڕی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە بەتایبەتی جووڵانەوەیەكی باش بەخۆوە ببینێت، هەروەها وەبەرهێنەرانیش دووبارە روویان لە پرۆژەكانیان كردەوە و دەستیان بە تەواوكردن و جێبەجێكردنی زۆر لە پرۆژەكان كردۆتەوە، ئەمە وێڕای وەبەرهێنەرانی عێراقی و عەرەبی و بیانی كە چاویان لەوەیە زیاتر دۆخەكە ئاسایی ببێتەوە و حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزرێت و ئابووری ببووژێتەوە و ئەوانیش هەلی وەبەرهێنانیان كوردستان دەست بكەوێت. بەشێوەیەكی گشتی هەموو نیشانەكان بەرەو ئەو ئاراستەیە دەچن كە دۆخەكە بەرەو باشتر بچێت و بازاڕ و كار و پرۆژەكانی وەبەرهێنەران بوژانەوەیەكی باش بەخۆوە ببینێت.
* باسی پێدانەوەی دوو وەجبە لە قەرزەكانی بەڵێندەرانت كرد، بەو پێیەی پەیوەندییەكی راستەوخۆ لەنێوان بەڵێندەران و وەبەرهێنەراندا هەیە، ئەمە چ كاردانەوەیەكی لەسەر باشبوونی دۆخی وەبەرهێنەران هەیە؟
- پێدانەوەی دوو وەجبە لەقەرزی بەڵێندەران لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە جێگای دڵخۆشی و پێزانینە، گێڕانەوەی 200 ملیۆن دۆلار بۆ بەڵێندەران بە دوو وەجبە جێگای ئومێدو متمانەی بەڵێندەرانە بە حكومەت و بانكەكانی هەرێمی كوردستان، پێدانەوەی ئەم پارانە بۆ بەڵێندەران و وەبەرهێنەران هەنگاوێكی باشە و هاندەرە بۆ ئەوەی وەبەرهێنەرانی كوردستان رووبكەنەوە پرۆژەكانی وەبەرهێنان بەتایبەتی لە بوارەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزاری.
* لەماوەی رابردوودا بەردەوام رەخنەی ئەوە لەوەبەرهێنەران دەگیرا كە زیاتر روو لە كەرتەكانی خانووبەرە و بازرگانی دەكەن و زۆر بە كەمی روویان لە كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی كردووە، بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران زیاتر روو لەم كەرتە زیندووانە بكەن، دەبێت چی بكرێت؟
- لای هەمووان ئاشكرایە كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵی بۆ ئابووری و داهاتی كوردستان گرنگن، سەبارەت بەوەی چی بكرێت بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران روو لەم كەرتانە بكەن، ئەوا بێگومان زۆر پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان كارئاسانی و پاڵپشتی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی بكات، تاوەكو زیاتر روو لە وەبەرهێنان لە بوارەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵی بكەن كە بۆ بەدەستهێنانی هەلی كارو داهات و ئابووریی كوردستان گرنگن، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئابووریی كوردستان لە چوار ساڵی رابردوودا دوچاری قەیران و گرفتی گەورەی دارایی و ئابووری بووەوە.
* ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و عێراق جگە لەزیادكردنی جموجووڵی بازرگانی و بازاڕ، ئایا تاچەند هەلێكی باشی بۆ وەبەرهێنەران لە كوردستان رەخساندووە؟
- لە روانگەی ئابوورییەوە ئێمەو عێراق بەشێكین لە ئابووری و بازاڕێكی گەورە، بەتایبەتی كە هەرێمی كوردستان لە رووی فیدڕاڵییەوە سەر بەعێراقە، هەر بۆیە هەر لێتێگەیشتن و هەماهەنگییەك لەنێوان حكومەتی هەرێم و عێراق هەبێت، كاریگەریی لەسەر جووڵەو بەرەوپێشچوونی بازاڕی كوردستان دەبێت و متمانەو دڵنیایی لێ دەكەوێتەوە، كە بۆ گەشەو بووژانەوەی ئابووری گرنگە. بوونی عادل عەبدولمەهدی وەكو سەرۆك وەزیرانی عێراق هەلێكی باشە بۆ هەرێم و عێراق تاوەكو زۆر لە كێشەكانی نێوان هەردوولا چارەسەر بكرێت، گرنگیی كەسایەتیی ئەم سەرۆكە لەوەدایە وەبەرهێنان و بووژانەوەی كەرتی تایبەت لە ریزبەندی پێشەوەی بەرنامەو كارەكانیدایە، تەنانەت لەو ماوەیەی رابردوودات زۆر لە بڕیارو هەنگاوەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پێناو بووژانەوەی ئابووری و چارەسەركردنی كێشەكانی بەردەم گەشەسەندنی ئابووری بووە، هەڵگرتنی باجی گومرگ و بازگە و خاڵە گومرگییەكانی نێوان شارەكانی هەرێم و بەغدا لەم چوارچێوەیەدا بووە و شوێنەواری زۆر ئەرێنی لەسەر كەرتی تایبەت و ئابووری لە كوردستان و عێراق دروست كردووە.
* سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆی هەرێم و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت؛ تاچەند گرنگە حزبە كوردستانییەكان سەقامگیریی ناوخۆی هەرێم بپارێزن، تاوەكو رەوشی بازاڕ و ئابووری زیانی بەرنەكەوێت؟
- دامەزراندنی كابینەی نوێی حكومەت و لێكتێگەیشتنی نێوان حزبە كوردستانییەكان گرنگییەكی لە راددەبەدەری بۆ رەوشی بازاڕ و ئابووری هەیە و كاریگەریی ئیجابی هەیە لەسەر وەبەرهێنەران و بەڵێندەران، بێ سەقامگیریی سیاسی ناتوانرێت كاروبەرنامەكانی حكومەت جێبەجێ بكرێت كە رۆڵی لە بووژانەوەی ئابووری و بازاڕەكانی كوردستان و گەشەی كەرتی تایبەت هەیە، سەرمایە و وەبەرهێنان لە ژینگەیەكی نائارام و ناسەقامگیردا نابووژێتەوە، تەنانەت هەموو داواكاری و پێشنیارەكانی وەبەرهێنەران لە ژینگەیەكی نائارام و حكومەتێكی كاربەڕێكەر جێبەجێ ناكرێت، بۆ نموونە: ئێمە وەكو وەبەرهێنەرانی كوردستان داواكارین لە حكومەتی هەرێمی كوردستان یاسای وەبەرهێنان هەموار بكرێتەوە، بەشێوازێك بێت زیاتر هاوكاری و پاڵپشتی وەبەرهێنەران بكات و متمانەو دڵنیایی بە وەبەهێنەرەكان بداتەوە.
Top