دكتۆر ئیدریس رەمەزان شارەزا لەبواری وەبەرهێنان و ئابووریی نێودەوڵەتی: كەرتی تایبەت لەسەر سێكتەری گشتی دەژێت و زۆرجاریش بۆ بەرژەوەندی خۆدەوڵەمەندكردنی نایاسایی بەكاری دەهێنێت

دكتۆر ئیدریس رەمەزان شارەزا لەبواری وەبەرهێنان و ئابووریی نێودەوڵەتی:  كەرتی تایبەت لەسەر سێكتەری گشتی دەژێت و زۆرجاریش بۆ بەرژەوەندی خۆدەوڵەمەندكردنی نایاسایی بەكاری دەهێنێت
تێڕوانینێك لەبارەی دۆخی ئابووری و باری وەبەرهێنان لە كوردستاندا

قسەكردن لەسەر بارودۆخی ئابووری كوردستان و پێشبینی و پێشهاتەكانی كارێكی ئاسان نییە، بەتایبەتی لە ژینگەیەكی وەكو ئابووریی كوردستاندا، كە كۆمەڵێك فاكتەر و هۆكاری ناوخۆیی و عێراقی و دەرەكی كاریگەریی لەسەری هەبێت، بۆ قسەكردن لەسەر دۆخی ئابووری كوردستان و خاڵە لاواز و بەهێزەكانی و ریزبەندی گرنگترین ئەو بەرنامەو كارانەی كە پێویستە لەكابینەی نوێ دا جێبەجێ بكرێت، گفتوگۆیەكمان لەگەڵ دكتۆر (ئیدریس رەمەزان) شارەزا لەبواری وەبەرهێنان و ئابووریی نێودەوڵەتی لەزانكۆی سەلاحەدین ئەنجامدا.
لەلایەكی دیكەوە ئامارو نیشانەكانی بازاڕ و ئابووری ئەوە دەردەخەن كە رەوشی بازاڕ و ئابووری روویان لە باشی كردووە، یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستانیش بە دوو وەجبە پارەی ئەو قەرزانەیان درایەوە كە لەسەر حكومەت بوو، ئەمەش بووە جێگای رەزامەندی و ئومێد بۆ بەڵێندەران، بۆقسەكردن لەسەر رەوشی بازاڕو دۆخی بەڵێندەران، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی د.سەرۆ دزەیی سەرۆكی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان/ لقی هەولێر كرد.
هەروەها گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییەی دۆخی ئابووری لەدوای سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغداو ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكان و ناردنی مووچەی فەرمانبەران و هێزەكانی پێشمەرگە كاریگەریی ئەرێنی لەسەر جوڵەی ئابووری و بازاڕ هەبووە، وەبەرهێنەرانی كوردستانیش وەكو هەموو چین و توێژەكانی دیكە لە چاوەڕوانیی باشبوونی زیاتری دۆخەكەدان بۆ ئەوەی كارو پرۆژەكانیان دەست پێ بكەنەوە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەرەیەكی دیكەی پەیوەندار چەند پرسیارێكمان ئاراستەی ئەحمەد رێكانی سەرۆكی وەبەرهێنەرانی كوردستان كرد.


دكتۆر ئیدریس رەمەزان
شارەزا لەبواری وەبەرهێنان و ئابووریی نێودەوڵەتی:

كەرتی تایبەت لەسەر سێكتەری گشتی دەژێت و زۆرجاریش بۆ بەرژەوەندی خۆدەوڵەمەندكردنی نایاسایی بەكاری دەهێنێت

* لە چوار ساڵی رابردوودا بەهۆی قەیرانی داراییەوە هەرێم بە دۆخێكی ئابووریی سەخت و دژواردا تێپەڕی، ئەمەش بەهۆی كۆمەڵێك هۆكاری ناوخۆ و دەرەكی و خاڵی لاوازەوە روویدا، پێت وانییە خوێندنەوەمان بۆ ئابووریی كوردستان پێویستە لەچوارچێوەی دۆخە ناوخۆ و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكاندا بێت؟
- ئابووریی هەرێمی كوردستان بە كاریگەریی كۆمەڵێك فاكتەری ناوخۆ و عێراقی و ناوچەییەوە بەستراوەتەوە، تەنانەت لەم سەردەمەدا هەموو ئابوورییەكانی جیهان راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر یەكتر هەیە، بارودۆخی سیاسیی ناوخۆ و عێراق و ناوچەكە كاریگەریی لەسەر دۆخی ئابووریی كوردستان هەیە، ئەوەتا ئەگەر بارودۆخی ئێستای هەرێم و ئابوورییەكەی بەراورد بكەین بە چوار ساڵی رابردوو ئەوا دەتوانین بڵێین هەناسەیەكی باشتری بەبەردا هاتۆتەوە، بەڵام ناتوانین بڵێن ئەم ئابوورییەی ئێستا كە تازە لەدۆخی قەیران دەردەچێت هیچ مەترسییەكی لەسەر نییە و دوورە لە ئەگەری كەوتنەوەی قەیرانی دیكەوە، بەتایبەت كە ئابووریی هەرێمی كوردستان وابەستەی ئابووریی حكومەتی ناوەندییە و ئەویش لەگەڵ هەرێمدا بەستراوەتەوە بە كۆمەڵێك فاكتەری ناوخۆیی و دەرەكییەوە، هەربۆیە ئەو كەسانەی بەرهەمهێن و بازرگان و كاسبكارن، هێشتا بەچاوی ترسەوە دەڕواننە دۆخەكە و ئومێدی تەواویان بە بازاڕ و ئابووری نییە، چونكە رەوشی سیاسی و سەقامگیری بەلای ئەوانەوە تا ئێستا رۆشن نییە، تەنانەت هێشتا بەئاستی ساڵانی 2012 و 2013 پارەو داهاتیان ناخەنە بازاڕەوە و بەهەمان شێوە رەفتار ناكەن، مەترسیی ئەوەیان هەیە قەیرانێكی دیكە باڵی بەسەر بازاڕەكاندا بكێشێت و كاریگەریی خراپی لەسەر ئەوانیش هەبێت. زۆر لە پیشەسازیكاران ناتوانن بەرهەمی زۆر بخەنە بازاڕەوە و ترسی ئەوەیان هەیە سوود و قازانجێكی زۆری لێ نەبینن. سەبارەت بە كاریگەرییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان لەسەر دۆخی ئابووری كوردستانیش پێم وایە گۆڕانكاریی و رووداوە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان كاریگەریی زۆریان لەسەر بازاڕەكانی ناوچەكەو عێراق و كوردستانیش هەیە، بارودۆخەكەش لەم ناوچەیەدا بەتایبەتی ململانێكانی نێوان ئەمریكاو ئێران روو لە گرژیی زیاتر دەكات و شوێنەواری خۆی لەسەر دۆخی ئابووری و دارایی بەجێدەهێڵێت.
* ئاشكرایە كە حكومەت دەتوانێت بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری و ئارامی بۆ بازاڕەكانی ناوخۆی كوردستان و رەوشی دارایی رۆڵێكی گرنگ بگێڕێت، بە رای ئێوە گرنگترین ئەو هەنگاو و خاڵانە كە پێویستە لەم قۆناغەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان بیگرێتەبەر چین؟
- گەڕانەوەی متمانە گرنگترین ئامانجە كە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دڵنیابوونی رەوشی ئابووری و بازاڕ بیگرێتەبەر، چونكە ئەگەر متمانە هەبوو، ئەوا هەرچی بارزگان و پیشەسازیكار و بێزنسكارە دەتوانن كارەكانی خۆیان بەجوانی و رێكوپێكی ئەنجام بدەن، لێرەدا خەڵك و حكومەت پێكەوە دەتوانن ئابووری بەڕێوەببەن و دۆخەكە هێمن و ئارام بكەنەوە، ئەوەی لەسەر حكومەت پێویستە زۆربەی جار دەچێتە بوارو چوارچێوەی میكانیزمە یاساییەكان و چاودێرییەكانەوە، لە بازاڕێكدا كە بنەماكانی یاسا ئاراستەی بكات و سەقامگیریی هەبێت و خاوەنی حكومەت و ئابوورییەكی بەهێز بێت، زۆر ئاساییە بازرگان و سەرمایەدار و وەبەرهێنەر و هەرچی چین و توێژەكانی دیكەی ئابووری هەیە ئومێدێكی رۆشنیان بەدوا رۆژ و ئابوورییەكی گەشەكردوو هەبێت، لەلایەكی دیكەوە كەرتی تایبەت یەكێكە لەو كەرتانەی كە بەبارودۆخەكە زۆر هەستیارە، ئەمە نەك لە ئێرە لەهەموو جیهاندا هەروایە، هەربۆیە نابێت حكومەت لە رێگەی كۆمەڵێك وەزارەت و بەرپرسی لاوازەوە رێگە بدات نامتمانەیی بە دۆخی بازاڕو ئابووری دروست بێت و ئەوەندەی دیكە نائومێدی و بێزاری لەلای بێزنسكارو بارزگان و پیشەوەران دروست بكات، بۆ نموونە: ناكرێت ناوبەناو یاساو رێنمایی نوێ دەربچێت بێ ئەوەی توێژینەوەیەكی زانستی لەسەر كرابێت و باری قورسی زیاتر بخرێنە سەر خەڵكی كاسب و بازاڕ. كاتی ئەوە هاتووە پەرلەمانی كوردستان سەرقاڵی دەركردنی كۆمەڵێك یاسای تایبەت بە ئەكتیڤكردنی رۆڵی كەرتی تایبەت بێت، بەتایبەتی ئەو یاسایانەی پەیوەندی راستەوخۆی بە ژیانی خەڵك و گوزەرانیانەوە هەیە.

* لە هەموو دنیادا دەوڵەتەكان خاوەنی سیستمی جۆراوجۆری ئابوورین، هەندێك جار بۆ بەرژەوەندیی گشتی پابەندی ئەو بیردۆزو سیستەمانەش نابن كە پەیڕەوی دەكەن، پێت وانییە حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتەكانی دارایی و پلاندانان نەیانتوانیوە سیستەمێكی وا پیادە بكەن كە ببێتە هۆكاری سەقامگیریی ئابووری؟
- لە هەر وڵات و ناوچەیەكدا بمانەوێت گەشەی ئابووری رووبدات، دەبێت كەرتی تایبەت رۆڵی سەرەكی و بزوێنەری تێدا هەبێت، ئەمە مانای ئەوە نییە لەم قۆناغەدا سێكتەری گشتی بگەینە قوربانی كەرتی تایبەت، من پێم وایە كەرتی گشتی و تایبەت پێكەوە دەتوانن هەوڵی هەستانەوەی دۆخی دارایی و بونیاتنانی ژێرخانی ئابووری بدەن، تاوەكو ببینە خاوەنی ئابوورییەكی گەشەسەندوو لەناوچەكە و جیهاندا و پێگە و رۆڵی گەورەمان هەبێت، ئەوەی ئەمڕۆ لە كوردستان پێی دەڵێن كەرتی تایبەت سەدان كەموكورتی و خاڵی لاوازی تێدایە، ئەوەی هەیە كەرتی تایبەت لەسەر سێكتەری گشتی دەژێت و زۆرجاریش بۆ بەرژەوەندی خۆدەوڵەمەندكردنی نایاسایی بەكاری دەهێنێت، ناكرێت سیاسەت و ئابووری لەم وڵاتە تێكەڵ كرابێت و كەرتی تایبەت لەلایەن كۆمەڵێك كەسەوە بەڕێوەبچێت كە راستەوخۆ لەناو كایە سیاسییەكەدان، هەربۆیە لەبواری باج و ئەركەكانی سەرشانیان خۆیان دەدزنەوە، یان لە كاروباری دەركردنی یاساو رێنماییەكان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەستوەردان دەكەن.

* ئایا ئەمە ئەركی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان قورس ناكات بەوەی ئەم دوو كەرتەی گشتی و تایبەتی لەیەكتر جیابكاتەوەو بەشێوەیەك رێكیان بخاتەوە كە لەپێناو بەهێزبوونی هەردووكیاندا بێت؟
- بەدیدی من گرنگترین شت كە كابینەی نوێی كوردستان بیكات بریتییە لە: رێكخستنەوە و لێكجیاكردنەوەی هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت، ئەرك و مافەكانیان دیاری بكاتەوە و بەشێوەیەك هەردوو كەرتەكە ئاراستە بكات كە لەپێناو بەهێزبوونی هەردوو كیاندا بێت، ئێستا نە بۆ حكومەت، نە بۆ خەڵكی روون نییە، ئایا ئەم شێوازەی بەڕێوەبردنی ئابوورییە شێوازێكە ئابووری بەرەو كەرتی تایبەت دەبات، یان بەپێچەوانەوە بەرەو كەرتی گشتی دەیبات.
* كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێگای ئومێدێكی زۆری خەڵكە، ئەم كابینەیەش پێویستە رۆئیاو بەرنامەی تایبەت بەخۆی هەبێت، ئایا گرنگترین ئەو بەرنامەو كارانە كە دەبێت حكومەت لە ریزبەندی پێشەوەی كارەكانی دایبنێت چین؟
- وەكو ئاماژەم پێكرد، گرنگترین بەرنامە كە دەبێت كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان كاری بۆ بكات جیاكردنەوەی هەردوو كەرتی گشتی و تایبەتە، واتا دووبارە هەردوو كەرتەكە رێكبخاتەوە، بە جۆرێك ئەرك و بەرپرسیارێتی هەردوو كەرتەكە دیارو روون بێت، لەهەندێك بوارو سێكتەردا بەجۆرێك كاری حكومەت و وەبەرهێنەرو بەڵێندەر تێكەڵ بووە، وادەزانیت ئەوە كەرتی تایبەتە ئاراستەی حكومەت دەكات و یاساو رێنمایی و بارودۆخەكە بە قازانجی خۆی دەقۆزێتەوە، جوانترین بەڵگەش بۆ ئەمە لەماوەی كەمتر لە 10 ساڵدا كۆمپانیا و بێزنسكاری وا گەورە پەیدا بووە، كە سەرمایەكەی لە ملیارد دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەمەش هەر هەمووی لەسەر حیسابی گشتی بووە، سەرەتای رێكخستنی ئەم كارەش لە یاساوە دەبێت، واتا سەرجەم یاسا كۆن و كلاسیكەكانی كاركردنی ئابووری لەم هەرێمەدا پێویستی بەچاوخشاندنەوە هەیە، بەیاسای وەبەرهێنانیشەوە كە كۆن بووەو یاساكە بۆ سەردەمێك هاتووە كە زۆر جیاوازترە لەم سەردەمە، هەروەها لەلایەكی دیكەوە ئەگەر بمانەوێت كەرتێكی تایبەتی راستەقینەی وا دروست ببێت كە رۆڵی لە بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری و گەشەدا هەبێت، دەبێت هەندێك پاڵپشت و هاندان هەبێت بۆ ئەو كەرتانەی كە گرنگن بۆ ئابووریی كوردستان، بەجۆرێك ئاراستەیان بكات لەو ناتێگەیشتن و نارۆشنییە دەربازی بكات و كەرتێكی تایبەتی سەربەخۆی لێ دروست ببێت، تاوەكو بتوانین ئابوورییەكی راستەقینەی لەسەر بونیات بنێین، نەك كەرتێكی تایبەت كە خۆی بەستۆتەوە بەكەرتی گشتییەوە و لەسەر حیسابی ئەم هەموو كاروچالاكییەكانی خۆی ئەنجام دەدات.

* بەڵام ئەمانەی باست كرد هەمووی لە بارودۆخێكی سەقامگیردا جێبەجێ دەكرێت، ئایا پێت وایە لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ئەرزیەتی حزبەكان و سیاسەت لە خزمەتی گەشەسەندنی ئابووریدا بێت؟
- بواریی رامیاری و لایەنی سەقامگیریی رامیاری هۆكاری راستەقینەی گەشەسەندنی بواری ئابوورییە، لەهیچ وڵتێكی دنیادا ئابووری نەیتوانیوە گەشە بكات و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكی دابین بكرێت ئەگەر هاتوو لایەنی سیاسی ناسەقامگیر بێت، بۆیە زۆرجار لایەنی سەقامگیری بۆ جێگیركردن و بوژانەوەی ئابووری هۆكاری زۆر گرنگ و ئەكتیڤە، لەكوردستاندا تا ئێستا زەمینەیەكی لەباری بەردەوامی سەقامگیریمان دروست نەكردووە بۆ ئەوەی ژێرخانی ئابووریمان توانای رووبەرووبوونەوەی قەیرانی هەبێت و بتوانێت بەرگەی تەوژمی گەمارۆو جەنگی ئابووری بگرێت، بوونی ئەم سەقامگیرییە هەم بۆ راكێشانی كۆمپانیاو وەبەرهێنەرانی بیانی گرنگە هەم لەناوخۆدا بۆ گەڕانەوەی متمانەی خەڵكی و بازرگان و بێزنسكاران بۆ حكومەت و وەزارەت و دامودەزگاكانی گرنگە، راستە بەراورد بە عێراق لێرە سەقامگیری و ئارامیەكی باشتر هەبووە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان حزبەكان دۆخێكی وای خستەوە كە زیانی گەورەی بەسەقامگیریی سیاسی گەیاند، بەتایبەتی لەسەر ئاستی هەموو كوردستان چونكە رەنگە حزبێك توانیبێتی لە ناوچەیەكی جوگرافیای دیاریكراودا ئەو سەقامگیرییە بپارێزێت، بەڵام لەسەر ئاستی هەموو جوگرافیای كوردستان نەتوانراوە سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی سەرتاسەری بپارێزرێت، هەربۆیە كاتی ئەوەهاتووە حزبەكان لەچوارچێوەی كاری حزبی و سیاسی دا كێبركێی یەكتر بكەن و زیان بە رەوشی سیاسی و ئابووری كوردستان نەگەیەنن، چونكە كاری حزبی و سیاسی كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بواری سیاسی و دواتر چالاكبوونی بواری ئابووری لەهەرێمدا هەیە.
* دوای ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و عێراق تاچەند بواری سیاسی و ئابووری لە عێراق و كوردستاندا ئەم ئومێدەی بۆ گەڕاوەتەوە؟
- لەساڵانی رابردوودا بەهۆی ئارامی و سەقامگیری سیاسییەوە زۆربەی كۆمپانیاو وەبەرهێنەرانی عێراق و بیانی بارەگای كۆمپانیاكانیان لەهەرێمی كوردستان دەكردەوە و بگرە ئامادەبوون لێرە وەبەرهێنان بكەن، بەڵام ئامادە نەبوون لە ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق وەبەرهێنان بكەن، چونكە ئەو كات هەرێمی كوردستان ژینگەیەكی لەباری هەبوو بۆ وەبەرهێنان و كاری بێزنس، تەنانەت ئەم سەقامگیرییە رامیاری و ئابوورییە لەكوردستاندا كاریگەریی توندی لەسەر ئابووریی ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش هەبووە، ئەمڕۆش دەتوانرێت ناوەندو هەرێم هاوكار و هەماهەنگ بن بۆ چارەسەركردنی هەموو ئەو كۆت و بەربەستانەی دێنە بەردەم گەیشتن بەگەشەی ئابووری، چونكە سەقامگیریی و گەشەی هەردوو لا كاریگەری توندی لەسەر یەكتر هەیە و پەیوەندییە ئابوورییەكانیش هەمیشە لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا گەشەی كردووە.
Top