كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر و پووكانەوەی حزب و خۆپێناسەكردنەوە لە بازنەی فراوانی نەتەوەیی و نیشتمانی

كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر و پووكانەوەی حزب و خۆپێناسەكردنەوە لە بازنەی فراوانی نەتەوەیی و نیشتمانی
پێش هەڵبژاردنەكانی 30ی ئەیلوولی 2018، بێجگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، بەشی هەرە زۆری حزبە سیاسییەكانی كوردستان بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە بارودۆخی كوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەبار نییە، پێداگریی پارتی دیموكراتی كوردستان-یش لەسەر هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە دەزانێت زۆرینەی دەنگەكان بەدەست دەهێنێت و دەیەوێت بە تەنیا حكومەت پێكبهێنێت و جڵەوگیری حوكمڕانی لە كوردستان بگرێتەدەست.
ئەم داوایەی پارتی هەتا ئەگەر بەو نییەتەش بووبێت كە حزبەكانی دیكەی كوردستان وەك بیانوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بانگەشەیان بۆ دەكرد، داوایەكی رەوای هەر حزبێكی سیاسییە كە پشتبەستوو بە سیاسەتە راستەكەی خۆی بێت و لەوە دڵنیا بێت كە هاووڵاتیانی زۆرینەی دەنگی پێ دەدەن، بەڵام پرسی ئێمە لێرەدا ئەمە نییە، بەڵكو پرسی سەرەكی ئەوەیە: بۆچی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خۆی دڵنیابوو كە خەڵكی كوردستان زۆرینەی دەنگەكانی پێ دەدەن و حزبەكانی دیكە ئەو دڵنیاییەیان نەبوون، یان لە ئاكامەكانی هەڵبژاردن دەترسان؟ بێگومان هەوڵدان بۆ وەرگرتنەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە، كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر دەیداتەوە، لەبەر ئەوەی بێجگە لەوەی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لەناو رای گشتیی كوردستاندا وەك خیانەتێكی نیشتمانی لە قەڵەم درا، بەڵام بەشێكی زۆری حزبە سیاسییەكان بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیان هەوڵیان دا ئەم كارەسات و خیانەتە وەك دەرەنجامی كێشە و ململانێی نێوان پارتی و یەكێتی لە قەڵەم بدەن و هەوڵبدەن بۆ بەرژەوەندیی حزبیی خۆیان هەڵوێستی خۆیان بشارنەوە، ئەمە لە كاتێكدا بەشی زۆری ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان خۆیان لە ئەنجامدانی ئەو كارەساتە بێبەری كرد و، ئەو 38 ئەندامەی سەركردایەتیی یەكێتی-یش كە فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی بۆ پاكانەكردن لە كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەیی دوای 16ی ئۆكتۆبەر ناوەكانی خوێندنەوە، بەوەی گوایە ئەوانە بۆ ئەنجامدانی ئەو كارەساتە ئیمزایان كردووە، ئەوانیش بەشێكیان یەك یەك و دوو دوو، بە رێگەی میدیا جیاوازەكان خۆیان لەو ئیمزایانە بێبەری كرد، بۆیە كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر كە زۆر هەوڵدرا بەرگی ململانێ و كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی بەبەردا بكرێت، بەڵام نەتوانرا ئەمەی بە بەردا بكرێت و وەك خیانەتێكی نیشتمانی هەتا ئێستاش لەناو رای گشتیی كوردستاندا رەنگدانەوەی هەیە.
لەدوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بە شێوەیەكی خۆڕسكانە كوردستان بووە دوو بەرە، بەرەیەك بەرگری لە كوردستان دەكرد، بەرەیەكی دیكەش یان بەشدار بوو لە داگیركردنەوەی كوردستان، یان بێدەنگی هەڵبژاردبوو، خۆشبەختانە پارتی دیموكراتی كوردستان بووە رێبەری ئەو بەرەی كە بەرگری لە كوردستانی هەڵبژاردبوو، بەڵام كاتێك مەزندەكان چوونە ئەو ئاستەی كە ئەو بەرەی پارتی بۆ بەرگریكردن لە گەل و پەرلەمان و حكومەتی كوردستان رێبەرایەتی دەكات، سەركەوتوو نابێت، هەموو حزبە سیاسییەكانی بەشدار لە حكومەت هەر یەكەیان بە بیانوویەك لە حكومەت كشانەوە، راستە یەكێتی نیشتمانی بە فەرمی لە حكومەت نەكشایەوە، بەڵام ئەندامانی بەشداربووی حزبەكەیان لەناو حكومەتدا بەبێ پشتگیری بەجێهێشت و خۆشیان وەك حزبەكانی دیكە دژایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان دەكرد.
لەم ژینگە سیاسییەدا بە شێوەیەكی كردەیی پاراستنی گەل و حكومەت و پەرلەمانی كوردستان، هەم لەسەر ئاستی سەربازی و هەم لەسەر ئاستی سیاسی و دیپلۆماتی كەوتە سەرشانی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەر بۆیە سەركەوتنی پارتی لەم ئەزموونە قورسەدا و وەڵامدانەوەی بۆ خواستی هاووڵاتیانی كوردستان بە جیاوازی سیاسی و ئایینی و نەتەوەییەوە، هەمان ئەو ژینگە سیاسییەی دروستكرد كە سیناتۆری ئەمریكی مایك لۆفكرن لە ساڵی 2012 لە كتێبەكەیدا بە ناوی (كۆتاییهاتنی حزب) باسی كردووە. بەڵام جیاوازیی ژینگەی سیاسیی كوردستان لە ساڵی 2017 لەگەڵ ژینگەی سیاسیی ئەمریكا لە ساڵی 2012 ئەوە بوو، حزبی كۆماریی ئەمریكا كە وەك حزبێك بە درێژایی مێژوو پرۆسەی سیاسیی ئەمریكای راست كردبووەوە، لەو ساڵەدا دەستەوەستان بوو، نەیدەتوانی پرۆسەكە راست بكاتەوە، هەتا لە ساڵی 2016 بە هەڵبژاردنی ترەمپ ئەو بارەی راست كردەوە، بەڵام لە ساڵی 2017 لە كوردستان هەر لەگەڵ روودانی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر، پارتی دیموكراتی كوردستان دەستەوەستان نەبوو، شەڕی مان و نەمانی هەڵبژارد، بەمەش توانی لە رۆژگارێكی زۆر رەش و لە ئەزموونێكی زۆر سەختدا، جارێكی دیكە خۆی لە بازنەی فراوانی نەتەوەیی و نیشتمانی كوردستانیدا پێناسە بكاتەوە، ئەم خۆپێناسەكردنەوەی پارتی بە تەنیا و بێ هاوكاریی راستەقینەی هیچ حزبێكی دیكە، بووە هۆكاری ئەوەی كە سۆزی بەشی هەرە زۆری خەڵكی كوردستان بەلای خۆیدا رابكێشێت و ئەو متمانەیە دروست بكات كە پارتی دیموكراتی كوردستان شایستەی ئەوەیە كۆی پرۆسەی حوكمڕانیی كوردستانی پێ بسپێردرێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان وەك بەرەیەكی نیشتمانی بۆ نوێنەرایەتیكردنی دۆزی رەوای بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستان، هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تاوەكو ئۆكتۆبەری 2017 لەناو چەندین شكست و هەستانەوەی نەتەوە و نیشتمانەكەیدا رۆڵی رێبەر و یەكلاكەرەوەی گێڕاوە، بەڵام بە درێژایی ئەو 71 ساڵەی تەمەنی پارتی لە ( 1946-2017) هیچ كارەساتێك هێندەی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر سەخت و جەرگبڕ نەبووە، هۆكاری ئەمەش لەبەر ئەوە بوو، تەنیا دوو سێ هەفتە پێش ئەنجامدانی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر، رێژەی 93%ی خەڵكی كوردستان بە (بەڵێ) دەنگیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان دابوو، بەڵام گرووپێك خۆیان پێشڕەوییان بۆ داگیركردنی كوردستان كرد، هەر ئەم گرووپەش هەوڵیاندا كە پاساوی پێشڕەویكردنیان بۆ سوپای داگیركەر بەو بیانووە پەردەپۆش بكەن، گوایە هێزی بەرامبەر زۆر لە پێشمەرگە پڕچەكترە و ناتوانرێت رێگە بە هێزی داگیركەر بگیرێت، بەڵام كاتێك بە سەرپەرشتی راستەوخۆی مسعود بارزانی بڕیار درا پێشمەرگە لە (پردێ و سحێلا و مەحموودیە و چەند شوێنێكی دیكە) بەرگری بكات و، توانرا هێرشەكانی هێزی داگیركەر تێكبشكێندرێت و كوردستان بپارێزرێت، ئەمە لای تەواوی خەڵكی كوردستان (بێجگە لەو دەستەبژێرانەی سەركردایەتیی بەشێك لە حزبە سیاسییەكان)، بووە ئومێدێكی نوێ بۆ ئایندە و پاشەڕۆژی كوردستان.
كەواتە پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە پاراستنی گەل و حكومەت و پەرلەمانی كوردستاندا بە تەنیا جێهێڵدرا و حزبەكانی دیكە لەم شەرەفە نیشتمانییەدا خۆیان لە پارتی جیاكردەوە، ئەوا پارتیش هەقی خۆیەتی كە لە كۆی هاووڵاتیانی كوردستان دڵنیا بێت كە زۆرینەیان دەنگی پێ دەدەن.
ئەم واقیعە سیاسییەی دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر لە هەردوو پرۆسەی هەڵبژاردنی ئایاری 2018 بۆ پەرلەمانی عێراق و 30ی ئەیلوول بۆ هەڵبژاردنی كوردستان رەنگدانەوەی واقیعییانەی هەبوو، هەر بۆ نموونە لە تەواوی عێراقدا، هەموو پێكهاتە سیاسییەكان بە سوننە و شیعە و بەشێك لە حزبەكانی كوردستانیشەوە، لەوە دەترسان كە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، سەرلەنوێ بەدەست هەموو دەنگەكان هەژمار بكەنەوە، بەڵام بە تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان پشتگیری خۆی بۆ هەژماركردنەوەی دەنگەكان بە دەست دووپات كردەوە، لە هەڵبژاردنەكانی 30ی ئەیلوولی پەرلەمانی كوردستانیشدا، لەگەڵ ئەوەی لە دەڤەری سلێمانی و هەڵەبجە كاری ساختەی زۆر كرا، بەڵام دیسان پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەباشی خۆی پیشاندا كە ئامادەیە جارێكی دیكە دەنگی سندووقەكان هەژمار بكرێنەوە.
هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولی 2018 و بێباكیی پارتی لە بەدەستهێنانی 45 كورسی لە كۆی 100 كورسیی پەرلەمانی كوردستان، لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو، كە ئەگەر جارێكی دیكە دەنگەكان هەژمار بكرێنەوە، رێژەی كورسییەكانی پارتی نەك كەم ناكەن، بەڵكو چەند كورسییەكی دیكەش بەرەو ژوور هەڵدەكشێن، ئەم متمانەیەش لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو كە لە رۆژی 30ی ئەیلوولی 2018 جەماوەيی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە زۆر بە توندی ئەو حزبە سیاسییانەیان سزا دا كە هۆكاری دروستبوونی كارەساتی 16ی ئوكتۆبەر بوون، لە هەمانكاتدا ئەو حزبانەشی لە كاتێكی زۆر ناسكدا لە بەرگری كوردستان پاشەكشەیان كرد.
كاریگەری و رەنگدانەوەی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر و ئەو وەرچەرخان و گۆڕانكارییەی لە هاوكێشەی سیاسیی كوردستاندا دروستی كردووە، رەنگدانەوەیەكی بەردەوامی دەبێت و رۆژ لە دوای رۆژ ئەم رەنگدانەوەیە لە ناو بازنەی فراوانی نیشتمانی و نەتەوەیدا زیاتر بەرجەستە دەبێت، هەر بۆیە ئەو حزبە سیاسییانەی كە نایانەوێت لەگەڵ ئەم واقیعە تازەیە وەك خۆی مامەڵە بكەن، سەرەتای پووكانەوەیان لە پرۆسە سیاسییەكەدا دەركەوتووە و ئەركێكی تازەشی خستۆتە سەر شانی پارتی كە بەردەوام لەناو بازنەی فراوانی سیاسی و نیشتمانیدا خۆی پێناسە بكاتەوە، بۆ ئەوەی ئەم خۆپێناسەكردنەوەیە ببێتە ئەو ئومێدەی كە ئایندەی كوردستانی لەسەر بونیاد دەنرێتەوە.
Top